كەلتوری مام سامانێكی لەبننەهاتووە

11:14 - 2022-10-02
دووتوێ
980 جار خوێندراوەتەوە
فۆتۆ: حەمە عومەر

سەركردە كاریزماییەكان بە كۆچی دواییان كۆتایی بە ژیانیان نایەت، بەڵكو دوای ئەوە ژیانێكی تر دەستپێدەكەن. ئەگەرچی بە جەستە ئامادەگییان نەبێت، بەڵام لە رێگەی كردار و گوفتارەكانیانەوە ئامادەگییان هەیە و دەژین. مام جەلال لەو سەركردە كاریزماییانەیە كە لە  رێگەی نووسین و گوتار و قسە و كردارەكانییەوە كەلتورێكی لە بننەهاتووی نەك تەنیا بۆ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەڵكو بۆ گەلی و كورد و عیراقیش بەجێهێشتووە. مام جەلال زیاتر لە شەست ساڵ خەباتی سیاسی و چەكداری و دیپلۆماسی و كەلتوری كردووە. بۆیە بۆ یەكێتی و گەلی كورد و گەلی عیراق، ئەزموونێكی دەوڵەمەندە و دەكرێت دەیان ساڵی تریش سوودی لێ وەربگیرێت و وەكو سەرچاوەیەكی دەوڵەمەند ئیشی لەسەر بكرێت. ئەمەش بەر لە هەموو شتێك پێویستی بەوە هەیە كەلتوری مام جەلال ئەرشیف بكرێت و لە فەوتان رزگار بكرێت. بۆ ئەم ئەرشیفكردنەش سوود لە پێشكەوتووترین ئامرازەكانی تەكنەلۆجیا وەربگیرێت. ئەم ئەركەش پێش هەموو كەس و لایەنێك دەكەوێتە ئەستۆی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی كە رۆژی (28/9/2022) راگەیەنرا. ئەمەش لەلایەكەوە ئەركێكی قورس دەخاتە سەرشانیان و لەلایەكی تریشەوە ئەركەكەیان ئاسانتر دەبێت، چونكە بە ئاسانی دەستیان بە كەرەسەی خاوی ئەرشیفی مام جەلال دەگات. پاشان ئەم ئەركە دەكەوێتە سەرشانی هەموو ئەو تێكۆشەرانەی ساڵانێكی زۆر لەگەڵ مام جەلالدا ژیاون و لە كاروانی خەباتدا هاوڕێ و هاوسەنگەری بوون. پێویستە بەوپەڕی راستگۆییەوە بیرەوەریی خۆیان لەگەڵ مام جەلال بنووسنەوە و لە فەوتان رزگاری بكەن. پاش ئەوە ئەم ئەركە دەكەوێتە سەرشانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وەكو حزب بەگشتی و دام و دەزگا تایبەتەكانی ئەرشیف و لێكۆڵینەوە بە تایبەتی. كە پێویستە ئەرشیفی دەوڵەمەندی مام جەلال لە فەوتان رزگار بكەن و بیخەنە بەردەستی توێژەران. 
بەم پێیە كەلتوری مام جەلال تاڵەبانی دەبێتە كەلتورێكی لەبننەهاتووی وا كە سەدان ساڵی تر دەتوانرێت سوودی لێوەربگیرێت و بكرێتە سەرمەشقی خەباتی كوردایەتی. هەر لە رێگەی پاراستنی كەلتوری مام جەلالەوە دەتوانرێت نەوەكانی ئایندە بەم كەلتورە دەوڵەمەندە ئاشنا بكرێت و ببێتە سەرمەشقی خەباتی داهاتووی ئەوانیش. گومان لەوەدا نییە مەرجی یەكەمی هەموو ئەو تێكۆشەرانەی دەڵێن درێژە بە رێبازی مام جەلال دەدەین ئەوەیە پێش هەموو شتێك دەبێت كەلتوری مام جەلال ئەرشیف بكەن و لە فەوتان رزگاری بكەن، هەر لەو رێگەیەشەوە دەتوانن درێژە بە رێبازی مام جەلال بدەن و بۆ هەتا هەتایە ناوی بەدرەوشاوەیی لە مێژوودا بهێڵنەوە.
كەواتە كەلتوری مام جەلال كاتێك دەبێتە سامانێكی لەبننەهاتوو كە ئەرشیف بكرێت و لە فەوتان رزگار بكرێت. ئەمەش ئەركێكی هەروا ئاسان نییە، چونكە دڵسۆزان و شارەزایانی ئەم بوارە دەخاتە بەردەم سەركردەیەكی مەزنی كاریزماییەوە كە زیاتر لە شەست ساڵی تەمەنی بۆ خەباتی بێوچان تەرخان كردووە و زیاتر لە شەست ساڵ شاسواری مەیدانی خەباتی سیاسی و چەكداری و دیپلۆماسی و كەلتوری بووە و هەر ئەمەش كەلتوری مام جەلال تاڵەبانی دەكاتە سامانێكی لەبننەهاتوو.
ئەم دۆسێیەش تایبەتە بە پێنجەمین ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆک مام جەلال کە سبەینێیە.

سەرنووسەر

#یادی مام #دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان