كاراباخ، كێشەی مێژوویی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا

09:11 - 2022-09-19
ڕاپۆرت
527 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیرانی نێوان باكۆ و یەریڤان گەلێك قووڵ و كۆنە، ئەم كێشەیە بەگشتی كێشەیەكی سیاسی، نەژادی، جوگرافی و مێژووییە، رووی دیاری كێشەكە هەرێمی كاراباخە كە لەگەڵ روخاندنی یەكێتیی سۆڤیەت شەڕ لەنێوان ئەم دوو وڵاتە هەڵگیرساوە، چونكە پێشتر هەردوو وڵات لە ژێر یەك ئاڵادا بوون كە ئاڵای سۆڤیەت بووە.

ئاگربەستی نێوان هەردوو وڵات
دوای گەڕێكی نوێی ناكۆكییەكان و كوژرانی ژمارەیەكی زۆری سەرباز لەنێوان هەردوو وڵاتدا، سەرچاوە هەواڵییەكان ئاشكرایان كرد ئەو دوو وڵاتە رێكەوتن بۆ راگرتنی شەڕ، وەزیری بەرگریی ئەرمینیا رایگەیاندووە: ئێستا لەسەر سنوور دەنگی تەقە نابیسترێت. ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر «نیكۆل پاشینیان» سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا كوژرانی 105 سەربازی وڵاتەكەی راگەیاند و ئازربایجانیشی تۆمەتبار كرد بە داگیركردنی 10 كیلۆمەتر لەخاكی ئەرمینیا.

كاراباخ و رێكەوتنی مۆسكۆ
لەسەرەتادا ئەرمینیا هێرشەكانی بۆ كۆنترۆڵكردنی كاراباخ بوو كە زۆرینەی دانیشتوانەكەی ئەرمەنین، دوای جەنگێكی شەش ساڵە لەنێوان ئەرمینیا و ئازربایجان كە بە هەزاران هاووڵاتی تێدا كوژرا و زیانی گیانی و سروستی و لۆجستی بە بەر هەردوو وڵات كەوت. جەنگەكە بە سەركەوتنی ئەرمینیا كۆتایی هات، بەڵام بە پشتیوانی وڵاتانی دیكە و بەتایبەت روسیا. ئەم سەركەوتنەی ئەرمینیا كۆتایی بە چیرۆكی كاراباخ نەهێنا، بۆیە دوای شانزدە ساڵ لەو سەركەوتنەی ئەرمینیا جارێكی دیكە جەنگەكە سەریهەڵدایەوە، دوای شەش ساڵیش لەم جەنگە، هەردوولا لە مۆسكۆ رێكەوتننامەیەكیان ئیمزاكرد بۆ وەستاندنی جەنگەكە، ئەو رێكەوتننامەیە بە زیانی ئەرمینیا و بە سوودی ئازربایجان كۆتایی هات و هەرێمی كاراباخ كەوتە ژێر دەسەڵاتی ئازربایجان.

دواهەمین پێكدادانی نێوان ئازربایجان و ئەرمەنستان
شەوی 13ی ئەم مانگە لەسەر سنووری هەردوو وڵاتی ئەرمینیا و ئازربایجان، شەڕ و ئاڵۆزی دروست بوو، سەرەڕای ئەوەی هەردوو وڵات یەكتر تۆمەتبار دەكەن، بەڵام وەزارەتی بەرگریی ئازربایجان رایگەیاندووە: لە دوایین پێكدادانەكانی چەند رۆژی رابردووی سەرسنووری وڵاتەكەی لەگەڵ ئەرمینیا، ژمارەیەك سەربازی وڵاتەكەیان كوژراوە و تەرمی 100 سەربازی ئەرمینیا رادەستی ئەو وڵاتە كراوەتەوە.

سەرچاوە: ئاژانسەكان

#كاراباخ #ئازەربایجان

بابەتە پەیوەندیدارەکان