ئێمە بۆ چ شتێك دەژین؟

10:56 - 2022-11-21
ڕاپۆرت
525 جار خوێندراوەتەوە
ئابراهام مەزلو

ئامادەكردنی/ جەواد حەیدەری 

لەم دواییانەدا كوالێتی ژیان بۆتە یەكێك لە بابەتە سەرنجڕاكێشەكان و سەرنجی زۆرێك لە لێكۆڵەرانی بۆلای خۆی راكێشاوە، بەڵام بەڕاستی كوالێتی ژیان مانای چییە؟ ئایا لە روانگەی ئێمەوە پێناسە دەكرێت؟ یان بە واتای ئاستی داراییە؟ شتێكە كە لە سروشتی ئێمەدایە، یان لە ژێر كاریگەری پەروەردەدایە. لە راستیدا كوالێتی ژیان بە سەرنجدان بەو حاڵەتانەی لە سەرەوە باسكران لە حاڵەتی دیكەشدا دەكرێت پێناسە بكرێت. 

مێژووی سەرهەڵدانی چەمكی كوالێتی ژیان
مێژووی سەرهەڵدانی چەمكی كوالێتی ژیان بۆ سەردەمی ئەرستۆ ساڵی 385 پ.ز دەگەڕێتەوە. لەو سەردەمەدا ئەرستۆ پێی وابوو كە ژیانێكی باش یان جێبەجێكردنی كارەكان بە باشی بەواتای خۆشی دەگەیەنێت. ئەو چەمكە سەرەتا لە بوارەكانی تەندروستی و نەخۆشییە دەروونییەكان وەك شتێكی سنووردار لە قەڵەمدەدرا. بەڵام لە 20 ساڵی رابردوودا لە بوارەكانی تەندروستی، ژینگە و دەروونناسیدا بەكارهێنراوە و بەرەو چەمكێكی چەند لایەن و ئاست بەرز بۆتەوە.
بەپێی پێناسەی رێكخراوی نێودەوڵەتی تەندروستی، پێناسەی كوالێتی ژیان، تێگەیشتنی مرۆڤەكانە لە پێگەی خۆیان لە ناو كەلتوور و ئەو سیستمە بەهادارەی كە تێیدا دەژین و لە پەیوەندی لەگەڵ ئامانج و چاوەڕوانی و ستاندار و نیگەرانیدا پێناسە دەكرێت. كوالێتی ژیان مانای ئەوەیە كە مرۆڤ رازی بێت لەو ژیانە باشەی كە تێیدایە. ئەو هەستەی كە لە رازی بوون لە بوارە جیاوازەكانی ژیانی كەسەكان بەدی دێت. لەوانە:  داهات و هەبوونی پیشە، هەست بە متمانەبەخۆ و نەفس بەرزی، دروستكردنی پەیوەندییەكی كۆمەڵایەتی تەندروست، خۆگونجاندن و نەرمونیانی لەگەڵ ژینگە، هەست بە ئارامی و خۆشی. 

ئابراهام مەزلو
ئابراهام مەزلو باوكی زانستی دەروونناسی مرۆڤگەرایی، تیۆرییەكی سەبارەت بەپێداوستییەكانی مرۆڤ و رۆڵی ئەو پێداویستیانە لە ژیاندا خستۆتەڕوو كە ئێمەش ئاماژەی پێدەكەین.
 ئابراهام لە تیۆرییەكەی خۆیدا زنجیرە پێداویستییەكانی مرۆڤ لە سەر ئاستی نزم و ئاستی بەرز دەخاتەڕوو. نزمترین ئاست پەیوەندی بە ئەنگیزەی فیزیۆلۆژییەوە هەیە و لەسەر ئاستی باڵاش ئەنگیزە دەروونناسییەكان دەخاتەڕوو و پێی وایە ئاستە باڵاكان كاتێك گرنگی پەیدا دەكەن كە پێداویستییە سەرەتاییەكان دابین بكرێن.
 بەڕای ئابراهام، مرۆڤ پێنج پێداویستی هەیە، ئەوانیش بریتیین لە پێداویستییە فیزیۆلۆژییەكان، ئاسایش و بەرگری، هۆگریی و میهرەبانی، رێز، گەشەپێدانی خود. هەموو ئەوانەش لە غەیزەوە سەرچاوە دەگرن.
دوو جۆر پێداویستی ژیان
ئابراهام تایبەمەندییە جیاوازییەكانی ئەو پێداویستیانەی شرۆڤە كردووە. هەر یەک لە نزمترین ئاستی هەرەمەكە بێت، بەهێزیی و توانای زیاتر دەبێت و پێداویستییە باڵاكان لاواز و بێهێزن. پێداویستییە باڵاكان لە تەمەنی گەورەییدا دەردەكەون، لە كاتێكدا پێداویستی فیزیۆلۆژیی و هۆگریی و میهرەبانی لە سەردەمی منداڵیدا دەردەكەون. بۆ نموونە پێداویستییەكانی  هۆگریی و رێز لە مێردمنداڵیدا دروست دەبن و لە تەمەنی گەورەییەدا دروست نابێت. چونكە پێداویستییە باڵاكان بۆ مانەوە زەرورەتێكی كەمتریان هەیە و تێربوونی ئەو پێداویستییانە دەكرێن دوا بخرێن، چونكە ناكامڵبوون لە تێركردنی پێداویستییە باڵاكان نابنە هۆی قەیران، بەڵام هاوكات ناكامڵبوون لە تێركردنی پێداویستییە نزمەكان دەبنە هۆی دروستبوونی قەیران. هەر بۆیە ئابراهام پێداویستییە نزمەكان بەپێداویستی كەموكورتی لە قەڵەم دەدات. 
 ناكامڵبوون لە تێركردنی پێداویستییەكان دەبێتە هۆی كەموكورتی لە تاكە كەسدا. هەرچەندە پێداویستییە باڵاكان بۆئەوەی زیندوو بمێنەوە زۆر پێویستیان بە مانەوە نییە، بەڵام بۆ مانەوە و گەشەكردن یارمەتیدەرن. تێركردنی پێداویستییە باڵاكان كۆمەك بە باشبوونی تەندروستی دەكات. هەر بۆیە ئابراهام پێداویستییە باڵاكان بە پێداویستییەكانی گەشە یان «بوون» ناوەزد دەكات. پێداویستییە باڵاكان لە بواری دەروونناسیشدا زۆر بەسوودن. تێركردنی پێداویستییە باڵاكان شادی و خۆشی و رازی بوونی لێدەكەوێتەوە.  پێداویستییە باڵاكان زیاتر پەیوەندی بەهەلومەرجی دەرەكی (كۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی) هەیە. بۆ نموونە بەدواداچوون بۆ گەشەكردنی خود بە بەراورد لەگەڵ پێداویستییەكانی وەك ئاسایش و ئازادی ڕادەربڕین، پێویستی بەتوانای زیاتر هەیە. 
پێداویستییە فیزیۆلۆژییەكان
پێداویستییە فیزیۆلۆژییەکان هەموو پێداویستییە سەرەتاییەكانی مرۆڤ دەگرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەی مرۆڤ بوونی خۆی بپارێزێت، وەك لابردنی برسێتی و تینوێتی و پێویستی بەئۆكسیجن بۆ هەناسەدان. بیهێنە بەرچاوی خۆت، كە خەریكە نوقم دەبیت و هەست بەخەفە بوون دەكەیت، یان ماوەیەكی زۆرە خۆراكت نەخواردبێت، لەم حاڵەتەدا پێویستی بە رێز و سۆز لە لایەن كەسانی دیكەوە بۆ تۆ كاڵتر دەبێتەوە. لە كاتی تێركردنی ئەو پێداویستیانەدا، مرۆڤ دەتوانێت گرنگی بە پێداویستییەكانی تر بدات. ئەم حاڵەتە دۆخی زۆربەی مرۆڤەكان لە وڵاتانی خۆشگوزەران و پیشەسازی دەردەخات، چینی مامناوەند بەدەگمەن بیر لە تێركردنی پێداویستییەكانیان بۆ مانەوەی خۆیان دەكەنەوە. لەناو ئەو كەلتورانەی كە خەڵكەكەی بیر لە پێداویستییە سەرەكییەكان بۆ مانەوەی خۆیان دەكەن، پێداویستییە فیزیۆلۆژییەكان وەك هێزێكی جووڵێنەر و بزوێنەر كاریگەرییەكی زیاتر لە سەر مرۆڤەكان دادەنێت و مرۆڤەكان بەتەواوەتی بیر لە مانەوەی خۆیان دەكەنەوە و لەو پێناوەشدا خەبات دەكەن. 

پێویستی بە ئاسایش 
بە تەمەنەكان لە بواری كوڵ و گوڕوتینەوە تەندروستن، هەروەها ئەوان پێداوستییەكانی خۆیان لەباری ئاسایش زۆرتر دابین دەكەن و پێویستیان بەدۆخێكی سەقامگیر و ئاسایش و بەدوور لە ترس و نیگەرانی هەیە. پێویستی بەئاسایش بە ئاشكرا لە هەڵسوكەوت منداڵان دەبیندرێت، چونكە كاتێك هەڕەشە لە ئاسایشی منداڵان دەكرێت دەستبەجێ پەرچەكردار لە خۆیان نیشان دەدەن، بەڵام بەتەمەنەكان بۆ رێگری لە پەرچەكردارەكان لە دۆخە مەترسیدارەكان، شێوازگەلێك فێربوون و خۆیان دەپارێزن. 
لە لایەكی ترەوە كەسانی بەتەمەن لە باری دەروونییەوە ئازار دەكێشن و هەست بە نائارامی دەكەن پێویستیان بە نەزم و پێكهاتەیەك هەیە، چونكە پێداویستییە ئەمنییەكان بەسەر كەسایەتی ئەواندا زاڵە، چونكە ئەو كەسانەی كە لە باری دەروونییەوە نائارامن، بەبێ ویستی خۆیان و بەشێوەیەكی وەسواسی خۆیان لە ئەزموونە نوێیەكان بەدوور دەگرن. ئەوان دنیای خۆیان بەشێوەیەك رێكخستووە كە قابیلی پێشبینییە و كات و سات و هەروەها سامان و دارایی خۆیان رێكدەخەن. ئابراهام پێی وایە ئەگەرچی زۆربەی بەتەمەنەكان پێداویستییە خۆپارێزییەكانیان دابین دەكەن، بەڵام ئەگەری هەیە كە ئەو پێداویستیانە ئێستاش كاریگەریان لەسەر هەڵسوكەوت و ئاكاری ئەوان هەبێت. زۆرێك لە ئێمە دۆخێكی قابیلی پێشبینی كراومان پێ باشترە لە دۆخێكی نادیار و بێسەرەوبەرە. ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیەی كە دەمانەوێت نەبێت، ئەوا تووشی هەڵچوون و شڵەژان دەبین و هەست بە مەترسی دەكەین و بەوەها هەستێكی نائەمن و شڵەژاو ناتوانین كارەكانمان بكەین.

پێداویستییەكانی هۆگری و سۆز 
دوای دابینكردنی پێداویستییە فیزیۆلۆژییەكان و ئەو پێداویستیانەی كە پەیوەندی بەئاسایشەوە هەیە، مرۆڤ پێویستی بەهۆگری و عەشق هەیە. مرۆڤ بەدوای پەیوەندییەكی نزیك و نەرمونیاندا دەبێت و هەوڵدەدات خۆی بەگرووپە جیاوازەكانی (خێزان، گرووپە پیشەییەكان، دراوسێ، هاوڕێ و دۆستان) گرێبدات. تێركردنی پێداویستییە هۆگرییەكان لە ناو ئەو كۆمەڵگایانەی كە بەشێوەیەكی بەرچاو لە گۆڕانكاریدان زۆر سەخت و دژوارە. ژمارەیەكی كەم لە ئێمە لەو گەڕەكەی كە تێیدا گەورە بووین و تێیدا دەژین و هاوڕێكانی قوتابخانەمان پاراستووە. لەبەرئەوەی كە ئێمە بە بەردەوامی قوتابخانە و پیشە و هاوڕێ و كۆمەڵگەی خۆمان دەگۆڕین، ئیمكانی ریشەداكوتان و پەروەردەكردنی هەستی هۆگری لە ئێمەدا نامێنێت. هەندێك لە كەسەكان هەوڵدەدەن پێویستی بەهۆگری و سۆز بەشێوازگەلێكی دیكە دابین بكەن، بۆ نموونە، دەچنە یانەیەكی وەرزشی، یان پۆلێك کە ناوی خۆیان تۆماردەكەن یان لە بەشە خزمەتگوزارییەكان خۆبەخشانە كاردەكەن. پێویستی بەسۆز وەرگرتن یان سۆز بەخشین لەڕێگەی دروستكردنی پەیوەندییەكی نەرمونیان و دۆستانە لەگەڵ كەسانی دیكە دابین دەكرێت. ئابراهام سۆز و خۆشەویستی لەگەڵ حەزی سێكسی، كە پێداویستییەكی فیزیۆلۆژییە وەك یەك دانانێت، بەڵام پێی وایە كە حەزی سێكسی رێگەیەكە بۆ دەربڕینی نیازی عەشق و هۆگری. ئابراهام پێی وایە كە هۆكاری سەرەكی نەگونجانی ناخەكی بۆ تێرنەبوونی پێداویستی سۆز و عەشقە. 

پێویستی بە رێز
دوای ئەوەی كە هەستمان كرد كە خۆشیان دەوێین، هەست بەهۆگری دەكەین و لەو بارەیەشەوە دوو جۆر هەست بەپێویستی رێز لە خۆماندا دێتە ئاراوە. 
1- بەدەستهێنانی رێز لە لایەن ئەوانی دیكەوە، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە كە  بەها بۆ كەسایەتی و پێگە و سەركەوتنە كۆمەڵایەتییەكانی ئێمە دابنرێت و رێزی لێ بگیردرێت. 
2- رێزگرتن لە خود، ئێمە پێویستمان بەوە هەیە كە بەها بۆ عیزەتی نەفسی خۆمان دابنێین و جێی رێز بین، تێركردنی پێداویستی عیزەتی نەفس رێگەدەدات كە ئێمە لە توانا و بەهرە و بەها و لێهاتوویی خۆمان دڵنیابین. ئەم حاڵەتانە یارمەتی ئێمە دەدەن تا لە بوارە جیاوازەكانی ژیاندا هەست بەڕازی بوونێكی زیاتر بكەین و شایستەتر و كاریگەرتر هەنگاو بنێین، لە ئەگەری نەهاتنە دی ئەم حاڵەتانە، هەست بە بێتوانایی و نائۆمێدی دەکەین و توانای بەرەنگاربوونەوەمان نابێت.   

ئێمە بۆچی دەژین؟
وەرن وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە كە دەڵێت: ئێمە بۆچی دەژین؟ چۆن دەتوانین ئەزموونی ژیانێكی باش بكەین، یان بەواتایەكی دیكە، چۆن كوالێتی ژیانی خۆمان بەرز بكەینەوە؟ ئەمە پرسیارێكی سەرنجڕاكێشە و هاوكاتیش وەڵامەكەی سەخت و دژوارە.
 ئێمە دەژین، چونكە هەر لە منداڵییەوە لەوە تێگەیشتووین كە زیندووین و هۆكاری زۆریش هەیە بۆئەوەی درێژە بەژیان بدەین. راستییەكەی ئەوەیە كە زۆر شت لە ژیاندا هەن كە تام و چێژ و خۆشی بە ئێمە دەدەن بۆ ئەوەی هەست بە بەختەوەری بكەین. تەنانەت ئەو كاتانەی كە زۆر دڵخۆشین یان دڵتەنگین، بەڵام هێشتا لە بەر زۆر شتی خۆش، دەتوانین بژین و هاوكات هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو خۆشیانەش بدەین. 
ئێمە دەژین، چونكە كەسانێك هەن كە ئێمەیان خۆش دەوێت و هەروەها كەسانێكیش هەن كە ئێمە خۆشمان دەوێن و ئەمەش كاریگەری لەسەر كوالێتی ژیانی ئێمە دەبێت. دەژین چونكە دەمانەوێت زۆر شت پەیدا بكەین و زۆر شتیش فێر بین و بتوانین ئەو كارانەی كە پێمان خۆشە بیكەین. دەژین، چونكە كەسانێك هەن كە ئێمەیان دەوێت و ئێمەش دەمانەوێت لە تەنیشت ئەواندا بژین. دەژین چونكە هیوا و ئومێدمان هەیە و دەمانەوێت ببینین كە لە داهاتوودا چی روودەدات. ئێمە گەرەكمانە بژین چونكە دەزانین كە ژیان لە باشترین حاڵەتدا زۆرباش دەبێت، چونكە باشترین حاڵەت خودی خۆمانە و ئەمەش هۆكارێكی گەورەیە بۆ ئەوەی بژین. 

سەرچاوە/ روزنامە ایران

بابەتە پەیوەندیدارەکان