ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌:

جیهان له‌به‌رده‌م قه‌یرانی راسته‌قینه‌ی وزه‌دایه‌

09:44 - 2022-11-08
ڕاپۆرت
664 جار خوێندراوەتەوە
بڕی خستنەڕوو کەم و خواست لە بەرزبوونەوەدایە

ئا: كورده‌وان محه‌مه‌د سه‌عید

ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ رایگه‌یاند، له‌ دوای قه‌یرانی كۆرۆناوه‌ رێژه‌ی به‌كارهێنانی وزه‌، به‌ تایبه‌تیش غازی شل زۆر زیادی كردووه‌، له‌ هه‌مان كاتدا روسیا هه‌نارده‌ی غازی خۆی كه‌م كردۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ش وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ ئه‌و سزا ئابووریانه‌ی وڵاتانی خۆرئاواو به‌ تایبه‌تیش ئه‌وروپا سه‌پاندوویانه‌ به‌سه‌ریدا، كه‌واته‌ خواست له‌سه‌ر غاز به‌رده‌وام له‌ زیادبووندایه‌و بڕی خستنه‌ڕووش كه‌م بۆته‌وه‌، هه‌ر ئه‌مه‌ش وای كردووه‌ ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ پێشبینی بكات، كه‌ قه‌یرانێكی راسته‌قینه‌ی وزه‌ به‌ڕێوه‌یه‌.
فاتیح پیرۆڵ سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ وزه‌دا له‌ سه‌نگافۆره‌ رایگه‌یاند، ساڵی داهاتوو بڕی خراوه‌ڕووی غازی شل له‌ بازاڕه‌كانی جیهاندا زۆر كه‌م ده‌بێته‌وه‌و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ته‌نیا 20 ملیار مه‌تر سێجای لێ بخرێته‌ بازاڕه‌وه‌، له‌ كاتێكدا كه‌ ئه‌وروپا پێویستی به‌ هاورده‌كردنی غازی زیاتره‌و خواستی چینیش له‌سه‌ر غاز روو له‌ هه‌ڵكشانه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ جیهان له‌به‌رده‌م یه‌كه‌م قه‌یرانی راسته‌قینه‌ی وزه‌دایه‌.

ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ مێژووی وزه‌دا
ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشبینییانه‌ راست ده‌ربچن وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ ئاژانسی وزه‌ باسی ده‌كات، گومانی تێدا نییه‌ كه‌ نرخی غازیش به‌رز ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌و بارودۆخه‌ی كه‌ دێته‌ پێشه‌وه‌، وه‌ك سه‌رۆكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ ده‌ڵێت: ره‌نگه‌ قه‌یرانی وزه‌ ببێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ گۆڕینی سه‌رچاوه‌ی وزه‌وه‌ له‌ جۆری ئێستای سووته‌مه‌نییه‌ باوه‌كانه‌وه‌ بۆ وزه‌ی جۆری ژینگه‌دۆست و نوێبووه‌وه‌، واته‌ ئه‌و وزه‌ی به‌رده‌وام نوێ ده‌بێته‌وه‌ سه‌رچاوه‌كه‌ی له‌بن نایه‌ت.
پیرۆڵ له‌باره‌ی هه‌وڵی وڵاتان به‌ ئاراسته‌ی وزه‌ی نوێبووه‌وه‌ ده‌ڵێ: ئاژانسه‌كه‌یان پێشبینی ده‌كات به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی نوێبووه‌وه‌ له‌ ساڵی 2022دا نزیكه‌ی 400 گێگاوات به‌رز بێته‌وه‌، واته‌ به‌ رێژه‌ی 20% زیاد بكات.
یه‌كێك له‌ كێشه‌كانی ئه‌مڕۆ كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كییه‌ له‌ سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی وزه‌دا، روسیا، چونكه‌ جیهان به‌رده‌وام پێویستی به‌ نه‌وت و غازی روسیایه‌، به‌ڵام روسیاش به‌هۆی شه‌ڕه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئۆكرانیادا سزای خراوه‌ته‌ سه‌رو ئه‌ویش له‌ وەڵامی سزاكاندا غازه‌كه‌ی ده‌گرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك له‌ دوا راپۆرتی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌دا هاتووه‌، ئه‌وروپا له‌ ئێستاوه‌ رێنمایی سه‌باره‌ت به‌ شێوازی به‌كارهێنان و ده‌ستپێوه‌گرتنی غاز بڵاو ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ ده‌بێ وڵاتانی ئه‌وروپا غازی ئه‌نباركراویان بمێنێته‌وه‌ بۆ زستان نه‌وه‌ك كوتوپڕ روسیا بڕیار بدات هه‌نارده‌ی غاز به‌ ته‌واوی ببڕێت، كه‌ ئه‌گەرێكی دووریش نییه‌. هه‌ر ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی روسیا وڵاتانی ئه‌وروپای ناچار كردووه‌ به‌ دوای جێگره‌وه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن غازی شل له‌ شوێنێكی دیكه‌ بكڕن، به‌ تایبه‌تیش غازی ئه‌مریكاو نه‌ویج

ده‌بێ به‌ دوای سه‌رچاوه‌ی دیكه‌دا بگه‌ڕێن
راپۆرتێكی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، كه‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، ته‌نیا له‌ ساڵی 2022دا بڕی 60 ملیار مه‌تر سێجا غازی شل هاورده‌ ده‌كات، ئه‌ڵمانیا یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی زۆرترین غازی شل له‌ روسیا ده‌كڕێت، به‌ڵام به‌هۆی رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌وه‌ بارودۆخه‌كه‌ متمانه‌ی پێ ناكرێت. ئۆلاف شۆڵتس راوێژكاری ئه‌ڵمانیا رایگه‌یاند، هه‌رچه‌نده‌ مه‌ترسی كه‌میی غاز له‌ ئارادایه‌، به‌ڵام وڵاته‌كه‌ی ئازایانه‌ ئه‌م زستانه‌ تێده‌په‌ڕێنێت.
هه‌ندێك له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا له‌ رێگه‌ی هێڵی بۆری غازه‌وه‌ پێكه‌وه‌ به‌ستراونه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌ر ده‌بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی قه‌یراندا هاوكاری یه‌كدی بكه‌ن، ره‌نگه‌ ئه‌ڵمانیا ناچار بێت غاز له‌ دانیمارك و نه‌رویج و هۆڵه‌ندا بكرێت. فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا له‌ هه‌ماهه‌نگیدایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پلانێك دابڕێژن له‌ پێناو رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و قه‌یرانه‌دا، ئه‌و دوو وڵاته‌ پێشنیاز ده‌كه‌ن وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌ هاوبه‌شی غاز بكڕن بۆ ئه‌وه‌ی نرخه‌كه‌ی كه‌متر بكوێت له‌سه‌ریان.

پێیان باشه‌ به‌ هاوبه‌شی غاز بكڕن
ئیمانۆئێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا دوای گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا وتی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین كه‌ به‌ هاوبه‌شی غاز بكڕین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌رزانتر ده‌كه‌وێت. ماكرۆن به‌ڵێنیشی دا غازی زیاتر ره‌وانه‌ی ئه‌ڵمانیا بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كاره‌كانی هێڵی بۆری نێوان هه‌ردوو وڵات نزیكه‌ له‌ ته‌واوبوون بۆ ناردنی غاز بۆ ئه‌ڵمانیا.
له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا زستانێكی سه‌خت به‌ڕێوه‌یه‌، ئه‌ویش له‌ سایه‌ی كه‌میی غازو سیاسه‌تی روسیادا كه‌ سه‌ره‌كیترین هه‌نارده‌كاری غازه‌ بۆ ئه‌وروپاو غازه‌كه‌یشی وه‌كو كارتی سیاسی به‌كار ده‌هێنێت، ره‌نگه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی راوێژكاری ئه‌ڵمانیا ده‌ڵێت، بتوانن هه‌رچۆنێك بێت ئه‌م زستانه‌ به‌ڕێ بكه‌ن، به‌ڵام ناكرێ ئه‌وروپا بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ به‌ده‌ست قه‌یرانی سووته‌مه‌نییه‌وه‌ بناڵێنێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ وه‌ك ئه‌نالینا به‌ربوك وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا وتی: پێویسته‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ ئێستاوه‌ بیر له‌ چاره‌سه‌رێك بكه‌نه‌وه‌و هه‌مان هه‌ڵه‌ی پێشوو دووباره‌ نه‌كه‌نه‌وه‌.

سەرچاوە: ئاژانسه‌كان

#وزه‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان