گەشەپێدانی بەرهەمە خۆماڵییەکان

09:45 - 2022-09-26
ئابووری
662 جار خوێندراوەتەوە
#بەکارهێنانی سەوزەو میوە پەیوەندی بە کەلتورەوە هەیە

هاشم غەمگین

سوود وەرگرتن لە بەرهەمی سەوزەو میوە لە كەلتوورێكەوە بۆ كەلتوورێكی دیكە دەگۆڕێت و گەلانی دنیا هەریەكە بە جۆرێك بەرهەمەكان بەكار دەهێنن، تەنانەت لە وڵاتێكی دیاریكراویشدا شێوازی بەكارهێنانی بەرهەمەكان لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگۆڕێت، رەنگە پێت سەیر بێت، كە لە هەندێك شوێن ماسی دەكرێت بە شلە، یان مۆز سوور بكرێتەوە، ئەمە پەیوەندی بە كەلتوورەوە هەیە، بەرهەمەكانی سەوزەو میوەش ئەوەی كە ئێستا لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا دەست دەكەوێت، رەنگە خەڵكی لای خۆمان زانیارییان كەمتر لەسەر شێوازی بەكارهێنان، یان رەنگە هەر بە هۆی جیاوازی كەلتوورەكەوە جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بكەن، بەڵام دەكرێ، ئێمە سوود لە كەلتووری گەلانیش وەربگرین، بۆ ئەوەی زۆرترین سوود لەو بەرهەمانە وەربگرین.

بەرهەمی برۆکلی 
خەڵکی ئێمە وەکو پێویست هۆشیاریی و زانیارییان لەبارەی سوود و کەڵکی بەرهەمی برۆکلی نییە، برۆکلی خۆراکێکە مرۆڤ دەپارێزێت لە نەخۆشییەکانی شێرپەنجە و مێشک، نەک وەک ئەم شێوازەی لە بازاڕەکانی لەمەڕ خۆمان دەبینرێت ورەنگی سپییە پێی دەوترێت (قەرنابیت)، ناشزانرێت بەرهەم و هاوردەی چ شوێن و وڵاتێکە و ئەوەی من باسی دەکەم، هەمان جۆرەو بەڵام رەنگی سەوزەو لە وڵاتە پێشکەوتووەکان بازاڕ و خواستێکی زۆری هەیە، بە جۆرێک لە زۆربەی دەزگا تەندروستییەکان بۆ رێنمایی و زانیاریی و بەکارهێنانی هاووڵاتیان وێنەی لەگەڵ چەند بەروبومێکی خۆراکی دیکەدا هەڵواسراوە، بۆ پەیداکردنی ئەم تۆوەو چاندنی لەناوچەکانی خۆمان و بەرهەمهێنانی سوودو قازانج و بازاڕو بەکارهێنەرێکی باشی دەبێت و ئەویش بە دیراسەکردنی وەزارەتی کشتوکاڵ دەبێت، تا بزانێت چ ناوچەیەک زەوییەکانی بەپیت و لەبارە بۆ چاندن و بەرهەمهێنانی.

بەرهەمی پەتاتە
لای ئێمە پەتاتە زیاتر بۆ شلەو کوڵاندنەو بەکەمی بۆ سوورکردنەوە بەکاردەهێنرێت، بەڵام دەتوانرێت کارگە دروست بکرێت بۆ پاککردن وپارچەپارچەکردن و ئامادەکردنی بۆ سوورکردنەوە بخرێتە زەرفەوەو لەمارکێت و فرۆشگەکان بفرۆشرێت، بەڵام بۆ تێک نەچوونی، دەبێت بەردەوام لە بەڕادو شوێنی ساردا بێت و لەکاتی خستنە نێو بازاڕ و مارکێت و لەماڵانیش بەهەمان شێوە و رێکخستن و ئامادەکردنی پەتاتە بەم شێوازە لە مارکێتەکانی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا بازاڕێکی زۆری پەیدا کردووە بەوەی ئامادەکراوەو نابێتە مایەی ئەزیەتدان بۆ بەکارهێنەرو هەرکاتێک بیەوێت و حەز بە خواردنی بکات لە سەلاجە دەریدەهێنێت و سووری دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا لە نێو بازاڕەکاندا فرۆشگەی تایبەت بۆ سوورکردنەوەو فرۆشتنی پەتاتە هەیە و قەرەباڵغییەکی زۆریان لەسەرەو دەخرێتە زەرفەوەو هاووڵاتیان وەک چەرەسات بەدەمرێوە، یان رادەوستن و دەیخۆن.

بەرهەمی تەماتە
ئاشکرایە کە بەرهەمی تەماتە، خواست و پێویستی هەمیشەیی هاووڵاتیانە، چەند گرنگیی رەها بەم بەرهەمە بدرێت هێشتا هەر کەمە، لەوڵاتێکی وەک هۆڵندا ئەگەر چی دەزانرێت حەوت مەتر نزمە لەئاست بەرزی دەریاوە، رێژەی دانیشتوانی زیاترە لە ١٦ ملیۆن کەسە بەڵام پێگەی بەرهەمهێنانی تەماتەی باشە و توانیوێتی پێداویستییەکانی خەڵک لەم بەرهەمە پڕبکاتەوە، ئەویش لە رێی دروستکردنی چەندین مەرزی تەماتەی گەورەلەزەوییەکانی دەوروبەری شارو شارۆچکە و گوندەکان، لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە کە دەرفەتێکی بەردەوام بۆ کارکردن بڕەخسێت، بە جۆرێک سەعاتێک کارکردنی رنینەوەی تەماتە بە نۆ یۆرۆیە و هاوکات دروستکردنی کارگە بۆ بەرهەم هێنانی دۆشاوی تەماتە بۆ چێشتلێنان و کردنەنێو قوتووی بچووکەوە کە بەشی چێشتێک بکات، نەک وەک ئەوانەی ئێستا لەنێو بازاڕەکاندان و لەقووتووی گەورەدان و هەندێک جار بەهۆی هەڵپچڕین و مانەوەی بووەتە هۆی تێک چوون.

رەزو باخی میوە
گرنگی و بەیاخدان بە رەز و باخی میوە زۆر سوود و قازانج بە هەرێم دەگەیەنێت، جگە لەوەی دەبێتە هۆی گەشەپێدان و بەهێزکردنی پێگەی ئابووریی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و دروستکردنی کارگەی جۆراوجۆر بۆ رەخساندنی دەرفەتی کار، هاوکات دەبێتە هۆی پاراستنی ئاسایشی خۆراک و سەلامەتی و تەندروستی.
بۆ نموونە لە بەرهەمی میوەی هەنجیر و گێلاس و هەرمێ و شلک و قەیسی جگە لەوەی وەک میوەیەکی ئاسایی بەکار دەهێنرێت، هاوکات دەتوانرێت لە رێی دروستکردنی کارگە و دابینکردنی ئامێر و پێداویستییەکان بە شێوەیەکی تەندروست و زانستی مرەبای لێ دروست بکرێت و بخرێتە شووشەو پاشان بخرێتە بازاڕەکانەوە کە خۆراکی ژەمی بەیانیانە و بێشک بازاڕ و بەکارهێنەری زۆری دەبێت و لە رووی تەندروستیشەوە زۆر سوود بەخشە بۆ مرۆڤ.
ئەوەی بزانم، لە هەندێک ناوچەکانی ئێمەدا بەرهەمی ترێی سپی و رەش باش و بەهێزە، وەک ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی و سورداش و گەورەدێ، دەتوانرێت بۆ دروستکردنی شەربەت لە رێی دروستکردنی کارگەوە، سوودی زۆری لێ وەربگیرێت و بەشێوەیەکی زانستی جیابکرێنەوەو ئامادە بکرێن و بکرێن بە شەربەت و بخرێنە موقەبای قەبارە جۆراوجۆرەوە پاشان خستنە نێو بازاڕ و فرۆشگە و مارکێتەکان، لە بەرهەمی میوەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، بەرهەمهێنانی ئەم شێوازی شەربەتانە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان گرنگییەکی زۆری پێدراوەو دەستکەوتێکی زۆری بۆ دەستبەرکردوون، بەهۆی هەبوونی خواست و بەکارهێنەری بەردەوام و پاشان بووەتە خواردنەوەیەکی جێی دڵنیایی و هەمیشەیی هاووڵاتیان، چونکە هێز و ڤیتامینات بە جەستەی مرۆڤ دەبەخشێت.
لەگەڵ ئەوەشدا لە میوەی قۆخ و لیمۆ چای سارد بەرهەمهێنراوەو خراوەتە نێو موقەباو بەکارهێنەرێکی زۆری پەیداکردووە، بە زمانی هۆڵندیپێی دەوترێت ( ئایس تەی )

فاسۆلیاو بامێ و نۆک و قارچک
کارێکی قورس نیە، ئەگەر لە کورستان لەبەرهەمی فاصۆلیای وشک و تەڕ، نۆک، بامێ، قارچک کارگەیەک بۆ خۆشکردنی هەبێت و بەشێوەیەکی تەندروست بکرێتە شووشە و بخڕێتە بازاڕەکانەوە.

دروستکردنی پیتزا
بوونی کارگەیەک بۆ دروستکردنی پیتزای (ماسی، پەتاتە، تەماتە، مریشک، گۆشت، قارچک .هتد) پێویستە و سوودێکی زۆر بە ناوچەکە دەگەیەنێت، ئەگەر بە شێوەیەکی تەندروست ئامادەو دروست بکرێت و بەنایلۆن بپێچرێت و بخرێتە موقەباو لەشوێنی سارد دابنرێت، بە دڵنیاییەوە بازاڕی باشی دەبێت، لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەم شێوازی پیتزایانە خواست و بازاڕی زۆری پەیدا کردووە، بەوەی تام و چێژێکی خۆشی هەیە، لە سەلاجەدا دادەنرێت هەر کاتێک حەز بە خواردنی بکرێت، دەتوانرێت لەڕێی فڕنی کارەباییەوە بەبێ ماندووبوون بە زوترین کات ئامادەبکرێت، بەناوبانگترین و پێشکەوتووترین وڵات لە دروستکردنی پیتزادا وڵاتی (ئیتاڵیایە)
بێشک، هەموو ئەوانەی لەسەرەوە باسمانکردوون، پلانی ستراتیژیی بەیاسایی بۆ دابڕێژرێت، جگە لەوەی کەدەبنە هۆی پیشخستنی بەرهەمی ناوخۆیی و ئابووریی و رێگرتن لە بەرهەمی دەرەکی و دڵنیابوون لە سەلامەتی و پاراستنی ئاسایشی خۆراک، هاوکات دەشبنە هۆی رەخساندنی دەرفەتی لەبار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و بێکاران 
بۆیە گرنگە حکومەتی هەرێم کەرتی کشتوکاڵ فەرامۆش نەکات و بەیاخی زیاتری پێبدات و ئاوڕی جدی لێبداتەوەو بودجەی پێویست بۆبوژاندنەوەو گەشەپێدانی بواری کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان تەرخان بکرێت.
له‌ پاڵ ئه‌وه‌شدا گرنگه‌ هاووڵاتیان په‌ره‌ به‌ ئاستی هۆشیاری و زانیارییان بده‌ن، بۆ به‌كارهێنانی به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كان له‌ سه‌وزه‌و میوه‌، به‌ تایبه‌ت هه‌ندێك به‌رهه‌م هه‌یه‌ كه‌ تا ئێستا به‌رهه‌می خۆماڵی نین و له‌ وڵاتانی دیكه‌وه‌ هاورده‌ ده‌كرێت، له‌ كاتێكی وادا بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین سوود له‌و به‌رهه‌مه‌ هاورده‌یه‌ وه‌ربگیرێت، پێویسته‌ به‌كاری خۆماڵیش زانیاری پێویستی هه‌بێت، له‌ باره‌ی شێوازی به‌كارهێنانه‌كه‌وه‌، بۆ نموونه‌ وه‌ك باسمان كرد به‌رهه‌می برۆكلی كه‌ تا ئێستا وه‌ك پێویست سوودی لێ وه‌رنه‌گیراوه‌، یان هه‌ندێك به‌رهه‌می دیكه‌ی ده‌كرێ به‌ چه‌ندین شێوازی جیاجیا ئاماده‌ بكرێت و خواردنی جۆراوجۆری لێ دروست بكرێت، كه‌ له‌ راستیدا چێژی جۆراجۆرو زیاتریش ده‌به‌خشێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان