سەرۆکی زانکۆی کۆیە:

تەرکیزمان لەسەر خوێندکاران و پێگەیاندنی گەنجانە

10:08 - 2022-10-30
دیدار
969 جار خوێندراوەتەوە

زانکۆ وەک ناوەندێکی باڵای زانستی دەروازەیەکە بۆ بەرهەمهێنانی کەسانی دانا و زانا و لە هەمانکاتیشدا فاکتەرێکی سەرەکی و شاڕێگایەکی بەهێزە بۆ بنیادی وڵات و نیشتمان و دەستەبەرکردنی شارستانییەتی گەلان، لەم دیمانە تایبەتەدا پ.ی.د. محەمەد حەسیب سدیق  سەرۆکی زانکۆی کۆیە،  تیشک دەخاتە سەر رەوشی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بە گشتی و زانکۆی کۆیە بە تایبەتی.

 

سازدانی: هاوژین عەبدولواحید


*ئاستی زانکۆی کۆیە لەڕووی توانستی زانستییەوە چۆن دەبینی لە ئێستادا لە چاو زانکۆکانی تری هەرێمی کوردستاندا؟
-هەڵبەت ئاستی زانکۆکان لەوانەیه لەسەر بنەمای ئەو ریزبەندییانەی هەبووه لە هەرێمی کوردستان، زانکۆی کۆیە لەمەوپێش ئاستێکی باشی هەبووە، بەڵام ئێمە وەک ئەم تیمە تازەیەی کە دەستمان کردووە بەکار، دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی زانکۆ هەوڵی تەواوی خۆمان دەدەین بۆ بەرەوپێشبردنی، هەرچەند بە دڵی ئێمە نییە و هەموو زانکۆکانی جیهان هیچ کاتێک نەبووە رازیبن لەو ئاستەی پێشکەشی دەکەن، بۆیە  پێویستە هەوڵی زیاتر بدەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی زانکۆ، چونکە بەداخەوە له ریزبەندیی  ئەم دواییانەدا، بە جۆرێک  پاشەکشەی بەخۆوە بینیوە لەسەر ئاستی گشتی، کە ئەمە بۆخۆی  ئاستی زانستی نییە.

*ئایا زانکۆی کۆیە توانیویەتی خزمەتی ئەم شارە بکات، ئەگەر کراوە زیاتر لەچ روویەکەوە بووە؟
-دامەزراندنی زانکۆی کۆیە، دانانی بەردی بناغەی لەلایەن هەڤاڵی خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلالەوە بوو. وەک دامەزراوەیەکی ئەکادیمی لەم شارە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەیە بەتایبەتی لەڕووی فێرکردن و پێگەیاندنی گەنجانی ئەم شارەوە. هەروەها رۆڵی زانکۆ زۆر لەوە فراوانترە تەنها لە سنوورێکی دیاریکراودابێ، چونکە کاریگەرییەکانی سنووری شارەکان و وڵاتەکانیش تێدەپەڕێنێت. بەڵێ زانکۆی کۆیە رۆڵێکی گەورە و بەرچاوی هەبووە لە پێگەیاندنی ئەو کەسانەی کەوا ساڵانە وەک خوێندکار دێنه زانکۆ بەڕێژەی 30 ٪ - 35 ٪ خوێندکاران لە سنووری جوگرافی ئەم شارەن. هاوکات جگە لە سوودی ئابووری لەڕووی کاروباری خەڵکەوە، کاریگەرییەکی  بەرچاوی هەبووە. 
ئێمە یەکێک لە بەرنامەکانمان، خزمەتی کۆمەڵگەیە، دەمانەوێت لە زانکۆ کراوەتربێ، زیاتر بەڕووی کۆمەڵگە و شارەکەدا هەماهەنگییەکی باشترمان هەبێت لەگەڵ دامودەزگا و فەرمانگەگانی شارەکەدا، تەنانەت لەگەڵ رێکخراوە حکومی و ناحکومییەکانی ئەم شارەش، بۆئەوەی بتوانین لە رێگەی پسپۆڕە جیاجیاکانی زانکۆوە  خزمەتی زیاتری کۆمەڵگە بکەین.

ئیش لەسەر ئەوە دەکەین سەنتەرێکی دەروونی دابمەزرێنین بۆ رێنمایی دەروونی که بتوانرێت لەو رێگەیەوە هاوکاریی ئەو خوێندکارانە بکات کە پێویستیان بە چارەسەری دەروونییە


*وەک سـەرۆکـی زانکۆ بەرنامەی کار و  پلانی ستراتیژیت چییه بۆ ئەمساڵ بۆ پێشخستنی زانکۆی کۆیە؟
-ئێمە باوەڕمان وایە کە زانکۆکان بەگشتی  بۆئەوەی گەشە بکەن و زیاتر خزمەت بکەن، پێویستیان بە پلان و بەرنامەیە، هەر لەگەڵ وەرگرتنی ئەم پۆستی بەرپرسیارێتییەدا، ئێمە لیژنەیەکی باڵای پلانی ستراتیژی زانکۆی کۆیەمان پێکهێنا،  لە هەمان کاتیشدا، چەندین لیژنەی لاوەکیش هەیە، کە چەندین کۆبونەوەیان کردووە و پرس و راوێژیان بە چەندین کەسی شارەزا کردووە، بۆئەوەی بتوانین لە داهاتوودا باشترین خزمەت بکەین بەپێی پلانی داڕێژراو.
هەروەها  پلانی زانکۆ پلانێکی درێژخایەنە بۆ چوار ـ پێنج ساڵی داهاتوو، کە کاری لەسەر بکەین و چەند بابەتێک لەخۆدەگرێت، لەکاتی راگەیاندنی پلانەکە ئەوکات وردەکارییەکان باس دەکەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە لە پلانەکەماندا تەرکیزمان لەسەر خوێندکاران و پێگەیاندنی گەنجانە، لە رووی زانستی، توانای کەسی، توێژینە و داهێنان و چەندان بابەتی تر.

*پەیوەندیی زانکۆ و خوێندکاران، لەچ ئاستێکدایە، لە رووی کومەڵایەتی و رۆشنبیرییەوە؟
-من  پێم وایە خوێندکار و مامۆستا هەمووی یەک پارچەین و تەواوکەری یەکتر و پاکێجێکین بەیەکەوه. بۆیە پێگەیاندنیان ئەرکی ئێمەیە لە هەموو روویەکەوە، چونکە ئەم گەنجانە سەرمەشق و داهاتووی کومەڵگەی ئێمەن، زانکۆ ئەرکێتی کۆمەڵێ ئیش بکات بۆ خزمەتی خوێندکار، ئەگەر باسی لایەنی دەروونیشیان بکەین، ئێستا لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و بەشی پەروەردەی دەروونزانی پەیوەندیمان هەیە، بۆئەوەی ئیش لەسەر ئەوە بکەین سەنتەرێکی دەروونی دابمەزرێنین بۆ رێنمایی دەروونی که بتوانرێت لەو رێگەیەوە هاوکاریی ئەو خوێندکارانە بکات کە پێویستیان بە چارەسەری دەروونییە، ئێمە وەکو زانکۆی کۆیه، یەکێک بووین لەو زانکۆیانەی لەو پێشنیازەی کە کراوە، رۆڵی باشمان هەبووە لەم لایەنانەی پێویستی بە چارەسەر هەیە، لەبەرئەوەی ئێمە هەردوو پسپۆڕی دەروونی و  کۆمەڵایەتیمان هەیە ، هەروەها ئێمە لایەنی رۆشنبیریشمان لەیاد نەکردووە. پێمان وابووە پێویستمان به بەڕێوەبەرایەتییەک هەیە ناوی بەڕێوەبەرایەتی پەرەپێدانی تواناکان بێت، بایەخ بە تواناکانی خوێندکاران بدات جگە لە توانای زانستی کە فێردەبن، بەڵام بەهرە و توانایەکیان تێدایە بۆ ئەو ماوەیەی لێرەن، کە کاتێکی زۆر گرنگە بۆئەوەی بتوانن پەرەی پێبدەن و کاری لەسەر بکەن جا هەر لایەنێک بێت.

*بەشێکی زۆری  توێژەران و پسپۆڕانی بواری دەروونزانی، پێیان وایە زانکۆ کارگەیەکە  بۆ بەرهەمهێنانی مرۆڤی بێکار، رای بەڕێزتان لەم بارەیەوە؟
-ئەمە لەوانەیە تاڕادەیەک ئەو دۆخەی کە پێشتر دامەزراندن هەبووە لە کەرتی حکومی، لەوانەشە زۆرجار ئەو دامەزراوانە لەسەر بنەمای توانایەکی تەواو نەبووە، تەنها لەسەر بنەمای بڕوانامەکانیان بووە کە وەرگیراون، بەڵام دوای ئەوە کە زیاتر دامەزراندن لە کەرتە حکومییەکان  نەما، بوو بە کەرتی تایبەت ، جۆرێک لە پێشبڕکێ دروستبوو، وایکرد کە ئەو خوێندکارانەی ئێمە کاتێ دەردەچن، ئەوسا وا هەست دەکەن کاریان تەواوبووە، بەڵام خۆی لەڕاستیدا ئەوە سەرەتای کاری ئەوانە، ئەوکات دەستپێدەکەن و دەبێت زیاتر هەوڵبدەن له دوای خوێندن چالاکتر بەدوای کاردا بگەڕێن، نەوەک چاوەڕێی ئەوەبێت کارێکی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئەمڕۆش کەرتی تایبەت بەم شێوازە کار دەکات کە پێویستیان بە خەڵکانێکە کە بەڕاستی تواناو پسپۆڕیان هەبێت جگە لە بڕوانامەکانیان، کارامەیی کاریان هەبێت،  واتا چالاک بن بۆئەوەی خزمەتی ئەو شوێنە بکەن کە بڕیارە کاری لێبکەن و لێی دابمەزرێن  و شوێن دەستیان دیاربێت لەو پسپۆڕییەی کە هەیانە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان