کاریگەریی مامۆستای وانەبێژ و خۆبەخش لەسەر خوێندن

09:53 - 2022-11-27
ڕاپۆرت
455 جار خوێندراوەتەوە

 کەرکوک، هێمن ئەحمەد

ئەو پڕۆگرامە پەروەردەییە نوێیەی بۆ بەردەوامی خوێندن و پڕکردنەوەی ئەو بەشە وانانەی مامۆستای نییە و بەهۆی وەستانی دامەزراندنەوەوە داڕێژاوە، پرۆگرامی مامۆستای خۆبەخش و وانەبێژە، بەشێكی زۆری ئەو خۆبەخشانە بۆ ماوەی چەند ساڵێك لە قوتابخانەكان وانە دەڵێنەوە و لە دواییدا دەكرێن بە مامۆستای وانەبێژ و لە چوارچێوەی گرێبەستێكی پەروەردەیی كە وەكو مامۆستای كاتی ئەژمار دەكرێت، بەڵام هیچ مافێكی رەوای بۆ دەستەبەر ناكرێت و لەپێناو پارەیەكی دیاریكراو ئەو گرێبەستە جێبەجێ دەكەن.

بە پلەی دوو داماندەنێن
مامۆستا خەندە عەلی، مامۆستای وانەبێژە و دەرچوونی كۆلێژی بەڕێوەبەری و ئابوورییە، ئێستا وانەی فێركاری و ئابووری دەڵێتەوە، وتی: بۆ ماوەی دە ساڵ وەكو خۆبەخش كارم كردو وانەم وتەوە، لە دوایدا كرام بە مامۆستای وانەبێژ بە مووچەیەكی كەم كە بەشی ژیانی خۆم ناكات، زۆر بە دڵسۆزی وانەكانی خۆم دەڵێمەوە و هیچ درێخیەكم نەكردووە لە كارەكەمدا، بەڵام لەلایەن پەروەردەوە بە پلەی دوو داماندەنێن لەگەڵ ئاستی مامۆستاكانی تردا، پەروەردە رێنمایی پێویستی نییە بۆ دامەزردانمان كە بەپێی ساڵ ئەژماری بۆ بكرێت، هەر بۆیە گۆڕینی گرێبەست لە کاتییەوە بۆ هەمیشەی بە خزمایەتیە نەک یاسا.
پەروەردەیەکی جیاواز
مامۆستا نەوزاد، بەڕێوەبەری یەكێك لە قوتابخانەكانی خوێندنی كوردییە لە کەرکوک، دەڵێت: نزیكەی پێنج ساڵە، 10مامۆستای وانەبێژ و خۆبەخشم لە قوتابخانەكەمدا هەیە، ناتوانم بڵێم هەموویان لە یەك ئاستدان، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم  بەشێكیان زۆر بەدڵسۆزانە كارەكانی خۆیان رادەپەڕێنن، بەڵام پێویستە لەسەر پەروەردە خولی پەروەردەیی و كۆمەڵایەتی و دەروونناسیان بۆ بكاتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەكی دروست مامەڵە لەگەڵ قوتابی و مامۆستا و قوتابخانەدا بكەن، چونكە بەشێكیان رانەهێنراون یان رانەهاتوون لە چوارچێوەی پەروەردەكردنی قوتابیدا و وانە وتنەوەیان زانستی نییە، بۆیە هەندێکجار كاریگەریان لەسەر بواری پەروەردە و قوتابی دەبێت، ئەمەش بە نەرێنی دەشكێتەوە لەسەر پڕۆگرامەكانی پەروەردە و قوتابی لە چوارچێوەی یاسایەكی جیاوازدا پەروەردە دەكەن ناتوانین خۆمانی لێدەرباز بكەین.
پسپۆڕییان پەروەردە نییە
مامۆستا مەحمود، یەكێكی ترە لە بەڕێوەبەرەكانی خوێندنی كوردی، دەڵێت: لاریمان نییە لەوەی مامۆستای خۆبەخش یان گرێبەست وەربگرین، بەڵام كێشەكە لەوەدایە پەوەردەی خوێندنی كوردی جۆرەها پسپۆری لە بوارەكانی ئەندازیاری و هونەرە جوانەكان و بازرگانی بۆ من دەنێرن لە بواری پەروەردەدا هیچ پێویستمان پێیان نییە، بۆیە دەبێت ئەو جۆرە كەسانە لە دەزگا و فەرمانگەكانی تردا پۆلێن بكرێن بۆ ئەوەی كار لە پسپۆرییەكانی خۆیاندا بكەن.

خولەكان بەردەوام نابن
مامۆستا پەروین فاتیح، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەرشتیاری لە پەروەردەی كەركوك/ بەشی كوردی، رایگەیاند: ئێمە وەكو خوێندنی كوردی ‌و لە چوارچێوەی ئەو گرێبەستانەی وەزارەتی پەروەردەی عیراق دەریکردوون مامۆستامان بەشێوەی گرێبەست دامەزراندووە. بەڵام وەكو پەروەردەی خوێندنی كوردی بەدەر لە رێنماییەكانی عیراق، هەڵساوین بە كردنەوەی خولێكی پێنج رۆژی بۆ مامۆستایانی خۆبەخش و گرێبەست، بەڵام ئەگەر لە رووی زانستی و پەروەردەییەوە سەیری بكەین ئەمە بەهیچ شێوە و پێوەرێك گرنگی نییە بۆ رێنماییەكانی مامۆستا بۆ وانەوتنەوە، چونكە بەلای كەمەوە دەبێت لە مانگێك تا سێ مانگ خولەكانیان بەردەوام بێت ‌و هەمە چەشنە بێت لە بوارەكانی زمان و پەروەردە و دەروونناسی.
وتیشی: هەندێك لە مامۆستای وانەبێژمان لە باخچەی منداڵان دامەزراندووە كە پێویستە خولی تایبەتیان بۆ بكرێتەوە بتوانن چۆن مامەڵە لەگەڵ منداڵی بچووكدا بكەن، بۆیە ئەو جۆرە كەسانە هەڵدەبژێرین بتوانن حەوسەڵەیان لەگەڵ منداڵدا هەبێت.

بەشێوەیەكی هەڕەمەكی دادەمەزرێن
باسی لەوەشكرد پەروەردەی بەغدا لەسەر بودجەی قوتابخانەكان خولی تایبەتی بۆ مامۆستای وانەبێژ دەكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئێمەی خوێندنی كوردی هیچ بوودجەیەكمان نییە، ناتوانین ئەو جۆرە خولانەیان بۆ بكەینەوە بەمەبەستی وانەوتنەوە لە قوتابخانەكان، بۆیە بەشێوەیەكی هەمەڕەكی دامەزراندمان كردووە، هەندێكجار جیاوازیمان لەنێوان قوتابخانەكانی ناو شار و دەوروبەری شار بە تایبەتی گوند و لادێكان كردووە و ئەو مامۆستایانەمان بۆیان ناردوون كە دەرچووی پەیمانگە و ئامادەیی بازرگانییەكانن، ئەوانی تریش كە دەرچووی زانكۆن بە گرێبەست دامەزراون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان