جەنگێک لەسەر کێک

10:59 - 2022-11-20
ژینگە
547 جار خوێندراوەتەوە

بورهان ئەمین

هەندێکجار رووداوە مێژووییەکان دەخوێنینەوە کارەساتەکان وەک فیلمی کارتۆن دێنە بەرچاو و شەڕ و ململانێی نێوان وڵات و کۆمەڵگەکان دەبنە جێی سەرنج و مرۆڤ لە ئاستیان تووشی شۆک دەبێت، مێژووی دووری جەنگێکی نێوان هەریەک لە مەکسیک و ئیسپانیا مەرگەساتێکی جەرگبڕ دەگیڕێتەوە، لەساڵی 1821 کاتێک مەکسیک لە ئیسپانیا جیادەبێتەوە لە ناوخۆدا خۆپیشاندان و پشێوی روودەدات، زۆربەی دوکان و بازاڕەکان تاڵان دەکرێن و بیانییە  نیشتەجێبوەکانی ناو مەکسیکیش زیانیان پێدەگات، ئەو کات فەرەنساش بەهۆی ئەو جیابوونەوەیە ناکۆکی لەگەڵ ئەو وڵاتە هەبووە و دانی بە سەربەخۆییەکەیدا نەناوە، لە بەرامبەر ئەو هەڵوێستەی فەرەنسادا مەکسیک دەستی بەسەر هەموو ئەو قەرزانەدا گرتووە کە لە قۆناغی پێش ئەوە لە ئەنجامی باجی زۆری سەر هەناردە و هاوردەی شمەک وکاڵاکانەوە قەرزاری بۆتەوە، ئەمە دیسان کێشەیەکی تر لە نێوانیان دروست دەکات.
دەگێڕنەوە لەساڵی 1828 کاتێک کودەتا سەربازیەکەی سەر» مانوێل گۆمیز» کراوە و رووخاندویانە، حاکمێکی تازە بۆ مەکسیکۆ دانراوە، کەتیبەکانی سوپاو سەربازە توڕەکانی بەشدار لەو کودەتایە زۆربەی دوکانی ناو بازاڕەکانیان تاڵان کردووە، لە نێویاندا دوکانی پیاوێکی فەرەنسی بووە، هەرچی لەو دوکانەدا بووە تاڵانیان کردووە و  بردویانە، لەدوای هێوربوونەوەی بارەکە و دەستبەکاربوونی حکومەت، هاووڵاتییە فەرەنسییەکە کێک و شیرینەکانی ناو دوکانەکەو کەلوپەلەکانی بایی 1000 بیزۆ بووە، بەڵام ئەو داوای 60 هەزار بیزۆ قەرەبوو لە حکومەت دەکاتەوە لەبری ئەوەی لە خۆڕا دوکانەکەی تاڵان کراوە، بۆیە دەسەڵاتی سەربازی ئەو داوایەیان رەتکردۆتەوە و هیچ قەرەبوویەکیان نەداوەتەوە، کابرا پەنا بۆ حکومەتی فەرەنسا دەباو لەوێ داوایەکی یاسایی لەسەر مەکسیک تۆمار دەکات، شا « لویس فیلیپ» شای فەرەنساش بەو دۆسیەیە دەزانێت ئەوەندەی تر توڕە دەبێ بەتایبەتیش کە مەکسیک پارەیەکی زۆر قەرزاری وڵاتەکەی بووە، بۆیە بەفەرمانی شا بڕیار دەدرێت قەرەبووی 600 بیزۆ یان لەسەر حیساب بکەن، مەکسیکییەکانیش بەوە رازی نابن و جارێکی تر ئەو داوایە رەتدەکەنەوە، لەبەرئەوە شای فەرەنسا بڕیاری جەنگێکی سەرتاسەری لە دژیان دەدات.
لە 1838 فەرەنسا کۆنترۆڵی بەندەری فیراکۆرز دەکات کە بنکەیەکی سەرەکی بازرگانی دەرەوە دەبێت، لەم رێیەوە ئابڵوقەی مەکسیک دەدات و سەرۆکیش دەڵێت مادام وایان کرد تازە یەک بیزۆش نادەین، ئەو کێشەیە جەنگێکی گەورەی لێ کەوتۆتەوە و تەنها لەبەری مەکسیک 250 سەرباز کوژراون، جگەلەو زیانە زۆرە مادیەی رۆژانە لە گیرانی ئەو بەندەرەو ئاڵوگۆڕی بازرگانی کەوتۆتەوە.
ئەو جەنگە وایکرد مەکسیک ئابوورییەکەی داڕمێ و سەرەنجام بە نێوانگیری بەریتانیا ملی بۆ داخوازییەکانی فەرەنسا داناو رازی بوو 600 بیزۆکە ببژێرێت، ئەو کەللەڕەقییەی مەکسیکیەکان بۆتە هۆی ماڵوێرانی بۆیان و چەند کێکێک و نەفامی سەرۆکێک لە قەرەبووی هاووڵاتییەک بوونەتە هۆی دروستبوونی جەنگ و مەرگەساتێکی گەورە و وڵاتی پێوە گرفتار بووە، ئەو جەنگە تائێستاش لە دیرۆکی مەکسیکییەکان ناوی دەهێنن و بە گێلایەتی سەرۆکی ئەوکاتەیان وەسف دەکەن.

سەرچاوە:www.Greelane.com

#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان