بۆنی ناخۆشی لەش ئاماژەیە بۆ نەخۆشی؟

11:56 - 2022-09-11
ژینگە
1136 جار خوێندراوەتەوە
بۆنی جەستە کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکان هەیە

ئەسرین محەمەد

تارا تەمەنی 20 ساڵە بۆنی عارەقی لەشی بێزاری کردووە و دەڵێت: هەر شتێك کاریگەریی هەیە لەسەر نەهێشتنی بۆنی ناخۆشی لەشم کڕیومە و بەکارمهێناوە، لەگەڵ ئەوەی زۆر گرنگی دەدەم بە پاکوخاوێنی، بەڵام بەردەوام قەلەقم و هەمیشە جانتاکەم چەند جۆرێک عەتر و بۆنخۆشکەری تێدایە و بەکاریاندەهێنم.

وتیشی: هیچ کەس لە خێزانەکەم ئەو کێشەیەی نییە و تەنانەت ئەو بەهارات و خواردنانەشم تەرک کردووە کە دەڵێن هۆکارن بۆ ناخۆشبوونی بۆنی لەش.

بۆن کاریگەری زیاترە
مرۆڤ هەمیشە حەزی بە سەرنجڕاکێشانی دەوروبەرێتی بە پۆشینی جلوبەرگ و بەکارهێنانی ئامرازەکانی رازاندنەوە، بۆنی جەستەش کاریگەریی هەیە لەسەر پەیوەندییەکان، توێژینەوەکان سەلماندویانە بۆن کاریگەری زیاترە لە دەرکەوتنی جەستەیی کەسەکان و هیچ کەسێك لە دنیادا بۆنی لەشی وەک کەسێکی تر نییە و جیاوازە بە هەمانشێوەی پەنجەمۆر.
توێژینەوە نوێیەكان ئاشكرایان كردووە چەند هۆكارێك هەن بۆ ناخۆشبوونی بۆنی لەش لەوانە: قەڵەوی، خواردنی سیر و پیاز، گۆشتی سوور، ئەو سەوزانەی بڕێکی زۆر پۆتاسیۆم و پێکهاتەی دژە ئۆکسانیان تێدایە لەگەڵ ئەو خۆراكانەی بڕێكی زۆر بەهاراتیان پێوەكراوە، هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی ئارەقکردنەوە داماڵینی لەشی مرۆڤە لەو ژەهرانەی تێیدایە و سەرچاوەکەی ئەو خواردنانەن کە دەیانخۆین لەبەرئەوە هەڵبژاردنی خواردنی تەندروست کاریگەریی لەسەر خۆشبوونی بۆنی لەش دەبێت.

کاریگەری هۆرمۆنەکان
بەهرە قادر پزیشکی پسپۆڕی پێست وتی: لەژێر کاریگەریی هۆرمۆنەکاندا رژێنەکانی ئارەقکردنەوە کاردەکەن و پاش ئارەقکردنەوە بەکتریا بەکاردەهێنن و بۆنی لەش ناخۆش دەبێت. 
وتیشی: ئارەقکردنەوە سوودی بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە لەبەرئەوەی ئەگەر کەسێک ئارەق نەکاتەوە تووشی ئازاری ماسولکە دەبێت پلەی گەرمی لەشی بەرز دەبێتەوە تا دەگاتە حاڵەتی بورانەوە، بۆیە بۆ ئەوەی کەسێک بۆنی ناخۆش نەبێت نابێت رێگری لە ئارەقکردنەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت خۆی پاکوخاوێن رابگرێت و بەپێی جۆری پێستی بۆنخۆشکەرەکان بەکاربهێنێت. 
هۆکارەکانیشی ژینگەیی، دەروونی، هۆرمۆنەکان، نەخۆشییەکانی گورچیلە و شەکرە وادەکەن بۆنی لەش ناخۆشتر بێت لە کەسی ئاسایی.
چارەسەرە پزیشکییەکانیش زۆرن بۆ نەهێشتنی بۆنی لەش و پێویستە لەژێر رێنمایی پزیشکی پسپۆڕدا بەکاربهێنرێن، جۆرەها بۆنخۆشکەری جەستەش بە چەندین جۆر و مارکە هەیە و پێویستە ئەوانە بەکارنەهێنرێن کە مادەی ئەلەمنیۆمیان تێدایە.

بۆنە جیاوازەکان
بۆنی ناخۆشی جەستە ئاماژەن بۆ چەندین نەخۆشی و ماڵپەڕی Healthline  نووسیویەتی ئەگەر بۆنی لەش لە شێوەی بۆنی میز یان ئامۆنیا بوو ئاماژەیە بۆ بوونی گرفت لە گورچیلەکان، هەروەها ئارەقکردنەوەی زۆر هۆکارە بۆ تێکچوونی رژێنی دەرەقی، ئەگەر بۆنی ناخۆشی لەش وەک بۆنی ماسی بێت بەتایبەت لە ئەندامی زاوزێدا، ئاماژەیە بۆ توشبوونی ئەو ئەندامە بە کەڕو یان بەکتریا و نەخۆشییە سێکسییەکان، هاوکات بۆنی ناخۆشی دەم ئاماژەیە بۆ هەوکردنی پووک و گەدە و ریخۆڵەکان یان نەخۆشی شەکرە، بۆیە لەکاتی هەستکردن بە بوونی ئەو بۆنانە لە لەشدا بۆ چارەسەرکردن پێویستە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان