پەیامی مەکتەبی سیاسی بۆ رۆژی شەهیدی یەکێتی

06:45 - 2022-11-20
کوردستان
386 جار خوێندراوەتەوە

رۆژی شەهیدی یەکێتی، رۆژی کەم ژیان و کەڵ ژیان
تۆماری خەباتی چل و حەوت ساڵەی یەکێتی و شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، لە یەکەم شەهیدەوە تا دواشەهید تۆمارێکی پڕ لە شانازی بێ بڕانەوەی یەکێتییە کە نەخشەی سەرتاسەری نیشتمانی گرتۆتەوە.

 کەسوکار و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان
 لەم رۆژەدا بۆ یادی ئەو هاوخەبات و هاوسەنگەرانەمان کە لە زیندانەکانی رژێمی بەعسی سەدامیدا بە سەربەرزی و بەدەم دروشم و سروودەوە چوونە بەر پەتی سێدارە، یان لە سەنگەرەکانی  بەرگریدا بەوپەڕی جوامێرییەوە سنگیان دایە بەر گوللەی  دوژمن و گیانیان بەخشی بە وڵات و گەلەکەیان، سەری سوپاسگوزاری و ڕێزگرتن دادەنوێنین.
لە مێژووی پڕ لە خەباتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هەموو رۆژەکانی ئەم تۆمارە سەربەرزە پڕیەتی لە بیرەوەری شەهید، لە بەخشین و گیانبازیی رۆڵە و کەسو کار و  هاوخەبات و هاوسەنگەرانمان،بەڵام کە رۆژێکی وەک  21 ی تشرینی دووەممان دیاری کردووە بە ترۆپکی شەهادەت یادی لە سێدارەدانی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانێتی، ئەوان لە سەرەتای دامەزراندنەوە وەک پۆلێکی سەرمەشق گیانیان بەخت کرد و دروشمی( کەم بژی و کەڵ بژی) یان داهێنا، ئیتر  لەو رۆژەوە لە سەنگەری بەرگری لە ناوچە رزگارکراوەکان، لە داستان و نەبەردییەکان، لە زیندانەکان، لە چالاکی  و خۆپیشاندانەکانی ناوشارەکان لە راپەڕین و پڕۆسەی ئازادی عیراق و لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، سەدان وهەزاران رۆڵەی ئەم گەلە  چوونەتە نێو کەژاوەی شەهادەتەوە و لەم دەفتەری پڕ لە شانازییەدا هەموو چین و توێژەکانی کوردەواری دێڕ و دەربڕین و گوزارشتی گیانبازییان هەیە.

 کەسو کاری  سەربەرزی  شەهیدان 
ئەم یادە پڕ لە شکۆیە دەرفەتێکە بۆ جۆشدانەوەی خەباتی رەوای گەلەکەمان و یەکێتییەکەمان، لەپێناوی ماف و دادپەروەری و دیموکراسی و راستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانی لە کوردستان و نەهێشتنی سیاسەتی  جیاوازیکردن لە خزمەت بە ناوچەکانی کوردستان و راگرتنی تاکڕەوی و خۆسەپێنی بەسەر  ئیرادەی خەڵکدا، بۆ ئەوانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەو خەباتەی شەهیدەکانمان جۆشدەداتەوە کە لە پێناویاندا گیانی خۆیان بەخشی . 
 هەر لەم یادەدا لە پای سەنگی یەکێتی بە شانازیکردن، بە شەهیدەکانییەوە، بۆ هەمیشە بەڵێنی بەردەوامیدان بەو کاروانە پڕ لە قوربانیدانە دووپات دەکەینەوە.
بە سەنگی شەهیدانمان سەربەرزین و هەر بەو سەنگەشەوە پێداگری لەسەر سیاسەتی راست و رەوامان دەکەین.

مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی  کوردستان

#مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

بابەتە پەیوەندیدارەکان