ئا: عەبدوڵڵا سدیق
ئەنستیتوی ستۆکهۆڵم بۆ ئاشتی لە جیهاندا، ساڵانە راپۆرتی خۆی لە بارەی بازرگانی چەکوتەقەمەنی و بودجەی سەربازیی لە جیهاندا بڵاو دەکاتەوە. لە ماوەی پێشوودا راپۆرتێکی لە بارەی بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازیی و بازرگانی چەکو تەقەمەنی، لە کیشوەری ئەفریقادا بڵاوکردەوە. هۆکاری ئەمەش زیاتر بەهێزبوونی گروپە تیرۆریستییەکانە بەتایبەتی بۆکۆحەرام و گروپە جیهادییەکانی تر لە ئەفریقا.
نەیجیریا لە پلەی یەکەمی کیشوەرەکەدایە
بەپێی راپۆرتەکەی ئەنستیتوی ستۆکهۆڵم بێت، نەیجیریا لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانی ئەفریقایە بۆ بەرزکردنەوەی بودجەی سەربازیی، ساڵی 2021 بودجەی سەربازی بۆ 4.5 ملیار دۆلار بەرزبۆتەوە، ئەمەش لە چاوی ساڵی پێشووتردا زۆرەو بە رێژەی 56 % زیاتر بووە.
بە پێی راپۆرتێکی سایتی «هێزی ئاگری جیهانی» بێت کە سایتێکی ئەمریکییە، تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە سوپاکانی جیهان و ساڵانە راپۆرت لە بارەی بودجەی سەربازی سوپاکانی جیهان بڵاودەکاتەوەو ریزبەندی بۆ سوپاکانی جیهان دەکات.
لە راپۆرتێکیدا دەڵێت: نەیجیریا بۆ ساڵی 2022 بڕی 5.9 ملیار دۆلاری بۆ بودجەی سەربازی تەرخان کردووە، بەمشێوەیەش دەبێتە یەکەمین وڵاتی ئەفریقا لە رووی خەرجکردنی بودجەی سەربازییەوە. لە پاش ئەویش باشووری ئەفریقا دێت کە بڕی 2.9 ملیار دۆلاری بۆ بودجەی سەربازی تەرخان کردووە. لە پلەی سێهەمیش کینیا دێت کە بڕی 1.2 ملیار دۆلاری بۆ بودجەی سەربازی تەرخان کردووە.
زیادبوونی خەرجی سەربازی لە ئەفریقا
هەرچەندە لە ساڵی پێشوودا بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، زۆربەی وڵاتانی ئەفریقا رووبەروی تەنگەژەی ئابووری بوونەوە، بەڵام بە پێی راپۆرتەکەی ئەنستیتوی ستۆکهۆڵم بێت لە ساڵی 2022 دا لە چاو ساڵی 2021 بە رێژەی 9 % خەرجی سەربازی لە ئەفریقا زیادیکردووە. ساڵی 2022 وڵاتانی ئەفریقا بڕی 39.7 ملیار دۆلاریان بۆ کڕین و چەکوتەقەمەنی لە جیهاندا تەرخان کردووە. نیوەی ئەم بڕە پارەیەش بەر وڵاتانی باشووری سەحرا دەکەوێت کە دەکاتە نزیکەی 20.1 ملیار دۆلار.
رێژەکە کەمە
هەرچەندە هەندێک چاودێری سیاسی ئەم رێژەیە بە کەم دادەنێن، چونکە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەندێک لەو وڵاتانە لەچاو داهاتی نیشتمانی، رێژەیەکی زۆر کەم دەبێت. بۆ نموونە دەوڵەتی بوتسوانا کە وڵاتێکی بچووکە بودجەی سەربازی بۆ ساڵی 2022 تەنها 2.2 % ی کۆی داهاتی نیشتمانی پێکدەهێنێت.
بۆ نەیجیریاش، بودجەی سەربازی ساڵی 2021 تەنها 1.02 % ی کۆی گشتی داهاتی نیشتمانی پێکدەهێنێت. ساڵی 2022 تەنها 0.6 % کۆی داهاتی نیشتمانی بۆ بودجەی سەربازی داناوە. بەپێی بۆچوونی بەشێک لە چاودێرانی سیاسیش بێت، ئەم رێژەیە زۆر کەمە، لەچاو ئەو هەموو مەترسییە سەربازیی و ئەمنییانەی کە هەڕەشە لەم وڵاتە گەورەیەی ئەفریقا دەکەن. باشووری ئەفریقاش، بودجەی سەربازی تەنها 0.6% لە داهاتی نیشتمانی پێکدەهێنێت.
مەترسی تیرۆر
یەکێك لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم زیادبوونەی بودجەی سەربازی لە وڵاتانی ئەفریقا، دەگەڕێتەوە بۆ بەهێزبوونی گروپە تیرۆریستییەکان بەتایبەتی جیهادییەکان. بۆ نموونە لە ساڵی 2009 ەوە گروپی بۆکۆحەرام کە گروپێکی جیهادی ئیسلامی توندڕەون، لە جەنگدان لەگەڵ حکومەتی نەیجیریا بەتایبەتی لە ناوچەی باکوور و خۆرهەڵاتی نەیجیریا. لە ماوەی پێشوودا عەلی نەدومی سەرۆکی لیژنەی سوپا لە ئەنجومەنی پیرانی نەیجیریا، داوای لە حکومەت کرد، کە لە ناوچەکانی باکوور و خۆرهەڵات وڵات، حاڵەتی ئامادەباشی رابگەیەنێت، راشیگەیاند: کە سوپای نەیجیریا لە بواری چەکو تەقەمەنی و سەربازیەوە نوقسانی زۆری هەیە، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی نائارامی لەو ناوچانە.
کێشە ئەمنییەکانی خۆرهەڵاتی ئەفریقا
لە خۆرهەڵاتی ئەفریقاش کێشەی زۆریان هەیە بۆ نموونە کینیا، بە هۆی باری نائارامی سەر سنووری نێوان کینیا و سۆماڵ، حکومەتی کینیا ناچاربوو کە دووبارە هەیکەلی سوپاکەی بگۆڕێت و لە رووی چەکوتەقەمەنیی و ژمارەی سەربازانەوە بەهێزتری بکات. جێگەی ئاماژەیە ماوەی چەندین ساڵە، سۆماڵ بە دەست نائارامیی و جەنگی ناوخۆوە دەناڵێنێت، جگە لە بوونی چەندین گرووپی جیهادیی و تیرۆریستی کە خۆیان خزاندۆتەوە ئەم وڵاتەوە.
بەرزی مووچەی سەربازان لە باشووری ئەفریقا
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە، یەکێک لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی رێژەی بودجەی سەربازیی لە وڵاتانی ئەفریقا، پەیوەندیی بە مووچەی سەربازان و پلەدارانی ناو سوپاوە هەیە. بۆ نموونە باشووری ئەفریقا. مووچەی سەربازانی سوپاکەی سێ جار لە مووچەی سوپای نەجیریا زیاترە. پێنچ جاریش زیاترە لەچاو مووچەی سەربازانی سوپاکانی تری ئەفریقاش زیاترە.
جەنگ و پڕۆسەی ئاشتیی
بەشێکی تری ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ بەشداربوونی سوپاکان لە هەندێک پڕۆسەی ئاشتی پارێزی لە کیشوەرەکە، بۆ نموونە سوپای باشووری ئەفریقا، رۆڵێکی سەرەکی هەیە لە پڕۆسەی ئاشتی پارێزی لە مۆزەمبیق و کۆنگۆی دیموکراتی.
مۆدێرنکردنەوەی سوپاکان
هۆیەکی تری ئەم زیادبوونە دەگەڕێتەوە بۆ مۆدێرنکردنەوەی سوپاکان لە ئەفریقا، چونکە بەشێکی زۆری سوپاکانی ئەم کیشوەرە، چەکی کۆن و تەقلیدیان پێیە. بۆ رووبەروبوونەوەی مەترسییەکانی ئێستاش، پێویستیان بە چەکوتەقەمەنیی و تەکنۆلۆژیای سەربازی مۆدێرنە، بەتایبەتی لە جەنگ لە دژی گروپە تیرۆریستییەکانی ئەفریقا، لە پێش هەمووشیانەوە، گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی وەکو بۆکۆحەرام و چەتەکانی داعش.
دەرەنجام
لە بەرزبوونەوەی خەرجی سەربازیی، زیاتر گەلانی ئەفریقا زەرەرمەند دەبن، چونکە بەرزبوونەوەی بودجەی سەربازی، لەسەر حسابی کەرتەکانی ترە بەتایبەتی تەندروستی و پەروەردە و ئاوەدانی. بەمەش ژیانی هاووڵاتییانی ئەفریقا هێندەی تر ناخۆش دەبێت. ئەمەش لە کاتێکدا زۆربەی وڵاتانی ئەم کیشوەرە بە دەست هەژاریی و برسێتییەوە دەناڵێنن، بۆیە بەشێکی زۆری گەنجانی ئەفریقا، خۆیان دەخەنە بەر مەترسی رێگەی قاچاخ تاوەکو بگەنە ئەوروپا.
سەرچاوە: سایتی دۆیچەڤێلەی ئەڵمانیا