كه‌رتی گشتی خه‌ونی گه‌نجان و مۆته‌كه‌ی حكومه‌ت

09:48 - 2022-10-18
ئابووری
744 جار خوێندراوەتەوە
#رێژەی بێکاری لە عیراق بەرزە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

مووچه‌ی مانگانه‌ی حكومه‌ت، زۆربه‌ی گه‌نجان، به‌ تایبه‌تی ده‌رچوانی زانكۆ‌و په‌یمانگكان بۆ لای خۆی راده‌كێشێت، به‌ڵام مووچه‌ی حكومی له‌سه‌ر كه‌رتی گشتییه‌و بارگرانییه‌كی زۆری بۆ حكومه‌تی عیراق دروست كردووه‌، ئه‌ویش له‌ وڵاتێكدا كه‌ كه‌رتی تایبه‌ت له‌ قه‌یراندایه‌و خواستی گه‌نجان ناهێنێته‌ دی.
ساڵانێكه‌ شاری ناسریه‌ كه‌ سه‌نته‌ری پارێزگای زیقاره‌، به‌رده‌وام خۆپیشاندانی ده‌رچوانی زانكۆو په‌یمانگاكان به‌ خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و ئه‌و گه‌نجانه‌ داوای دامه‌زراندن ده‌كه‌ن له‌ كه‌رتی گشتیدا، واته‌ دامه‌زراندنیان له‌ یه‌كێك له‌ فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كاندا. مه‌یسه‌م ره‌زا ته‌مه‌نی 32 ساڵه‌و پێی وایه‌ دامه‌زراندن له‌ كه‌رتی گشتیدا مافێكی ره‌وایه‌. له‌ باشووری عیراق كه‌ په‌راوێز خراوه‌، ده‌بێ واسیته‌ت هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی دابمه‌زرێیت، مه‌سیه‌میش واسیته‌ی نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ راسته‌وخۆ ده‌چێت بۆ لای پارێزگارو داوای دامه‌زراندنی لێ ده‌كات.
له‌ عراقدا كه‌ ژماره‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی گه‌یشتۆته‌ 42 ملیۆن كه‌س و پشت به‌ نه‌وتیش ده‌به‌ستێ بۆ داهات، كه‌رتی گشتی، واته‌ حكومه‌ت لایه‌نی سه‌ره‌كییه‌ بۆ دابین كردنی هه‌لی كار، ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ له‌ كۆی هه‌ر 10 گه‌نجی چالاك چواریان بێكارن.
محه‌مه‌د ئه‌لعوبێدی، 19 ساڵه‌ كارمه‌ندی حكومییه‌و ده‌ڵێ: كاركردن له‌ كه‌رتی گشتیدا زۆر باشه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌یه‌كی باشی هه‌یه‌و ده‌ستكه‌وت و ئیمتیازی هه‌یه‌و داهاتوویشی مسۆگه‌ره‌، واته‌ دوای 55 یان 60 ساڵ خانه‌نشین ده‌بیت و ئه‌و كاته‌ش ده‌توانی له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا كارێك بۆ خۆت په‌یدا بكه‌یت.

رێژه‌ی بێكاریی شاراوه‌ زۆر به‌رزه‌
كاتێك هاووڵاتی به‌ كاركردنی له‌ كه‌رتی گشتیدا ئاسووده‌یه‌، به‌و مانایه‌ نییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش شتێكی زۆر باشه‌ بۆ حكومه‌ت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، حكومه‌تی زۆر نیگه‌ران كردووه‌، ئه‌وه‌ بوو هاوینی رابردوو مسته‌فا كازمی سه‌رۆك وه‌زیری عیراق له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، حكومه‌ته‌كانی پێشوو نه‌یانتونیوه‌ هه‌لی كاری پێویست بۆ هاووڵاتیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن و مه‌سه‌له‌ دامه‌زراندن زۆر ناڕێك بێ سه‌ره‌وبه‌ره‌ بووه‌، هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك به‌ شێوه‌ی هه‌ڕه‌مه‌كی دابمه‌زرێت و ئه‌وه‌ش ئابووری عیراقی ته‌واو ماندوو كردووه‌.
به‌ وته‌ی كازمی، له‌ ساڵی 2004وه‌ وا یه‌ك ساڵ دوای رووخاندنی رژێمی به‌عس و تا ساڵی 2019ش رێژه‌ی بێكاری شاراوه‌ له‌ كه‌رتی گشتیدا 400% بووه‌و تا ئێستاش دوو له‌سه‌ر سێی بودجه‌ی عیراق كه‌رتی گشتی ده‌یبات، ئه‌مه‌ بنه‌ماو پێكهاته‌ی ئابووری وڵات فشه‌ڵ ده‌كات، چونكه‌ به‌ دامه‌زراندنی سێ ملیۆن و 300 هه‌زار كه‌س له‌ كه‌رتی گشتیدا، واته‌ 37,9%ی دانیشتوانی وڵات له‌ كه‌رتی گشتیدا كار ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه‌ له‌ به‌رزترین رێژه‌ی كارمه‌ندانی حكومی له‌سه‌ر ئاستی جیهان.

چاره‌سه‌ری ئاسان نییه‌
مسته‌فا كازمی دان به‌وه‌دا ده‌نێت، كه‌ ئه‌وه‌ دۆخێكی باش نییه‌و زیانی گه‌وره‌ به‌ ئابووری وڵات ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵام ره‌نگه‌ چاره‌سه‌ر كردنی هه‌روا ئاسان نه‌بێت، مانه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر كورسی ده‌سه‌ڵات په‌یوه‌سته‌ به‌و دانوستانانه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لایه‌نی شیعه‌و سوننه‌ی عیراق ده‌كرێت، راگرتنی دڵی هه‌موان هه‌روا ئاسان نییه‌، ئه‌وه‌تا له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی 2021وه‌ تا ئێستاش حكومه‌تی نوێ پێك نه‌هێنراوه‌و وا تازه‌ به‌ تازه‌ پۆستی سه‌رۆك كۆمار یه‌كلایی بۆته‌وه‌و ره‌نگه‌ له‌ رۆژانی داهاتوودا حكومه‌تی نوێش پێك بهێنرێت.
له‌ عیراق دامه‌زراندن له‌ كه‌رتی گشتی و تایبه‌تیشدا له‌ رێگه‌ی رێكه‌وتنی ئه‌ندامانی عه‌شیره‌ت یان حزبه‌وه‌ ده‌كرێت، واته‌ سیستمه‌كه‌ سیستمی به‌شبه‌شێنه‌یه‌و واسیته‌و واسیته‌كاریی زۆر زاڵه‌ به‌سه‌ریدا، عه‌لی ئه‌لعه‌لاوی وه‌زیری پێشووی دارایی عیراق له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: واسیته‌و گه‌نده‌ڵی وه‌ك نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌ وایه‌ ئاكارو به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه‌ تێك ده‌شكێنێت.
كه‌رتی تایبه‌ت له‌ عیراق رۆڵێكی ئه‌وتۆ نابینێت له‌ ئابووری وڵاتدا، مه‌ها قه‌تاع له‌ رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی كار له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: بۆ ئه‌وه‌ی كه‌رتی تایبه‌ت بتوانێ گه‌نجان بۆ لای خۆی رابكێشێت، ده‌بێ پێش هه‌موو شتێك كۆمپانیاكان بارودۆخی كاریان چاك بكه‌ن و بیمه‌ی ته‌ندروستی بده‌ن به‌ كرێكارو كارمه‌ند، مووچه‌كانیشیان ده‌بێ له‌ ئاستی مووچه‌ی كه‌رتی گشتیدا بێت، ئه‌مه‌ش قورسه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كۆمپانیای كه‌رتی تایبه‌ت ته‌نیا قازانجی خۆی به‌لاوه‌ گرنگه‌.

هه‌ندێك پڕۆژه‌ی بچووك
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك پڕۆژه‌ی بچووك له‌ عیراق ده‌ستی پێكراوه‌و خاوه‌نه‌كانیان هواخوازن قازانج و گه‌شه‌یان روو له‌ باشی بێت، سندوقی نێوده‌وڵه‌تی نه‌خیشی پێشبینی كردووه‌، ئه‌و پڕۆژانه‌ بۆ ئه‌م ساڵ به‌ رێژه‌ی 10% گه‌شه‌ بكه‌ن.
مه‌یسه‌م سه‌عد ته‌مه‌نی 41 ساڵه‌و كۆمپانیایه‌كی بچووكی دامه‌زراندووه‌ بۆ بازاڕكاریی خورما، هه‌لی كاریشی بۆ 30 كه‌س دابین كردووه‌، واته‌ 30 كارمه‌ندی هه‌یه‌و له‌ باره‌ی پڕۆژه‌كه‌یه‌وه‌ ده‌ڵێ: سه‌ره‌تا كرێكارو كارمه‌ندمان ده‌ست نه‌ده‌كه‌وت، به‌ تایبه‌ت گه‌نجان ئاماده‌ نه‌بوون بێن له‌گه‌ڵ ئێمه‌ كار بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ر كه‌ چه‌ند گه‌نجێك هاتن و كاریان له‌گه‌ڵ كردین، ئاسووده‌ بوون، چونكه‌ ئێستا كارمه‌نده‌كانمان دڵیان به‌ كاره‌كه‌یان خۆشه‌، به‌ تایبه‌تیش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رێكی باشیان هه‌یه‌و ده‌توانن دانوستان له‌سه‌ر مووچه‌كه‌یان بكه‌ن، مۆڵه‌تیشیان هه‌یه‌و هه‌ست به‌ ئازادی ده‌كه‌ن.
له‌گه‌ڵ بوونی ئه‌و پڕۆژه‌ بچووكانه‌شدا كه‌ به‌ره‌و گه‌شه‌ كردن ده‌چن، هێشتا كه‌رتی تایبه‌تی عیراق وه‌ك مه‌زهه‌ر محه‌مه‌د راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیر ده‌ڵێ، خلۆكه‌یه‌كه‌ به‌ هێزی ئابووری حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێ و هه‌موو قورساییه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر بودجه‌ی گشتی عیراق.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسه‌كان

#كه‌رتی گشتی #گه‌نجان #بێكاری

بابەتە پەیوەندیدارەکان