هەرێم و پۆڵەندا پەیوەندییە کەلتورییەکانیان گەشەپێدەدەن

10:01 - 2022-11-22
ڕاپۆرت
771 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی: جێگر خدر 

دامەزراوەی رایەڵ چەند یاداشتێکی رەسمی لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندا واژۆ دەکات و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا گروپێک لە گەنجانی ئیدارەی راپەڕین بە مەبەستی گەشەپێدانی تواناکانیان دەنێردرێنە ئەو وڵاتە.
واژۆکردنی چوار یاداشت لە نێوان هەردوولادا
دوای بانگهێشتکردنی شاندێکی باڵای وڵاتی پۆڵەندا بۆ هەرێمی کوردستان، نوێنەرایەتی دامەزراوەی رایەڵ لە وڵاتی پۆڵەندا، چەند یاداشتێکی رەسمی لەگەڵ هەر یەک لە پارێزگاری شاری پۆلسک، بەرێوەبەرایەتی منداڵانی پۆلسک، گروپی گۆرانی و سەمای سکاوت، کۆمەڵەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا لە شاری پۆلسکی وڵاتی پۆڵەندا واژۆ کرد. خالید قادر سەرۆکی دامەزراوەی رایەڵ بۆ ئاڵوگۆڕی کەلتوری و گەشەپێدانی مرۆیی رایگەیاند: لە سەرەتای مانگی9ی ئەمساڵ دامەزراوەکەمان شاندێکی پۆڵەندی بانگێشتی هەرێمی کوردستان کرد، شاندەکە پێکهاتبوو لە پارێزگاری شاری پۆلس و بەشێکی دیکە لە بەرپرسانی ئەو پارێزگایە،  هەریەک لە پارێزگارەکانی هەولێر، سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران و چەند زانکۆ و دامەزراوەیەکی دیکەی بەسەرکردەوە، ئەنجامی دیدارەکان ئەو لێکتێگەیشتنانە بوو نوێنەری ئێمە لەگەڵ وڵاتی پۆڵەندا و بەدیاری کراوی شاری پۆلسکی لێکەوتەوە. 
گروپێک لە گەنجانی راپەڕین دەنێردرێنە پۆڵەندا
 سەرۆکی دامەزراوەی رایەڵ وتیشی، پەیوەندییەکانمان گەشەکردنی باش بەخۆیەوە دەبینێت، لە ئایندەیەکی نزیکدا لە رێگەی دامەزراوەی رایەڵەوە شاندێکی فەرمی دەڤەری راپەرین سەردانی ئەو وڵاتە دەکات و لە نزیکەوە لەگەڵ بەرپرسانی شاری پۆلسکی پۆڵەندا دادەنیشن و کار بۆ برەودانی زیاتر بە ئاڵوگۆڕی کەلتوری هەردوولا دەکرێت، دواتریش گروپە هونەریەکانی کوردستان بەشداری فێستیڤاڵەکانی شاری پۆلسک دەکەن، هەروەها گروپەکانی گەنجان لە کوردستانەوە دەنێردرێتە پۆڵەندا بەمەبەستی بەشداریکردن و لەنزیکەوە بینینی وەرشەی کارە جیاوازەکان و گەشەپێدانی توانای گەنجان.
 وتیشی، لە رێگەی پڕکردنەوەی فۆرمەوە، کە ئەم هەفتەیە رادەگەیەنرێت، وەک یەکەمین هەوڵ بۆ سوود وەرگرتن لە تواناکانی وڵاتی پۆڵەندا 20گەنج و تازە پێگەیشتووی سنووری ئیدارەی راپەڕین، وامان دیاریکردووە، تەمەنیان لەنێوان 15بۆ 20ساڵیدا بێت، کە تەمەنێکی شیاوە بۆ فێربوون و ئەزموون وەرگرتن بنێرێنە ئەو وڵاتە، ئەمەش بە ئامانجی بەرەوپێشبردنی تواناکانیان لە رێگەی وۆرکشۆپ و وەرشەی کارەوە. ئاماژەشی کرد، مەرجی سەرەکیمان بۆ ئەو گەنجانە گەڕانەوەیانە بۆ کوردستان و بەگەڕخستنی ئەو ئەزموونەیانە کە لەو وڵاتە وەریدەگرن، نوێنەری ئێمە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی شاری پۆلسک هەیە و هەوڵ دەدات ئەو گەنجانە کارێک فێربن کە سوودی هەبێت بۆ وڵاتی خۆمان.
دیاری، گەنجێگی دانیشتووی رانیەیە و تەمەنی 19 ساڵە، خۆی ئامادەکردووە تا ئەو فۆڕمە پڕبکاتەوە، وابڕیارە دامەزراوەی رایەڵ بۆ گەنجانی سنوورەکەی رابگەیەنێت بە مەبەستی گەشتی وڵاتی پۆڵەندا لە مانگی 2ی ساڵی داهاتوو بۆ فێربوونی کاری نوێ و ئەزموونی نوێ، دەشلێت»دڵخۆشم هەوڵێکی لەو جۆرە هەیە، بابەتی چوون بۆ وڵاتێکی دیکە و ئەزموون وەرگرتن لە تەواوی دنیادا هەیە و کارێکی زۆر باشە، بێگومان وڵاتێکی ئەوروپی وەک پۆڵەندا، وڵاتێکی پێشکەوتووە و دڵنیام من یان هەر کەسێکی دیکە بچێت سوودی لێوەردەگرێت. 
ئەمساڵ فێستیڤاڵی کەلتورە جیاوازەکان بەڕێوەناچێت 
فێستیڤاڵی کەلتورە جیاوازەکان کە لە ساڵی 2010وە لە رانیە بەڕێوە دەچێت، ئەمساڵ ئەگەرچی تەواوی ئامادەکارییەکانیان کردبوو بەڵام بەڕێوەبەری سەنتەری رایەڵ، کە سەنتەرەکەیان رێکخەری ئەو فێستیڤاڵەیە رایدەگەیەنێت، ئەمساڵ بەڕێوەناچێت، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان تەواوی ئامادەکارییەکیان کردبوو، تەنانەت ئەو گروپ و کەسایەتییانەی بەشداری فێستیڤاڵەکە بوون لە رۆژێک پێش دەستپێک گەیشتبوونە هەرێمی کوردستان و بڕیار بوو لە29/9 فیستیڤاڵەکە بەڕێوەبچێت، بەڵام رووداوی هێرشکردنە سەر پارتە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان وایکرد وەزارەتی رۆشنبیری سازدانی دوابخات بۆ کاتێکی دیکە.
لە ماوەی 12ساڵی رابردوو، حەوت فێستیڤاڵ لە شاری رانیە بەڕێوەچوون، ئامانج لێی ئاڵوگۆڕکردنی کەلتوری جیاوازە، بەشدارانی ساڵانی رابردوو لە ناو خۆی هەرێم و بەشەکانی دیکەی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ و تەنانەت وڵاتانی دوورە دەست و کەلتور جیاواز پێکهاتبوون، وابڕیار بوو ئەمساڵیش لە 29/9 بەشێوەیەکی فراوانتر بەڕێوەبچێت، جگە لە رانیە و پشدەر بەشێکی فێستیڤاڵەکە ببرێتە هەولێر و سلێمانی.
بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە دەڵێت: بە چاودێری راستەوخۆی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی رۆشنبیری حکومەتی هەرێم، تێکڕای ئامادەکارییەکان کرابوون، میوانانی بەشدار لە وڵاتانی دەرەوە هاتبوونە هەرێم، خەرجییەکی زۆر کرابوو، نەتواندرا لەمساڵدا ئەو خەرجییە زۆرە بکرێت، بۆیە بڕیار درا ساڵی داهاتوو بەشێوەیەکی فراوانتر و گشتگیرتر بەڕێوەبچێت، بۆ ئەمەش رێکخەرانی فیستیڤاڵەکە لە ئێستاوە ئامادەکارییەکانیان دەستپێدەکەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان