بەردی بناغەی سەنتەری شتنەوەی گورچیلە لە قەڵادزێ دادەنرێت

10:16 - 2022-09-19
ڕاپۆرت
728 جار خوێندراوەتەوە
#کردنەوەی ئەو سەنتەرە کارئاسانییەکی باش دەبێت بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکە

راپۆرتی/ جێگر خدر

ساڵی رابردوو، بەهۆی سستبوونی گورچیلەکانی، مەلا مەحمود کەسایەتی دیار و خێرخوازی قەڵادزێ کۆچی دوایی دەکات، بەر لە ماڵئاوایی یەکجاری، مەلا مەحمود بەو پێیەی بۆ نەخۆشییەکەی ناچارە سەردانی شارەکانی دیکە بکات، وەسێت بۆ کەسوکارەکەی دەکات گەر نەشما و قەدەر رێگەی ژیانی نەدا، سەنتەرێکی شتنەوەی گورچیلە لە شاری قەڵادزێ لەسەر ئەرکی خۆیان بکەنەوە، ھەفتەی رابردوو کەسوکاری ئەو و بەرپرسانی سنوورەکە بۆ ئەوەی وەسێتی مەلا مەحمود جێبەجێبکەن، بەردی بناغەی سەنتەری شتنەوەی گورچیلە دادەنێن.
لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی کەسوکاری مەلا مەحمود و هیوا قەرەنی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و هەردوو قائیمقامی قەزای رانیە و پشدەر و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی و حزبی، بەردی بناغەی سەنتەرەکە لە شاری قەڵادزێ دانرا. لە لێدوانێکیدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین جەختی لە گرنگی کردنەوەی ئەو سەنتەرە کردەوە و رایگەیاند» نەخۆشانی گورچیلە رووی لە زیادبوون کردووە و لە رابردوودا نەخۆشەکان ناچاربوون روو لە شارەکانی رانیە و سلێمانی و هەولێر بکەن، کردنەوەی ئەو سەنتەرە کارئاسانییەکی باش دەبێت بۆ هاووڵاتیانی سنوورەکە».

وەک پێویستییەکی هەنوکەیی
لای خۆیەوە دکتۆر دیار ئیبراھیم بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی راپەڕین، کردنەوەی سەنتەری شتنەوەی گورچیلە لە قەزای پشدەر بە پێویستییەکی هەنوکەیی دەزانێت و دەڵێت»ئەم سەنتەرانە تەنها لە کەرتی حکومیدا هەن، لە تێکڕای سنووری بەڕێوەبەرایەتیمان بە تەنها یەک سەنتەرمان هەبوو، کە لە ساڵی 2009 لە رانیە کراوەتەوە، لەو سەنتەرە تەنها 14 ئامێری لێیە، ساڵانە زیاتر 6500 کەس شوشتنەوەی گورچیلەی بۆ دەکرێت، بەکردنەوەی سەنتەرێکی دیکە ئەو لۆدە زۆرەی لەسەری هەبوو کەمدەبێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە کارئاسانییەکی باش بۆ هاووڵاتیان دەکات و زەحمەتی هاتوچۆ و قەرەباڵغیان لەسەر لادەچێت»، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەوان بە ئەرکی سەرشانی خۆیانی دەزانن وەک بەڕێوەبەرێتی تەندروستی راپەڕین، پاش کردنەوەی سەنتەرەکە بە دڵسۆزییەوە کاری تێدا بکەن و خزمەتی هاووڵاتیانی سنوورەکەی لێوە بکەن.

لەسەر ئەرکی قوربانیەکی نەخۆشیەکە
رێباز محەمەد، یەکێک لە کەسەکانی  کۆچکردوو مەلا مەحمود سەبارەت بە لە ئەستۆگرتنی کردنەوەی ئەو سەنتەرە لەلایەن بنەماڵەکەیانەوە وتی»مەلا مەحمود چەند ساڵێک بوو دوچاری نەخۆشی گورچیلە ببوو، بۆ وەرگرتنی چارەسەر ناچاربوو روو بکاتە شارەکانی دیکەی هەرێم و دەرەوەی وڵاتیش، لەو ماوەیەدا درک بەکردنەوەی سەنتەرێکی خزمەتگوزاری شتنەوەی گورچیلە دەکات، بۆیە وەک وەسێت ئەمەی بە ئێمە سپارد و وتی، سەنتەرێکی گورچیلە لەسەر ئەرکی خۆم دەکەمەوە، گەر قەدەریش رێگەی ژیانی نەدام و نەمام، ئەو ئەرکە دەکەوێتە ئەستۆی ئێوە و دروستیکەن»، راشیگەیاند، بۆخۆی تا لە ژیاندا بوو کەسێکی ناسراوی کۆمەڵایەتی و بە کارە خێرخوازییەکانی زیاتر دەناسرایەوە.
چیمەن مستەفا هاووڵاتییکی دانیشتووی قەڵادزێیە، خاوەن پێداویستی تایبەتە و ماوەی سێ ساڵیشە گورچیلەکانی لاوازبوون و وەک خۆی دەڵێت، بۆ چارەسەر و شتنەوەی گورچیلەکانی هەفتەی دوو جار  سەردانی سەنتەری شتنەوەی گورچیلەی رانیە دەکات، ئەو هاتوچۆیە سەرباری نەخۆشییەکەی زەحمەتییەکی زۆری بۆ دروست دەکات، کاتێک دەبیستێت لە شارەکەی خۆی سەنتەرێک دەکرێتەوە، دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێت و سوپاسی ئەو لایەنانەش دەکات کە رۆڵیان دەبێت بۆ کردنەوەی.

رێژەی تووشبوون روو لە زیادبوونە
 بڕیارە سەنتەرەکە سەرجەم  بەشەکان و ژووری تایبەت بە نەخۆش و پزیشک و کارمەند و تاقیگە و هەموو  پێداویستیەکانی لەخۆبگرێت، لەژێر چاودێری وەزارەتی تەندروستیدا دەبێت، هەوڵیش دەدرێت لەپێش وادەی دیاریکراوی خۆیدا تەواوبکرێت و رادەستی بەرێوەبەرایەتی تەندروستی راپەرینی بکەن.
بە وتەی بەرپرسانی تەندروستی لە راپەڕین، ماوەی چەند ساڵێکە رێژەی نەخۆشانی گورچیلە لە سنوورەکەیان روو لە هەڵکشانە، بەجۆرێک ساڵانە زیاتر 6500 کەس لەو نەخۆشانەی كە گورچیلەكانیان سست بوون یان زەرعیان بۆ كراوە بە مەبەستی شتنەوەی گورچیلەكانیان روو لەسەنتەری گورچیلەی دەستكردی رانیە دەكەن. لە شارەکانی کۆیە و دوکان و قەڵادزێ و ناوخۆی رانیەوە دێن، بەشێك لەم نەخۆشانە بەهۆی زۆری سەردانیان بۆ ئەم سەنتەرە و  مانەوەیان لەگەڵ یەكتری و كارمەندەكان بوونەتە هاورێ‌، ئەوان هەفتەی 2 بۆ 3 جار شتنەوەی گورچیلەیان بۆ دەكرێت و دەبێت ماوەی چوار سەعات لە ژێر ئامێرەكەدا بمێننەوە تا بێزاریش نەبن ئامێری هێدفۆنی تایبەتیان بۆ دانراوە.
نەخۆشییەکانی گورچیلە یەکێکە لە جۆرە بڵاوەکانی نەخۆشی لە جیهاندا، سەرچاوە تەندروستییەکان هۆكارەكانی تووشبوون بۆ نەخۆشی شەكرە و فشاری خوێن و زكماكی و بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆش كەم ئاو خواردنەوە و خواردنی ناڕێك، دەگەڕێتەوە.

# قەڵادزێ #سەنتەری شتنەوەی گورچیلە

بابەتە پەیوەندیدارەکان