مەیخانە و لەیلای عارفان

10:39 - 2022-09-11
کەلتور
1072 جار خوێندراوەتەوە
تابلۆی ئاشقانەی لەیلی و مەجنون

مەحمود شێرزاد
عیرفانی ئەم ناوچەیە لە دوو قوتابخانەی سەرەکیی پێکهاتووە، یەکەم: قوتابخانەی بەغدا، دووەم: قوتابخانەی خوراسان. بنەمای عیرفانیی قوتابخانەی بەغدا یەکێتی بوونە (وحدت الوجود)، بەڵام بنەمای قوتابخانەی عیرفانی خوراسان «ئەشق»ە، بەگشتی عارفانی کوردستان و ئێرانی کۆن سەر بە قوتابخانەی عیرفانی عیشقین. مەبەست لە عەشق لە عیرفاندا ئەو وزە هۆشمەندەیە کە سەرچاوەی ئەم بوونەیە. ئەم وزە هۆشمەندەی هەمیشە هەبووە و ئێستاش هەیە و هەمیشەش دەبێ. ئەم وزەیە لە یۆگادا بە «سات»، «چیت»، «ئاناندا»، پێناسە کراوە، واتە هەقیقەت، ئاگایی و شادیی نەمریی گەردوونی. ئەم وزەیە نە لەدایکبووە و نە دەمرێ، نە لێی کەم دەبێ و نە لێی زیاد دەبێ، خۆی «هیچ»شتێک نیە و هەموو شتێکیش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە و هەمووی بەو وەسڵە و لە هەموویدا بە بێ وەستان و پچڕان لەگەڕدایە. عارفان ئەو وزەیە یان ئەم ئەشقە بە «خوا» یان بە «ئەشقیی خوایی» ناو دەبەن. لەم دوایانەدا زانستیش پەی بەم وزەیە بردووە، نیکۆلا تێسلا گوتی ئەوەی هەیە وزەیەیەکی هۆشمەندە و هەرکەس ئەم هەقیقەتە درک بکا دەبێ بە خاوەنی ئەم وزەیە و ناوی نا وزەی گەردوونی. ئێستا دکتۆر جۆو دیسپنزا و دەمارناسەکان دەڵێن گەردوون لە ئاکامی تەقینەوەی هاتۆتە ئاراوە، واتە تەقینەوە گەورەکە (بیگ بەنگ) کە بەهێزترین تەقینەوەیە، لەبەر ئەوەی وزەیەکی هۆشمەند بووە بە جێگەی کاولکاریی، ئاوەدانی دروست کردووە. دیارە هەمان تەقینەوە لە کلێنجکەی مرۆڤیشدا روودەدا، کاتێ «کوندالینی»یەکەی دەتەقێتەوە بە جێگەی ئەوەی لەجەستە و زەینی کەسەکەدا کاولکاریی دروست بکا، جەستە و زەین و سەرجەم رەهەندەکانی کەسەکە رێکدەخاتەوە، نەخۆشیی و نەخۆشییەکانی ناهێڵێت، وەهم و نەزانییەکان دەسڕێتەوە و تەنانەت رەنگ و رووی کەسە بۆ جوانتر و باشتر دەگۆڕێ و دەیکا بە کەسێکیتر، بۆ بەڵگەش ئێمە لە ماڵی یۆگای هەناسەی سلێمانی تا ئێستا دەیان حاڵەتی وامان هەبووە و هەیە. زانستییەکان لەرێگەی کەرەستە و تاقیگەکانیانەوە و یۆگییەکان و عارفان لە رێگەی پاکردنەوەی رەهەندەکانی جەستە و زەین و دڵەوە پێی وەسڵدەبنەوە. یۆگی و عارفان نەخۆشیی و ناخۆشییەکانی خەڵکی پێ تیمار دەکەن و زانستییەکانیش لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە توانیویانە هەندێ رەهەندی سادەی ئەم وزەیە کۆنتڕۆڵ بکەن، بۆ نمونە تەزوی کارەبا و موگناتیس و شەپۆلی رادیۆیی یەکێکن لە رەهەندەکانی وزەی گەردوونی، بەڵام ئەو کەسەی لە رێگەی خاوێنکردنەوەی دڵەوە پێی وەسڵدەبێتەوە شتێکیترە!

وشەی عیرفان یانی چی؟
وشەی عیرفان یانی ناسین و تێگەیشتن، واتە کاتێ لە شتێک یان لە خۆمان و لە بوون وەک ئەوەی لە ئەزەڵەوە هەیە تێدەگەین عیرفان ئەزموون دەکەین و دەبین بە عارف، واتە لە نەزانی دەرچووین و ئێستا دەزانین، کەواتە عیرفان دین یان فەلسەفە یان روانگە  و بیروبۆچوون و باوەڕ نیە، بەڵکوو ئاستێکە لە درک و تێگەیشتن لەوەی کە لە ئەزەڵەوە هەیە وەک ئەوەی کە هەیە، لەبەر ئەوەیە دانانی پاشگری دینی بۆ عیرفان بە تەواوی هەڵەیە، ناسین و تێگەیشتنی راستەقینە لە دەرەوەی دین و دنیا، لەدەرەوەی کات و شوێن و لەدەرەوەی شارستانییەت و کەلتوری مرۆییەوە روودەدات، بێ رەگەز و بێ سنوور و ئازادە.

عیرفانی عیشقی
عیرفانی عیشقی بە پێچەوانەی عیرفانی یەکێتی بوون (وحدت الوجود)، دین و فەلسەفەی تێپەڕاندووە، عیرفانێکی وشک و تەرکەدنیا نیە، عیرفانێکی تەڕ و درکەدنیایە، واتە بە جێگەی ئەوەی خۆی دابخا و تەرکی دنیا بکا، خۆی دەکاتەوە و درکی دنیا دەکات، قووڵترە، بۆیە زۆربەی کاتەکان قسەی عارفانی سەر بە قوتابخانەی عیرفانی عیشقی بە وڕێنە و کوفر و لادان لە دین و بەلاڕێدابردنی دینداران لێکدراوەتەوە، ئەگەر بۆیان کرابا و هەندێکجاریش بۆیان کراوە عارفەکەیان کوشتووە، وەک حەلاج و سوهرەوەردی و...هتد. دەگێڕنەوە دوای ئەوەی بایەزیدی بەستامی وەسڵبۆتەوە، خوا پێی گوتووە ئێستا تۆ بەشێکی لە من، دەتوانی بڕۆی لەناوخەڵکدا بانگی «من حەقم» بدەیت! بایەزید دەڵێ: دەتەوێ وەک مەنسور بە کوشتم بدەیت! خوا دەڵێ بۆ دەتکوژن؟  بایەزید دەڵێ بۆ نازانی ئەوانەی تۆ دەپرستن تا ئێستا تۆیان نەناسیوە و بکوژی تۆن!
 عیرفانی عیشقی و بە تایبەتی عیرفانی پەتی لەودیوی ئەقڵ و لۆژیکەوە، لەو دیوی خودئاگاوە روودەدات، دین و تەریقەت و باوەڕ و فەلسەفە لەسەر ئاستی خودئاگا و ئەقڵ و لۆژیکدا روو دەدەن، مەولاناش دەڵێ قاچی ئەهلی ئەقڵ و لۆژیک دارینە، واتە قاچیان لەدار دروست بووە، یانی ئەم هاوڕێیانە ناتوانن بەشی ئەوەندە قووڵ ببنەوە تا هەقیقەتی رووت ببینن و بزانن. یان دەڵێ  هەزار ئەفلاتوون بی بە یەک ئاماژە نەزانت دەکەم، جارێکیش گوتوویە موسوڵمانی تازەیە و ئەشق ئەزەڵی و ئەبەدییە، من بە ئەشقەوە سەرقاڵم.

قسەکردن لە پەردەدا
قوتابخانەی عیرفانی عیشقی  زۆر بە هێما و ئاماژە و لەپەردەدا قسە دەکات، هاوکات بۆ دەربڕین وشە و دەستەوشەی باوی ناو کوچە و کۆڵان بەکار دێنێ. کاتێ غەزەلی عیرفانیی کوردی و فارسی دەخوێنینەوە ئەگەر دووڕناس و راوچی مانا نەبی وەدەزانی شاعیر ئەو غەزەلەی نەک بۆ خوا و بۆ وزەی هۆشمەندی گەردوونی، بەڵکو بۆ کچە نەشمیلان و شۆخ و شەنگەکەی دراوسێیان نووسیوە. لێرەدا زۆر بە کورتی ئاماژە چەند وشەی «مەیخانە»، «ساقی»، «لەیلا یان یار»، «گۆزە»، «شەراب» و «سەرخۆشی» دەکەین. ئەم حاڵەتانە لە کەلتور و عیرفانە کوردییەکان و ئێرانییە کۆنەکانی پێش ئیسلامدا زۆر گرنگیان پێدراوە، لەناو خەڵکدا باوە بوون و بەشێک بوون لە ژیانی رۆژانەی خەڵک. خەڵک لەم ناوچەیە حەزیان زۆر لە یار و شەراب و سەرخۆشیی بووە، واتە حەزیان کردووە بۆ چەند ساتێکیش بێ ئاگایان لە دنیای خەم و خەفەت، ئاگایان لە خۆیان نەمێنێ و چێژ لە دنیا ببینن. بەڵام دواتر و دوای هاتنی ئیسلام عارفانی بەتایبەت کوردستان و ئێران هەر بەو وشانە ئاماژەیان بە ئەزموون و «ئەحواڵات» و «مقامات»ی عیرفانی خۆیان کردووە و بەوەش هەم نهێنییەکەیان لە نەزانان شاردۆتەوە و هەمیش بۆ ئەهلی دڵ و درک گۆشەیەک لە نهێنییەکەیان درکاندووە تا بەڵکو بەو چرایە تارادەیەک تاریکی سەر رێگاکانیان رەواندبێتەوە.

لەیلا
 یۆگی و عارفان وشەی «لەیلا» یان «یار» بۆ خوا و هەندێجاریش بۆ «ئوستادیش بەکار دێنن، یانی کاتێ دەڵێن لەیلای من یانی خوای من یان ئوستادی من، بەڵام وشەی «یار» لە عیرفانی یاریی کوردییدا زیاتر بۆ هاوڕێیانی ئەهلی دڵ و هاوڕێیانی تەریقەت بەکار دێنن. هەموو قوتابخانەکانی خۆناسی ئوستاد بە دەرکەوتووی خوا لەسەر زەوی دەزانن، یانی هەموو بوونەوەرەکانیتریش هەر بە دەرکەوتووی خوا دەزانن و هەرواشە، بەڵام ئەوان دەڵێن ئوستاد یان گورو «من»ی تاکەکەسییەکەی لە «من»ی خواییدا تواوەتەوە و ئەوەی دەیڵێ و دەیکا، قسە و کرداری خوایە، بەڵام ئەوانیتر قسە و کرداری «من»ی تاکەکەسیی و بێ ئاگا لە «من»ی خوایی دەکەن و سەرەڕای ئەوەی تەنانەت بە خواپەرستیشەوە سەرقاڵن، بەڵام خۆیان و خوایان نەناسیوە. دیارە لە یۆگاشدا هەروایە، گورو درکەوتووی وزەی هۆشمەندیی گەردوونییە کە سەرچاوەی هەموو ئەوەیە کە هەیە. مەولانا بە شەمسی تەورێزی دەڵێ: بە ئاشکرا دەیلێم کە تۆ شەمسی من و خودای منیت.

مەیخانە 
مەیخانە یان خەرابات دوو مانای سەرەکیی هەیە. یەکەم: عارفان ئەم دنیایە بە مەیخانە و خەرابات دەشوبهێنن، یانی دەڵێن دنیا شوێنی خەم و خەفەت و برک و ژان و شەڕ و شۆر نیە، بەڵکو شوێنی «خۆش»بوونە، شوێنی «چێژ»بینینە، شوێنی ئاشتی و پێکەوە ژیان و شوێنی گەشەکردن و خۆناسیی و خواناسییە، شوێنی تێرامانە، بەڵام نەزانی وایکردووە ئەم مەیخانەیە و ئەم خەراباتەمان کردووە بە کەلاوە و خەفەتخانە و گەمژاوا. لە یۆگاشدا ئەم حاڵەتە بە بێ زەینی ناو دێنن، یانی خاوێنکردنەوەی زەین و خامۆشکردنی زەین، ئاستێک لە زەین کە تێدا لە خۆت و دنیای فانی ئازاد دەبیت، مەولانا دەڵێ: هەرکەس رێگەی مەیخانە و خەراباتم نیشان بدا هەموو تاعەت و عیباداتەکانمی لە مزگێنی دەدەم، یانی هەر کەس یارمەتیم بدا بەو ئاستە لە بێ زەینی بگەم دین و دنیامی پێشکەش دەکەم.
 لێرەوە مەیخانەیەک دەرەکییە و بریتییە لە دنیا کە مرۆڤە نەزانەکان کردوویانەتە خەفەتخانە، مەیخانەیەکیش ناخەکییە و دۆزینەوەی دژوارەو دەبێ ئوستادێک یارمەتیت بدات. دووەم: هەندێجار ئەم وشەیە بەمانا رواڵەتییەکەشی بەکار دێنن، واتە دنیا مەیخانەیە و مرۆڤەکانیش هەمووی مەستن و ئاگایان لە خۆیان نیە و بۆ خۆشیان نازانن چیان دەوێ و خەریکی چین و...هتد.

شەراب و ساقی
وشەی شەراب لە یۆگا و عیرفاندا یانی ئاگایی گەردوونی و مەعریفەی خوایی، هەرکەس بەو ئاگایی و مەعریفەیەوە وەسڵ بێتەوە وەک ئەوەی شەرابی خواردبێتەوە سەرخۆش دەبێت. مەبەست لە ساقیش ئوستادە، یانی «پیر» یان «گورو» ئاگایی گەردوونی و مەعریفەی خوایی دەگێڕێ و هەر کەس «جامی دڵ»ی بۆ رابگرێ بۆی تێدەکا و بە شەرابی ئەشقی گەردوونی سەرخۆش و مەستی دەکا، دیارە لە یۆگاشدا یەکێک لە سێ رەهەندە سەرەکییەکەی بوون وەک لەسەرەوەش باس کراوە پێی دەڵێن «ئاناندا» یانی دوای ئەوەی کەسەکە بە هەقیقەت و ئاگایی ئەزەڵی و ئەبەدییەوە وەسڵبوویەوە، شادی گەردوونی، کە هەمان سەرخۆشییە لە عیرفانی کوردیی و فارسیدا ئەزموون دەکات.

گۆزە
 عارفان دەڵێن جیهان و مرۆڤ گۆزەن و رۆحی جیهان و مرۆڤ شەرابە، یۆگی و عارفان دەڵێن ئەم دنیایە گۆزەی شەرابە، واتە دنیا لێورێژە لەخۆشی و شادیی، هەروەها دەڵێن مرۆڤ گۆزەیە و ئەم گۆزەیە بە سروشتی خۆی پڕە لە خۆشی و شادی، واتە ئاگایی بنەڕەتی خۆشی رووتە، کەچی مرۆڤ بە هۆی نەزانییەوە وای کردووە ئەم گۆزەیە هەمیشە پڕ بێ لە ناخۆشی و بەردەوام ژەهر و خەفەتی لێ برژێت. بۆیە یۆگییەکان دەڵێن دەبێ ئەم گۆزەیە، واتە ئەم زەین و دڵ و دەروونە خاوێن بکەیتەوە و هەمیشە بە بەتاڵی بهێڵیتەوە تا هەمیشە ئامادە بێ بۆ وەرگرتنی مەعریفەی (شەراب – سەرخۆشی) گەردوونی، دیارە بەتاڵکردنەوە و خاوێنکردنەوەی زەین و دڵ و دەروون خۆی شەرابەکەیە، بەڵام لە کۆتاییدا دەبێ گۆزەکەش تێپەڕێنیت، چونکە ئەویش شتە، بەڵام ئێمە بەشێکین لە»هیچ» یانی بەشێکین لەو هێزەی خۆی «هیچ» نیە، بەڵام سەرچاوەی هەموو ئەو گەردوونەیە کە هەیە، کەواتە گۆزەکەش بشکێنە با لە «شتبوون» رزگارت بێ، «شتبوون» سەرچاوەی هەموو جۆرەکانی ئازارە.  


بابەتە پەیوەندیدارەکان