یەکەم پارێزگاری سلێمانی لە سەردەمی پاشایەتیدا

10:26 - 2022-11-23
کەلتور
29 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد بەگ یەکەم موتەسەڕیفی سلێمانی

سارا محەمەد عەلی 

ئەحمەد بەگی کوڕی تۆفیق بەگی تابوور ئاغاسی کوڕی محەمەدی ساڵح بەگی سلێمان پاشای قەواس – غەواصە لە بنەماڵەی خەندانە، خەندان باپیرە گەورەیانە لە هەمانکاتیشدا ئامۆزای شەریف پاشا و حەسەن پاشای خەندانە، ساڵی 1898 لە سلێمانی لە دایکبووە، یەکێک لە پیاوە ناودارەکانی سەدەی بیستەم و کەسایەتێکی دیاری سلێمانی بوو. تۆفیق بەگ لە شەڕی نێوان عوسمانی و روسەکاندا شەهید بووە، تۆفیق بەگ دوو ژنی هێنابوو، یەکێکیان لە عەشیرەتی دەلۆ  ناوی حەبیبە خانی دەلۆ بوو، هەروەها کچی یەکێک لە ئاغاکانی ناوچەی پشدەریشی بە ناوی حەلیمە خانی مەمەند ئاغای پشدەر هێنابوو. ئەحمەد بەگ کوڕە گەورەی تۆفیق بەگ بوو، لە دوای مردنی باوکی تەمەنی 18 ساڵ تێپەڕی نەکردبوو، بەرپرسیارێتی خێزانەکەی لە سێ خوشک و سێ برا لە ئەستۆگرت. ئەحمەد بەگ لە موسڵ و کەرکوک و سلێمانی لای مامۆستای تایبەت خوێندوێتی، قۆناغی سەرەتایی و ئامادەیی لە سلێمانی خوێندووە، ئەعدادیەی موڵکیی لە ساڵی (1914) تەواوکردووە. ئەحمەد بەگ بێجگە لە زمانی دایک، زمانی عەرەبی و فارسی و تورکی زۆرباش زانیووە، جگە لەوانە هەندێک ئینگلیزی و فەرەنسیشی زانیووە. زمانزانیی ئەحمەد بەگ خاڵی ئەرێنی دەرکەوتن و سەرەنجڕاکێشانی دەوروبەرەکەی بووە، هەروەها پەیوەندییەکی بەهێز و بەرفراوانی لەگەڵ کاربەدەستانی بیانی و پیاوانی حکومەت دروستکردووە، لەبەرئەوە چەندین پۆستی کارگێڕیی وەرگرتووە . یەکێک بوو لەو کەسانەی کە مێجەرسۆن تا ماوەیەک کردی بە بەڕێوبەری سورداش.
 
ئەحمەد بەگ دەبێتە موتەسەڕیف
ساڵی 1921 خۆی بۆ ئەندامی بەڕێوەبردنی سلێمانی هەڵبژارد، بەڵام سەرنەکەوت .لە 18/5/1923 ئەدمۆنز ئەحمەد بەگی بە سەرپەرشتی فەرمانگە شارستانییەکانی ناوشار دیاریکردووە ، دواترو لە 7/6/1923 ئینگلیز کردوویەتی بە ئەندامی تەشکیلاتی حکومەت، بەڵام دوای سێ رۆژ دەستیان لەم فرمانە هەڵگرتووە. ئەحمەد بەگ لە 17/6/1923 چووە کەرکوک، دواتر و لە ساڵی 1924 وەک نوێنەرو نائیبی لیوای سلێمانی بۆ ئەنجومەنی دامەزراندن (تەئسیسی ) دەستنیشانکرا .ئەحمەد بەگ لە 17/6/1923 سلێمانی جێهێشت و نەگەڕایەوە، کاتێک هاتەوە بۆ سلێمانی یاوەری کاروانی لەشکرەکان لیڤی بوو. لە رۆژی هەینی 21 تەمموزی1922، دوای نوێژی نیوەڕۆ لە مزگەوتی سەید حەسەن موفتی  هەڵبژاردنی دەستەی بەڕێوه‌بردنی جەمیعەتی کوردستان لە سلێمانی سازدرا، ئەحمەد بەگ وەک ئەندامی دەستە هەڵبژێردرا. هەروەها دواتر بە  بڕیاری مێجەر گۆڵد سمیس حاکمی سیاسی ئینگلیز لە 5/9/1922 بۆ ئەوەی سلێمانی چۆڵبکەن، ئەحمەد بەگ یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی شەش کەسی بۆ بەڕێوه‌بردنی لیوای سلێمانی. لە 7/3/1925 کاپتن چاپمان جێگەکەی بۆ ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ چۆڵکرد و وەک یەکەم موتەسەریفی لیوای سلێمانی سەردەمی پاشایەتی لە عیراق دیاریکرا .ئەحمەد بەگ تا 9/4/1927 لەو پۆستە مایەوە، دواتر لە دوای ئینگلیز دەستی لە موتەسەریفی کێشایەوە. 
لە ساڵی 1928 ئەندامی نهێنی کۆمەڵەی هیوا بووە، دوای 6 ئەیلولی 1930 حکومەت بە گونجاوترین کەسی زانیوە بۆ ئارامکردنەوەی خەڵک، لەبەرئەوە جارێکی تر لە 28/9/1930 تا 24/4/1935 بە پلەی موتەسەریفی لیوای سلێمانی داندرایەوە، پاشان لە 25/4/1935 بە پلەی موتەسەڕیفی گواستراوەتەوە بۆ لیوای هەولێر تا 24/4/1939 لەو پۆستە بەردەوامبووە، دواتر و هەر لە هەمان ساڵدا پلەکەی کەمکرایەوە بۆ موفەتیشی ناوخۆ و بۆ بەغدا گواسترایەوە. لە کۆتایی ساڵانی چلەکان جارێکی تر داوای لێکراوە ببێتەوە نائیبی لیوای سلێمانی، بەڵام قەتیکردەوە، دواتریش داوایان لێکردووە ببێتە بەڕێوبەری گشتی ئینحساری تووتن ئەویشی رەتکردەوە. کاتێکیش ساڵح بەگی حوسنی پاشای زاوای شەریف پاشای خەندان ساڵی 1958 پێش (شۆڕشی 14 تەمووزی 1958) عیراق لە قاهیرەوە هاتۆتە بەغداد بە ئەرشەد ئەلحومەریی هاوڕێی قۆناغی خوێندنی ئەستەمبوڵی وتووە «ئەحمەد بەگ بکرێتە عەین لە ئەنجومەنی ئەعیان، بەڵام شۆڕشی 14 تەمووزی1958 عیراقی بەسەردا هاتووەو کارەکە جێبەجێنەکراوە. لە ساڵانی پەنجاکان بەدواوە، لە سیاسەت و پلەو پۆستە حوکمیەکان کشاوەتەوە، بە داهاتی موڵکەکانی ژیاوە. لە ساڵی 1962 لەگەڵ نەژادی کوڕی و حەمە ساڵح بەگی خزمیان لە بەغدا دەستگیرکراون، بڕیاری لە سێدارەدانیان بۆ دەرچوو، بەڵام لەسەر داوای قادر بەگی عیزەت بەگ لەلای عەبدولکەریم قاسم ئازادکران. 

ئەحمەد بەگ پیاوێکی قسە خۆش بوو
ئەحمەد بەگ روخسارێکی جوانی هەبوو، پیاوێکی قسە خۆش بوو، هەربۆیە توانیویەتی لەناو خەڵک و کاربەدەستانی حکومەت جێگای خۆی بکاتەوە . لە ساڵی 1963 بە هۆی نەخۆشی شێرپەنجەی پڕۆستات کۆچی دوایی کردو لە بەغدا نێژراوە. لە راستیدا ئەحمەد بەگ خزمەتێکی زۆری لە رووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و بازرگانی. ئاینی و ڕۆژنامەگەری....بە سلێمانی کردووە کە جێگه‌ی رێزگرتنە. هەر لە کردنەوەی مەرزی پێنجوێن بۆ کاری بازرگانی لە نێوان ئێران و کوردستاندا رێکخستنی شەقامەکانی شارو چاکردنەوەیان دروستکردنی شەقامی نوێ، تەنانەت بە جۆرێک بۆ پاراستنی رێگه‌کان بۆ ئوتۆمبێلی دیاریکردبوو کە نابێ لەو کێشە زیاتر باربکات بۆ سەلامەتی گیانی هاووڵاتیان و رێگاکان. هەروەها دروستکردنی پرد لە رۆژهەڵاتی سلێمانی بۆ پاراستنی شار لە لافاو کە چەندین جار هاوشاریەکانی تووشی کارەسات کردبوو زیانی گیانی و مادی لێدابوو. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ یەکەمین جار لە سەر دەستی ئەحمەد بەگ پۆستە لە زمانی عەرەبیەوە کرا بە کوردی کە ئیدی تەلەگرافەکان بە زمانی کوردی دەنووسرا. لەگەل ئەوەی لە بواری رۆشنبیریش چەندین کۆمەڵەو رێکخراوی کوردی بۆ خزمەتکردن دامەزراندن لەوانە کۆمەڵەی مەعاریفی لیوای سلێمانی بۆ دانانی کتێبی کوردی و وەرگێڕان کتێب بۆ سەر زمانی کوردی، هەروەها کۆمەڵەی بژاری زمانی کوردی بۆ پاکردنەوەی زمانی کوردی لە وشەی بێگانە دانانی وشەی رەسەنی کوردی لە جێگایاندا. دامەزراندنی کۆمەڵەی زانستی کوردان 1926...، سەرباری خزمەتکردنی بەلایەنی تەندروستی زۆر لە سلێمانیدا رەنگی دابوویەوە کە لە گرنگی ئەدەبە تەندروستی ئاژەڵ و کشتوکاڵیش.

یه‌كه‌م قوتابخانه‌ی كچانی  له‌ سلێمانی كرده‌وه‌
بێگومان ئافرەتانیش بەدەر نەبوون لە گرنگی پێدانی ئەحمەد بەگ و چاکسازییەکانی کە یەکەمین قوتابخانەی کچانی لە سلێمانی كردەوە ئافرەتان تیایدا دەیان خوێند. چونکە ئەحمەد بەگ پێیوابوو ئەم کوردە تەنها بە خوێندن پێشده‌کەوێت، هەروەها گرنگییەکی زۆری بە شوێنەوار مێژووییەکان داوە تەنانەت ئەدمۆنز باس لەوە دەکات کە بە یارمەتی ئەحمەد بەگ شوێنەوەری ئەشکەوتی قزقاپانی دۆزیوەتەوە. لەڕاستیدا کارەکان و خزمەتەکانی ئەحمەد بەگ زۆر جی سەرنجن کە پێشکەش بە سلێمانی کردووە دواجار کاتێک کۆتایی بە دەسەڵاتەکەی دێ نامەیەک بۆ هاوشارییەکانی دەنووسێت «ئەم نامەیە کاتێک نووسیویەتی کە وەک موتەسەڕیفێک بۆ لیوای هەولێر گواستراوەتەوە. ئەحمەد بەگ بەم نامەیە خواحافیزی لە خەڵکی شار کردووە و سوپاسگوزاری خۆی بۆ خەڵکەکەی دەربڕیووە و زۆر بە چاوی رێزو خۆشەویستی و بە زمانی گوڵ خواحافیزی کردووە، ئاواتەخوازبووە خوشک و برا کوردەکانی رۆشنبیر و پێشکەوتووبن، لە کۆتایی نامەکەدا هیوای ئاوەدانی بۆ کوردستان و ژیانیکی پڕ شکۆ بۆ گەلەکەی دەخوازێ: «بۆ هاووڵاتیانی خۆشەویستم، قیسمەت وایە کە لێتان جودابمەوە لەبەرئەوەی کە بەدەم و دەست نەتان گەیشتمێ، ویستم بە نووسین خواحافیزتان لێ بکەم، ئێستا من هەرچەندە لێتان جوودا دەبمەوە بەڵام ئەم جودائیەی هەر بۆ نییە و تا سەر نییە، لە هۆش و دڵم بەشێکی موناسبیی لەلاتان دەمێنێ و بەجێ دەهێڵم و تا وەقتێ پێوست بێ بتوانم لە خزمەتاندابم بە تەواوی حازربم، زاتەن سروشتم، سەرنووشتم کە لەم خاکە پاکەی کوردستانی عیراق بێ ئیختیار، دڵ و گیانم پێوەندو پێویستێتی هەموو دەیزانن، بەخسوس ئەربابی ئینساف و زی و وقوف و حەمییەت و حەقبین کە هەنگاوی شەباب و جوانیم کەوتە بەر ئەدواری میحنەت بۆ خۆم، هەرچەندە کە عومر دوبارە نابێتەوە رابردوو چنگ ناکەوێتەوە لە دەستم چوو. دیسان خۆشبەختانە ئەلێم کە لەبەرئەوەی بۆ خزمەتکردنی ئەم وڵاتە. بە نەزاهەت ئیخلاصەوە صەرف و لە عەینی حاڵدا موثمربووە. بەڕەغمی تەقەدومی عمرم، خۆم بە جوانبەخت ئەبینم چ رۆژێکیش ئەگەر ژیانم وەفا بکا بمێنێ و پێویستیش بێ بۆ بەرزی شەرەفی ئەم وڵاتەو ئەم خاکە پاکە رەهنی ئەکەم، بەڕەهنێکی نەزیهو موقەدەس بێ ئەوەی هیچ تەئپیرێکی ئاگادار بتوانێ ئامال و ئیحساساتم زەبوون تەسخیر بکا، ئیتر خواحافیزی لەم پارچەیە لەوەگنی موقەدەسم لەگەڵ ئاواتم بۆ سەربەرزی و خۆشحاڵیتان و هەر بمێنێ جامیعەی عیراقی و بەرزی کوردستان لەناویا، بە خواتان ئەسپێرم» .


سەرچاوە:
سارا محەمەد عەلی، کتێبی ئەحمەد بەگی تۆفیق بەگ یەکەم موتەسەریفی سلێمانی لە سەردەمی پاشایەتیدا، بەڕێوەبەرایەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی، 2022.

بابەتە پەیوەندیدارەکان