چوار هۆكاری كاریگه‌ر له‌سه‌ر به‌رزو نزمی نرخی نه‌وت

09:36 - 2022-10-02
ئابووری
897 جار خوێندراوەتەوە
نرخی نەوت بەردەوام بەرزە و سەرماش بەڕێوەیە

و: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

هۆكار زۆرن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌و نزمبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، هه‌ر به‌رزو نزمییه‌كیش كاریگه‌ری باش و خراپی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆمه‌ڵێك له‌ وڵاتانی جیهان، به‌ جۆرێك هه‌ندێكیان به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی زۆر له‌ قازانجیانه‌و پێی شاگه‌شكه‌ ده‌بن، به‌ تایبه‌ت وڵاتانی خاوه‌ن نه‌وت و هه‌ندێكیشیان به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت تووشی كێشه‌ی ئابوورییان ده‌كات، وه‌ك وڵاتانی به‌كاربه‌ری نه‌وت، به‌ڵام له‌ رۆژگاری ئه‌مڕۆدا چوار هۆكار هه‌ن كه‌ زۆر كاریگه‌رن، ئه‌وانیش به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی سوود له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌گی فیدڕاڵی ئه‌مریكاوه‌، ئه‌م جاره‌یان ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مریكا به‌ راده‌یه‌ك نرخی سوودی به‌رز كردۆته‌وه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا به‌رزبوونه‌وه‌ی وای به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌، هۆكارێكی دیكه‌ی كاریگه‌ر لێكه‌وته‌كانی جه‌نگی روسیاو ئۆكرانیایه‌، له‌گه‌ڵ هۆكاری داخستنی پاڵێوگه‌كان له‌لایه‌ن چین و هه‌روه‌ها هۆكاری وه‌رزی گه‌رده‌لووله‌كان له‌ كه‌نداوی مه‌كسیك، كه‌ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كه‌نداوه‌دا راده‌گرێت.

ئابووری ئه‌مریكا تا كوێ بڕ ده‌كات؟
له‌ یه‌ك دوو هه‌فته‌ی رابردووداو كاتێك فلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا ئاماده‌ كردنی به‌شێك له‌ سوپاكه‌ی راگه‌یاند، ئه‌م هه‌نگاوه‌ مه‌ترسی كه‌مبوونه‌وه‌ی دابین كردنی نه‌وتی پێویستی بۆ بازاڕی جیهانی دروست كرد و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌ی 3% به‌رز بۆوه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئێواره‌ی هه‌مان رۆژ نرخی نه‌وت به‌ رێژه‌ی 1% هاته‌وه‌ خواره‌وه‌، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا به‌های سوودی 75 خاڵی سه‌ره‌كی به‌رز كرده‌وه‌و گه‌یاندوویه‌ته‌ 3,25%.
عامر شوبه‌كی راوێژكاری نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ سكای نیوزی راگه‌یاند، ئه‌م به‌رزكردنه‌وه‌یه‌ی سووده‌ له‌لایه‌ن یه‌ده‌گی فیدراڵییه‌وه‌و بۆ جاری پێنجه‌میش له‌م ساڵدا، وای كردووه‌ كه‌ كاریگه‌رترین هۆكاری به‌رزو نزمی نرخی نه‌وت بێت، عامر ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، كه‌ بازاڕی جیهانی ترسی لێ نیشتووه‌، له‌وه‌ی كه‌ ده‌ره‌نجامی ئابووری جیهان به‌ كوێ ده‌گات، به‌ تایبه‌ت كه‌ ئابووری ئه‌مریكاش توانایه‌كی سنوورداری هه‌یه‌ بۆ به‌رگه‌گرتنی ئه‌و هه‌موو به‌رز كردنه‌وه‌یه‌ له‌ تێكڕای به‌های سوود.

بارودۆخی جیۆپۆله‌تیك و نرخی نه‌وت
عامر شه‌وبه‌كی ده‌ڵێ: یه‌ده‌گی فیدراڵی ئه‌مریكا به‌ گوێره‌ی لێدوانی جیرۆم پاوڵ سه‌رۆكی بانكی یه‌ده‌گی فیدراڵی، ئامانجی ئه‌وه‌یه‌ رێژه‌ی هه‌ڵاوسان له‌ 8,3%وه‌ كه‌م بكاته‌وه‌ بۆ 2% به‌ڵام تا ئێستا دووره‌ له‌و ئامانجه‌، به‌و پێیه‌ش بانكی یه‌ده‌كی فیدراڵی ئاماده‌یه‌ قوربانی زیاتر بدات بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی هه‌ڵاوسان.
یه‌كێكی دیكه‌ له‌ هۆكاره‌ زۆر كاریگه‌ره‌كانی به‌رزو نزمی نرخی نه‌وت له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا، بارودۆخی جیۆپۆله‌تیك نائاساییه‌، كه‌ به‌هۆی جه‌نگی روسیاو ئۆكرانیاوه‌ هاتۆته‌ پێشه‌وه‌، ئێستا هه‌موو جیهان چاودێری هه‌نگاوی داهاتووی فلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا ده‌كات و زۆر به‌ وریایی له‌گه‌ڵ بازاڕدا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن، چونكه‌ هه‌ر بڕیارێكی پوتین بۆ جووڵه‌پێكردنی هێزی زیاترو ئاماده‌كاری زیاتر بۆ جه‌نگ كار ده‌كاته‌ سه‌ر نرخی نه‌وت بازاڕ نه‌وت ده‌وروژێنێت، هه‌روه‌ها چاودێری كردنی سه‌رۆكی روسیا بۆ ئه‌وه‌ی بزانن تا چه‌ند جددیه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌ی به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی.

ئاماده‌كاریی بۆ هه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌یه‌كی نرخ
به‌ پێی بۆچوونه‌كانی عامر شه‌وبه‌كی، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و رووداوو پێشهاتانه‌شدا تا ئێستا نرخی نه‌وت له‌ بازاڕی جیهانیدا له‌ ده‌وروبه‌ری 90 دۆلار بۆ یه‌ك به‌رمیل ده‌سووڕێته‌وه‌، به‌ڵام دۆخه‌كه‌ هه‌ر وا نامێنێته‌وه‌و له‌ مانگی تشرینی دووه‌مداو له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی سه‌رما پێویستی به‌كارهێنانی نه‌وت و غازیش زۆر زیاد ده‌كات.
ئه‌و راوێژكاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ی وزه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، كه‌ بازاڕ خۆی ئاماده‌ كردووه‌ بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی كوتوپڕی نرخی نه‌وت، به‌ تایبه‌تیش له‌ وه‌رزی گه‌رده‌ولووله‌كانی كه‌نداوی مه‌كسیك نزیك بووینه‌ته‌وه‌و چاوه‌ڕوانیش ده‌كرێت له‌گه‌ڵ هه‌ڵكردنی یه‌كه‌م گه‌رده‌لوولدا پڕۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌و كه‌نداوه‌ بوه‌ستێت، ئه‌وه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وتی روسیا بۆ ئه‌وروپا، به‌ جۆرێك هه‌نارده‌ی نه‌وتی روسیای بۆ وڵاتانی ئه‌وروپای به‌ رێژه‌ی 90% كه‌مكردۆته‌وه‌، هه‌ر ئه‌م رووداوانه‌ش هاوكاتن له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی وه‌رزی چاكردنه‌وه‌ی وێستگه‌كانی چین، كه‌ پڕۆسه‌یه‌كی ساڵانه‌یه‌و ده‌بێته‌ هۆی داخستنێكی كاتی و به‌هۆی ئه‌وه‌شه‌وه‌ به‌رهه‌می پاڵێوگه‌كانی چین كه‌م ده‌بێته‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا چین نه‌وت هاورده‌ ناكات.

گرانبوونی غاز له‌ ئه‌وروپا
شه‌وبه‌كی ده‌ڵێ: به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی به‌كارهێنانی نه‌وت ئه‌وه‌نده‌ی دیكه‌ نرخ به‌رز ده‌كاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئه‌م ساڵ غاز له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا زۆر گران ده‌بێت، چونكه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ناردنی غاز له‌ هێڵی نۆرد ستریم1 به‌ ته‌واوی بوه‌ستێ، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ روسیا ناردنی غاز له‌ ئۆكرانیاو توركیاشه‌وه‌ رابگرێت، واته‌ ئه‌و تۆزه‌ غازه‌ش كه‌ تا ئێستا بۆ ئه‌وروپای ده‌نێرێت و رێژه‌كه‌ی 9%یه‌، ئه‌ویش نامێنێت.
ئه‌م رووداوانه‌ی باس كران كاریگه‌رییان ته‌نیا به‌سه‌ر نرخی نه‌وته‌وه‌ نابێت، به‌ڵكو له‌ دوای گرانبوونی نه‌وت، نرخی زێڕو نرخی پشكه‌كانی بۆرسه‌و بازاڕ به‌ گشتی به‌رز ده‌بنه‌وه‌، به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كێشه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه‌، به‌ تایبه‌تی بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ی پێویستیان به‌ كڕینی نه‌وته‌.

ئه‌وروپاو زستانێكی سه‌خت
گرتنه‌وه‌ی غاز له‌ ئه‌وروپا، له‌لایه‌ن روسیا ئه‌گه‌رێكی زۆر نزیكه‌، چونكه‌ تا هه‌موو ئاماژه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن و به‌شێكی زۆریشی گرتۆته‌وه‌، پرسیاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر روسیا به‌ ته‌واوی هه‌نارده‌ی غاز بۆ ئه‌وروپا بگرێته‌وه‌، چی روو ده‌دات، به‌ تایبه‌ت كه‌ زستانی ئه‌وروپا سه‌خته‌و هاووڵاتیانی وڵاتانی ئه‌وروپا پێویستیان به‌ سووته‌مه‌نییه‌كی زۆر ده‌بێت بۆ گه‌مكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كانیان، وه‌ك باس كرا یه‌كێك له‌ كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و دۆخه‌ ده‌بێته‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی خواست له‌سه‌ر نه‌وت، به‌ تایبه‌تی كه‌ هاووڵاتیان ئه‌گه‌ر غازیان ده‌ست نه‌كه‌وێت، ناچار ده‌بن نه‌وتی سپی به‌كار بهێنن بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌.
به‌و شێوه‌یه‌ چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا باوی زۆپای نه‌وت بێته‌وه‌و ره‌نگه‌ هاووڵاتیانی هه‌ندێك وڵات په‌نا ببه‌نه‌ به‌ر دارو خه‌ڵوزی به‌ردینیش بۆ خۆ گه‌رمكردنه‌وه‌، ئه‌م ئاماژانه‌ هه‌موو پێمان ده‌ڵێن، كه‌ زستانێكی سه‌خت و دوورو درێژ بۆ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌ڕێوه‌یه‌؟ ره‌نگه‌ هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا سوود له‌ كاره‌با وه‌رگرن بۆ خۆگه‌رمكردنه‌وه‌، به‌ڵام كاره‌باش تێچوونی كه‌م نییه‌و ئه‌وه‌ش دیسان ده‌بێته‌وه‌ بارگرانی بۆ هاووڵاتیان و حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ش. لانیكه‌م ئه‌م زستانه‌ وا ده‌بێت، به‌ڵام تۆ بڵێی وڵاتانی ئه‌وروپا بۆ زستانی داهاتوو چاره‌سه‌رێكیان پێ نه‌بێت؟ ئه‌وه‌یان داهاتوو بۆمان روون ده‌كاته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: سكای نیوز

#نەوت

بابەتە پەیوەندیدارەکان