ئاژەڵی ماڵی سیمای شاری کەرکوکی ناشیرین کردووە

10:06 - 2022-11-21
ڕاپۆرت
323 جار خوێندراوەتەوە
ئاژەڵە ماڵییەکان لەناو شاری کەرکوکدا بڵاوبونەتەوە

راپۆرتی/ هێمن ئەحمەد

دیاردەیەكی ناشیرین لە كەركوك بەرچاو دەكەوێت. بڵاوبوونەوەی ئاژەڵێكی زۆری ماڵی لەناو لە شەقام و كۆڵانەكانی ئەو شارەدا كە  جگە لە ناشرینکردنی سیمای شار، زیانی مادی زۆری بە شەقام و شوێنە سەوزاییەكان گەیاندووە، بەتایبەتی لەم کاتەدا پڕۆژەی سەوزكردنی كەركوك لە ئارادایە. لە بەرامبەریشدا نە پارێزگا و نە شارەوانی هیچ هەوڵێكیان نییە بۆ چارەسەركردنی.
سمكۆ محەمەد، دانیشتوی گەڕەكی زێوێی شاری كەركوكە، دەڵێت: بەهۆی نزیكیمان لە رووباری خاسەی كەركوكەوە بەشێكی زۆر لە گۆشتفرۆش و خەڵكەكەی سەرقاڵن بە بەخێوكردنی ئاژەڵی ماڵی و شیردەر لە نێو ماڵ و كۆڵانەكاندا، لە شەودا بۆن و بەرامێكی ناخۆش و مێش و مەگەز و مێشوولەی زۆر بڵاودەبنەوە و دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراوجۆر بەتایبەتی لە سەردەمی كۆرۆنادا هۆكارێك بوون بۆ زوو تەشەنە كردنی ڤایرۆسەكە.

نەبوونی گەوڕی پێویست
عەبدوڵڵا مەجید، لە گەڕەكی پەنجاعەلی نیشتەجێیە، وتی: هۆکاری بەشێكی زۆری بەخێوكردنی ئاژەڵ لە ماڵەکان  و سەرشەقام و ناو شارەکەدا بۆ نەبوونی شوێنی تایبەت بۆ ئەو ئاژەڵانە دەگەڕێتەوە، پەنا دەبەنە بەر بەرەڵاكردنیان لە شەقام و كۆڵانەكاندا، هەندێكیان لە بەیانییەكی زووەوە تا ئێوارەیەكی درەنگ دەسوڕینەوە و خەڵكی و دوكاندارەكان بێزار دەكەن، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین ئەم دیاردەیە بنبڕ بكەن و سزای خاوەنەكانیان بدەن یان دەستبەر ئاژەڵەكانیاندا بگرن، چونكە بەردەوامبوونی ئەم دیاردەیە سیمای ناو شاری كردووە بە گوند.

هەڵمەتەكان بەردەوام دەبن
سامان یابە عەلی بەڕێوەبەری راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك، رایگەیاند: ماوەیەك پێش ئێستا لە كاتی بڵاوبوونەوەی پەتای خوێنبەربووندا بەهاوبەشی لەگەڵ ڤێتەرنەری كەركوك و دەزگا ئەمنییەكان هەڵمەتێكی فراوانمان كرد، ئەو گەوڕ و شوێنانەی ئاژەڵی ماڵی و شیردەری تێدا بەخێو دەكرا بەتایبەتی لە بەشی  ناوەڕاست و خوارەوەی كەركوك دەستی بەسەردا گیرا و دواتر لەلایەن تیمەكانەوە رووخێندران، بەڵام دیاردەكە جارێكی تر بەشێوەیەكی بەرفراوان سەریهەڵدایەوە و پێویستی بەهەڵمەتێكی فراوانتر هەیە بۆ بنبڕكردنی و سزا و دەستبەراگرتنی ئەو ئاژەڵانەی  لەناو شەقام و كوچە و كۆڵانەكاندا دەسوڕێنەوە.

هۆكاری گرنگن بۆ نەخۆشی
شوان عەلی، پزیشكی ڤێتەرنەرییە و كلینكی لەسەر رێگەی كەركوك ـ سلێمانی هەیە، رایگەیاند: بەڕەڵاكردن و بڵاوبوونەوەی ئاژەڵی شیردەر بەتایبەتی مانگاو مەڕو بزن و كۆبوونەوەیان لەسەر خۆڵ و خاشاكی ماڵان كارەساتە، چونكە بەرهەمەكەی مرۆڤ دەیخوات وەكو شیرو گۆشتەكەی ئەمەش هۆكارێكە بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی جۆراو جۆر، چونكە بەهۆی سوڕانەوەیان لەناو شەقامەكاندا بەئاسانی نەخۆشی بڵاودەكەنەوە و یاریدەدەرێكی گرنگن بۆ ئەوەی  ببنە هۆی تەشەنەكردنی نەخۆشی لە پارێزگاكەدا، جگە لەوەی هەندێك لەو خواردنانەی دەیخۆن ژەهراوین، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ.

لیژنەكان بەردەوامن لە چاودێركردن
یەكێك لە ئەندامانی لیژنەكانی قائیمقامیەتی كەركوك، رایگەیاند: لیژنەكانی قائیمقامیەتی و شارەوانی و تەندروستی كەركوك هەڵمەتی دەستبەسەراگرتنی ئاژەڵ و ئەو ئاژەڵانەی لە دوكاندا سەردەبڕدرێن دەکەین، بەڵام لەبەرئەوەی یاسایەكی بنبڕ نییە بۆ سزادانیان، بەردەوام دیاردەكە سەرهەڵدەداتەوە، پێویستی بە بەرنامەی درێژ خایەن هەیە ئەویش بەندكردن، پێبژاردنی ئەو سەوزاییانەی لەلایەن ئاژەڵەكانیانەوە نامێنن، پێویستە لەسەر خاوەن ئاژەڵەكان بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی كەركوك قەرەبوو بكەنەوە لەپاڵ سزاكانیاندا، بۆ ئەوەی دووبارەی نەكەنەوە، چونكە ئێستا وەرزی چاندنە.

رۆڵی راگەیاندن 
وتیشی، پێویستە لەسەر دەزگاكانی راگەیاندن هەڵمەتێكی فراوان لەسەر ئەو ئاژەڵانەی سەر شەقام و ناو كۆڵانەكان دەسوڕێنەوە رابگەیەنن و خەڵكی هۆشیار بکەنەوە لە زیانە ژینگەیەکانی و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە كوشندەكان، بەتایبەتی نەخۆشی پەتای خوێنبەربوون كە بەشێوەیەكی بەرفراوان لە هەموو عیراقدا بڵاوبووەتەوە و لە كەركوكیش پێش ماوەیەك چەند كەسێك بەو پەتایە گیانیان لەدەستدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان