شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی لەبارەی بۆردومانکردنی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد، بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی بێتاوانی عیراق نەک ھەر دەبێتە ھۆی قوڵتربوونەوەی کێشەی نێوان ئەو وڵاتانە و عیراق، بەڵکو دەرەنجامێکی نەخوازراویشی لێدەکەوێتەوە.
دەقی پەیامەکە:
بۆردومانکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان ھیچ کێشەیەک لەکێشەکانی دراوسێکانمان چارەسەر ناکات.
کێشەی ئەوان لەناو خۆیانە، پەیوەستە بەڕێزنەگرتن لە خەڵکی وڵاتی خۆیان و پێشێلکردنی مافی ھاووڵاتیانیانە.
کە ئەوەش بەدەستدرێژیکردنە سەر خاک و خەڵکی وڵاتانی دراوسێیان چارەسەر نابێت.
بە پێچەوانەوە، ئەو ھێرشانە نەک پێشێلی مافی خەڵک و رەنگدانەوەی واقیعی وڵاتەکانیان ئەسەلمێنێت، بەڵکو دەریشیدەخات کە نە گوێ بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان ئەدەن و نە رێز لە نەریتی دراوسێیەتی باش ئەگرن.
بۆردومانکردنی خەڵکی سڤیل و ژن و منداڵی بێتاوانی عیراق نەک ھەر دەبێتە ھۆی قوڵتربوونەوەی کێشەی نێوان ئەو وڵاتانە و عیراق، بەڵکو دەرەنجامێکی نەخوازراویشی لێدەکەوێتەوە.
ھەندێک سنووربەزاندن پاساو دەداتە دراوسێی تر و رێخۆشکەریش دەبێت بۆ بەزاندنی ھەموو جۆرە سنوورێک بەرامبەر بەوانەی کە رێز لە سەروەری ھەرێم و عیراق ناگرن.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد