حوڕییە عەلی کەریم: لەڕێگەی هاوسەرەکەمەوە تێکەڵ بە کاری رێکخستن بووم

09:45 - 2022-11-24
کەلتور
345 جار خوێندراوەتەوە

نەسرین کوردە

یەکێکی تر لە تەوارەکانی ناو بزووتنەوەی رزگاریی کوردستان و کۆمەڵە و ی.ن.ک، حوڕییە عەلی کەریم-ە کە بە حوڕییەی شێخ عەلی عەبابەیلێ ناسراوە. خاتوو حوڕییە لە ساڵی 1958 لە گوندی عەبابەیلێی سەربە سنووری هەڵەبجە و هەورامان لە خێزانێکی مامناوەند و خوێندەوار و نیشتمانپەروەر لەدایکبووە.
 

45 ساڵ هاوسەریی و هاوڕێیەتی
ساڵی 1977 شووی بە حەمەی حاجی شەریف هەڵەبجەیی کردووە و ماوەی 45 ساڵە جگە لە هاوسەر وەک هاوڕێ پێکەوە سەختی و ناخۆشییەکانی ژیانیان بەڕێکردووە ، خاوەنی دوو کوڕ و دوو کچن.  

ئەو شەوەی نهێنییەکەی بۆ درکاندم
حەمە شەوێک ئەوەی بۆ درکاندم کە لەناو رێکخراوێکدا کار دەکات بەناوی کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان-ەوە و وتی: بۆیە لای تۆ ئەم نهێنییە دەدرکێنم، چونکە ئێمەی ئەندامانی ئەو رێکخراوە هەموو کاتێک ژیانمان لەمەترسیدایە و لەلایەن سیخوڕ و ئەمنەکانی بەعسەوە لەژێر چاودێریداین، جا بۆئەوەی تۆش ئاگاداربیت لە هەر پێشهاتێک تا سەیر نەبێت بەلاتەوە ئەگەر تووشی دۆخێکی نەخوازراو بووم.
 منیش وتم ئەی ژنتان لەگەڵدا نییە؟
 وتی با چۆن ژن و کچانی خوێندکار ئەوان ئەڵقەی رێکخستنی خۆیان هەیە.
وتم: « وەڵڵا منیش ئامادەم لەگەڵ ئەو ژن و کچانە شان بەشانی ئێوە کار بکەم. 
ماوەیەک لەگەڵ حەمە-ی مێردم بە تاکەکەسی لە ئەڵقەی رۆشنبیریدا مامەوە، پاش ماوەیەکی زۆر گواسترامەوە بۆ ئەڵقەی رۆشنبیریی ژنان کە لەوکاتەدا هەڤاڵ کاوە عەبدوڵڵا شۆڕش (هەڤاڵ زمکان)  لێپرسراومان بوو، زۆربەی کۆبوونەوەکانی هاوڕێیانی کۆمەڵە  لە ماڵی ئێمە و ئەوان بەڕێوەدەچوو کە تەنها خۆی و دایکی بوون و تاقانە بوو نە برا نە خوشکی نەبوو.

ماڵمان مەکۆی نهێنیی پێشمەرگە بوو
پاش ئەوەی وردە وردە هێزی پێشمەرگە زیادی کرد و مەفرەزە و کەرتەکان دروستبوون، ئیتر ئێمە بە هەموو توانامانەوە چووینە خزمەتی هێزی پێشمەرگە و شۆڕشەوە لەڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیان وەک خواردن و پێخەف و داودەرمانی پزیشکی و تەقەمەنی و پێدانی زانیاریی لەسەر جموجۆڵی دوژمن و دەستنیشانکردنی سیخوڕ و ئەڵقە لەگوێکانی رژێم.

قۆناغپێچی مناڵەکەم شوێنی شاردنەوەی بەیاننامە بوو
هەر شەوێکی باراناوی و بەفر بهاتنایەتە ناو شارەوە، زۆربەیان لە ماڵی ئێمە جلوبەرگە تەڕەکانیان بۆ دەشۆردرا و وشکدەکرایەوە. 
خاتوو حوڕییە هەروەها دەڵێت: کەم رۆژ هەبووە ماڵی ئێمە بە نهێنی پیشمەرگەی لێ نەبووبێت کە زۆربەیان لەگەڵ برا و شوبرا و  خاڵۆزا و پورزاکانمدا دەهاتن.
زۆربەی شەوان شان بە شانی حەمە بڵاوکراوە و بەیاننامەکانی کۆمەڵە و ی.ن.ک-مان بە ناو گەڕەک و کۆڵان و ماڵ و مەکتەب و مزگەوت و بازاڕەکاندا بڵاودەکردەوە و هەڵماندەواسی.
دەشڵێت: زۆر لەو دێهاتانەی كەسوكاری خۆمانی لێبوو، من خۆم و منداڵەكانم دەبرد لەگەڵ خۆم، كەس نەبوو لەلای دایانبنێم، بەتایبەتی منداڵێكیانم زۆر بچووك بوو شیرەخۆرە بوو، كە دەچووین بۆ چالاكی، دەمانكرد بە مەلۆتكە بەیاننامە و نووسراوەكانم لە ناو پەڕۆ و پاڵی مەلۆتكەكەدا دەشاردەوە، شەوێك بارانێکی زۆر دەباری، ئێمە هاتینەوە بۆ سلێمانی و چووینە دەرەوە بۆ هەڵواسینی بڵاوکراوە و بەیاننامە بە دەرگای مزگەوت و مەكتەبەكاندا، لەتەواو بووندا بووین، سەربازێک تێی خوڕین و هاواری كرد ئەوە چی دەكەن بەم شەوە؟
 منیش وتم: منداڵەكەم زۆر نەخۆشە، دەیبەم بۆ ماڵی پورم، بۆ ئەوەی بێت لەگەڵمدا بیبەین بۆلای دكتۆر، بەوە رزگارمان بوو.


گەرچی نیگەرانم، بەڵام  هەر هەواداری یەکێتیم
ئێستاش لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991-ەوە و دوای هاتنەکایەی ئازادیی حزبایەتی،  لەگەڵ رێزمان بۆ خەباتگێڕە راستەقینەکان، سەدان کەسی حازرخۆر هاتوونەتە ناو ریزەکانی حزبەوە. دواتر دەنگۆیەک پەیدابوو وتیان ئەو ژن و کچانەی لە رێکخستنە نهێنییەکاندا کاریانکردووە سەردانی کۆمیتە و مەڵبەندەکان بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆرمی تایبەت، منیش لەسەر قسەی هاوسەرەکەم چووم بۆ کۆمیتە و مەڵبەند لەو رۆژگارەدا خەڵکانێکم لەوێ دەبینی کە هەرگیز پێش راپەڕین نەیانزانیووە رێکخستن چییە، ئەوان دانیشتبوون فۆرمیان پڕدەکردەوە، کاتێک چوومە بەردەم یەکێکیان، وتی: حوڕییە خان پشتگیریت پێیە؟ 
منیش وتم: پشتگیریی چی؟ 
وتی: کەسێک پشتگیریت بکات کە تۆ لە رێکخستندا کارت کردووە! 
منیش وتم: تۆ خۆت باش دەزانیت من کێم و چیم کردووە، ئیتر بەجێمهێشتن و نەچوومەوە بەلایاندا، بەڵام تا ئەمڕۆش هەر هەواداری ی.ن.ک-م، بەڵام هیچ ئیمتیازێکی یەکێتیم نییە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان