ئابووریی چین و سیناریۆی ژاپۆنی

10:19 - 2022-09-21
ئابووری
684 جار خوێندراوەتەوە
ئابووری چین لەگەشە ناوەستێ

فەیسەڵ عەلی

شارستانیەتی چین لە هەموو قۆناغەکانیدا جێی بایەخی زۆربە بووە، بەتایبەتی لەگەڵ دەستپێکی پلانی نوێی رێی ئاوریشمدا، کە چینییەکان لە سەدەی دووەمی پێش زایین دایانهێنا، کە تا سەدەی 16ی زایین لە گرێدانی دەوڵەتانی کۆنی جیهان بە کەرەستە و خۆراکەوە بەردەوامی هەبوو. لەم پلانە ژیرانەوە، چین یەکێک لە کۆنترین ئابوورییەکانی جیهانی پێکهێنا، تا بە ساڵی 1949 دەگات، کە کۆمۆنیستەکان جەنگی ناوخۆیان یەکلا کردەوە، کۆماری گەلی چینیان دامەزراند، ئەو دەوڵەتە چووە نێو پڕۆسەیەکی ناجێگیریی گەشەپێدانی ئابوورییەوە، تا ساڵی 1978 کە لەسەر بنچینەی ئابووریی بازاڕ دەستکرا بە پڕۆسەی ریفۆرمی ئابووری، بۆ ئەوەی چین ببێتە خێراترین ئابووریی جیهان و گەورەترین دەوڵەتی هەناردە و دووەمین گەورەترین هاوردەی کەلوپەل لە جیهان.

سەرمایەگوزاریی بیانی رووی تێدەکات
بەپێی راپۆرتەکانی هەواڵ، لە رووی مێژووییەوە ئەندیکەیتەرە ئابوورییەکانی چین پەرەیان سەندووە دوای ئەوەی لە 1970، هەناردەی چین دوو ملیار دۆلاری تێنەدەپەڕاند، لە 2021دا (3.5) ترلیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە. لەبەرئەوە چین وەک یارمەتیدەرێکی گەورەی جیهان ماوەتەوە، نەک هەر لەسەر ئاستی ئەزموونە ئابوورییەکەی، بەڵکو وەک ئەندیکەیتەرێک لەسەر ئاراستە و گەشەی ئابووریی جیهان، کاتێک رەوشی ئابووریی چین باشە و توانای کڕینی بەرزە، سەرمایەگوزاریی بیانی رووی تێدەکات، ئەو کات جیهان لەگەڵ چین بە هاوسەنگی دەژی، ئابووریی چین لە 1976وە پاشەکشێی نەکردووە، نێوەنجی گەشەی ساڵانەی نزیکی (9.2٪) بووە، سەرمایەگوزاریی بیانی لە چین، 1980 لە(0.06) ملیار کەمتر بووە، بەڵام لە 2020دا (253.1) ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە. 

بەرهەمی لە هەموو ما‌ڵێکدا هەیە
ئەمەیش بە حوکمی راکێشانی سەرمایەگوزاریی جیهانی و بەرزی رێژەی گەشەی ئابوورییەکەی، وایکرد جیهان ئیدمانی توانای کڕینی چین بن، تا وای لێهاتووە ئابووریی جیهان بە شێوەیەکی فراوان پشت بە پتەوی ئابووری و هێزی بەرهەمداریی چین ببەستێت، کە کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی گەیاندە نزیکەی (18) ترلیۆن دۆلار. چین پێشەنگی هەناردەی جیهانە، کە 1978 بۆ 2021 بە نزیکەی (521) جار گەشەی کردووە، لە کاتێکدا، لە هەمان ماوە هی ئەمریکا (11) جار و ژاپۆن (7) جار و ئەڵمانیا (15) جار بووە، لەبەر ئەوەی (MADE IN CHINA) چۆتە نێو هەموو ماڵێکی ئەم جیهانەوە، ئەمە بە جیا لە بەرهەمی چاینی لە کەرەستەی خاو کە لە هەموو بەرهەمێکی جیهاندا هەیە، بەدەر لەوەی ئاستی بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا تێیدا چەند بەرزە.

خاوەنی کانزا دەگمەنەکانە
چین بە گەورەترین سەرچاوەی پێدانی کەرەستەی دەگمەن دادەنرێت کە لە پیشەسازیی نوێی تەکنەلۆجیای جیهاندا بەکاردەهێنرێت. راپۆرتەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە کۆمپانیا ئەمریکییەکان چەندین ساڵیان دەوێت تا بتوانن کێبڕکێی هەژموونی چین لەسەر کانزا دەگمەنەکان بکەن، چونکە دامەزراوەی ناوخۆیان نییە تا بتوانن مامەڵە لەگەڵ ئەو کانزایانەدا بکەن، ئەمەیش زامنی مانەوەی چینی وەک نیمچە قۆرغکارێکی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم جۆرە کانزایانە کردووە. لە رەوشێکی زاڵی ئەوهادا، دڵەڕاوکێ باڵی بەسەر جیهاندا کێشاوە، پرسیارێکی زۆر دەکرێت، ئایا گەشەی ئابووریی زەبەلاحترین ئابووریی جیهان دەوەستێت؟ ئەگەری چەندە چین بچێتە قۆناغی پووکانەوەی ئابوورییەوە؟

پاشەکشەو گەڕانەوەی بەهێز
گەشەی ئابووریی چین لە 2020 لە نێوان (%4-5) بوو، واتە کەمی کردووە، هەرچەندە ئەمە یەکەم جار نییە ئابووریی چین دووچاری پاشەکشێ دەبێت، بەڵام هێندەی نەبردووە بەهێزتر گەڕاوەتەوە، بەڵام ئەمەیان جێی دڵەڕاوکێیە، لەبەر هۆکاری ناوخۆیی و هەلومەرجی نێودەوڵەتی، گەشەی ئابووریی چین بەرەو وەستان دەچێت، ماوەی گەشەی دوو ژمارەیی بەسەرچوو، پێدەچێ ئەو قەیرانەی ئێستا ئابووریی چینی پێیدا تێپەڕ دەبێت، زۆر قووڵترە لەو زیانەی بەهۆی بەرئەنجامەکانی پەتای کۆرۆنا ڤایرۆسەوە دووچاری بوو بوو. ئاسۆی ئابووریی نێودەوڵەتی روو لە داڕمانە، بێگومان کاریگەریی بەرزی وزە و جەنگی ئۆکرانیا و پووکانەوەی ئابووریی جیهان، وەک هەر دەوڵەتێکی تر چینیش دەگرێتەوە. 

ژاپۆن ناتوانێ پشت بە بەکاربەران ببەستێ
ئەگەر بە وردی لە ئەزموونی ژاپۆن بڕوانین، رێک ئەوەیە کە جیهانی لەمەڕ پاشەکشێی گەشەی ئابووریی چین دووچاری دڵەڕاوکێ کردووە، زۆرن ئەوانەی پێشبینی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی ژاپۆنی دەکەن، تاڕادەیک هۆکارەکان هەمان شتن، دوای ئەو ژاپۆن لە حەفتاکان و هەشتاکانی رابردوو بە خێرایی گەشەی دەکرد، دیارە ئەوەیش بەهۆی گەشەی بەرزی هەناردە و سەرمایەگوزاریی بیانی و خەرجیی زۆری لەسەر ژێرخانی ئابوورییەکەی بوو، بەڵام بەهۆی تەقینی پشک و خانوبەرەوە لەپڕ وەستا، چونکە کێشەیەکی کۆنی لە کرێ هەبوو، ئەستەمە ژاپۆن بتوانێ پشت بە بەکاربەرانی ببەستێ تا درێژە بە گەشەی ئابوورییەکەی بدات، ژاپۆن بە رێژەی (13.4٪) پاشەکشێی گەورەی لە دەستی کاریدا کرد، لە ماوەی بیست ساڵی بەدوای یەکدا بەرهەمدارییشی لە (13٪) بۆ (1٪) دابەزی، دوای ئەمە کۆمپانیاکانی ژاپۆن بەرەبەرە لە لیستی فۆرچن گلۆباڵ 500 هاتنە دەرەوە. 

پاشەکشەی گەشەی بەرهەمداری
بۆ بەراوردکاری، چین قەیرانێکی هاوشێوەی خانوبەرەی هەیە، پشکی کۆمپانیای عەلی بابا، کە گەورەترین کۆمپانیای چینییە، لە تشرینی یەکەمی 2020 تا تەموزی 2022، لە(310) ملیار دۆلارەوە بۆ کەمتر لە (100) پاشەکشێی کرد. دابەزینی گەشەی دانیشتوانی چین، بەتایبەتی ئەوانەی لە تەمەنی کارکردندان، کاریگەریی نەک هەر لەسەر بەرهەمداری هەبوو، بەڵکو ئاستی بەکاربردنی ناوخۆییشی داشکاند، ئەمە چینی خستە نێو پاشەکشێیەکی دیاری گەشەی بەرهەمدارییەوە، لە رێژەی گەشەی (2.8٪) لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا بەر لە قەیرانی دارایی جیهانی، ئێستا گەشەی بەرهەمداری تەنها (0.7٪). نێوەنجی داهاتی تاک لە چین تاڕادەیەکی زۆر نزمە، هەموو ئەمانە ئەزموونی چینی دەخاتە سەر هەمان ئەو رێچکەیەی کە ئابووریی ژاپۆن پێێدا تێپەڕی.

رەوشی ئابووری بە گشتی لەبار نییە
ئەگەر چین لەم ئاستەیدا بمێنێتەوە، بەگشتی هەموو جیهان رووبەڕووی گرفتی ئابووری دەبێتەوە، چونکە عەرەبانەی ئابووریی جیهان گرنگترین ئەسپەکانی لە دەست دەدا. لە بەرامبەریشدا ئابووریی ئەمریکا بەدەست هەڵئاوسان و گرفتی زنجیرەکانی گەیاندنەوە دەناڵێنێت، کە بەجۆرێک لە جۆرەکان بە گەشەی ئابووریی چینەوە پەیوەستە، بەتایبەتیش کەرستەی خاوی چین. لە هەمان کاتیشدا، رەوشی ئابووریی ئەوروپاش لەبار نییە، سزا ئابوورییەکانی سەر روسیا ئابووریی ئەوروپای ماندوو کردووە، ئەمانە وێڕای تارمایی جەنگ و کێبڕکێی چەک کە کاریگەریی نەرێنی لەسەر گەشەی ئابووریی کۆی جیهان بەجێ دەهێڵێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان