شێوازی کۆتاییهێنان بە ئازار

10:34 - 2022-09-20
کەلتور
649 جار خوێندراوەتەوە
تێڕامان هەوڵێکی کردارییە بۆ کۆتاییهێنان بە سەرچاوەی ئازار

مەحمود شێرزاد

حەکیم پاتانجالی لە کتێبی یۆگا سوتراکاندا دەڵێ: (هەموو شتێک ئازارە)، تەنانەت زۆر پێش پاتانجالی بودا گوتبووی: ( هەموو شتێک ئازارە و هەموو شتێک لە گۆڕاندایە). رۆژێک «سیدارتا» وەک شازادەی جێنشین لەناو جەرگەی بەهەشتی رابواردن لەو چوارکۆشکە رازاوەیەدا کە باوکی بۆی دروست کردبوو، بڕیاریدا بە پێچەوانەی ئامۆژگاریی رەبەنەکان و باوکی کە گوتبوویان نابێ لە کۆشک بچێتە دەرەوە، ئەمری کرد ئەسپە شێی بۆ زین و لەغاو بکەن دەیەوێ لە کۆشک بچێتە دەرەوە، سیدارتا چوویە ناو شارەوە، بە بینینی کەسێکی نەخۆش، بە بینینی پیاوێکی پیر، بە بینینی مردوویەک کە بەرەو قەبرستانیان دەبرد، گەڕایەوە ناوخۆیەوە، لە ئاناندای یاریدەدەری پرسی ئایا منیش نەخۆش دەکەوم؟ ئایا منیش پیر دەبم؟ ئایا منیش دەمرم؟ ئاناندا گوتی گەورەم هەرچەند نابێ راستییەکەت پێ بڵێم، بەڵام بەڵێ تۆش نەخۆش دەکەوی، تۆش پیر دەبی و دەمریت. هەروەک چۆن «زەمبیل فرۆش» دوای مەرگی باوکی بوو بە پاشا، بەڵام باوکی ئامۆژگاریی وەزیر و گەزیری کردبوون کە نابێ لە کۆشک بچێتە دەرەوە، بەڵام ئەویش بەمەبەستی راو و هەر وەک بودا بە زۆر چوویەدەرەوە، رێی کەوتە سەر قەبران، لەوکاتەدا خەریکی ئەسپەردەکردنی مردوویەک بوون، لە مەلاکەی پرسی ئایا کاتێ منیش مردم بەم شێوەیە دەمنێژن؟ مەلاکە گوتی بەڵێ، بەڵام تۆ پاشایت لەوانەیە جۆری قوماشی کفنەکەت باشتر بێ لە هی خەڵکیتر، هەر ئەوەندە! زەمبیل فرۆش تێڕاما، هەستی بە ئازارێکی زۆر کرد، لێرەوە رێگەی خۆناسیی و ئازادی گرتەبەر، بەهەمان شێوە سیدارتاش بۆی دەرکەوت ژیان هەموو ئازارە، بەڵام بە بینینی «رەبەنێک» کە بە ئارامی لە ژێر دارێکدا بە زەردەخەنەوە لە تێڕاماندا بوو، بۆی دەرکەوت رێگەیەک هەیە بۆ خۆدەربازکردن لە ئازار، کەواتە لە دوای ئەمەوە «سیدارتا» لە کۆشک هاتەدەرەوە تا مرۆڤ لە «ئازار» رزگار بکا، گوتی من دەبێ رێگەیەک بدۆزمەوە تا مرۆڤ لە ئازار رزگار بکەم. سیدارتا ئەو کات نەیدەزانی یۆگا هەیە، لە کۆشک هاتە دەرەوە و لەگەڵ یۆگا ئاشنا بوو، دەستی بە راهێنان و بە تایبەت تێڕامان کرد، ئەم رووداوە لە کۆتاییدا بوو بە هۆی ئەوەی «سیدارتا» ببێتە «بودا – رووناکبوویەوە»، باوکی ئیمپراتۆر بوو، بەڵام بە هۆی بوداوە ناوی لە مێژوودا مایەوە، بودا تێڕامانی لە یۆگا وەرگرت و بەکاری هێنا، بە تێڕامان لە رەهەندەکانی خۆیدا رۆچوو، خۆی ناسی و بەمشێوەیە لە ئازاررزگاری بوو، لە دوای بوداوە تێڕامان زۆر خۆشەویست بوو، خەڵکێکی زۆر لە رێگەی تێڕامانەوە لە ئازار رزگاریان بوو، واتە لە نەزانی رزگاریان بوو.

سەرچاوەی ئازار
نەزانی سەرچاوەی ئازارە و ئازار سەرچاوەی ناهاوسەنگییە جۆراوجۆرەکانە، تەواوی ئەم رووداوە هەڵانەی لە ژیانی مرۆڤەکاندا روودەدەن، تەواوی ئەم شەڕانەی لەنێوان دەوڵەتان و نەتەوە و دینەکاندا روودەدەن هەمووی بە هۆی نەزانییەوە روودەدەن، حافزی شیرازی لە غەزەلێکدا دەڵێ: (واز لە شەڕی حەفتا و دوو میللەت بێنن، ئەوان لەبەر ئەوەی هەقیقەتیان نەدیوە، رێگەی ئەفسانەکانیان گرتۆتە بەر.) مەبەستی حافز ئەوەیە کاتێ مرۆڤ یان کۆمەڵەکان نەزان بن و هەقیقەتیان نەناسی بێت، رێگەی نەزانی دەگرنە بەر و هەر کەسەی وەهمێک و خەیاڵ و ئەفسانەیەک بۆ خۆی دەدۆزێتەوە و دەهۆنێتەوە و ئەو وەهم و خەیاڵەی خۆی بە هەقیقەت دەزانێ و شەڕی لەسەر دەکا و ...هتد. 
هەموو ئازارێک بەرهەمی نەزانییە، ئازار بۆ ئەوەیە ئێمە وەخەبەر بێین و بزانین کە نەزانین، بەڵام لەبەر ئەوەی هەمیشە لەگەڵ ئازارەکان و ئەو کەس و کەرەستانەی لەرێگەیانەوە ئازارەکە دێ، لەشەڕداین، هەرگیز پەی بە سەرچاوەی ئازارەکە نابەین. بە قەولی یۆگییەکان ئازار سووتەمەنی خۆناسیی گەردوونیی و رووناکبوونەوەیە.  

نەزانی چییە؟
 نەزانی یانی چی؟ نەزانییش وەک هەر شتێکیتر سەرچاوە و بنەمایەکی هەیە، واتە بنەڕەتێکی هەیە، بنەڕەتی نەزانی، خۆنەناسیی گەردوونییە، یانی ئەوەی نەزانین ئێمە چین؟ نەزانین لە چییەوە هاتووین و لەچی و چۆن دروست بووین؟ بۆ لێرەین و بەرەو کوێ دەچین؟ یۆگا بۆ کۆتایهێنان بە نەزانی بنەڕەتی یان بنەڕەتی نەزانی پرسیاریی من کێم و شێوازی کرداریی تێڕامان پێشنیار دەکا، تەنانەت یۆگی هەرە بەناوبانگی سەدەی بیست «رامانا ماهاریشی» بنەمای یۆگا و عیرفانەکەی بۆ یارمەتیدانی مرۆڤایەتی لەسەر پرسیاری (من کێم؟) دامەزراندبوو. لەهەقیقەتدا جگە لەمە هیچ رێگایەکی دیکە بۆ دەربازبوون لە نەزانی و سڕینەوەی بنەڕەتی نەزانی لە ئارادا نییە، سەرجەم رێگاکانیتر کە هەر هەموویان بانگەشەی زانایی و کۆتاییهێنان، یان دابەزاندنی ئاستی نەزانی دەکەن، لەڕاستیدا نەزانی زیاتر قووڵ دەکەنەوە و زیاتر پەرەی پێدەدەن، بەڵام لەبەر ئەوەی هەر یەکە و لە بواری خۆیدا زانیاریی و تیۆر و گریمانەی زۆر کۆدەکاتەوە و دەهۆنێتەوە پێیان وایە بە زانایی گەیشتوون، ئەوان تا ئێستا نازانن زانیاریی و زانین یەک نین.

من چیم؟
دکتۆر داریوشی شایگان دەڵێ: (مەعریفە لە هیندستان و دارشاناکانی ئەم وڵاتە، واتە شەش قوتابخانە سەرەکییە مەعریفییەکەی ئەم وڵاتە تەنیا یەک کەڵکەڵەیان لەسەردا بووە، ئەویش ناسینی بنەڕەتی مرۆڤە، توێکاریی رەهەندەکانی مرۆڤ، رزگارکردنی مرۆڤ لە ئازار و ناسینی نەناسراو بووە، واتە هەموویان لە هەوڵی ئەوەدابوون مرۆڤ رزگار بکەن و یارمەتی بدەن ئازادیی هەتاهەتایی «موکشا» ئەزموون بکات، لەسەروو هەمووشیانەوە یۆگا شێوازێکی زۆر سەرسوڕهێنەرە لەم پەیوەندییەدا.)
ئەوەی داریوشی شایگان باسی دەکا کوردستانی پێش دوو هەزار ساڵ بۆ دواوەش دەگرێتەوە، بەهەرحاڵ لێرەش هەر وابووە، گلگامێش دەیەوێ کۆتایی بە نەمری بێنێ و مرۆڤ بە نەمری بگات، مرۆڤ چۆن بە نەمریی دەگات، بە رووناکبوونەوە و وەئاگاهاتنەوە نەک ئەوەی نەهێڵێ جەستەی نەمرێت و بە جەستە بە نەمریی بگات. یان زەردەشت لە گاتاکاندا هەر وەک بودا و پاتانجالی توێکاریی ناخی مرۆڤ دەکا، دەڵێ دوو هێزی باشە و خراپە لە ناخی مرۆڤدا جێ خۆش دەکەن و مرۆڤ کۆنتڕۆڵ دەکەن، مرۆڤ بەم شێوەیە تووشی ئازار دەبێت، چارەسەر ئەوەیە مرۆڤ ئاهورامەزدا بناسێت، ئاهوورامەزدا لێرەدا هێمای هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدییە، یان لە عیرفانی یارسانیدا «مەولا» ئامانجی مرۆڤە و دەبێ لە خۆیدا مسۆگەری بکا تا لە نەزانی و خراپە رزگاری بێت. کاتێ مرۆڤ خۆی ناسی دەزانێ لە بنەڕەتدا بەشێکە لە هەقیقەتی ئەزەلی و ئەبەدی، لێرەوە تێدەگا قورس نەیگرێ و پەیوەست نەبێ، هەمیشە یۆگی و ئازاد بێ. لێرەوە بنەڕەتی نەزانی دەسڕێتەوە و رووناکدەبێتەوە و لە ئازار دەربازی دەبێت. سەرەتای خۆناسین ئەم پرسیارەیە: من کێم؟ یان من چیم؟

بابەتە پەیوەندیدارەکان