دەروازەیەک بۆ ناسینی زەویناسیی پزیشکی

10:46 - 2022-09-26
ڕاپۆرت
600 جار خوێندراوەتەوە
شێوەی ژمارە 1 : هێڵکارییەک بوارە جیاوازەکانی زانیاری کە پزیشکییە زەویناسێک پێویستی دەبێت پیشاندەدات

د. ئیبراهیم محەمەد جەزا*


سەرەتا:

دەتوانین زەویناسیی پزیشکی 
(Medical Geology)  بەم شێوەیە پێناسە بکەین: بریتییە لەو زانستەی کە هەوڵی لێکۆڵینەوە دەدات لە پەیوەندی نێوان هۆکارە سروشتییە جیۆلۆجییەکان لەگەڵ تەندروستی مرۆڤ و گیانەوەران و تێگەیشتن لە هۆکارە ئاساییە ژینگەییەکان لەسەر بڵاوبوونەوەی جوگرافی کێشە و گرفتە تەندروستییەکان (راندیڤ، 2013).  واتە بەساکاریی زەویناسیی پزیشکی هەوڵی ناسینەوە و دیاریکردنی سەرچاوە سروشتی و دەستکردەکان دەدات کە زیان بە تەندروستی مرۆڤەکان دەگەیەنن. هەروەها هەوڵ دەدات کە جوڵە و گۆڕانی کیمیایی هۆکاری نەخۆشییەکان لەکات و شوێنی خۆیدا دیاریبکات. ئامانجی سەرەکیش لە زەویناسیی پزیشکی ئەوەیە کە تێبگەین چۆن مرۆڤەکان و مرۆڤایەتی لەو سەرچاوە زیانبەخشانەی ناو ژینگە و دەستکردی ئادەمیزادەکان بپارێزین.

رۆڵی پزیشکی زەویناس
لەوانەیە زاراوەکە بۆ یەکەمجار بێت بەکار بێت ئەویش پزیشکی زەویناسە (Medical geologist)، بێگومان بەو کەسە دەوترێت کە پسپۆڕە لە زەویناسیی پزیشکیدا و هەوڵەکانی چڕدەکاتەوە بۆ زیاتر تێگەیشتن و راڤەکردنی پەیوەندی نێوان توخمەکان و تەندروستی مرۆڤ.  بێگومان لە وتارێکی پێشوودا بەدرێژی باس لە توخمەکان کراوە بۆیە لێرەدا دووبارەی ناکەمەوە (بنواڕە بابەتی توخمەکان و تەندروستی مرۆڤ، لیستی سەرچاوەکان). خۆ ئەگەر خوێنەرێک ئارەزووی هەبوو زیاتر لەسەر توخمەکان بزانێت ئەوا بە ئاسانی سەردانی ئەم پێگەیە بکات و گشت زانیارییەکانی دەربارەی هەر توخمێک دەست دەکەوێت: www.webelements.com.
بەچەند وشەیەکی سانا و سادە کاتێک زەویناسێک تایبەتمەندی یان پسپۆڕی لە بەشی پزیشکیدا وەردەگرێت ئەو کاتە کەسێکمان دەستدەکەوێت کە زەویناسە و بابەتە پزیشکییەکان بەکاردێنێت و لێیان دەکۆڵێتەوە لەپێناو سوودی مرۆڤ و ژینگە و گیانەوەراندا. دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئەم پسپۆڕە پێویستە زانیارییەکی باشی سەبارەت بە بنەچەو بڵاوبوونەوە و سەرچاوەی زۆرێک لە توخمەکان هەبێت و چۆنێتی ‌هەڵسوکەوتی توخمەکان لە ناو لەشی مرۆڤ و کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی جەستەی زیندەوەران هەبێت، بۆیە وا باشترە کە ئەو کەسە لەبنەچەدا جیۆکیمیست بێت (جیۆکیمیست بە و زەویناسە دەوترێت کە پسپۆڕە لە دیاریکردن و لێکۆڵینەوە لە بڵاوبوونەوە و بنەچەی توخمەکان و مادەی ئەندامی لە ناو کەڤرەکان و ئاو و بەرگەهەوادا). ئەم گفتوگۆیەی سەرەوە لە هێڵکارییەکی ساکاردا روونکراوەتەوە و خوێنەر بە ئاسانی پێکیانەوە دەبەستێت( شێوەی ژمارە 1):

هەر لێرەدا بەهەلی دەزانم کە باس لە زاراوەیەکیتر بکەم کە ئەویش زەویناسی دەرمانسازییە یان جیۆفارماسی (Geopharmacy)  ئەمیش بوارێکی گرنگە کە هەوڵدەدات مادە زەویناسییەکان بخاتە پێناو سوودی تەندروستی ئادەمیزادەوە.  ئەم بابەتەش زۆر سەرنجڕاکێشە و تازەیە و بە سوودە،  بەڵکو لە داهاتوودا وتارێکی دەربارە بنووسم. 

نموونەیەکی کاریگەر
لەپێناو ئەوەی کە ئەم زانستە (مەبەست لە زەویناسیی پزیشکییە) بۆ خوێنەر بەشێوەیەکی کرداریی بخەینەڕوو، نموونەیەکی ئاشکرا باس دەکەین، کەئەویش لە ناوچەی گویژاو لە وڵاتی چینە، کەباسەکە بەم شێوەیەیە: خەڵکی لەم ناوچە ساردە لەپایزاندا خواردەمەنی وەک دانەوێڵە و بیبەر دەبەنە ژوورەوە و وشکی دەکەنەوە. هەروەک لەزۆرێک لەگوندەکانی لای خۆشمان بڵاوە، بۆنموونە لەتکەی تەماتە و بامێ و باینجان و هتد.. کە بە پەتەوە دەکرێن و لەژووردا هەڵدەواسرێن و ناوبەناو بۆ ئامادەکردنی ژەمێک بەکاردێن. لەسەدەکانی رابردوودا خەڵکی ناوچەکە (واتە ناوچەی گویژاو \ چین)  داریان وەک سووتەمەنی بەکاردەهێنا بۆ چێشتلێنان و گەرمکردن، بەڵام بەم دواییانە و لەبەر ئەوەی کە دارستانەکان کەمبوونەوە و داری پێویست نەبوو و ناوچەکە بەردی خەڵووزی لێوە نزیکە و بە ئاسانی دەستدەکەوێت خەڵکی کەوتنە سووتاندنی خەڵووزی بەردین بۆ ڕاییکردنی کارەکانییان. بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە ئەوناوچەیە دەوڵەمەندە بە ئارسینیک (As) (شێوەی ژمارە 2)  و لەگەڵ شلەکاندا هاتووە  و نیشتووی فرە ئارسینیکی لەگەڵ خەڵووزی بەردیندا بەرهەمهێناوە کە لەهەندێک شوێن بڕی ئارسینیک دەگاتە 35000 بەش لەملیۆنێک بەش  ( کەبڕی ڕێگەپێدراو بریتییە لە 5 بەش لەملیۆنێک بەش) کە ئەمەش بڕێکی یەکجار زۆرە!  کەواتە بیبەرەکانیان لەژێر دوکەڵێکی فرە ئارسینیکدا وشککردۆتەوە و بە تێپەڕینی کات ژمارەیەکی زۆر لە گوندنشینانی ئەو ناوچەیە مردوون و چەندینیش بەدەست نەخۆشییەوە دەناڵێنن، بە هۆکاری بە ئارسینیک ژەهراویبوون! زۆرێک لەگوندنشینانی ئەوناوچەیە پێستیان سوور دەبێتەوە و بڵق دەکات و دوایی دەگۆڕیت بۆ خانەی شێرپەنجەیی!
ژەهراویبوون بە ئارسینیک باشترە وەک لە کاریگەریی فلۆراین.  سەرەڕای ئەوەی کە هەزاران خەڵکی ناوچەکەش بەدەست زۆری فلۆراینەوە کە لە هەڵمی سووتاندنی خەڵووزەوە دیسان بەرهەمدێت دەناڵێنن، کەچەندین نەخۆشی تایبەت بە ددان و پوکی  لێدەکەوێتەوە. فلۆریسیس لەگەڵ کەمی خۆراکدا پێکەوە لەمنداڵاندا لەوانەیە شێواندنی گەورەی ئێسکەکانی لێبکەوێتەوە. 
زەویناسە چینی و ئەمریکییەکان بەوردی لەم بابەتەیان کۆڵیوەتەوە و گەیشتونەتە زانینی هۆکارەکان و روونکردنەوەی بۆ خەڵکی و هانی خەڵکیان داوە کە بەکارهێنانی خەڵووزی بەردین کەم بکەنەوە و بزانن کامەیان کەمترین ڕێژەی ئەوتوخمانەی تێدایە. بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە زیانەکانی ئەو دووتوخمە  سەیری وتاری توخمەکان  و تەندروستی مرۆڤ بکە .
چەندین نەخۆشی هەیە کە پەیوەستە بە کەمبوون یان زیادبوونی توخمێک یان چەند توخمێک، بۆنموونە یەکێک لە نەخۆشییە باو و بڵاوەکان گەورەبوونی گلاندی دەرەقییە کە زۆر پەیوەندیدارە بە کەمی یۆد  و لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا هەیە. هەروەها کەمی سیلینیۆم دەبێتە هۆی پووکانەوەی ئێسک و نەخۆشی دڵ هەروەک لە چین و چەند ناوچەیەکی تری جیهان  تۆمارکراوە. کەمی لە ئاسن و یۆد دا گرفتێکی سەرنجڕاکێشە لە هندستان و چەندین نەخۆشی پەیوەندیدارە بەم گرفتەوە، وەک کەمخوێنی و گەورەبوونی گلاندی دەرەقیی (گلاندی پەریزاد). بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بە کاریگەری و نیشانەکانی کەمبوون یان زیادبوونی هەندێک لە توخمەکان سەیری وتاری توخمەکان  و تەندروستی مرۆڤ بکە.

شێوەی ژمارە  ٢ : خشتەی خولیی توخمەکان پیشان دەدات لەگەڵ  ئەو توخمانەی کە سەرەکیین بۆ تەندروستی مرۆڤ ( شینەکان) و هەروەها ئەوانەی کە ترسناک و ژەهراویین  ( سەوزەکان). سەرنج بدە هەندێکیان دەکەونە هەردوو جۆرەکەوە ( سەرچاوەی دیسنایکا و چاندریج،2009).

* بەشی زەویناسی\ زانکۆی سلێمانی

سەرچاوەکان:  
-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، توخمەكان و تەندروستى مرۆڤ, كوردستانى نوێ, ژمارە 8162  لە 23-8- 2021, كەشتى نوح ل2. بنواڕە لینكى: 
https://en.calameo.com/read/00016391313eda462e459
-Dissanayake, C.B., and Chandrajith, R., 2009, Introduction to Medical Geology, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 297p.
-Selinus, O. (ed.), 2013, Essentials of Medical Geology, Revised Edition, Springer-Verlag Berlin Heidelberg, 805p.
-Randive, K., 2013, Elements of Geochemistry, Geochemical Exploration and Medical Geology, Research Publishing, 448p

بابەتە پەیوەندیدارەکان