کاریگەرییەکانی قەیرانی وزە لەسەر ئەوروپا

هەژاریی خێزان زۆر جار لە پۆلەکاندا دەرناکەوێت

09:58 - 2022-11-16
ئابووری
565 جار خوێندراوەتەوە
هەندێک منداڵ بە سکی برسی دێن بۆ قوتابخانە

کامەران ئەحمەد سلێمان

خێزانەکان بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵئاوسانەوە زیاترو زیاتر رووبەڕووی هەژاری دەبنەوە، لە پەروەردەدا تێبینی ئەوەیان کردووە منداڵەکان بەسکی برسی دێن بۆ قوتابخانە یان ئەوەندە تووشی فشار دەبن کە کەمتر بەباشی چالاکیەکانیان ئەنجام دەدەن. بۆ یارمەتیدانی قوتابخانەکان بۆ ناسینەوەو باسکردنی هەژاری، ئەمڕۆ رێبەرێک بڵاوکرایەوە.
ئەم رێنیشاندەرە نوێیە کە مامەڵە لەگەڵ هەژاری دەکات لە قوتابخانەکان، لەلایەن هاوپەیمانیی دەرفەتی یەکسانەوە رێکخراوەو لەسەر ئەو بنەمایەش کار دەکات کە قوتابخانەکان ئامرازێکن بۆ ناسینەوەی هەژاری. هەروەها یارمەتی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەکان دەدات بۆ پشتگیریکردنی قوتابی و دایک و باوکیان لەم بوارەدا.
یەک لە سیانزە منداڵ لە هەژاریدا گەورە دەبێت کە رێژەکەی بە تێکڕایی دوو قوتابی بۆ هەر پۆلێکە. هەژاری زۆر جار کاریگەریی گەورەی هەیە لەسەر خێزانێک. بە پێی توێژینەوەکانی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەتوانێت ببێتە هۆی خراپیی پڕۆسەی خوێندن لە قوتابخانەدا، جگە لەوە ئەگەری هەیە کێشەی دەروونی و تەندروستیش دروست بکات.
هەژاری کاریگەریشی هەیە لەسەر دایکان و باوکانی خوێندکاران و کەمتر دەتوانن بڕیاری گونجاوو ژیرانە بدەن، بەهۆی ئەو فشارانەوە کە لەسەریانە زۆرجار کەمتر گرنگی بەمنداڵەکەیان دەدەن و دۆخێکی نادڵنیایی لە ماڵەکەیاندا دروست دەبێت.

هەژاری لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکاندا
بە وتەی ماریتی لوسێ پرۆفیسۆری هەژاریی منداڵ لە زانکۆی زانستە جێبەجێکراوەکانی رۆتردام، ناسینەوەی هەژاری تەنیا بۆ ئەو قوتابخانانە گرنگ نییە کە لە گەڕەکە هەژارەکاندان، بەڵکو لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکانیشدا زۆربەی کات منداڵی هەژار هەن کە دەبێت قوتابخانەکان لەگەڵ ئەمەدا مامەڵە بکەن.
هەڵئاوسانی بەرز دەبێتە هۆی کەمی پارەو نیگەرانی لە دابینکردنی خەرجی بۆ ئەو خێزانانەی کە پێشتر توانیویانە ئیدارەی خۆیان بدەن، زۆر جار نیگەرانی و کێشەکان دەگەنە ئاستی جیابوونەوەی دایک و باوکی منداڵ و هەڵوەشانەی خێزان، زۆر جار مایەپووچبوون هۆکاری سەرەکییە. 
مامۆستای قوتابخانەکان لە گەڕەکە دەوڵەمەندەکان پێویستە ئاگاداری ئەمە بن، بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ئەو دایک و باوکانەی کە بە هەژاری رانەهاتوون زۆرجار رێگای پەیدا کردن و دۆزینەوەی یارمەتی و پشتگیری نازانن.

شارەزایانی تەندروستی لە قوتابخانە
بەڵام تەنانەت لەو قوتابخانانەی کە دەبوو پێش قەیرانی وزە مامەڵە لەگەڵ هەژاریدا بکەن، ناسینەوەو باسکردنیشی ئاسان نەبوو. ئێمە تێبینی ئەوە دەکەین کە قوتابخانەکان دەترسن دەست بکەن بە قسەکردن لەسەر هەژاری و لە دوو قوتابخانەی ناوەندی لە رۆتردام دەستمان کرد بە کارکردن لەگەڵ پۆستەرەکان باس لەوە دەکات کە قوتابخانەکە دەتوانێت یارمەتی بدات و بۆ ئەو مەبەستەش ناوو ژمارەی توێژەری کۆمەڵایەتی بڵاو دەکاتەوە.
ئەم رێبەرە لە کاتی چاوپێکەوتنە سەرەتاییەکاندا بەسەر هەموو دایک و باوکاندا دابەشکرا. هەروەها پرسیار کرا کە ئایا دایکان و باوکان نیگەرانیان هەیە لە بەشداری منداڵەکانیان لە قوتابخانە. لە هەردوو قوتابخانەکە، تێبینی ئەوەیان کرد کە دواتر ژمارەیەکی زۆرتر لە دایکان و باوکان، بە توێژەری کۆمەڵایەتییان راگەیاندووە کە نیگەرانییان هەیە.
ئەو جۆرە توێژەرە کۆمەڵایەتییە نەک تەنها بۆ قوتابییەکان، بەڵکو بۆ دایک و باوکەکانیش هەیە. ئەوان دەتوانن یارمەتی دایکان و باوکان بدەن بۆ داواکردنی پارە بۆ خەرجییەکانی پەیوەندیدار بە قوتابخانە، یان بیانخەنە لیستی (بودجەی هاوڕێکان) یان بانکی خۆراک.

ناسینەوەی ئاماژەکانی هەژاری
کێشەو ئاستەنگ دەربارەی هەژاری ئەوەیە کە بە زەحمەت دەتوانی بیبینیت، لوسێ دەڵێت، «بۆکسی بەتاڵی نانی نیوەڕۆی خوێندکار دەتوانێت ئەمە پیشان بدات، هەروەها دەتوانێت مانای ئەوە بێت کە هەندێک کێشەی رێکخراوەیی لە خێزانێکدا هەیە کە هیچ پەیوەندیەکی بە نیگەرانی و کەمیی پارەوە نییە»
سەرەڕای ئەوەش هەژاری هەندێک جار دیار نییە چونکە دایکان و باوکان قوربانی دەدەن بۆ ئەوەی منداڵەکەیان بێنان نەبن، ئەمە دەکرێ رووبدات، کە دەبینیت منداڵێک پێڵاوی گرانبەهای لەپێدایە، سەرەڕای ئەوەی لە خێزانەکەیاند کێشەی کەمیی پارەشیان هەیە.
ڕێبەرەکە لیستی ئاماژەو ئاگادارکردنەوەکان بۆ مامۆستایان لەخۆ دەگرێت. بە گوێرەی ئەو لیستە بۆ نموونە، جلوبەرگی دڕاو یان نەگونجاو دەتوانێت نیگەرانی پارە پیشان بدات. هەروەها کێشەکانی بیروهۆش دەکرێ ئەوە پیشان بدەن، وەک دووبارەبوونەوەی نەهاتن بۆ قوتابخانە.
هەروەها گفتوگۆیەکی نموونەیی مامۆستا لە کاتی چاوپێکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ خوێندکارێک یان دایک و باوکی خوێندکارێک دەتوانێ یارمەتیدر بێت بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا پێویستیان بە یارمەتی هەیە، یان نیگەرانییەکی دیاریکراویان هەیە پەیوەندی بە پارەو بژێوی ژیانەوە هەبێت؟

سەرچاوە NOS

# ئه‌وروپا

بابەتە پەیوەندیدارەکان