نەتانیاهو لە دەورانی سەرۆکایەتیی حکومەتی نوێدا

10:01 - 2022-11-15
ڕاپۆرت
371 جار خوێندراوەتەوە

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

دووبارە هەڵبژاردنەوەی بنیامین نەتانیاهو بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی ئیسرائیل، بووە مایەی راکێشانی سەرنجی میدیاکانی ناوچەکە و جیهان، بەو پێیەی ئەمە شەشەمین جارە کە ئەم سیاستەمەدارە راستڕەوەی ئیسرائیل پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەگرێتەدەست. ئەمجارە تەنها خۆی نییە، بەڵکو چەند حزبێکی دیکەی ئیسرائیلی لەگەڵدایە، کە هەموویان لە خولگەی بەرەی راستڕەوەیی توندڕەودا دەخولێنەوە، هەربۆیە چاودێرانی سیاسیی گەشبین نین بەم کابینە نوێیەی ئیسرائیل. 
لە لایەکی دیکەشەوە چ فەلەستینییەکان و چ وڵاتانی دیکەی ناوچەکە و زۆرێک لە وڵاتانی جیهانیش، بەم حکومەتە نوێیەی ئیسرائیل دڵخۆش نین.

هاتنەوەی نەتانیاهو
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی ئەم دواییەی ئیسرائیلدا لەگەڵ هاوپەیمانە راستڕەوە توندڕەوەکانیدا سەرکردایەتی بەرەیەکی راستڕەوی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل کرد، نەتانیاهو و بەرە هاوپەیمانەکەی توانیان زۆرینەی کورسییەکانی ئەم خولەی پەرلەمان ببەنەوە، بەو پێیەش کە حزبی لیکۆد کە نەتانیاهو سەرۆکایەتی دەکات زۆرینەی کورسییەکانی هاوپەیمانییەکەی چنیبۆوە و لە کۆی 64 کورسی 32 کورسی بەدەستهێنابوو، بۆیە رۆژی یەکشەممەی رابردوو نەتانیاهو بەڕەسمی ئەرکی پێکهێنانی کابینەکەی لەلایەن سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە پێ سپێردرا، بەوەش خەونەکەی نەتانیاهو هاتەدی کە پێشتر سوێندی خوارد بوو ئەو پۆستە وەربگرێتەوە.
 یەکشەممە، نەتانیاهو، نامەی راسپاردنەکەی لە ئیسحاق هێرزۆگ-ی سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە وەرگرت.

تەنها 28 رۆژ 
نەتانیاهو  28 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێکهێنانی حکومەتی هاوپەیمانی، ئەگەری درێژکردنەوەی ماوەکەش بۆ 14 رۆژی دیکە هەیە، بەڵام پێدەچێت لەم هەفتەیەدا گفتوگۆکانی لەوبارەیەوە تەواوبکات، بەو پێیەی دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکان، گفتوگۆی نیمچە رەسمی لەگەڵ لایەنەکاندا دەستپێکرد.

بلۆکی زۆرینە
ئیسحاق هێرزۆگ سەرۆکی دەوڵەتی ئیسرائیل، دەستپێشخەری کرد بۆ راسپاردنی نەتانیاهو، بە پشتبەستن بەو راسپاردانەی کە لە ئەندامانی کنێست (پەرلەمانی ئیسرائیل)ەوە وەریگرتووە.
لە سەرەتای مانگی نۆڤەمبەری ئەمساڵدا لیژنەی هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل رایگەیاند: ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکە دەریخستووە، بلۆکی بنیامین نەتانیاهو 64 کورسیی کنێستی لە کۆی 120 کورسی بە دەستهێناوە.

درێژترین ماوەی سەرۆکایەتیی
سەرۆکی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەدا، کە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، درێژترین ماوەی سەرۆکایەتیی بەسەربردووە لە رابردوودا. لە ساڵانی 1996 بۆ 1999 سەرۆک وەزیران و دواتر بۆ ماوەی 12 ساڵ لەسەریەک لە نێوان ساڵانی 2009 بۆ 2021، سەرۆک وەزیران بووە. ئێستاش بە رادەی پێویست پشتیوانیی لایەنە هاوبیرەکانی هەیە و زۆرینەی کورسییەکانی بردۆتەوە.

راستڕەوترین حکومەت لە مێژووی ئیسرائیلدا 
بە پێی ئەو بیروبۆچوونانەی لە لە ئاژانسەکانی هەواڵەوە بڵاوکراونەتەوە، پێشبینی دەکرێت نەتانیاهو حکومەتێک پێکبهێنێت کە زۆر راستڕەو بێت، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی ئیسرائیلدا، حکومەتێکی وا توندڕەو دروست ببێت، بۆیە پێشبینی دەکرێت نیگەرانی زۆر لە ناوخۆ و دەرەوەدا دروست بکات.
بە وتەی بەشێک لە چاودێرانی دۆخی ئیسرائیل، یەکێک لەو هۆکارە سەرەکییانەی بووە هۆی سەرکەوتنی بلۆکی نەتانیاهو لە هەڵبژاردنەکەدا، سەرهەڵدانی بێوێنەی راستڕەوی توندڕەو بوو.

پارتی زایۆنیزم
ناڕەزاییەکان بۆ حکومەتی راستڕەوی داهاتووی ئیسرائیل ئەوەیە، کە پارتی زایۆنیزمی ئایینی سەرو نەتەوەپەرستی لە خۆدەگرێت، کە سەرکردەکانی دژی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستینن و دەیانەوێت کەناری خۆرئاوا بخەنە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە.
یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو پارتە بە ناوی ئیتامار بن گڤیر لە ساڵی 2007 بە تۆمەتی هاندانی رەگەزپەرستی دژی عەرەب و پشتیوانی لە تیرۆر، سزا درا. ئێستا داوای گرتنەبەری رێوشوێنی توند بەرامبەر ئەو کەسانە دەکات کە بە تیرۆریست، یان خۆفرۆشی دەزانێت.
نەتانیاهو ئەو دروشمەی بە «بەرەوپێشبردنی ترس» بۆ تەندروستی دیموکراسی لە ئیسرائیل وەسفکرد و ئیدانەی کرد و رایگەیاند: وەک «چرایەک» بۆ ناوچەکە دەمێنمەوە.

کاردانەوە ئیقلیمیی و جیهانییەکان
دوای هەڵبژاردنەکەی ئەم دواییەی ئیسرائیل، چەند وڵاتێکی خۆرئاوا و لە نێویاندا ئەمریکا، داوای «لێبوردەیی و رێزگرتن لە هەمووان و لە کۆمەڵگەی مەدەنی بەتایبەتی کەمینەکان» کرد.

فەلەستینیەکان بێ ئومێدن
لای خۆیەوە محەمەد شتایە، سەرۆک وەزیرانی فەلەستین رایگەیاند: ئەنجامی هەڵبژاردنەکە رەنگدانەوەی پەرەسەندنی دەرکەوتەکانی «توندڕەوی» و «رەگەزپەرستی»یە،  جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەوان «هاوبەشێکیان بۆ ئاشتی» بەرهەم نەهێناوە.

رووداوێکی خراپ
وڵاتانی عەرەبیش گەڕانەوەی نەتانیاهو بە رووداوێکی خراپ و دژبە ویستەکانی خۆیان دەزانن و پێیانوایە، لە سەردەمی نەتانیاهودا بڕیاری فراوانکردنی خاکی ئیسرائیل دراوە و بۆ ئەو مەبەستەش خاکی فەلەستینی داگیرکردووە و هاووڵاتیانی عەرەبیش لە ئیسرائیلدا بە کەمینە دەزانێت، لە کاتێکدا عەرەب رێژەی %21ی دانیشتوانی ئیسرائیل پێکدەهێنێت.

نەتانیاهو وەک تۆمەتبار
هێزە نەیارەکانی نەتانیاهو بێدەنگ نابن لەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ نەتانیاهو، چونکە نەتانیاهو تۆمەتبارە بە دۆسێی گەندەڵیی پەیوەست بە «متمانە شکاندن و بەرتیلدان»، بەڵام سەرۆک وەزیرانی (کۆن- نوێ) ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە.
شکستی نەتانیاهو لە هەڵبژاردنەکەی  مانگی ئازاری 2021، بووە هۆی ئەوەی ببێتە سەرۆکی بەرەیەکی ئۆپۆزسیۆن و سوێندی خوارد «لە یەکەم دەرفەتدا حکومەت بڕووخێنێت»، بەمەش سوێندەکەی بەجێهێنا و دوای تەنها 18  مانگ گەڕایەوە بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت.

گەندەڵی نابێتە رێگر
سەرۆکی ئیسرائیلیش لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەردەوامی پڕۆسەی دادگاییکردن بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر سێ دۆسێی جیاوازی گەندەڵی لەگەڵ ناتانیاهو لەلایەن دادگای باڵاوە، نابێتە بەربەست لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدا. 

ئیسرائیلێکی نوێ
زۆرێک لە  شارەزایان و چاودێرانی سیاسی  باس لە ئیسرائیلێکی نوێ دەکەن لە ناوچەکەدا، ئەمەش دوای گەڕانەوەی نەتانیاهو بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و پیادەکردنی سیاسەتێکی نوێ کە زۆر پێچەوانەی ئەو سیاسەتانە دەبێت کە لە پێنج کابینەی پێشووی نەتانیاهودا پیادە کراوە. بەتایبەت لە پرسی عەرەب_ ئیسرائیل-دا.
ئەمریکاش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە چاودێریی جووڵە نوێکانی ئیسرائیل دەکات و دەیەوێت بە سیاسەتێکی نوێی جێگیرەوە لەگەڵ سعودیە و دۆستەکانیاندا لە کەنداو مامەڵە بکات و پێیوایە هیچ  ناکۆکی و جەنگێک لە خزمەتی ئیسرائیلدا نابێت و دەبێتە مایەی کۆت و بەندی زیاتر بۆسەر ئیسرائیل و رەتیدەکاتەوە، بۆیە پشتیوانی حکومەتی نوێیشە تا ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا بێنێتەدی.

سەرچاوە: ئاژانسەکان

#نەتانیاهو

بابەتە پەیوەندیدارەکان