״دیدارێک بۆ داڕشتنەوەی بیر و بۆچوون و سیاسەتەكانی یەکێتی״

04:19 - 2022-03-31
ڕاپۆرت
680 جار خوێندراوەتەوە

ئامادەکاری بۆ دیداری یەكێتی لە زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین

كەركوك، سیروان محەمەد 

رۆژی 28/3 لە شاری كەركوك کۆنفرانسی ئامادەكاریی بۆ رێكخستنی دیداری یەكێتی لە زۆنی كەركوك و سەڵاحەددین بەڕێوەچوو. لە كۆنفرانسەكەدا ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی ئۆرگانەكانی ی.ن.ك لە سنووری كەركوك و سەڵاحەدین و ئەندامانی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی دیداری یەكێتی لە پارێزگاكان و كادرانی یەكێتی لە سنووری زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین بەشداربوون.

چارەسەركردنی كەموكورتییەكان
وتەی كۆنفرانس لە لایەن فەهمی بورهان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتییەوە پێشكەشكرا و رایگەیاند، ئومێدەوارین دیداری ی.ن.ك لە كەركوك دیداری شەنوكەوكردنی خەمەكانی یەكێتی و گفتوگۆ و دیالۆگ بێت لە پێناوی چارەسەركردنی كەموكورتیەكانی یەكێتی. وتیشی، ئێمە لە كەركوك كۆبوونەوە دەكەین و دیالۆگ دەكەین، هەر لێرەشەوە جارێكی تر ستراتیژ و دونیابینی خۆمان دادەرێژینەوە، لە نەورۆزدا هەموان لەسەر قەڵای كەركوك كۆبوینەوە و ئێستاش هاتووین گفتوگۆ دەكەین بۆ ئەوەی یەكێتیەكی باشتر بۆ داهاتوویەكی باشتر فەراهەم بكەین.
پاشان وتەیەك لە لایەن ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین پێشكەشكرا و وتی، سازدانی دیداری یەكێتی بە هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی دەزانین و ئاماژەشی بەوەکرد کە لە دوای هاتنی داعش لایەنێكی سیاسی لە كوردستان پێیوابوو كە داعش دەبێتە دراوسێیەكی باش بەڵام ی.ن.ك و جەماوەرەكەی لەم سنوورە بە خوێن بەرگرییان لە كەركوك و خورماتوو كرد و داعشیان تێكشكاند بەڵام ئەو لایەنەی دەیوت داعش دەبێتە دراوسێیەكی باش، لە شەنگال مەرگەساتی بەسەر گەلەكەماندا هێنا.

قەیرانێكی گەورەی ئابووری
ئاسۆ مامەند وتیشی، ئەو لایەنەی باسی دەوڵەتی سەربەخۆی دەكرد ئێستا لە بەغدا شەڕی سەرۆك كۆمار دەكەن و رێكەوتنیشیان لەگەڵ چەند لایەنێكدا كردوە بۆ ئەوەی ئەو پۆستە بەدەستبهێنن، كە هەر ئەو لایەنە بوو بانگەوازی ئابووریی سەربەخۆشی دەكرد كەچی كوردستانی دووچاری قەیرانێكی گەورەی ئابووری كردوە كە دەبێت خواخوامان بێت بەغدا 200 ملیارەکە بنێرێت بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی پێبدرێت . 
ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین تەئكیدیكردەوە، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتێكی متەوازینی پەیڕەوكردوە و هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی هەمیشە تەئكیدی كردۆتەوە كە سیاسەت بەهاش و هوش و هات و هاوار ناكرێت، بەڵكو دەبێت هەموو هەوڵێك بدرێت لە پێناوی بەدەستهێنانی مافەكانی میللەتەكان و بەرگریكردن لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، نموونەش بۆ ئەوە هەوڵەكانی بافڵ تاڵەبانی-یە كە چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ خوێندكارانی ناڕازیی زانكۆ و پەیمانگەكانی كوردستان کرد و هەنگاوێكی زۆر باش بوو بۆ خوێندكاران.
ئاسۆ مامەند ئەندامی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی و سەرپەرشتیاری زۆنی كەركوك و سەڵاحەددین وتیشی لەئان و ساتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراقیشدا لایەنی كوردی هەیە لە بەغدا دەیویست كە رۆڵی ی.ن.ك پەراوێز بخرێت لەرێگەی رێكەوتن لەگەڵ لایەنی دیكەدا بەڵام بینیمان كە بۆ هەموو لایەك دەركەوت بەبێ یەكێتی، پرۆسەی سیاسی لە عیراقدا ناڕواتە پێشەوە.

بیروبازوی كۆمەڵانی خەڵك
لە بەشێكی تری كۆنفرانسەكەدا وتارێك لە لایەك د.یوسف گۆران ئەندامی لیژنەی باڵای سەرپەرشتی دیداری یەكێتی پێشكەشكرا و وتی، دیداری یەكێتی كە سەركردایەتی یەكێتی بڕیاری لێداوە، دیدارێکە بۆ داڕشتنەوەی بیر و بۆچوون و سیاسەتەكانمان،  دیدارێكە بۆ خوێندنەوەی دونیابینی ئەو حزبەی كە لە سەرەتای دروستبوونیەوە بیروبازوی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانی كردۆتە هەوێنی خەبات و ئامانج و سەركەوتنەكانی.
سەبارەت بە گرنگی ئامادەكاریی رێكخستنی دیداری یەكێتیش، ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتی وتی، بەهاری بوژاندنەوەی یەكێتی لە قۆناغی نوێدا دەستیپێكردوە، هەم لە جوهدە دیپلۆماسییەكانی یەكێتی لە بەغدای پایتەخت و ناوخۆی عیراقدا، هەمیش لە جوڵە سیاسییەكانی ی.ن.ك لە ناوخۆی خۆیدا بە سازکردنی دیداری یەكێتی و چاكسازییە بەردەوامەكانی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی كە ئێستا لە كەركوكین بۆ سازكردنی دیداری یەكێتی، چەند رۆژی رابردووش هەموو لایەك جوهدە دیپلۆماسییەكانی هەڤاڵ بافڵ-مان بینی بە هەموو ئەو ئیمكاناتەی كە ی.ن.ك و هاوپەیمانەكانی بۆ هەموو ئەو تێگەیشتنە سیاسییانەی كە یەكێتی بۆ ململانێ سیاسیەكان دروستیكردوە بۆ ئەوەی ئیستیحقاقی گەلی كوردستان  و ئیستیحقاقی ی.ن.ك لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا پارێزراو بێت، سەرەڕای هەموو ئەو لەمپەر و گرێ جیاجیایانەی بەرامبەر ی.ن.ك دروست دەكرێت.

بوژاندنەوەی گیانی حزبیانە
وتیشی، هەموو گردبوونەوەیەکی سیاسی لە شاری كەركوك، هەموو كۆبونەوەیەكی ی.ن.ك لە شاری كەركوك گرنگی خۆی هەیە، دیداری یەكێتی بوژاندنەوەی گیانی حزبیانەیە لە ناو ی.ن.ك-دا، ئەم دیدارە وێستگەی دهۆكی تەواو كرد و ئێستا لە وێستگەی كەركوك و سەڵاحەدینە و گوێ لە هەموو توێژەكان دەگرین بۆ ئەوەی بزانین یەكێتی پێویستە هەنگاوەكانی داهاتووی چی بێت و چۆن وەڵامی داخوازییەكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانیش بداتەوە.
ستران عەبدوڵڵا وتیشی، ئەم دیدارە هەم دیدارێكی سیاسی و حزبییە و هەمیش دیداری بوژاندنەوەی یەكێتیە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئەركەكانی داهاتوودا سەركەوتوو بێت و بتوانێت ئەو راوبۆچوونانەی كە بۆ یەكێتی لە قۆناغی داهاتوو پێویستن و ئەو ئەركانەی كە لە ساڵانی داهاتوودا لە ئەستۆی یەكێتیدایە تا ئەم دیدارە بتوانێت وەڵامی بداتەوە، وتیشی، لە داهاتوودا دیدارەكە لە هەولێر و شارەكانی تریش بەڕێوەدەچێت.
لە بارەی گرنگی  دیداری یەكێتی، رەوەند مەلا مەحمود ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوكی ی.ن.ك بە كوردستانی نوێی راگەیاند، بە بەشداری شارەزایان و ئەكادیمیان و كادر و ئەندامانی یەكێتی لە ئۆرگانەكانی یەكێتی لە زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین دیداری یەكێتی بەڕێوەدەچێت، دیدارەكە لەپێناوی نوێبوونەوەی یەكێتی و ئۆرگانەكانی سنووری زۆنی كەركوك و سەڵاحەدین و گەشەپێدانی رۆڵ و پێگەی یەكێتییە لەو سنوورە و دۆزینەوەی رێگاچارەی عەمەلی و گونجاوە بۆ بەرەوپێشبردنی یەكێتی لە هەموو روەكانەوە، بۆ سەرخستنی كاری ئەو دیدارەش كۆمەڵێك لیژنەی تایبەتمەند لە بوارەكانی ناوچە جێناكۆكەكان و دەستوور و سیستمی سیاسی و پەیوەندییەكان و راگەیاندن و تەندروستی و ژنان و چەند بوارێكی تر دانراوە، لیژنەكان لە لایەن ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی سەرۆكایەتی دەكرێن و کەسانی شارەزا و پسپۆریش لە بوارەكان ئامادەكراون، پاشان لیژنەكان راپۆرتی خۆیان ئامادە دەكەن و ئەو راپۆرتانە یەك دەخرێن و بۆ سكرتاریەتی دیداری یەكێتی بەرز دەكرێنەوە.

#دیداری یەکێتی

بابەتە پەیوەندیدارەکان