گەشتی ناو سروشت

11:24 - 2022-09-25
دووتوێ
596 جار خوێندراوەتەوە
شەمەندەفەرێکی بچووک تایبەت بە گەشت و سەیران

ئا: بورهان ئەمین

لە هەموو وڵاتان ژاوەژاوی ناوشارەکان بۆتە سەرئێشە و خەڵکی پێیان خۆشە بچنەدەرەوە و سەرنجی سروشت و دیمەنە جوانەکانی بدەن، شوێنە دوورە دەستەکان و ئەوانەی سەردانیان زەحمەتە بۆتە خولیای خەڵکێکی زۆر و هەیە پارەیەکی زۆر دەدات تا دەگاتە ئەو دەڤەرە جوانانەی سروشتەکەی بە شاخ و داخ و کانیاو رازاوەتەوە و ژمارەیەکی کەمی لادێنشین بە ژیانێکی سادە تیایدا دەژین، لە زۆر وڵاتی سروشت جوان رێڕەوی دار و تەنگەبەر بە ناو دارودرەخت و کانیاو و دۆڵ و سەوزاییدا تێپەڕدەبێت و گەشتیاران بە بەسەر داڕۆیشتنیاندا لەزەتی زۆری لێ وەردەگرن و چاویان بە بینینی سروشتی رەنگین تێر دەکەن، هێڵی بانی ئاسمان کە بە کابینە کراوە یان داخراو بەسەر لوتکەی شاخەکاندا هەڵدەگەڕێن وخەڵکی تیایاندا سەیری دیمەنە جوانەکانی سروشتی خوارەوەدەکەن و دڵ و دەروونیان هێور دەکەنەوە. 
بۆ بوژاندنەوەی هەندێ ناوچەی وێرانەو گرێدانەوەی پەیوەندیان بە گەشتیاران، هەروەها ئاشتکردنەوەی خەڵکی شارەکان بە لادێکان و چێژ بەخشین بە دۆستانی ژینگەو سروشت، کۆمپانیای هێڵی گواستنەوەی فەرەنسی SNCF جۆرە شەمەندەفەرێکی بچووکی دروستکردووە توانایەکی بەرزتری هەیە بۆ گەشتکردن لە ناو رێڕەوە تەسک و تەنگەبەرەکان و ناو چیاو چۆڵ و گوندە دوورە دەستەکانی ئەو وڵاتە، ئەو شەمەندەفەرە ناوی Flexy یەو لە قۆناغی یەکەمدا بچکۆلەیەو تەنها 9 سەرنشین هەڵدەگرێت بە وزەی سروشتی کاردەکات، بەڵام قۆناغی دووەمی دروستکردنی گەورەترە و بڕیار وایە لە دووساڵی داهاتوودا بەرهەمی بێنن 30 کورسی دانیشتنی تێدایە و 50 کەسیش دەتوانن لەناویدا بەپێوە بوەستن، لە قۆناغی سێیەمیش کە دوای ئەوەیە 100 کەس دەگرێت و قەبەتر و مۆدێرنترە، مەکینەکەی بە پاتری کاردەکات و ژینگە پیس ناکات، تایەکانی پلاستیکییە و وەک هی ئۆتۆمبێلی ئاسایی وایە ئەوەش بۆ ئەوەیە لەو شوێنانەی هێڵەکان نامێنن بتوانێت لەسەر رێگای خۆڵ و ئاسایی و بەردیش بڕوات، ئەو شەمەندەفەرە بۆ گەیاندنی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو بۆ گەشت و سەیرانە و ناوە ناوە دەوەستێت و نەفەرەکان دەتوانن دابەزن و بچنە ناو سروشت و لەوێ پشوویەک بدەن، سەرنشینەکانی بریتی دەبن لە ژینگە دۆستان ئەوانەی دەیانەوێت لەناوکەش و هەوای پاک وسازگاردا کەمێک بحەسێنەوە و چاویان بە دیمەنی سەوزایی و گوندنشینەکان و ژیان گوزەرانیان تێربکەن، چەند گەشتێکی ئەو شەمەندەفەرانە تاقیکراوەتەوە و گەشتیارانی فەرەنسی زۆر دڵیان خۆش بووەو لە تەک روانینیان بە سروشت توانیویانە دیداری ژمارەیەک گوندنشین بکەن و شیر و کەرە لە شوان و گاوانەکان بکڕن و بچنە ناو بنج و بنەوانی ژیانیان، وەک خۆیان دەیڵێن لەزەتی زۆریان لەو گەڕانەی ناو سروشت بینیوە، بڕیار وایە لە 2025 ئەو کابینانە زیاتر بکرێن تا 2030  ئەو سیتسەمە زۆربەی شەمەندەفەرەکانی ناو فەرەنسا بگرێتەوە.

سەرچاوە:
 Travelbook

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان