د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، دوێنێ لە بەغدا پێشوازیكرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەفدی هاوڕێی.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، مەسەلەی ئاوارەكان و ئەو بارودۆخە سەختەی ژیانیان كە لە كەمپەكانی ئاوارەدا بەڕێی دەكەن گفتوگۆی لەبارەوە كرا، هەروەها رێكەوتن لەسەر پێویستیی كاری هاوبەش بۆ باشتركردنی بارودۆخی ژیانیان و هەوڵی هاوبەش بۆ زامنكردنی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ زێدی خۆیان.
پێشهاتەكانی بارودۆخی ئەمنی، سیاسی و ئابووری تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو، هاوكات پاڵپشتیی هەنگاوەكانی حكومەتی نوێیان كرد لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی، كە ئامانج لێی دابینكردنی پێداویستیی هاووڵاتییانە بۆ باشتركردنی بارودۆخی ژیان و دابینكردنی خزمەتگوزاریی بۆیان. هەروەك باس لە پەیوەندییەكانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ كرا، كە پێویستە لەسەر بنەمای رێزگرتنی یەكتر و بەرژەوەندیی هاوبەش بنیاتبنرێت، لەو چوارچێوەیەشدا جەختیانكردەوە لەسەر هەوڵە هاوبەشەكان بۆ پاراستنی سەقامگیری و سەروەریی عیراق.
سەبارەت بە هەوڵەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و روبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش، «گرنگیی هەماهەنگی و هاریكاریی هاوبەشی نێوان هەموو هێزە ئەمنییەكان دووپاتكرایەوە بۆ قەڵاچۆكردنی تیرۆر و لەناوبردنی حەشارگەكانیان بەشێوەیەك كە ژیانی هاووڵاتیان و ماڵ و موڵكیان پارێزراوبێت».
هەر لەدیدارەكەدا، تاوتوێی مەسەلە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم كرا، هەردوولا جەختیانكردەوە لەسەر پێویستیی پەسەندكردنی دیالۆگی بنیاتنەر و پەلەكردن لە پەسەندكردنی قانوونە هەڵپەسێردراوەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و گەیشتن بە چارەسەر بەگوێرەی دەستوور و ئەو قانوونەی كە دادپەروەریی كۆمەڵایەتی و یەكسانی لە نێوان هەموو پێكهاتەكاندا بەدەستدەهێنێت و پێداویستییەكانیان دابین دەكات.