ئاوارەكانی كەمپی باریكە داوای خزمەتگوزاری دەكەن

09:27 - 2022-10-20
ڕاپۆرت
488 جار خوێندراوەتەوە
دۆخی ژیانی پەنابەرانی ناو کەمپی باریکە خراپە

راپۆرتی/ جەمال سەرگەتی

كەمپی باریكە لە ناحیەی عەربەت تایبەتە بە ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان، لە دۆخێكی خراپدان و وەك خۆشیان دەڵێن، دۆخی سوریا باش نییە تاوەكو بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان، بەڕێوەبەری كەمپی باریكەش ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، ژمارەیەكی كەمی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان گەڕاونەتەوە سوریا.
لە ساڵی 2014، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەكانی سوریاوە، ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیانی ئاوارەی ئەو وڵاتە روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە، لەو نێوەندەشدا زیاتر لە 2 هەزار ئاوارە روویان لە سنووری پارێزگای سلێمانی كردووە و لە كەمپی باریكە نیشتەجێكراون.

زیاتر لە 2 هەزار خێزانی پەنابەر
دوای 8 ساڵ مانەوەیان لە كەمپی باریكە لە ناحیەی عەربەت ئێستا ئەو كەمپە زیاتر لە 2 هەزار خێزانی پەنابەری تێدایە و ژمارەیەكی كەمی ئاوارە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان، پەنابەرانی کەمپەکە دەڵێن، دوای 8 ساڵ مانەوەیان دۆخی ژیانیان خراپە و وەك پێویست هاوكاری نەكراون.
پرۆسەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان دەستیپێكردووە و لەناو كەمپی پەنابەرانیش ئەو پرۆسەیە بەڕێوەدەچێت، ئێستا تەنها لە كەمپی باریكە زیاتر لە 3 هەزار خوێندكار چوونەتە هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام بە وتەی مامۆستایانی ناو كەمپەكە لەناو قوتابخانە و خوێندنگەكان وەك پێویست خزمەتگوزارییەكانی خوێندن دابیننەكراوە.

دۆخی ژیانی پەنابەران خراپە
محەمەد قامیشلۆیی پەنابەرێکی سورییە و لە قوتابخانەکەی کەمپی باریکە مامۆستایە، وتی: جگە لە دۆخی قوتابخانەکان بەگشتی دۆخی ژیانی پەنابەرانی ناو کەمپەکە خراپە و وەك پێویست نییە، ئاو و كارەبا باش نییە، ئەگەر لەناو كەمپەكەدا بگەڕێیت ئەوا تێ دەگەیت زۆربەی پەنابەرەكان تووشی نەخۆشی دەروونی بوون، ئەویش بەهۆی خراپی دۆخی ژیانی ناو كەمپەكەیە .
وتیشی، قوتابخانەی کەمپەکە لە کابینە دروستکراوە نە فێنك كەرەوەی تێدایە نە گەرم كەرەوە  لەم ماوەیەی دەوامی قوتابخانە و خوێندگەكان دەستیپێكردووەتەوە هەر لەناو قوتابخانەكەی ئێمەدا كە ناوی قوتابخانەی (عامودایە) چەند خوێندكارێك لەبەر گەرمای ناو هۆڵەكانی خوێندن بوراونەتەوە.

زۆر زەحمەتە بگەڕێینەوە  رۆژئاوا
ئەو پەنابەرە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئێستا زۆر زەحمەتە بگەڕێینەوە  رۆژئاوا، چونكە دۆخی رۆژئاوا زۆر خراپە بەردەوام شەڕ و گرژی تێدایە، لەماوەی 8 ساڵی رابردوو ژمارەیەكی كەمی هاووڵاتیانی ئێمە گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان.
محەمەد قامیشلۆیی باسی لەوەشکرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عیراق وەك پێویست هاوكارییان نەكردوین تەنها خزمەتگوزاری سەرەتایمان بۆ دابینكراوە لە كاتێكدا لە وەرزی زستان نزیك دەبینەوە، بەڵام هیچ ئامادەكارییەكمان نەكردووە بۆ وەرزی سەرما و سۆڵەی زستان.

هاوین و زستان بە قورسی بەڕێدەکەین
سۆزان عەلی ژنێكی دانیشتووی كەمپی باریكەیە ماوەی 8 ساڵە لەگەڵ هاوسەر و منداڵەكانی لەوێ‌ نیشتەجێن ئەو لەبارەی دۆخی ژیانی ناو كەمپەکە وتی، هەموومان لە دۆخێكی خراپداین بەوەی نە كارەبامان وەك پێویستە نە ئاو، هەردوو وەرزی هاوین و زستانیش زۆر بە قورسی بەڕێدەکەین.
وتیشی، هاوسەرەكەم نەخۆشە خۆم دەچم كار دەكەم ئەوەش زۆر قورسایی بۆ دروست كردووە، تەنها چەند خزمەتگوزارییەكی سەرەتایمان بۆ دابینكراوە، كە ئەوەش پێداویستیەكانی ئێمە پڕناكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناتوانین بگەرێینەوە ناوچەكانی خۆمان لە رۆژئاوا، چونكە گرژی و ئاڵۆزی لەو ناوچانە هەیە

هاوشێوەی كەمپەكانی ترە 
لای خۆشیەوە، پەیام سەلام، بەرێوەبەری كەمپی باریكە لە ناحییەی عەربەت رایگەیاند، بارودۆخی ژیان و گوزەرانی ئاوارەكانی رۆژئاوا لەناو كەمپی عەربەت هاوشێوەی كەمپەكانی ترە، ژیانێكی ئاسایی بەرێدەكەن،  لە كاتێكدا 2 هەزار و 300 خێزان لەناو كەمەكە ژیان دەكەن، تا توانراوە خزمەتگوزاریان بۆدابین كراوە، گەرچی لە هەموو شوێنێك كەم كورتی هەیە بەڵام هەوڵمان داوە، پێداویستیەكانیان بۆ دابینبكەین.
وتیشی، لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەناو كەمپی باریكەش ئەو پرۆسەیە دەستی پێكردوەتەوە كە سەر بە رێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانین كە ژمارەیان زیاتر لە 3 هەزار خوێندكار دەبێت بە هەردوو قۆناغی بنەڕەتی و ئامادەییەوە، پرسەكە بەسەركەوتووی بەڕێوەدەچێت.
لەبارەی نەبوونی ئاو كارەبا، بەرێوەبەری كەمپی عەربەت وتیشی، هەموو هەوڵێكمان داوە كاریشمان كردووە تاوەكو كارەبای پێویست دابینبكەین و لە ئێستاشدا كارمانكردووە بۆئەوەی ئامادەكاری بكەین بۆ وەرزی سەرما و  سۆڵەی زستان.

#كەمپی باریكە #ئاوارە

بابەتە پەیوەندیدارەکان