و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید
كریستین لاگارد سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندیی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، بانكی ناوه‌ندی نایه‌وێ به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رزبوونه‌ه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان ببێته هۆی فشاری له‌راده‌به‌ده‌ر له‌سه‌ر كرێ و به‌رزبوونه‌وه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی به‌های سوود ئاماژه‌ن بۆ سووربوونی بانكی ناوه‌ندی له‌سه‌ر دابه‌زاندنی تێكڕای هه‌ڵاوسان تا ئه‌و ئاسته‌ی كه وه‌ك ئامانج بۆی دیاریكراوه.
ئاژانسی بلومبێرگ ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، كه تێكڕای هه‌ڵاوسان له ناوچه‌ی یۆرۆ له مانگی ئابی رابردوودا گه‌یشتۆته ئاستی 9,1% كه ئاستێكی پێوانه‌ییه، هۆكاره‌كه‌یشی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نییه به رێژه‌یه‌كی زۆر به‌هۆی جه‌نگی روسیا‌و ئۆكرانیاوه، ئه‌م به‌رزبوونه‌وه‌یه له نرخی سووته‌مه‌نیدا، چاوه‌ڕوانكراو بوو، به تایبه‌ت شه‌ڕ له ئارادایه‌و شه‌ڕیش راسته‌وخۆی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بنه‌ماكانی ئابووری داده‌نێت، به‌ڵام وه‌ك كریستین لاگارد له كۆنگره‌ی پاریسیدا وتی، پێویسته بانكی ناوه‌ندی وه‌خۆ بكه‌وێت و نه‌هێڵێت ئه‌م به‌رزبوونه‌وانه له نرخدا جێگیر‌و جێكه‌وته ببن.
كریستین وتی: له هه‌ردوو بواری خواست و خستنه‌ڕووشدا كێشه‌مان هه‌یه، به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره‌مان له خستنه‌ڕوودایه نه‌ك خواست، له‌به‌ر ئه‌وه پێویسته ده‌ستبه‌كار بین بۆ مامه‌ڵه كردن له‌گه‌ڵ كێشه ئاڵۆزه‌ی له خواست و خستنه‌ڕوودا هه‌یه. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه ئه‌وان وه‌ك بانكی ناوه‌ندی ئه‌ركی سه‌ر شانیانه هه‌وڵ بده‌ن بۆ جێگیر كردنی نرخ له ئاستێكی كه‌م و دیاریكراودا، ئه‌ویش له مه‌ودای مامناوه‌نددا 2%وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پێویسته هه‌موو توانایه‌كی سیاسه‌تی نه‌ختینه‌یی كه له‌به‌ر ده‌ستیاندا هه‌یه به‌كار بهێنن بۆ گه‌یشتن به‌و رێژه‌یه كه كردوویانه‌ته ئامانج.
له هه‌مان كاتدا لویس دی گیندۆس جێگری سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپا رایگه‌یاند، بانكی ناوه‌ندی ناچار ده‌بێت له ماوه‌ی داهاتوودا به‌های سوودی سه‌ره‌كی به‌رز بكاته‌وه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هه‌ڵاوسان له ناوچه‌ی یۆرۆدا، گیندۆس له چاوپێكه‌وتنێكیدا بۆ هه‌فته‌نامه‌ی ئیكسپرۆسۆی پورتوگالی وتی: به ته‌نیا پاشكشه‌ی ئابووری چاره‌سه‌ری هه‌ڵاوسانی نرخ ناكات، به‌ڵكو پێویسته به‌رده‌وام بین له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ئاسایی كردنه‌وه‌ی دارایی، پێویسته هه‌موانیش له‌وه تێبگه‌ن.
دوای ماوه‌یه‌كی زۆر‌و له ته‌مووزی رابردوودا، بانكی ناوه‌ندی ئه‌وروپا به‌های سوودی سه‌ره‌كی به‌رز كرده‌وه، پاشان بۆ جاری دووه‌م له مانگی ئابدا به رێژه‌ی 1,25% به‌رزی كرده‌وه، چاوه‌ڕێش ده‌كرێت له مانگه‌كانی داهاتووشدا به‌رزتری بكاته‌وه. ململانێكه‌ش له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، وه‌ك دی گیندۆس وتی: ئێستا رێژه‌ی هه‌ڵاوسان 9,1%و ئاماجی بانكی ناوه‌ندی شه‌وه‌یه كه له داهاتوودا، یان له مه‌ودای مامناوه‌نددا دایبه‌زێنێت بۆ 2%، ئه‌و دوو ڕێژه‌یه‌ش جیاوازییان زۆره.
گیندۆس ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كه ئاڵۆزی و ناڕوونییه‌كی زۆر له لێكه‌وته‌كانی شه‌ڕی روسیا‌و ئۆكرانیادا هه‌یه، له‌به‌ر ئه‌وه، ده‌بێ له ئاستی پێویستدا نه‌رمی بنوێنین، یان تا ده‌توانین نه‌رم بین بۆ كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر به دۆخێكی له‌و جۆره، چونكه ئه‌گه‌ره‌كان زۆرن و ده‌ره‌نجامه‌كانیش ناڕوونن و نازانرێ كاریگه‌ری ئه‌و جه‌نگه له‌سه‌ر ئابووری جیهان و نرخی خۆراك و سووته‌مه‌نی به كوێ ده‌گات، ئه‌وه‌تا به ئاشكرا دیاره شه‌ڕی روسیا‌و ئۆكرانیا كاریگه‌ری قورسی هه‌بووه له‌سه‌ر نرخی خۆراك و سووته‌مه‌نییه‌كان و هه‌ر ئه‌وه‌ش رێژه‌ی هه‌ڵاوسانی به‌رز كردۆته‌وه‌و گه‌یاندوویه‌تی به‌م ئاسته‌ی ئێستا.
داتا‌و ئاماره‌كانی نووسینگه‌ی ئاماری ئه‌وروپا كه به یۆرۆستات ناسراوه، باس له‌وه ده‌كه‌ن كه له مانگی ئابدا رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له ناوچه‌ی یۆرۆدا به راده‌یه‌ك به‌رز بۆته‌وه كه پێشتر رووی نه‌داوه، هه‌ڵاوسانی بنه‌ڕه‌تیش ئه‌گه‌ر نرخی خۆراك و وزه‌و تووتن و كحولی لێ ده‌ربكه‌ین، به رێژه‌ی 4,3% به‌رز بۆته‌وه، كه له ته‌مووزدا 4% بووه.
هه‌ر به به‌راورد به مانگی ته‌مووز له مانگی ئابدا نرخی به‌كاربه‌ردن به رێژه‌ی 0,6% به‌رز بۆته‌وه، له كاتێكدا به گوێره‌ی پێشبینییه‌كان ده‌بوو 0,5% بێت، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخ له مانگی ئابداو له‌سه‌ر ئاستی ساڵانه به رێژه‌ی 38% بوو له نرخی سووته‌مه‌نیداو له نرخی خۆراك و كحول و توتنیشدا 10,6% بوو، له هه‌مان كاتدا به‌رهه‌مه پیشه‌سازییه‌كان كه په‌یوه‌ندییان به وزه‌وه نییه به رێژه‌ی 5,1% به‌رز بوونه‌وه‌و نرخی خزمه‌تگوزاریش به رێژه‌ی 3,8% به‌رز بۆوه.
ئه‌م هه‌وو به‌رزبوونه‌وه‌یه له نرخی كاڵا‌و شمه‌ك و سووته‌مه‌نی و خۆراك و خزمه‌تگوزاریدا، سه‌ره‌نجا كاریگه‌ری له‌سه‌ر هه‌ڵاوسان و به‌رزبوونه‌وه‌ی گشتی بازار داده‌نێن، به‌ڵام یه‌كێتی ئه‌وروپا نایه‌وێ ده‌سته‌وستان بوه‌ستێ و هیچ رێوشوێنێك نه‌گرێته به‌ر بۆ سنووردار كردنی هه‌ڵاوسانی نرخ.
سه‌رچاوه: الشرق الاوسط