مۆندیال لە كۆنترۆڵی دوو كیشوەرەكە دەردەچێت؟

10:22 - 2022-11-30
وەرزش
331 جار خوێندراوەتەوە

ئیسماعیل مەحمود

لەوەتەی مۆندیال دەستیپێكردووە  تا ئەم مۆندیالەی قەتەر، تەنیا 8 هەڵبژاردەی هەردوو كیشوەری ئەمریكای باشوور و ئەوروپا توانیویانە جامی پاڵەوانی مۆندیال بەرز بكەنەوەو هیچ هەڵبژاردەیەكی تری هیچ كیشوەرێك نەیتوانیوە ببێتە براوەی مۆندیالێك لەو مۆندیالانە.
ساڵی 1930 یەكەم مۆندیال لە كیشوەری ئەمریكای باشوور و لە ئۆرۆگوای دەستیپێكرد، هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای جامی پاڵەوانی بەرز كردوە، ئیتر لەوساوە تا ئەم مۆندیالەی قەتەر – 2022 تەنیا هەڵبژاردەكانی كیشوەری ئەوروپا یان ئەمریكای باشوور بۆتە پاڵەوانی مۆندیال و هەڵبژاردەی هیچ كیشوەرێك لە كیشوەرەكانی تر تەنانەت بۆ یارییە كۆتاییەكانیش نەماونەتەوە و نەگەیشتوونەتە یاریی كۆتایی، سەیرێكی یاریی كۆتایی سەرجەم مۆندیالەكان بكە:

سەرجەم یارییە كۆتاییەكان 

*1930 – یاریی کۆتایی (ئۆرۆگوای × ئەرجەنتین)(4-2).
*1934 – یاریی کۆتایی (ئیتاڵیا×چیکۆسلۆڤاکیا)  (2-1).
*1938 – یاریی کۆتایی (ئیتاڵیا×هەنگاریا)        (4-1).
*1950 – یاریی کۆتایی (یاریی کۆتایی نەکراوە).
*1954 – یاریی کۆتایی (ئەڵمانیا×هەنگاریا)     (3-2).
*1958 – یاریی کۆتایی (بەرازیل×سوید)        (5-2).
*1962 – یاریی کۆتایی (بەرازیل×چیکۆسلۆڤاکیا)(3-1).
*1966 – یاریی کۆتایی (ئینگلتەرا×ئەڵمانیا)     (4-2).
*1970 – یاریی کۆتایی (بەرازیل×ئیتاڵیا)        (4-1).
*1974 – یاریی کۆتایی (ئەڵمانیا×هۆڵەندا)      (2-1).
*1978 – یاریی کۆتایی (ئەرجەنتین×هۆڵەندا)  (3-1).
*1982 – یاریی کۆتایی (ئیتاڵیا×ئەڵمانیا)       (3-1).
*1986 – یاریی کۆتایی (ئەرجەنتین×ئەڵمانیا)  (3-2).
*1990 – یاریی کۆتایی (ئەڵمانیا×ئەرجەنتین)  (1-0).
*1994 – یاریی کۆتایی (بەرازیل×ئیتاڵیا) (0-0، 3-2).
*1998 – یاریی کۆتایی (فەرەنسا×بەرازیل)      (3-0).
*2002 – یاریی کۆتایی (بەرازیل×ئەڵمانیا)      (2-0).
*2006 – یاریی کۆتایی (ئیتاڵیا× ئەڵمانیا)( 1-1، 5-3).
*2010 – یاریی کۆتایی (ئیسپانیا×هۆڵەندا)     (1-0).
*2014 – یاریی کۆتایی (ئەڵمانیا×ئەرجەنتین)  (1-0).
*2018 – یاریی کۆتایی (فەرەنسا×کرواتیا)      (4-2).

ئەم بەڵگەیە ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە تۆپی پێی ئەوروپا بەپلەی یەكەم و ئەمریكای باشوور بەپلەی دووەم گرنگترین و بە ناوبانگترین وڵاتانی تۆپی پێن لە جیهاندا.
لەم مۆندیالەدا 13 هەڵبژاردەی ئەوروپا بەشداریی دەكەن، لەگەڵیاندا پێنج هەڵبژاردەی كیشوەری ئەمریكای باشوور، لەم ژمارە هەڵبژاردەیەش شارەزیان وای بۆ دەچن یەكێكیان ببێتە پاڵەوانی مۆندیالی قەتەر.
لە وڵاتانی كیشوەری ئەمریكای باشوور تۆپی پێ تیایاندا وەرزشی سەرەكییە، بەتایبەتیش لە بەرازیل و ئەرجەنتین دیاترین و جەماوەرییترین وەرزش یاریی تۆپی پێیە، هەرلە سەرەتای تەمەنیانەوە منداڵەكانیان  فێری ئەم وەرزشە دەكەن، یاریزانی زۆر لێهاتوو و بەناوبانگیشیان بۆ یاریگاكانی جیهان درووستكردووە، كە پێشەنگەكانیان مارادۆناو پیلێ یە.
بۆیە ئێستا یاریزانانی ئەم دوو كیشوەرە بە جیهان بە گشتی و  ئەوروپادا بەتایەت بڵاو بوونەتەوە، ئەمساڵ لە ئەوروپاو لە خولە بەهێزەكانی وەك ئینگلتەراو ئیسپانیا و ئیتاڵیا و ئەڵمانیا 218 یاریزانی ئەو دوو وڵاتە یاریی لە یانە بەناو بانگەكانیاندا دەكەن، لە پاڵ ئەمانیشدا بە دەیان یاریزانی كیشوەری ئەفریقا و ئاسیاش یاریی دەكەن، ئەو یاریزانانەی ئەفریقا و ئاسیاش بوونەتە ركابەری یاریزانانی كیشوەری ئەمریكای باشوور و بە توندی ملمڵانێیان دەكەن و یانە ناودارەكانی ئەوروپا زۆر بە باشی سود لە تواناكانیان وەردەگرن.
ئەنجامەكانی جەولەكانی یەكەم و دووەمی یارییەكانی مۆندیالی قەتەریش ئەوەمان پێدەڵێن كە یاریزانانی ئەفریقاو ئاسیاش لە یاریگاكاندا بوونی خۆیان سەلماندووە، كاتێك ژاپۆن لە ئەڵمانیا دەباتەوە و مەغریب لە بەلجیكا دەباتەوەو  سعودیە لە ئەرجەنتین دەباتەوە، ئەمە خۆی بۆخۆی مەسجێكی روونە كە تۆپی پێی كیشوەرەكانی ئاسیاو ئەفریقاش هەن و یاریزانانی باش و هەڵكەوتوویان هەیە كە نەكە جێی خۆیان لە یانە ناودارەكانی ئەوروپادا كردۆتەوە، بەڵكو لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكانیشان پشتی هەڵبژاردە زەبەلاحەكانیش لە زەوی دەدەن و رەنگە لەم مۆندیالەدا ببن بەو هەڵبژردانەی تەنانەت بگەنە قۆناغە پێشكەوتووەكانی یارییەكانی ئەم مۆندیالەو با 
چاوەڕوانیان بین. 

#مۆندیال

بابەتە پەیوەندیدارەکان