کێ سالە شێتی کوشت

گێڕانەوەی مێژووی شارێک بە رۆمان

10:38 - 2022-10-18
دووتوێ
952 جار خوێندراوەتەوە

ئەم دوو توێیە کە خوێندنەوەیەکی وردو شیکاریی و هەمەلایەنی هاوکارمان نووسەر و رۆژنامەنووس ئەردەڵان عەبدوڵڵا-یە، بۆ رۆمانی «کێ سالە شێتی کوشت«، جگە لەوەی رۆشنایی دەخاتە سەر هەموو لایەنەکانی رۆمانەکە لە رووی تەکنیکی نووسین و زمانی نووسینەوە، بەتەنیا هەوڵی نەداوە هەر ستایشی لایەنە پۆزەتیڤەکانی رۆمانەکە و سەلیقەی د. عەلی کەریم-ی نووسەری رۆمانەکە بکات، بەڵکو رەخنەی لە لایەنە نێگەتیڤەکانی رۆمانەکەش گرتووە.
ئەم خوێندنەوەیەی کە بۆ رۆمانی «کێ سالە شێتی کوشت« کراوە، هێندەی توێژینەوەیەکە بۆ هەموو کونج و کەلێنەکانی رۆمانەکە، هێندە خوێندنەوەیەکی سەرپێی نییە، چونکە قووڵبوونەوە لە ناوەڕۆک و وردەکارییەکانی حیکایەتەکان و پاڵەوانەکان و زمانی ئاخاوتنیان و دەستنیشانکردنی شێوەی ئاخاوتن و دیالۆگی نێوان پاڵەوانەکان، بۆخۆی ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەردەڵان عەبدوڵڵا زۆر بە دیقەتەوە رۆمانەکەی خوێندۆتەوە و لەگەڵ رووداوەکانیدا تێکەڵاو بووە، تەنانەت دەستنیشانی ئەو هەڵە زمانەوانییانەشی کردووە  کە لە نووسینی رۆمانەکەدا هاتووە و رەخنە لەوەش دەگرێت کە دەکرا لەڕووی پاکنووس و زمانەوانییەوە کەسێکی شارەزا پێداچوونەوەی پێدا بکردایە،
خاڵێکی تری پۆزەتیڤ کە لەم خوێندنەوە یان توێژینەوەیەدا ئاماژەی پێدراوە، لەلایەک هاندانی خوێنەری کوردە تا رۆمانەکە بخوێننەوە، لەلایەکی دیکەشەوە هاندانی خوێنەرە کە تەنیا وابەستە نەبن بەو کتێب و رۆمانانەوە کە لەلایەن خەڵکانی ناسراوەوە دەنووسرێن، بەڵکو دەشێت کەسانی وەک د. عەلی کەریم-ی کۆچکردووش هەبن کە بابەتی زۆریشیان نییە و زۆریش ناسراو نەبوون، بەڵام بەرهەمێکی سەنگینی لەم شێوەیەیان خستۆتە بەر دیدەی خوێنەران و لەوەش زیاتر رۆمانەکەی بە یەکەم ئەزموونی «رۆمانی پۆلیسی» لە ئەدەبی رۆماننووسینی کوردیدا وەسفکردووە. 
کوردستانی نوێ بەپێویستی زانی خوێندنەوەکە بە یەک بەش و لە دووتوێیەکی تایبەتدا بڵاوبکاتەوە، تا ئەم هەڵسەنگاندنە هەمەلایەنە نەبێتە بەش بەش و خوێنەر لێی دانەبڕێت. 

دۆسێ

ئەردەڵان عەبدوڵڵا

زۆرجار ئێمە کە رۆمانێک هەڵدەبژێرین سەرەتا سەیری  ناوی نووسەرەکەی دەکەین و هەندێکجاریش ناوی رۆمانەکەش سەرنجڕاکێش دەبێت بەلامانەوە، بۆیە زۆرجار ئەو نووسەرانەی کە پێشتر نەناسراون، کەمتر چانسی ئەوەیان هەیە، بەرهەمەکانیان زوو بەناو ئەهلی کتێب و نووسیندا بڵاوببێتەوە. هەربۆیە لەم قەیرانی خوێنەری کتێبەدا، هێندەی تر سەرکەوتنی رۆمانی نووسەرێکی نەناسراو ، زەحمەتر دەبێت. بەڵام هەندێکجاریش بە رێکەوت رۆمانێک دەکڕیت، کە نووسەرەکەی نەناسراوە،  پاش ئەوەی کە دەیخوێنیتەوە، زۆر سەرسامت دەکات و پەشیمانی لەوەی کە پێشتر نەتخوێندۆتەوە. 
لە ماوەی پێشوودا رۆمانی «کێ سالە شێتی کوشت»م خوێندەوە، ئەم رۆمانە لە نووسینی د. عەلی کەریم. رۆمانەکە لە دوو بەرگی قەبارە گەورە پێکدێت و 1284 لاپەڕە دەبێت. ئەم قەبارە گەورەیەی کتێبیش، هێندەی تر خوێنەری ئاساییی لێی دەسەڵمێتەوە.

لە ماوەیەکی کەمدا  خۆم وەک زیندانییەک بینییەوە
بەڵام زۆر دۆست و هاوڕێی هێژام هانیان دام کە ئەم رۆمانە بخوێنمەوە، زۆر سوپاس بۆ مامۆستا حەمە فەریق حەسەن، کە هەردوو بەرگی کتێبەکەی پێدام و  زۆرجاریش قسەوباسمان لە بارەی رۆمانەکەوە دەکرد. منیش ناوی خوام لێهێناو دەستم پێکرد. ئەوەی بەلاماوە سەیر بوو، یەکسەر وشەکانی بوونە زنجیرێک و لێم ئاڵان و بۆ ناو جیهانی سەیر و سەمەرەی رۆمانەکە رایانکێشام و لە ماوەیەکی کەمدا، خۆم وەکو  زیندانییەک بینییەوە لەناو ئەم کتێبەدا. 
 بەوپەڕی تامەزرۆییەوە، وشەکانم دەخوێندەوە، لاپەڕە بە لاپەڕە لەگەڵیدا رۆیشتم. هیچ رۆمانێکی کوردی، هێندەی ئەم رۆمانە، سیحری راکێشانی لا دروست نەکردووم. لەگەڵ خویندنەوەی یەکەم لاپەڕەدا، ناچار دەبیت کە بەناو کۆڵانە کۆنەکانی سلێمانیدا دوای نووسەر بکەویت و بزانیت دوایین بەسەرهاتی کوڕانی گەڕەکی حاجی حان گەیشتۆتە کوێ. لە هەمانکاتیشدا  ئەم رۆمانە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ  سەردەمی پاشایەتی و سلێمانی جاران، کە زیاتر وەکو گوندێکی گەورە وابووە هەتا وەک شارێک دەربکەوێت. 
خۆشبەختانە پێشتر ئەم رۆمانە قسەی لەسەرکراوە و زۆرکەسیش چ بە باش یان خراپ، راوبۆچوونی خۆیان لەسەر دەربڕیووە، منیش لێرەدا پێمخۆشە چەند سەرنج و تێبینییەکی  خۆم بخەمەڕوو.

سالە شێت و گەڕەکی حاجی حان
ئەم رۆمانە گەڕانە بە دوای ناسنامەی شارێکدا، ئەمەش لە رێگەی باسکردنی چەند کەسانێک کە لە یەکێک لە گەڕەکە کۆنەکانی سلێمانیدا دەژین، ئەویش گەڕەکی حاجی حانە. لە رێگەی ئەمیشەوە خوێنەر بەناو گەڕەکە کۆنەکانی تری سلێمانیدا پیاسە دەکات لەوانە: سابونکەران، مەڵکەندی، سەرچیمەن و...هتد. 
لە شەوێکی ساردی زستاندا، کوڕێکی گەنجی شێتۆکە دەکوژرێت کە ئەویش «سالە شێت»ە. ئەم کوشتنەش دەبێتە کلیلێکی ئەفسووناوی و نووسەر لاپەڕە بە لاپەڕە  دەرگا داخراوەکانی رۆمانەکەی پێ دەکاتەوە. لە هەمانکاتیشدا دەبێتە گرێیەکی کوێری رۆمانەکە و نووسەریش لە رێگەی چەند سەرە داویکەوە، دەزووی  کۆلارەی چیرۆک و بەسەرهاتەکان دەگێڕێتەوە. 

باپیرەی سالە بۆچی هاتۆتە سلێمانی
ئەم کوشتنە هەموو گەڕەکی حاجی حان و دەوروپشتی دەهەژێنت. سالە راستە کەسێکی دەروون ناتەواو بووە یان ئەوەی لە زمانی باودا پێی دەوترێت شێت، بەڵام کەس لە کار و کردەوەکانی دڵگیر نابێت، بە پێچەوانەوە تەواوی گەڕەک خۆشیان دەوێت و وەکو کوڕی خۆیان سەیری دەکەن. سالە کوڕی  خولە کەچەڵ بوو، ئەویش کوڕی مینە سڵقاو بوو. ئەمیش  لە ئێرانەوە دێتە شاری سلێمانی و سەرەتا  وا خۆی پیشان دەدات کە لەسەر سیاسەت و کوردایەتی ئێرانی بەجێهێشتووە، بەڵام دوایی دەردەکەوێت کە لەسەر دزی رایکردووە بۆ سلێمانی. سەرەتا وەکو پیشەی جارانی، هەر خەریکی دزی دەبێت، بەڵام پاشان دەبێتە خزمەتکاری ماڵی حاجی عەلی ئاغای پاشەڵ پیس. دواتر ژنێکی خزمەتکاری ئەو ماڵە دەخوازێت. دواتر کە حاجی عەلی دەمرێت، مینە سڵقاو و ژنەکەی لە ماڵ دەردەکەن. پاشان ژنەکەی مینە سڵقاو کوڕێک بەجێدەهێڵێت کە ئەویش خولە کەچەڵی باوکی سالەیە. 

وێنەی یەکێک لە کۆڵانەکانی قەزازەکان لە گەڕەکی سابونکەرانی سلێمانی

 دواتریش مینە سڵقاو دەبێت بەژێر ئۆتۆمبیلەوە و دەمرێت. خولە کەچەڵی باوکی سالەش، لە تەمەنی شانزە ساڵیدا خەریکی قەزوان فرۆشتن و زۆرجاریش سواڵکردن دەبێت، چونکە کەسێکی  کەم ئەندام بووە. خەڵکی گەڕەک هاوکاریی دەکەن لە سلێمانی جێگیر دەبێت و  دایکی   سالەی لێ مارە دەکەن. 

سالە و پەیوەندیی  بە ئاسکۆڵی پورەمەنیجەوە 
ماوەیەکی زۆر خەڵكی گەڕەک هاوکارییان دەکەن، پاشان سالە  لە تەمەنی نۆ ساڵیدا دەبێت کە دایکی و باوکی دەمرێت. بۆیە لەلایەن خەڵكی گەڕەکەکەوە هاوکاریی دەکرێت بەتایبەتی «ئاسکۆڵی پورە مەنیج» کە جێگەی دایکی بۆ دەگرێتەوە، ئەمیش کچێکی هەژارە و لەگەڵ دایکیدا دەژی و بە هەموو شێوەیەک سالە بەخێودەکات. جگە لەمانیش وەسمان مام قادر کە بازرگانێکی گەڕەکەکەیە، پاڵەوانێکی تری ئەم رۆمانەیە، ئەمیش هەمیشە ئاگاداریی سالەی کردووە.  هەمیشەش کۆمەڵێک مێردمنداڵی گەڕەکیش ئاگاداری سالە دەبن بەتایبەتی پێڕی حەکە.
دواتر مەسەلەی کوشتنی سالە دەبێتە ئامانج و مەبەستی سەرەکی بۆ وەسمان قادر و هاوڕێیانی سالە شێت کە خۆیان لە پێڕی «حەکە» دا دەبینێتەوە. ئەمانیش هەمیشە بە دوای دۆزینەوەی تاوانباری سەرەکییەوەن، بەتایبەتی ئالان کە کوڕێکی خوێندەوارە و حەزی لە رۆمانی پۆلیسییە. دواجاریش ئەم خوێندنەوە و وردبینە، هاوکاریی دەکات، کە سەرە داواێکی باشی دەستبکەوێت بۆ دۆزینەوەی تاوانباری سەرەکی. 

ناساندنی پاڵەوانانی رۆمانەکە
نووسەر هەوڵیداوە لە سەرەتای رۆمانەکەوە بەتایبەتی لە بەرگی یەکەمدا، یەکە بە یەکەی پاڵەوانانی رۆمانەکە بە خوێنەران بناسێت بەتایبەتی ژیانی «وەسمان مام قادر. مەلا حەسەن کە بە مەلا گوونسوتا دەناسرێت و مەلای مزگەوتی حاجی حانە. محەی کەشکەک، کە کەسێکی ئاسایی نییە و زۆرجاریش خەڵکی پێیان وایە کە نێرەمووکە. دواتری بلە چاوەش، ئەمیش کەسێکی ئاسایی نییە و زۆرجاریش وەکو کەسێکی فەیلەسووفی گەڕەک ناوی دەهێنرێت و پێڕی حەکەش زۆر هەواداری بۆچوونەکانین، بەتایبەتی خەونەکانی، چونکە هەمیشە سالە شێت دەچێتە خەونی ئەم پیاوەوە، ئەمیش زۆرجار سەرە داوی تاوانەکە دەخاتە روو. دوای ئەمانیش شێرەی شاعیر دێت، کە شاعیرێکی هەژارە و نۆ منداڵی هەیە و دوکانێکی بچووکی عەتاری لە گەڕەکەکەدا هەیە. لە کۆتایشدا بە ساختەچێتی بە ناوی ئەوەی کە شەوان سالە دێتە دوکانەکەی نامە دەبات بۆ بەهەشت، خەڵکی گەڕەک بەتایبەتی ژنان، هەریەکە نامە دەنووسن بۆ خزم و کەسوکاریان کە مردوون، هەندێکیشیان خواردن و شتی تر دەهێنێنن، تا سالە بۆیان بەرێت بۆ بەهەشت. ئەمیش لە رێگەی ئەم نامە بردنەوە بۆ بەهەشت پارەیەکی باشی دەستدەکەوێت، بەڵام لە کۆتاییدا شەقاوەکانی بەغدا لێی تێکدەدەن کە ئەوانیش  گروپی « جەمال شارەبانیی»، هەرچەندە هەتا کۆتایی بەشی دووەمی رۆمانەکە، نووسەر ژیانی ئەم شەقاوەیە و ئەوانی تری بەغدای روون نەکردۆتەوە و پەیوەندیی ئەمانیشی بە تاوانەکەوە روون نەکردۆتەوە. لەرێگەی ئەمانیشەوە، خوێنەر هەندێک شارەزای بەغدای سەردەمی پاشایەتی دەبێت، بەتایبەتی کاریگەریی شەقاوەکان لەسەر ژیانی خەڵکی ئاسایی. 

ناسینی کەسایەتییەکانی سلێمانی
هاوڕێیەکی تری سالە کەریم فس فس پاڵەوانە، کە کەسێکی قسەخۆش، ئازا لە هەمانکاتیشدا فشەکەرە. کەریم کۆمەڵێک بەسەرهات و سەرکێشی سەیر و سەمەرە دەکات، کە زۆرجار سالە دەبێتە قوربانی ئەم سەرکێشییانەی کەریم. لە پەنا ئەمانیشدا  معاون هۆمەر بەگ هەیە، کە جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانییە، کەسێکی قسەخۆش و کۆمیسارێکی پۆلیسی زیرەکە، ئەمیش بەوپەڕی جددییەتەوە هەوڵی دۆزینەوەی تاوانباری سەرەکی کوشتنەکەی سالە دەدات.  لە رێگەی معاون هۆمەریشەوە، کۆمەڵێك پۆلیس و دادوەری شاری سلێمانی دەناسین.  
پاڵەوانێکی تری ئەم رۆمانە ژنێکی سۆزانییە بەناوی «هاجەر» ئەمیش حکایەتێکی سەیر و سەمەرەی هەیە، بەم کەسایەتیەشەوە کۆمەڵێک کەسایەتی تر دەورەیان داوە لەوانە: فەتە سیخوڕ و  کوڕەکانی سۆفی ئاغا بەتایبەتی حەسەن و حسێن  و رەشە.  لە رێگەی ئەمانیشەوە تێکەڵی قاچاخچێتی و ژیانی بازرگانی  ئەو سەردەمانەی سلێمانیی و عیراق دەبین.  جگە لە کۆمەڵێک کەسایەتی تری ناو ئەم رۆمانە، کە هەریەکەیان خاوەنی حکایەتی خۆیانن. 

دەرکەوتنی سەرەداوەکان  لە بەرگی دووەمدا
دواجاریش لە بەرگی دووەمدا سەرداوێکی  گرنگ دەردەکەوێت و بکوژانی سەرەکی سالە دەردەکەون کە شتەکە زیاتر وەکو دەڵێن قەزا و قەدەر دەبێت. کاتێک مەحەی کەشکەک سالە شێت بە پاقڵاوە هەڵدەخەڵەتێنێت بۆئەوەی بیبات «مارە بە جاشی» پێ بکات و کاتێک حسێنی سۆفی ئاغا،  کە کوڕێکی قومارچی و عارەقخۆر و پاشەڵ پیس دەبێت، شەوێکیان بە تووڕەیی ژنەکەی تەڵاق دەدات، ئەمیش بە گوشاری باوکی ناچار دەبێت بچێت ژنەکەی بهێنێتەوە، چونکە باوکی ژنەکەی پیاوێکی بارزگانی دەوڵەمەندی خەڵکی پێنجوێنە و ئەمیش هەموو کارەکانی لە رێگەی ئەم پیاوەوە دەبێت، بۆئەوەی حسێنیش ژنەکەی  بەشێوەیەکی شەرعی بگەڕێنێتەوە، دەبێت مارە بە جاشی پێبکەن. کە ئەمەش حیلە شەرعییەکە، دەمێکە لە جیهانی ئیسلامیدا پەیڕەو دەکرێت. باشترین کەسیش سالە شێت دەبێت، چونکە کوڕێکی منداڵکاری شێتە و کەسیش ئاگای لێ نابێت، ئەم کارەش محەی کەشکەک دەیکات، ئەمەش وەکو دەڵێن کاری سەرەکی ئەم پیاوەیە، کە پیاو بۆ ژنان بدۆزێتەوە.
 بەڵام ئەو شەوەی کە سالە دەبەن بۆ لای بوکێ، سالە لەناو قەمەرەکەی «مچەگەڕگەڕدا» شۆڤێرێکی ماڵی سۆفی ئاغایە» لەگەڵ کەسێکی  تردا کە دەموچاوی داپۆشیوە و نادیارە، دەبێتە کێشەیان و پەلاماری یەکتریی دەدەن و لە ئەنجامدا ئەو کەسە نادیارە فیشەکێک دەنێت بە سالە شێتەوە. هەرچەندە هەتا کۆتایی بەرگی دووەم، کەس نازانێت ئایا ئەو کەسە نادیارە  کام کوڕەی سۆفی ئاغا بووە.  
بەداخەوە کۆتایی بەرگی دووەم هیچ زانیارییەکی تەواوەتی لە بارەی تاوانەکەوە نادات بەدەستەوە، نووسەر ئەمەی هەڵگرتووە بۆ بەرگی سێیەم، کە ئەویش تەواو نەکراوە.

هونەری گێڕانەوە
ئەوەی لەم رۆمانەدا بە پلەی یەکەم  مایەی سەرسامیم بوو، هونەری گێڕانەوەیە لە لای نووسەر. بەراستی توانایەکی ئێجگار بەهێزی هەبووە لە گێڕانەوە، بە جۆرێک هەتا ئەمڕۆش ئەم توانا بەهێزەم لای هیچ نووسەرێکی کورد نەبینیووە، بەتایبەتی لە دروستکردنی پاڵەوان، رووداو، چیرۆکی لاوەکی، بەسەرهاتی سەیروسەمەرە. دروستکردنی گرێکوێرە و کردنەوەی بەشێوەیەکی سەیر و سەمەرە. 
راستە لە هەندێک شوێندا هەست بە درێژدادڕیی دەکەم، بەڵام بە گشتی نووسەر لە هەموو لاپەڕەکاندا هەوڵیداوە کە زیاتر پاڵەوان و رووداو و بەسەرهاتی نوێ بۆ خوێنەر بگێڕێتەوە، ئەمەش وادەکات کە بە هیچ شێوەیەک خوێنەر هەست بە بێزاریی نەکات، بگرە بە پێچەوانەوە هێندەی تر خوێنەری پەلکێش کردووە بۆ ناو رۆمانەکە و حەزی فزوڵییەتی تێدا زیاد کردووە.  هەرئەمەش بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی سەرکەوتنی ئەم رۆمانە دادەنرێت.

تەکنیکی نووسین
خاڵێکی تری سەرکەوتنی ئەم رۆمانە، شێوازی نووسینەکەیەتی. نووسەر تاڕادەیەکی باش سەرکەوتوو بووە لە نووسینی رۆمانەکەدا، راستە لە هەندێک تەکنیکی نووسیندا کێشەی هەبووە، بەڵام لە زۆر تەکنیکدا سەرکەوتوو بووە، بەتایبەتی لە گێڕانەوە، دروستکردنی پاڵەوان و رووداو، بەسەرهاتی سەیروسەمەرە، گرێی ئەدەبیی، بەتایبەتی لە رووی گرێی ئەدەبییەوە، نووسەر چاوشارکێیەکی زۆر سەیر دەکات لەگەڵ خوێنەر، هێدی هێدی گرێکانی رۆمانەکە بۆ خوێنەر دەکاتەوە. لە هەمووشی گرنگتر بە لای منەوە، نووسەر تاڕادەیەکی باش شارەزابووە لە  تەکنیکی نووسینی رۆمانی پۆلیسیدا.
نووسەر هەر لە بەرگی یەکەمدا،  یەک بە یەکی پاڵەوانەکانی رۆمانەکە بە خوێنەران دەناسێنێت و زۆرجاریش خۆی دەبێتە هاوڕێی خوێنەر و قسەی لەگەڵدا دەکات، ئەم تەکنیکەش جوانی زیاتری بە رۆمانەکە بەخشیوە.

یەکەمین رۆمانی پۆلیسیی کوردی
رۆمانی پۆلیسی، یەکێکە لە ژانرە جوانەکانی رۆمان، ئەم جۆرە رۆمانە لە جیهاندا مێژوویەکی درێژی هەیە و لە جیهاندا کۆمەڵێک رۆماننووسی بەناوبانگی جیهان هەن بەتایبەتی ژنە نووسەر ئینگلیزی ئاگاتا کریستی. بەڵام لەم چەند ساڵەی پێشوودا چ لە رووی فۆرم و چ لە رووی ناوەڕۆکەوە، گۆڕانکاری گەورە لە بواری رۆمانی پۆلیسییدا کراوە، چەندین رۆماننووسی نوێ پەیدا بوون، کە نوێکاری زۆر گەورەیان لە رۆمانی پۆلیسدا کردووە و تەواو جیاوازە لە رۆمانە پۆلیسییەکانی جاران.

وێنەیەکی کۆنی شەقامی پیرەمێردی شاری سلێمانی کە لە بەردەرکی سەراوە چركینراوە.

 لە رۆمانی پۆلیسیی نوێدا، تەنها لایەنی تاوان باس ناکرێت، بەڵکو باس لە کۆمەڵێک کێشەی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرهەنگی دەکرێت، بەتایبەتی لە ئەوروپادا ئەم ژانرە نوێیە سەریهەڵداوە. پێش ماوەیەک لێکۆڵینەوەیەکم لە بارەی  رۆمانی پۆلیسییەوە نووسی، تێیدا باسی ئەم خەوشەم کرد لە ئەدەبیاتی کوردیدا کە بەداخەوە ئێمە هەتا  ئێستا هیچ رۆمانێکی گرنگی پۆلیسیمان نەبووە، راستە پێشتر لە رۆمانی کوردیدا باسی کوشتن و تاوان کراوە، بەڵام نەچۆتە قاڵبی رۆمانی پۆلیسییەوە. ئەم رۆمانە لە زۆر رووەوە دەچێتە قاڵبی رۆمانی پۆلیسییەوە. ئێمە لەم رۆمانەدا قوربانییەکمان هەیە کە ئەویش سالە شێتە، هەروەها تاوانکارێک یان دووانمان هەیە، گرێی ئەدەبی سەرەکی رۆمانەکە بەدوای بکوژەکەدا دەگەڕێت و دەبێتە بابەتی سەرەکیی رۆمانەکە. هەر لە ناوەکەشیدا دیارە، کە نووسەر ئەم کوشتنە دەکاتە بابەتی سەرەکی رۆمانەکە. جگەلەوەش کۆمیسارێکمان هەیە کە ئەویش معاون هۆمەر بەگە و هەر لەسەرەتای رۆمانەکەوە بەدوای بکوژانی سالە شێتدا دەگەڕێت. هەروەها بە دوای هۆکار و  ئامانجی کوشتنەکەشدا  دەگەڕێت. 

شێوازی گەڕان و لێکۆڵینەوە  بەشوێن تاوانباردا
لە هەمووشی گرنگتر نووسەر لە چەندین شوێندا باسی  کەسایەتییەکانی ناو رۆمانە پۆلیسییەکان دەکات بۆ نموونە ئالان بە شارلۆک هۆلمزی وەسف دەکات، کە ئەمیش یەکێکە لە کەسایەتییە ناسراوەکانی رۆمانە پۆلیسییەکانی نووسەری سکۆتلەندی «ئارتەر کۆنان دۆیڵ» ئەمەش گوزارشت لەوە دەکات کە نووسەر شارەزایی باشی لە بارەی رۆمانی پۆلیسییەوە هەبووە.
 پاشان لێکۆڵینەوە و پشکنینەکانی هۆمەر بەگ لەگەڵ تاوانباراندا، هەمووی بە شێوازێکی پۆلیسی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەتایبەتی لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ «قوتبەدینی مێردی نەشمیل، مچە گەڕگەڕ، مفەوەز رەزاق، هاجەر، محەی کەشکەک» لەو دیالۆگانەدا، نووسەر شێوازی لێکۆڵینەوەی پۆلیسی زۆر بە شارەزایی بەکارهێناوە. بۆیە دەکرێت ئەم رۆمانە بە یەکەمین رۆمانی پۆلیسیی کوردی دابنرێت.
ئەوەی کە زیاتر بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو، مەسەلەی گەڕان و پشكنین بوو بە دوای تاوانباری سەرەکی بکوژەکەی سالەدا، کە دەبێتە گرێی سەرەکی رۆمانەکە.  بەراستی نووسەر زۆر شارەزایانە هەوڵی  کردنەوەی ئەم گرێیەی داوە، هەر جارەو هەوڵیداوە کەسێک لەم دۆسێی کوشتنەدا تاوانبار بکات، خوێنەریش هەتا کۆتایی بەسەرهاتەکە، وا هەست دەکات کە ئەم کەسە سالەی کوشتووە، بۆ نموونە کاتێک گومان لە فەتە سیخوڕ، یان رەزاقی مێردی نەشمیل، یان رەشە و حسێنی سۆفی ئاغا. محەی کەشکەکە یان شەقاوەکانی بەغدا دەکرێت، نووسەر بۆ هەریەکەیان چیرۆکێکی تایبەتی بۆ دروستکردن و بە تاوانەکەوە گرێی داون.
نووسەر بەشێوەیەکی ئەدەبی جوان، سەر لە خوێنەر دەشێوێنێت و هەتا کۆتایی بەرگی دووەمیش ئەم یارییە بەردەوام دەبێت. 

شێوازی کۆمیدیی
سلێمانی شارێكە بەوە ناسراوە کە هەمیشە خەڵكی قسەخۆش  و نوکتەبازی تێدا بووە. نووسەریش بەدەر نییە لە ئەهلی ئەم شارە و ئەم شێوازی قسەکردنەی کردۆتە  زمانی  رۆمانەکە. بۆ نموونە هەڵبژاردنی ناوەکان : مەلا گون سوتاو، تالە سیس، مچە گەڕ گەڕ، عەبە شەیتان، خەلیفە داڕما، دەروێش کافری موتڵەق، خەلیفە خەساو. حەکەی حاجی لەقە لەق، مینە سڵقاو، عەلی ئاغای پاشەڵ پیس. حاجی بۆقلەموون، نەنە تەیارە» زۆر ناوی تریش، کە هەموویان بە شێوەیەکی تەنزئامێز نووسراون.
جگە لەوەش زۆرجار  زمانێکی کۆمیدی  بەکارهێناوە کە زیاتر لەناو بازاڕ و کۆڵانەکانی سلێمانیدا بەکاردەهێنرێت.   بۆ نموونە  دەڵێت: 
سەعە جڕتێكی عەنتەری بۆ  ئەحە لێدا.. جڕتێکی بۆرجوازی لێدا.
لە هەندێک دیالۆگیشدا زمانی کۆمیدیی بەسەردا زاڵە، دەتوانم بڵێم لە زۆربەی دیالۆگەکاندا زمانی کۆمیدیی و تەنز زاڵە. 
نەنە تەیارە بە وەسمان مام قادر دەڵێت: لە هەموو ژیانمدا تەنها دوو رۆژ  خۆشیم  دیوە، یەکەم، ئەو رۆژەی کە بە بوکی گواستیانمەوە بۆ ماڵی «سابیر»ی مێردم، دووەمیش، ئەو رۆژەی خوا سابیری بردەوە بۆ لای خۆی. بەرگی دووەم .ل1197
بەشێکی زۆری رووداوەکانیشی بەشێوەیەکی کۆمیدی داڕشتووە بەتایبەتی بەسەرهاتەکانی بلە چاوش، فس فس پاڵەوان،  زۆرجار  ئەم زمانە کۆمیدیەش بەلای خوێنەرەوە  جوانە و جێژ بەخشە.

ژیانی سیاسی
خالێکی تر کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر، ژیانی سیاسیی ئەوکاتی سلێمانییە، هەرچەندە خۆشبەختانە زۆر بە کەمی باسی سیاسەتی کردووە، ئەمەش بە بڕوای من شتێکی باشە. لە کاتێکدا کە باسی سیاسەتیش دەکات، بە شێوازێکی تەنز ئامێز باسی سیاسەت دەکات. بۆ نموونە دەڵێت:
حزبی شیوعی کوژراوی خەباتی نهێنییە، بەرگی دووەم، ل 706
حزبێک لەسەر سکی تێر دابمەزرێت، ئەوا حزبێکی بۆرجوازی دەردەچێت، بەڵام ئەگەر حزبێک لەسەر سکی خاڵی دابمەزرێت، ئەوا حزبێکی پرۆلیتاری دەردەچێت. بەرگی دووەم ل715.
لە بەغا شیوعییەکان دە دە  یان بیست بیست  پێکەوە محاکەمە ئەکەن بە حسابی جوملە، ئەترسم لێرەش تاقمێ شیوعی لەگەڵ ئەو تاوانبارەدا  لە قەنارە بدەن بە حسابی جوملە،، بەرگی دووەم، ل875.
جگە لەوەش بە زمانێکی زۆر تەنز ئامێز، باسی ململانێی نێوان پارتی و شیوعیی دەکات، کە لەو ساڵانەدا لەناو شاری سلێمانیدا جەماوەریان هەبووە. 
«لە سالەم پرسی بەهەشت کوردی تێدایە؟ وتی: زۆرکەم، بیستم لەوێ کۆشکێک  کە لەناو شەش سەد ملیۆندا تەنها دوو کوردی لێیە، تازە هاتوون، یەکێکیان شیوعییە لە بەغا لە خۆپیشاندانا کوژراوە، دووهەم پارتییە لە کەرکوک بووە بە ژێر قەمەرەیەکی پۆلیسەوە.
 
مەسەلەی منداڵبازی
بابەتێکی گرنگی تری ئەم رۆمانە مەسەلەی منداڵبازی یان وەکو دەڵێن «هەتیوبازییە» کە لەو ساڵانەدا زۆر بڵاوبووە، لەمەشدا ژیانی ناخۆشی منداڵانی ئەوکاتانەمان بۆ دەردەکەوێت کە زۆرجار لەلایەن گەورەکانەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسی بوونەتەوە، زۆر  منداڵیش بوونەتە قوربانی ئەم نەخۆشییە دەروونی و کۆمەڵایەتییە، کە لە زۆرێک لە شارەکانی عیراقدا بڵاوبووە.  ئێمە لە رێگەی ئەم رۆمانەوە بەو کێشە گەورەیە ئاشنا دەبین، کە لەو کاتەدا لەناو کۆمەڵگەی عیراقدا زۆر بڵاوبووە، راستە هەتا ئێستاش هەیە، بەڵام بەو شێوە بەربڵاوە نییە، لێرەدا پێمخۆشە جیاوازییەک لە نێوان وشەی هاوڕەگەزبازیی و منداڵبازییدا بکەم، چونکە هەر یەکەیان مانایەکی هەیە. هاوڕەگەزبازی ئەوەیە، کە کەسێک بە ویستی ئازادانەی خۆی، حەزی لە رەگەزی بەرامبەرە، جا پیاو بێت یان ژن، بەڵام منداڵبازی زیاتر دەچێتە قاڵبی نەخۆشییەکی دەروونییەوە کە زۆرجار گەورەکان پەلاماری منداڵە جوانەکان دەدەن، ئەمەش دەچێتە قاڵبی تاوانێکی قێزەونی دەستدرێژییەوە. 

کردنی بە دراما یان فیلمی سینەما
 ئەم رۆمانە بە شێوەیەکی زۆر جوانی ئەدەبی نووسراوە، کە دەکرێت بۆ بەرهەمی هونەری بەکاربهێنریت بەتایبەتی لە بواری درامای تەلەفزیۆنی یان فیلمی سینەمایی و شانۆ، بەداخەوە ئێمە ئۆپێرامان نییە، دەنا بۆ ئۆپێراش بەکاردێت. لێرەدا گرنگە شانۆکاران و هونەرمەندان ئەم رۆمانە بخوێننەوە، دڵنییام ئەگەر سیناریستێکی باش هەبێت، دەتوانرێت زنجیرەیەکی درامی تەلەفزیۆنیی زۆر باشی لێدروست بکرێت. خەڵکی لە جیاتی سەیری درامای بیانی بکەن. 

چەند سەرنجێک
لەگەڵ هەموو ئەو خاڵە جوان و سەرنجڕاکێشانەی کە باسمان کرد، بەڵام    ئەم  رۆمانە  هەندێک خەوشی تێدایە، دیارە هیچ کارێکی ئەدەبی جا نووسەرەکەی ناسراو بێت یان نا، رووبەڕووی کۆمەڵێک هەڵە یان خەوش دەبێتەوە.
بەلای منەوە ئەو زمانەی کە ئەم رۆمانەی پێ نووسراوە، زیاد لە پێویست جنێو و قسەی زبر و ناشیرینی تێدا  بەکارهاتووە، من وەکو لە پێشیشەوە وتم بەکارهێنانی زمانی کۆمێدیی ئاساییە، بەڵام نەک بەو شێوەیەی کە هەموو پاڵەوانەکانی ئەم رۆمانە جنێو فرۆش بن، کەسایەتییەکی تێدا نییەکە جنێو نەدات. ئەمەش ناکرێت تۆ هەموو پاڵەوان و کەسایەتییەکانی ناو رۆمانەکە،  بە زمانی جنێو و  ناشیرین لەگەڵ یەکترییدا قسە بکەن. دەکرا زمانێکی میللی و ئاسایی بەکاربهێنێت، بەڵام نەک هەموو کەسایتییەکانی ناو رۆمانەکە بەو زمانە قسە بکەن.

                                           دیمەنێکی گەڕەکی مەڵکەندی - گۆیژە، کۆڵانی مزگەوتی حاجی حان                                                                            

بەکارهێنانی زمانی زبر
 ناکرێت و ناچێتە عەقڵەوە بەڕێوبەری پۆلیس و دادوەر و مامۆستای قوتابخانە، هەر هەموویان بە زمانی زبر لەگەڵ یەکتریدا قسە بکەن و هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ کەسانی ئاساییدا نەبێت. 
راستە لە زۆربەی زمانەکانی جیهاندا زمانی زبر بەکاردەهێنرێت، تەنانەت لە ئەدەبیاتی جیهانیشدا قسەی ناشیرین بەکارهاتووە، بەڵام نەک بەم جۆرەی رۆمانی سالە شێت.
راستە بەکارهێنانی زمانی میللی لە ئەدەبیاتی جیهاندا ئاساییە، لای ئێمەش دەبێت ئاسایی بێت، بەڵام وەکو جارێکیان مامۆستا محەمەدی مەلا کەریم بە شێرکۆ بێکەسی شاعیری وتبوو: «من دەزانم تۆ شاعیرێکی بەتوانای، شیعری جوانی ئازادیش دەنووسیت، بەڵام دەترسم تۆ دەرگایەک بکەیتەوە کە سەدان شاعیری فاشیلی لێ پەیدا ببێت». منیش دەزانم کە د. عەلی کەریم کەسێکی زۆر لێهاتووبووە لە بواری نووسینی رۆمان و شارەزاییەکی ئێجگار باشیشی هەبووە، بەڵام دەترسم ئەم رۆمانەی دەرگایەک  بکاتەوە، کە سەدان رۆماننووسی فاشیل پەیدا ببن و دەستبکەن بە نووسینی رۆمانی لاواز بە زمانێکی میللیی و بازاڕی.

نەبوونی فرە دەنگی
بە بڕوای من یەکێک لە خەوشە گەورەکانی ئەم رۆمانە ئەوەیە، کە نووسەر رەگەزی « فرەدەنگی» بەکارنەهێناوە، کە ئەمەش یەکێکە لە رەگەزە گرنگ و پڕ بایەخەکانی ناو رۆمان، بە بڕوای من ئەگەر نووسەر پەیڕەویی ئەم رەگەزەی بکردایە، تووشی ئەو کێشانە نەدەبوو. ئەم رۆمانە هەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی، هەر هەمووی بە یەک ریتم و ئاواز و دەنگ نووسراوە،  ئێمە هیچ جیاوازییەک یان فرە دەنگییەک لەم رۆمانەدا نابینین. 
لە رووی زانستیی و ئەکادیمیشەوە ناکرێت معاونێکی بە ئەزموونی وەکو هۆمەر بەگ، بەپێی نەخشە و پلانی کوڕێکی هەرزەکار و فشەکەری وەکو کەریم پاڵەوان بجووڵێتەوە و ئەو رێگەی بۆ دابنێت، کە چۆن تاوانباران دەستگیر بکات، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە کەسێکی زیرەکیش بێت، ئەمە لە رووی ریاڵ و واقیعیەوە رێی تێناچێت و دوورە لە راستییەوە. 

لە رووی زمانەوانییەوە
 هەر لەرووی زمانەوانیشەوە هەڵەی زۆری تێدایە،  دەکرا لە رووی زمانەوانییشەوە کەمێک دەستکاری بکرایە و کەسێک پێداچوونەوەی بۆ بکردایە.
خاڵێکی تر پەیوەندیی بە بوونی پاڵەوانی زۆرەوە هەیە، کە زۆرجار خوێنەر بۆئەوەی لە بیری نەچێتەوە، ناچار دەبێت کە لە دەفتەرێکدا ناوەکان بنووسێت، دەنا لەبیری دەچێتەوە. ئەمەش وایکردووە کە زۆرجار نووسەر خۆی سەری لێ تێکبچێت بۆ نموونە کە باسی شەقاوەکەی بەغدا دەکات، دەمێک دەڵێت ناوی «جەمال شارەبانیی» ییە دەمێکیش بە «جەمال شارباژێری» ناوی دەبات.  یان  ریستۆرانتەکەی عەربەت هەندێکجار بە «دایکی وەتەن» هەندێکجاریش بە « نەنکی وەتەن» ناوی دەبات.

هەڵەی مێژوویی
لە رووی مێژووییشەوە نووسەر لە ژیاننامەی پاڵەوانەکاندا هەڵەی کردووە بۆ نموونە دەڵێت «حەکە» لە ساڵی لافاوەکە لەدایک بووە، ئەم ساڵەش دەکاتە ساڵی 1957، ناشکرێت نووسەر باسی سەردەمی پاشایەتی دەکات و حەکەش کوڕێکی گەنجە و  بەلایەنی کەمەوە 15 بۆ 16 ساڵێک دەبێت، ساڵی 1958 یش کۆتایی بە حوکمی پاشایەتی هاتووە لە عیراق. بۆیە ئەمە هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیە.  
 
وێنەی نێگەتیڤی شاعیر
خاڵێکی تر کە مایەی سەرنجە ئەوەیە، کە لەم رۆمانەدا نووسەر وێنەیەکی زۆر نێگەتیڤی بە شاعیران بەخشیوە، ئەمەش لە رێگەی شێرەی شاعیرەوە، نووسەر  لە زۆر شوێندا بە چەپ و راست، هێرش دەکاتە سەر شاعیران. نووسەر لەم رۆمانەدا وێنەی شاعیر و دەتوانم بڵێم شیعریشی لای خوێنەر سووک و ناشیرین کردووە.  من وەکو خوێنەرێک هەستم بە رقێکی ئەستووری نووسەر کرد بەرامبەر بە شیعر و شاعیران، پێموایە هەرکەسێکیش ئەم رۆمانە بخوێنێتەوە هەمان هەستی هەیە. 

بەرگی سێیەم
لێرەدا جێگەی خۆیەتی کە سوپاسی ئەو بەڕێزانە بکەین کە سەرپەرشتی بە چاپ گەیاندنی ئەم کتێبەیان کردووە بەتایبەتی کاک عومەر بابەکر،  کارێکی زۆر باشیان کردووە کە ئەم دەقە جوانە ئەدەبییەیان لە فەوتاندن پاراستووە. بەڵام هەروەکو نووسەر لە پێشەکی رۆمانەکەدا دەڵێت: ئەم رۆمانە لە سێ بەش پێکهاتووە و  بەشی سێیەمیشی  لە هەردوو بەشەکەی تری گرنگتر دەبێت. بەڵام چ بۆ من و چ بۆ زۆرکەسی تریش، مەسەلەی چاپ نەکردنی بەشی سێیەم بۆتە مایەی پرسیار، چونکە وەکو من بیستوومە دەڵێن نووسەر پێش ئەوەی کۆچی دوایی بکات، بەشی سێیەمیشی تەواوکردووە، بەڵام بۆچی هەتا ئێستا ئەو بەڕێزانەی کە سەرپەرشتی چاپکردنەکە دەکەن چاپی ناکەن مایەی پرسیارە؟ ئایا بەڕاست نووسەر بەرگی سێیەمی تەواوکردووە؟ یان کێشەکە چییە. ئەمەش پێویستی بە روونکردنەوەیە.

دوا قسە
بەدڵنیاییەوە ئەم رۆمانە یەکێکە لە رۆمانە جوانەکان لە خانەی ئەدەبیاتی کوردیدا، نووسەر توانایەکی زۆر باشی هەبووە لە داڕشتن و گێڕانەوەی چیرۆک و بەسەرهاتەکاندا، کە بەشێکی زۆریان مایەی جێژبەخشینن بە خوێنەر.
بەداخەوە نووسەر زۆر درەنگ دەستی بە نووسین کردووە و زووش کۆچی دوایی کردووە، لەکاتێکدا ئێمە حیکایەت و بەسەرهاتی زۆرمان هەیە، هێشتا نەمانتوانیووە بە شێوەیەکی ئەدەبی جوان بیگێڕینەوە. لە دەستدانی د. عەلی کەریم زیانێکی گەورەیە بۆ ئەدەبیاتی کوردی و یەکێک لە قەڵەمە جوانەکانمان لەدەستداوە.
هەرزاران سڵاو بۆ گیانی پاکی و رۆحی شاد بێت.

سەرچاوە: د. عەلی کەریم. کێ سالە شێتی کوشت. چاپی دووەم. بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی وشە. سلێمانی 2019.

#دۆسێ

بابەتە پەیوەندیدارەکان