لاپەڕەی ئابووری
وەزارەتی نەوتی عیراق رێكارەكانی پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دەستپێكردووە و بەپێی هەواڵی ماڵپەڕێكی عیراقیش، هەرچەندە تائێستا ئومێد نییە بۆ زوو پێكهێنانی كابینەی داهاتووی عیراق، بەڵام كابینەكەی مستەفا كازمی دەیەوێت پرسی نەوت لە چوارچێوەی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی یەكلایی بكاتەوە.
پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان
ماڵپەڕی «عیراق ئۆیەڵ ریپۆرت» بڵاویكردۆتەوە: حكومەتی عیراق لە رێگای وەزارەتی نەوتی عیراقەوە دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیی یەیوەست بە دۆسێی نەوتی هەرێمی كوردستان و چەند هەنگاوێكیشی جێبەجێكردووە.
ئاماژە بەوەشدەكات: بە فەرمانی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عیراق، ئەو وەزارەتە دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی بڕیار و راسپاردەكان، بۆ ئەو مەبەستەش داوای پێداچوونەوەی كردووە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە ماوەی 18 ساڵی رابردوودا كراون.
هەواڵی ئەو ماڵپەڕە لەكاتێكدایە، بەپێی نووسراوێك كە رۆژی 24ی مانگی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عیراق ئاڕاستەی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، «داوا كراوە لە ماوەی (15) رۆژدا كۆپییەك لە هەموو ئەو گرێبەستانە رادەستی وەزارەتی نەوتی عیراق بكات كە لە ساڵی 2004ەوە لە بواری نەوت و غازدا لەگەڵ كۆمپانیاكانی بواری (دۆزینەوە، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، فرۆشتن، هەناردە)ی نەوتدا كردویەتی، لەگەڵ تۆماری داهاتی فرۆش و هەناردەی نەوتی خاو و غاز».
كۆمپانیای (KROC)
لە نووسراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە، «پێدانی كۆپیەك لە گرێبەستەكان، بەمەبەستی تەماشاكردنیانە لەلایەن تیمێكی پسپۆڕ و راوێژكارانی وەزارەتی نەوتی عیراقەوە، بە ئامادەبوونی نوێنەری رێگەپێدراوی حكومەتی هەرێم، هەروەها بەشێكی دیكەی گونجاندنی گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان و هەمواركردنیانە بەپێی یاسا بەركارەكانی عیراق، دواتر دروستكردنی كۆمپانیایەكی نەوت كە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی سەرجەم چالاكییە نەوتی و غازییەكانی لەو كێڵگانەدا پێبدرێت و كۆمپانیاكەش سەر بە حكومەتی ناوەند دەبێت و ناوی لێدەنرێت (KROC) و بارەگا سەرەكییەكەی لەشاری هەولێر دەبێت».
هەرچەندە نزیكەی دوو هەفتەیە ئەو نووسراوەی وەزارەتی نەوتی عیراق ئاڕاستەی حكومەتی هەرێم كراوە، بەڵام تائێستا بە رەسمی هیچ وەڵامێك نەدراوتەوە و هیچ بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمیش قسەی لەبارەوە نەكردووە.
داهاتی نەوت لە ساڵی رابردوودا
ئەو رێكارانەی وەزارەتی نەوتی عیراق لەكاتێكدایە، سەرەتای ئەم مانگە كۆمپانیای دیلۆیت راپۆرتی وردبینی كەرتی نەوت و غازی هەرێمی كوردستانی بۆ ساڵی رابردوو بڵاوكردەوە، كە تیایدا بە داتا و زانیاری نوێ بڕی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی كەرتی نەوتی بۆ هەر چوار چارەكی ساڵی 2021 لە هەرێم خستەڕوو.
بەپێی ناوەڕۆكی ئەو راپۆرتەی كۆمپانیای دیلۆیت، كۆی هەناردە و بەكاربردنی نەوت لە ساڵی رابردوودا 162 ملیۆن و 528 هەزار و 616 بەرمیل نەوت بووە، كە لەو بڕە 152 ملیۆن بەرمیلی لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كراوە. هەروەها كۆی داهاتی فرۆشراوی نەوت بۆ ساڵی 2021، نۆ ملیار و 125 ملیۆن و 987 هەزار دۆلار بووە و لەو بڕەش تەنیا سێ ملیار و 964 ملیۆن و 814 هەزار دۆلار پوختەی داهات بووە، لەكاتێكدا رێژەی لەسەدا 43 پۆینت 4ی داهاتی نەوت، بۆ خەزێنەی حكومەت گەڕاوەتەوە.
بەپێی هەواڵەكەی ماڵپەڕی «عیراق ئۆیەڵ ریپۆرت»، عیراق دەوێت ئەو هەرزانفرۆشییەی كە بە نەوتی هەرێمی كوردستانەوە دەكرێت رابگرێت و هاوشێوەی نەوتی كەركوك و بەسرە، ئەو نەوتەش بە نرخێكی بەرز بفرۆشرێت و پاشان بودجەی تەواوەتی هەرێم بنێردرێت.