تەلارەکانی داهاتوو، زیرەکیی دەستکرد دیزاینیان دەکات

11:32 - 2022-10-09
ژینگە
562 جار خوێندراوەتەوە

ئا: رۆزا دڵشاد مەریوانی

ئەندازیاری بیناسازی ماناس بهاتیا چاونەترسانە دەڕوانێتە داهاتوو بەوەی دیزاینی باڵەخانەی هەوربڕەکانی بۆ نیشتەجێبوون بەکاردێن بەشێوەیەک بن درەخت و رووەک دایپۆشیبن و وەکو منارەی پاککەرەوەی هەوا کاربکەن.

شارەکانی داهاتوو
لە زنجیرەیەک وێنەدا بە وردەکارییەکانییەوە ئەم ئەندازیارە کە دانیشتووی نیودلهی پایتەختی هیندستانە ئەو بیرۆکەیەی خستەڕوو، بەجۆرێک وێنای خۆی بۆ ئەو هەوربڕانەی لە شاری داهاتوودا بەرزدەبنەوە و شێوە چەماوەکانی لەوانەوە وەرگرتووە کە لە سروشتدا هەن، بەڵام وێنەکان تەنیا لە هزری خۆیەوە دروست نەبوون، بەڵکو پرۆژە گریمانکراوەکەی کە ناوی « AI x Future Cities « واتا هەموو شارەکانی داهاتوو-ە تێیدا پشتی بە ئامرازی وێنەگرتنی تایبەت بە زیرەکیی دەستکرد بەستووە بەناوی Midjourney  وێنەکان بە وردەکارییەکانیانەوە پشتیان بەستووە بەو وشە و وەسفانەی بۆی نوسراوە و ئەویش بەرهەمیهێناوە وەکو وشەکانی «منارەکانی داهاتوو» «تەکنەلۆژیای ڤیرتۆز» «سیمبیۆتیک» «ماددەی تیشکداری زیندوو» ئەو بەرنامەیە زنجیرەیەک وێنەی دیجیتاڵی بەرهەمهێنا و بهاتیا دەستکاری کردن و رێکیخستنەوە و پەرەی پێدان.
بهاتیا-ی ئەندازیاری بیناسازی دەڵێت: پێویستی بە 20 دەقیقەیە تاوەکو هەموو کارە هونەرییە سریالییەکان دەکات، پاشان پێداچوونەوە و پاککردنەوەم بە هەموو پرۆژە تایبەتەکەدا کردۆتەوە و بۆ هەر پرۆژەیەک 100 جار پێداچوونەوەم بۆ کردووە وەکو زیادکردنی ئەو وردەکارییانەی پێویستە پاشان چاکردنیان بە بەرنامەی فۆتۆشۆپ. 
ئەو ئەندازیارە بۆ ئاژانسی CNN دواوە و دەڵێت: بەشی پەیوەست بە تاقیکردنەوە و هەڵەوە زیاتر چێژبەخشە، چونکە ئێمە زیرەکیی دەستکرد بەکاردێنین بۆ پێکهێنانی وێنە، لە رێی ئەو کردارەوە زیرەکی دەستکرد راهێنان دەکات و زیاتر فێردەبێت و بە تێپەڕبوونی کات هونەرەکانی باشتر دەکات.

شوقە لە نێو درەختە زەبەلاحەکاندا
لە پرۆژەیەکی دیکەدا بە ناوی «بیناسازی سیمبیۆتیک» بهاتیا وێنای داهاتوویەک دەکات تێیدا بیناکان لە مادەی زیندوو دروستکرابن، لە رێگەی تایپکردنی وشەکانی «زەبەلاح» و «چاڵوچۆڵی» کۆمەڵە وێنەیەک بەرهەمهاتن ناوی نا «داهاتووی ئایدیاڵ» تێیدا شوقەکانی نیشتەجێبوون لەنێو درەختدا دروستکراون قەبارەیان لە جۆری درەختی سورە. 
ئەو ئەندازیارە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەو تەختە سورە تایبەتە بە جۆرێک درەخت بەرزییان دەگاتە 380 پێ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکی و وا دادەنرێت درێژترین درەختی زیندوو بن لە دنیادا، بهاتیا روونیدەکاتەوە ئەوەی لەو کارەیدا ئیلهامبەخشی بووە ئەوەیە رووی دەرەوەی بینا و تەلارەکان ئۆرگانیک بن و لە سروشتەوە وەرگیرابن، جگە لە پشتبەستن بە فێنککەرەوەی هەڵمیی بەجۆرێک ئەو منارانە بە درێژایی رۆژ بتوانن پلەی گەرمیی خۆیان رێکبخەن و دەڵێت «ئەگەر توانیمان کەرەستەی بیناسازی لە مادەی ئۆرگانیک دروستبکەین، بژین و گەشەبکەن، ئەو کاتە دەتوانرێت فێنککەرەوە و خاوێنکردنەوەی هەوای بیناکان سروشتی بن لە رێگەی ئەو پرۆسە سروشتییانەوە رووبدەن».
وێنەگرتن بە زیرەکیی دەستکرد
بهاتیا لە بارەی وێنەگرتن بە بەکارهێنانی زیرەکیی دەستکرد کە ئێستا جەماوەرێکی زۆری هەیە دەڵێت: هونەرمەند دەتوانێت هەر کەرەستەیەک لەوانەی بەردەستن بەکاربێنێت بۆ بەرهەمهێنانی هونەر، هەر کەسێکیش دەتوانێت تەکنیکی زیرەکیی دەستکرد بەکاربێنێت، بەڵام هەموو کەسێک ناتوانێت ئەنجامێکی باش بەدەستبێنێت ئەگەر خۆی داهێنەر نەبێت.
هەروەها دەڵێت: بەرهەمهێنانی کارێک سنوری خەیاڵی بەکاربەر تێدەپەڕێنێت، ئەو کاتە دەتوانرێت بیرۆکەی نوێ بۆ کرداری دیزاینەکە زیاد بکرێت و دەوڵەمەندی بکەیت.
ئەو ئەندازیارە وێنای داهاتوویەک دەکات تێیدا زیرەکیی دەستکرد دیزاینە سێ رووەکان 3D بەرهەمبێنێت و بکرێنە ئەو بەرنامەیەی ئەندازیارەکانی بیناسازی نموونەی کارو داهێنانەکانیانی پێ بەرهەمدێنن.
ئەو دەڵێت: زیرەکیی دەستکرد توانایەکی زۆری هەیە، هەوڵمانداوە لە ستۆدیۆکەی خۆماندا بەکاریبێنین بۆ پێکهێنانی وێنە بە پێی خواستی خۆمان و پیشاندانی بۆ کڕیارەکانمان و ئەنجامەکان باش بوون و لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەندازیارە بیناسازەکان و دیزاینەرەکان بە هاوکاری زیرەکیی دەستکرد دەتوانن ئەو هیوایەی هەمانە بیهێنینە دی.

سەرچاوە:  arabic.cnn.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان