سوود و گرنگی خورما

11:43 - 2022-10-16
ژینگە
594 جار خوێندراوەتەوە

مانی دڵشاد

 هەموو ساڵێک لەم وەرزەدا خورما پێدەگات و بازاڕەکان پڕ دەبن لە چەندەها جۆر خورما ئەوەی بە خورمای تەڕ دەناسرێت، تەنانەت هەندێکیان بە هێشوەکانیانەوە لە خواروو و ناوەڕاستی عیراقەوە دەهێنرێنە بازاڕەکانەوە و لە هەرێمی کوردستانیش داخوازی زۆری لەسەرە بەو پێیەی هەندێک پێیان وایە تام و چێژی زیاتر و خۆشترە، بەڵام ئایا سوود و گرنگی خورما وەکو خۆراک بۆ جەستە و تەندروستی چییە؟ هەروەها خورمای تەڕ لەگەڵ وشکدا لە سوود و بەها خۆراکییەکانیاندا چ جیاوازییەکیان هەیە؟

سوودەکانی خورما
خورما بەوە نەسراوە پڕە لە بەهای خۆراکیی وەکو پرۆتین و ریشاڵ و کارب و ئاسن و پۆتاسیۆم و مەگنیسیۆم و مەنگەنیز و ڤیتامین B6.
سوودەکانی خورما زۆرە لەوانە مادەی فلافۆنیدی تێدایە کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزە و بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن لە لەشدا بەسوودە و دژە شێرپەنجەیە، هەروەها لەبەرئەوەی خورما ریشاڵی تێدایە بۆ کۆئەندامی هەرس و قەبزی بەسوودە، خورما لەبەرئەوەی پڕە لە ڤیتامین و ئاسن و دژە ئۆکسانە سوودی بۆ تەندروستی مێشک هەیە.
 سوودێکی دیکەی خورما بۆ ژنی دووگیانە ئەگەر لە هەفتەکانی کۆتاییدا بەشێوەیەکی مامناوەند بخورێت بۆ ژانی منداڵبوون باشە و  منداڵبوون بە شێوەی سروشتی ئاسان دەکات.
خورما وەکو هەر میوەیەکی دیکە شەکری سروشتی کلۆکۆزی تێدایە، بۆیە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە نابێت زیادەڕەوەیی تێدا بکەن و دەبێت بە کەمیی بیخۆن، بەڵام دەتوانرێت لەبری شەکری سپی لە دروستکردنی خواردن و شیرینییەکاندا بەکاربهێنرێت، هاوکات لەبەرئەوەی خورما پڕە لە بەهای خۆراکی، بۆیە وزەبەخشە و هێز و توانا دەدات بە جەستە و ئەوانەی یاری ئاسن دەکەن دەتوانن لەگەڵ میوەی دیکەدا تێکەڵی بکەن و وەکو شەیکی یاریزانەکان بیخۆنەوە.

جیاوازی خورمای تەڕ لەگەڵ وشک
لە بنەمادا جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لە بەهای خۆراکیی ئەو دوو جۆرە لە خورما، بەڵام خورمای تەڕ ئاوی زیاترە و ئاستی کارب و شەکری کەمترە بە پێچەوانەی خورمای وشکەوە کە دوو ئەوەندەی خورمای تەڕ کارب-ی تێدایە و بەهای خۆراکی بەرزترە، بۆیە ئەگەر یەکێک بیەوێت کێشی دابەزێنێت یان نەخۆشی شەکرەی هەبێت ئەوا باشترە بەشێوەیەکی مامناوەند خورمای تەڕ بخوات.

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان