راپۆرتی/ جه‌مال سه‌رگه‌تی
كاتی كردنی چه‌ڵتووكە به برنج، رۆژانه خه‌ڵكانێكی زۆر سه‌ردانی ئاشه‌كه‌ی شێخ جه‌لال ده‌كه‌ن. ئاشەکەی شێخ جه‌لال یه‌كێكه له ئاشه كۆنه‌كانی سلێمانی وه‌ك سیمایه‌كی جوانی شاره‌كه‌ی لێ هاتووە، تاكو ئێستاش له كاركردن به‌رده‌وامه، له وه‌رزی دروێنه‌كردنی گه‌نم ئاشه‌كه گه‌نم ده‌كات به ئارد هه‌روه‌ها له‌كاتی دروێنه كردنی چه‌ڵتووكیش چه‌ڵتووكه‌كه ده‌كات به برنج.
ساڵانی رابردوو چه‌ندین ئاش له شاری سلێمانی هه‌بوون، كاری كردنی گه‌نم به ئاردو كردنی چه‌ڵتووك به برنج یان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا چه‌ند ئاشێك ماون كارده‌كه‌ن.
خه‌ڵكی سلێمانی به خۆش خۆری ناوبانگی هه‌یه، به‌تایبه‌ت برنجی كوردی، وه‌ك ئاسۆ جه‌لال كوڕی شێخ جه‌لال ئاماژه‌ی بۆ ده‌كات، له‌م وه‌رز و كاته‌دا خه‌ڵكانێكی زۆر سه‌ردانی ئاشه‌كه ده‌كه‌ن بۆ كڕینی برنجی كوردی، چونکە تام و چێژێكی تایبه‌تی هه‌یه به‌تایبه‌ت له وه‌رزی زستان.
100 ساڵە ئاشەکەی شێخ جەلال کار دەکات
ئاسۆ جه‌لال كوڕی شێخ جه‌لالی ئاش وتی، ئاشه‌كه‌ی باوكم مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نزیكه‌ی 100 ساڵ له‌مه‌وبەر، ساڵانی رابردوو سلێمانی چه‌ندین ئاشی هه‌بوو، ئێستا ته‌نها چه‌ند ئاشێك ماون كار ده‌كه‌ن كه له په‌نجه‌كانی ده‌ست تێپه‌ر ناكات، ئه‌و كات خه‌ڵكی گه‌نم و چه‌ڵتووكی زۆریان ده‌هێنا بۆ ئاشه‌كان و ده‌یانهاڕی به‌ڵام ئێستا ئەم کارە كه‌مبوه‌ته‌وه، بەڵام خواست له‌سه‌ر برنجی كوردی هەر وەک جاران زۆره، رۆژانه خه‌ڵكانێكی زۆر سه‌ردانمان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی برنجی كوردی بكڕن.
وتیشی، ئێمه وه‌ك كوڕه‌كانی شێخ جه‌لال جێگره‌وه‌ی باوکمانین و نایه‌ڵین ئاشه‌كه بوەستێت، به‌رده‌وامی پێ ده‌ده‌ین تاوه‌كو له كاركردن به‌رده‌وام بێت، چونكه ئه‌م ئاشه یه‌كێكه له سیما جوانه‌كانی شاری سلێمانی.
ئەم ئاشه یه‌كێكه له سیما جوانه‌كانی شاری سلێمانی، هەم یادەوەرییە و هەم هۆکارێکە بۆ زیادبوونی بەرهەمی خۆماڵی
ئه‌وه‌شی وت، ئێستا كه وه‌رزی پایز و له وه‌رزی زستان نزیك ده‌بینه‌وه، كاتی دروێنه‌كردنی چه‌ڵتووكه و هێنانی چه‌ڵتووكه‌كه‌یه بۆ ئاش تاوه‌كو بكرێت به برنج، كه پێی ده‌وترێت برنجی كوردی یان برنجی خڕ، له شاره‌كانی تری كوردستانه‌وه چه‌ڵتووك ده‌هێنرێته ئه‌م ئاشه و لێره‌شه‌وه ده‌كرێت به برنج به‌تایبه‌ت له سنووری بازیان و ده‌شتی بتوێن، جووتیاران چه‌ڵتووكه‌كانیان ده‌هێنن و ده‌یكه‌ن به برنج لێره‌وه ده‌برێته بازاڕه‌كان و ده‌فرۆشرێت.
ئاسۆ وتیشی، گه‌رچی نرخی برنجی كوردی به‌رزتره بەهۆی ئەوەی تێچووه‌كه‌ی زۆره و جووتیار زۆر پێوه‌ی ماندوو ده‌بێت، ئه‌و چه‌ڵتووكه تاوه‌كو ده‌كرێت به برنج، به چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕده‌بێت ئه‌مه جگه له‌وه‌ی جووتیار خزمه‌تی چه‌ڵتووكه‌كه ده‌كات و ده‌ی دوورێته‌وه.
خواستێكی زۆر له‌سه‌ر برنجی كوردی هەیە
خه‌ڵكی سلێمانی خواستێكی زۆری له‌سه‌ر برنجی كوردی هه‌یه، هه‌رچه‌نده جێگره‌وه‌ی برنجی كوردی زۆره، به‌ڵام خه‌ڵكی شارەکە رۆژانه سه‌ردانی ئاشەکەی شێخ جەلال ده‌كه‌ن، هەم یادەوەرییە بۆ خەڵکی شارەکەو هەم برنجی كوردی ده‌كڕن، به‌شێوه‌ی كیلۆ و به‌شێوه‌ی فه‌رده برنج ده‌بن، چونكه برنجه كوردیه‌کە ته‌ندروست تره و تام و چێژێكی جیاوازی هه‌یه به‌تایبه‌ت له وه‌رزی زستان، هه‌روه‌ها به‌شێك له چێشتخانه‌كانی شاری سلێمانی برنجی كوردی به‌كارده‌هێنن ئه‌وانیش له‌لای ئێمه وه‌ك ئاشه‌كان برنجه كوردییه‌كه ده‌كڕن.