ئیدارەی راپەڕین: بەشێک لە گرفتەکانی کارەبا، ئاو و رێگەوبان چارەسەر دەکرێن

09:57 - 2022-09-27
ڕاپۆرت
455 جار خوێندراوەتەوە
کارکردن لە پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە دەستیپێکردەوە

راپۆرتی/ جێگر خدر

لە ئیدارەی راپەڕین، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیژی هەبوون، قەیرانی دارایی ساڵانێک بوو پەکی خستبوون، سەرپەرشتیاری ئیدارەکەش دەڵێت: ئەمساڵ بەشێکی زۆر لەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە بەگەڕخراونەتەوە و کارکرن تیایدا دەستی پێکردووەتەوە.

پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دەربەند-رانیە
ساڵی 2005 کابینەی ئەوکاتی حکومەتی هەرێم، دەستیکرد بە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی گرنگی ستراتیژی، ئەویش دابینکردنی ئاوی خواردنەوەبوو لە دەربەندی رانیەوە بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتووانی ئیدارەی راپەڕین، دوای تەواوکردنی %65ی کارەکانی، بەڵام دابیننەکردنی نەختینەی پارە بۆ بەڵێندەر و بوونی گرفت لە دیزاینەکەیدا و گرفتی خودی بەڵێندەر، پڕۆژەکەی پەکخست. هیوا قەرەنی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، لە لێدوانێکیدا رایدەگەیەنێت، کە لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەپاش هەوڵی بەردەوامی وەزارەتی شارەوانی و ئیدارەی راپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی راپەڕین، توانرا بڕی پێویستی گوژمەی ئەو پارەیە تەرخان بکرێت بۆ تەواوکردنی پێویستە و لە ماوەی رۆژانی رابردوودا کارکردن بە شێوەیەکی فەرمی دەستیپێکردووەتەوە، راشیگەیاند «بەڵێنی ئەوەشمان لە بەڵێندەر وەرگرتووە، لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژەیە بخرێتە خزمەتی هاووڵاتیانەوە، خەڵکی رانیە ساڵانێکە چاوەڕیی دەکەن و یەکێک بووە لە داواکارییە سەرەکیەکانیان».

پڕۆژەی هێڵی کارەبای 132 کەی ڤی بازیان-رانیە
ساڵی رابردوو، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی ستراتیژی گرنگی کارەبای دانا، پڕۆژەی هێڵی 132 کەی ڤی بازیان-رانیە، کە بڕی گوژمەی تەرخانکراو بۆی نزیکەی 33 ملیار دینارە،  سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین لەبارەی ئەو پڕۆژەیەوە دەڵێت: یەکێکە لە هەرە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان بۆ ئیدارەی راپەڕین، بە تەواوکردنی گرفتی کارەبای سنوورەکە بۆ 20ساڵی ئایندەش بە فراوانبوونی زۆر زیاتری سنوورەکەشەوە لە گواستنەوەی کارەبا و نزمی ئاستی ڤۆڵتیەش چارەسەر دەکات، کارەکانی ئەو پڕۆژەیە زۆر بەباشی و بە پەیوەستبوون بە کاتی دیاریکراوەوە بەڕێوە دەچێت و لە وادەی خۆیدا تەواو دەکرێت.

کارکردن لە پڕۆژەی پردی دەربەندی رانیە دەستیپێکردەوە
لە لایەکی دیکەوە، پڕۆژەی پردی نوێی دەربەندی رانیە-بنگرد، کە لەسەرەتادا بەشێوەیەکی خێرا کاری تێدا دەکرا و دوای تەواوکردنی نزیکەی %60ی کارەکانی پڕۆژەکە پەکی کەوتبوو، بەختیار ئەحمەد بەڕێوەبەری چاککردنەوە و رێگەوبانی راپەڕین، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە لەسەر فەرمانی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە هەوڵی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین، توانرا پارەی نەختینە بۆ پڕۆژەی دروستکردنی پردی نوێی دەربەندی رانیە-بنگرد دابینبکرێت و لە رێکەوتی 8/9/2022 کارکردن لە پڕۆژەکە دەستیپێکردۆتەوە.. 
پردی نوێی دەربەندی رانیە درێژیەکەی 400 مه‌تره‌ و پانییه‌كه‌ی 15 مه‌تره‌ و  بەرزییه‌كه‌ی 32 مەترە، 13/10/2020 بە گوژمەی 11 ملیار دینار بەردی بناغەی لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هه‌رێم دانرا، بەتەواوبوونی پردەکە جگە لە سوودی گەشتیاری و بازرگانی، گرفتی جوتیارانی 46 گوندی سنووری مەرگە و بنگرد چارەسەر دەکات. 
وریا میراودەلی، یەکێکە لە دانیشتوانی گوندی سێناجیانی ناحیەی بنگرد، بەهۆی کارەکەیەوە رۆژانە هاتوچۆی رانیە دەکات، لە لێدوانێکیدا دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم و هەوڵەکانی قوباد تاڵەبانی دەکات، کە نەیان هێشت ئەو پڕۆژە گرنگە پەکی بکەوێت، هەروەها باس لە گرنگی پڕۆژەکە دەکات بۆ دانیشتوانی ناحیەی بنگرد، کە خەڵکانێکی زۆر رۆژانە لەم رێگەیەوە بەروبوومی کشتوکاڵیان بۆ بەبازاڕ گەیاندن بە رانیە و پشدەر دەگەیەنن، ئەمە جیا لە سوودی خزمەتگوزاری گشتی و گەشتیاری ناوچەکە، بە تایبەت پردە کۆنەکە کە ئێستا هاتوچۆی لێوەدەکرێت چەند ساڵێکە هەست بەمەترسی روخانی دەکرێت و چەند جارێکیش بەهۆی بارانی زۆر و ئەو لۆدە زۆرەی لەسەریەتی داڕمابوو و چاککرابۆوە.

جووتسایدی نێو بازاڕی رانیە
پڕۆژەی جووتسایدی ناو بازاڕی رانیە، ئەگەرچی بەشێکی زۆری چەند ساڵێکە تەواوبووە و بەڕووی هاووڵاتیاندا کراوەتەوە، بەڵام پەکخستنی بەشێکی گرنگی لەناو سەنتەری بازاڕ، ئەو پڕۆژەیەی بۆ ماوەی چەند ساڵ بە هەڵواسراوی هێشتوەتەوە و تەواو نەکراوە، بەهۆی گرنگی شوێنەکەیی و شێواندنی سیمای بازاڕ، لای خەڵکی رانیە یەکێکە لە داواکارییە هەرە لەپێشینەکان، بەڵام سەرپەرشتیاری ئیدارەی راپەڕین دەڵێت، بۆ ئەو پڕۆژەیە و بۆ تەواوکردنی جووتسایدی رانیە-سەرکەپکان و تەواوکردنی شەقامی 60مەتری قەڵادزێ، قوباد تاڵەبانی هاتۆتە سەرخەت و لە ئایندەدا ئەو بەربەستانە ناهێڵرێت ئەو پڕۆژانەیان راگرتووە و دەستدەکرێت بە تەواوکردنیان.
هیوا عەزیز، شۆفێری پاسەکانی نێو شاری رانیەیە، باس لە نیگەرانی خۆی و هاوپیشەکانی دەکات، بەهۆی تەواونەکردنی پڕۆژەی جووتسایدی ناو بازاڕی رانیە، رۆژانە ناچارن چەند جارێک لە رێگەی سەرەکی خۆیان لابدەن و روو لە شەقامێکی دیکەی دوورتر بکەن بۆ گەیاندنی سەرنشینەکانیان، ئاماژە بە شێواوی سیمای ناو شاریش دەکات، ریزێک دوکان لە ناوەڕاستی پڕۆژەکە بە جێهێڵدراوی ماونەتەوە و سیمای شاریان تێکداوە.
جیا لەم پرۆژانە، ئیدارەی راپەڕین بانگەوازی بۆ کۆمەڵێک پڕۆژە کردووە، کە لەسەر بودجەی گەشەپێدانی هەرێمەکان وابڕیارە لەمساڵدا جێبەجێ بکرێن، بەپێی ژمارەی دانیشتوان ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین 20 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، هەر بەپێی ژمارەی دانیشتوان بەسەر قەزا و ناحیەکانی ئیدارەی راپەڕیندا دابەش دەکرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان