ئه‌سعه‌د عه‌زیز محه‌مه‌د
ئه‌وه‌م به ته‌واوه‌تی له‌بیر نه‌ماوه له كه‌یه‌وه بۆ یه‌كه‌م جار ئه‌و پیره‌مێرده ردێن سپییه‌م بینیوه و له كوێ بینیومه؟ به‌ڵام له‌وه‌ته‌ی فامم كردۆته‌وه و به‌هۆش و ئاگام له خۆم و ده‌وروبه‌رم، ئه‌و ردێن سپییه كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كی نێو خه‌ون و ژیانمه. ئه‌گه‌ر چیرۆكی ژیانم بنووسرێته‌وه و تیایدا رۆڵی ئه‌و پیره‌مێرده فه‌رامۆش بكرێت. ئه‌وا چیرۆكێكی ناته‌واو ده‌رده‌چێت، چونكه ئه‌و پیره مێرده كاره‌كته‌رێكی بزوێنه‌ر و رێنیشانده‌ری ژیانم بووه، هێشتا ئه‌وه‌م زۆر به باشی له‌بیرماوه له ته‌مه‌نێكی زۆر بچو‌وكدا بووم، شه‌وێكی هاته خه‌ونم، ناتوانم به‌سه‌رهاتی خه‌ونه‌كه به‌ته‌واوه‌تی بگێڕمه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌م زۆر به‌جوانی له‌یاد ماوه كه‌سبه‌ی خه‌ونه‌كه‌م بۆ دایكم گێڕایه‌وه و وه‌سفی شێوه‌ی پیره‌مێرده ردێن سپییه‌كه‌ی خه‌ونه‌كه‌م كرد و گوتم" كابرایه‌كی چوارشانه‌ی باڵابه‌رزی سوور و سپی نورانی، دوو چاوی سه‌وزی هه‌بوو، ئه‌ویش به خه‌مێكی قووڵه‌وه وتی" ئه‌وه باپیرته" نازانم چ سیحرێك له وشه‌ی (باپیر)دا كۆبۆته‌وه، به بیستنی ئه‌و وشه‌یه ئیتر هیچ ترسم له‌و پیره‌مێرده نه‌ما، زۆر شه‌و تامه‌زرۆی ئه‌وه‌بووم ئه‌و پیره‌مێرده ردێن سپییه له خه‌وندا ببینم، به‌تایبه‌تی ئه‌و كاتانه‌ی خه‌م و حه‌سره‌تێك له ناخمدا كۆده‌بووه‌وه، پیره‌مێرده‌كه‌م به‌پشت و په‌نای خۆمم داده‌نا، ئه‌و كاتانه‌ی دڵم ته‌نگ ده‌بوو، هه‌ستێكی وه‌هام له‌لاپه‌یدا ده‌بوو، ده‌ست و پێم به‌ستراوه توانای خۆ قوتاركردنم نییه، پڕ به‌دڵ حه‌زم ده‌كرد ئه‌و پیره‌مێرده ردێن سپییه‌م لێ په‌یدا بێت و به‌هانامه‌وه بێت، ئێواره‌یه‌كی پایزبوو شه‌قام و كوچه و كۆڵانی شار له چاوه‌ڕوانی باراندا بوون، دایكم دینارێكی كاغه‌زی داپێم و ناردمی بۆ بازاڕ تا شه‌كر و چا بكڕم، گه‌یشتمه ناو بازاڕ پاره‌كه‌م بزركردبوو، زۆر گه‌ڕام، گیرفانم پشكنی، به‌ڕێگه‌كه‌دا به‌شوێن پاره‌كه گه‌ڕام نه‌مدۆزییه‌وه، ده‌مزانی ئه‌و بڕه پاره‌یه بۆ ئێمه زۆربوو. زۆر خه‌مبار بووم، بێ ویستی خۆم پڕ چاوم فرمێسك بوو ده‌ستم به گریان كرد. له نێو له‌پی ده‌ستمدا ده‌موچاوم شاردبووه‌وه، ده‌ستێك خرایه سه‌ر شانم و به ده‌سته‌كه‌ی تر دیناره كاغه‌زه‌كه‌ی بۆم درێژ كرد‌و وتی" ئه‌م پاره‌یه هی تۆیه؟" ئه‌وه‌نده حه‌په‌سابووم به ده‌م قوڵپی گریانه‌وه وتم" ئا ئا" كه سه‌رم به‌رزه‌وه كرد هه‌مان پیره‌مێردی ردێن سپی بوو، زۆر په‌شۆكام، ته‌نانه‌ت سوپاسم نه‌كرد دواتر كه بیرم له رووداوه‌كه ده‌كرده‌وه هه‌ستم به شه‌رم ده‌كرد و له دڵی خۆمدا ده‌موت خۆزگه سوپاسم بكردایه. ئه‌وه یه‌كه‌مجار بوو له ده‌ره‌وه‌ی خه‌ون بیبینم و به‌ڕاستی له واقیعدا هه‌ست به‌بوونی بكه‌م. زۆر په‌یامی شاراوه و په‌نهان هه‌ن له دنیای غه‌یبدا به رێگه‌ی كه‌سێك یاخود خه‌ونێك پێتده‌گات له‌كاتی خۆیدا به هیچ كلۆجێ لێی تێناگه‌یت، به‌ڵام دوای ئاشكرابوونی رووداوه‌كان و زانینی واقیعه‌كه زۆرباش ئه‌وه ده‌زانیت ئه‌وه‌ی روویداوه بێ هۆ نه‌بووه، به‌ڵكو په‌یام و مه‌رامێكی گرنگی هه‌بووه. ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی له ته‌مه‌نێكدا بووم، خودی ته‌مه‌نه‌كه ده‌بوایه یان سه‌رباز و چه‌كدار بوویتایه یان له هه‌موو شوێنێكدا به‌دوای ئه‌وه‌دا ده‌گه‌ڕان كۆت و به‌ند بكرێیت، له گێژاوی ته‌مه‌نی گه‌نجیت هه‌ڵهاتووی سه‌ربازی بووم، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكدا دره‌نگانی شه‌و گه‌یشتینه گوندێكی سه‌رجاده‌یه‌كی سه‌ره‌كی كه دوو شاری گه‌وره پێكه‌وه ده‌به‌ستێت. زۆر شه‌كه‌ت و ماندوو بووین. له‌به‌ر هه‌یوانی مزگه‌وته‌كه له‌سه‌ر پارچه حه‌سیره‌كه خه‌ومان لێكه‌وت. چه‌ند خوله‌كێكی به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕی له سه‌ره‌تادا وامده‌زانی حه‌قیقه‌ته پیره‌مێرده‌كه به‌نووكه شه‌قێك كێشای به‌پێمدا، وتی" زووكه، خێرا بڕۆ ئێره به‌جێبهێڵه." كه چاوم كرده‌وه ئه‌وسا زانیم خه‌ونم بینیوه، دنیا زۆر تاریك بوو، جاری دووه‌م چاوم لێكنا و خه‌وتمه‌وه به‌هه‌مان شێوه پیره‌مێرده‌كه نووكه شه‌قێكی تری لێدام و به‌خه‌به‌ری هێنامه‌وه. به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر ماندوو بووم جارێكی تر ته‌سلیم به خه‌و بوومه‌وه. ئه‌مجاره پیره‌مێرده‌كه زۆر به تووڕه‌یی شه‌قێكی لێدام، زۆر ئازاری پێگه‌یاندم، له ئازاردا بوو، یان له تووڕه‌یی و هاواری پێره‌مێرده ردێن سپییه‌كه بوو هاواری كرد" كوڕه بڕۆ ده‌ستگیرت ده‌كه‌ن، خێرا بڕۆ... رامه‌وه‌سته." نازانم له ئازار بوو یان له ترس و شۆكی ئه‌و خه‌ونه ترسناكه، راسته‌پێ هه‌ستامه‌وه و هاوڕێكانم به‌خه‌به‌ر هێنا ئه‌وانیش زۆر شڵه‌ژان و ترسان، ته‌نانه‌ت یه‌كێكیان تا دوای نیوه‌ڕۆی رۆژی دواتر هه‌موو جه‌سته‌ی ده‌له‌رزی. له سه‌ره‌تادا ویستیان ئه‌وێ به‌جێنه‌هێڵن، به‌ڵام پاشان زانیان من سوورم له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وێ به‌جێبهێڵن رازی بوون، دوای ئه‌وه‌ی گونده‌كه‌مان به‌جێهێشت هێزێكی سه‌ربازی زۆر گه‌وره په‌لاماری گونده‌كه‌یان دا ده‌یه‌ها كه‌سیان ده‌ستگیر كرد. دوای بیستنی هه‌واڵی ئه‌و ره‌شبگیرییه‌ی له‌وێ روویدا هاوڕێكانم سوپاسگوزارم بوون. پیره‌مێرده ردێن سپییه‌كه وه‌ك كه‌سێك له‌ودیو په‌رده‌یه‌كه‌وه چاودێری جموجوڵه‌كانم بكات یان به‌شه‌پۆلێكی نه‌بینراو ئه‌فسوناوی هه‌ست و نه‌ست و سۆزم به بیروهۆشی ئه‌وه‌وه به‌ستراوه‌و گرێدراوه له‌هه‌ر ساتێك بزانێت دڵم ته‌نگه یان خه‌مبارم یان تووشی گرفت و كێشه‌یه‌ك هاتووم ئه‌و له خه‌ون بێت یان له واقیع له شێوه و روخسارێكی نامۆدا ده‌رده‌كه‌وێت هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات خه‌م و په‌ژاره‌م بڕه‌وێنێته‌وه و دڵنه‌واییم بداتێ و به‌هێزێكی ئه‌فسوناوی دووروبه‌ده‌ر له واقیع چاره‌سه‌ری گرفته‌كانم بكات. پیره‌مێرده ردێن سپییه‌كه فریادڕه‌سمه زۆرجار به‌هانامه‌وه دێت و هاوكاریم ده‌كات. هه‌رگیز ئه‌و شه‌وه‌م له‌بیر ناچێته‌وه له‌چوار دیواری ژووری تاكه كه‌سی زینداندا چاوه‌ڕوانی چاره‌نووسێكی زۆر نادیار و ترسناك بووم. له بارێكی ده‌روونی په‌شۆكاو و شڵه‌ژاودا بووم، ئه‌وه‌نده خراپ بووم به‌ته‌نها خوا خۆی ده‌یزانی له‌چ دۆخێكدام، له زینده خه‌ونێكدا به‌ئاگا هاتم، دڵنیام هه‌موو جه‌سته‌م به‌خه‌به‌ر بوو، چاوم داخستبوو، له‌پی ده‌ستی به‌ر ده‌ستم كه‌وت گوێم له گفت‌و قسه‌ی بوو. زۆر شپرزه و به‌په‌له بوو ده‌ستی راكێشام و وتی" ئێره جێگه‌ی تۆ نییه دامه‌نیشه. هه‌سته له‌گه‌ڵم وه‌ره، حكومه‌ت عه‌فویداوه." چاوم كرده‌وه جگه له خۆم و چوار دیواری ژووره تاكه كه‌سێیه‌ك هیچ كه‌س له‌وێ نه‌بوو. به‌ڵام بینینی باپیرم له‌خه‌ونمدا هاوشێوه‌ی ئه‌وه ده‌هاته پێش چاوم سه‌تڵێ ئاو بڕژێنیته سه‌ر ئاگرێك. ئه‌و په‌رێشانێیه‌ی ناخم خامۆش بووه‌وه و هه‌ستم به‌جۆرێك له ئارامی و ئاسووده‌یی كرد. هێشتا بیست و چوار سه‌عات به‌سه‌ر خه‌ونه‌كه تێپه‌ڕ نه‌بوو به‌یاننامه‌ی عه‌فوه‌كه راگه‌یه‌نرا و منیش هاوشێوه‌ی زیندانییه سیاسییه‌كانی تر ئازاد كرام.
رۆژ هات و تێپه‌ڕی و ساڵ له دوای ساڵ من و پیره‌مێرده‌كه پێكه‌وه ده‌یه‌ها چیرۆك و سه‌رگوزشته‌ی سه‌یر و دوور له واقیع كۆمان ده‌كاته‌وه، به‌ڵام له هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌و كاته‌بوو له رۆخی ده‌ریای ئیجه‌دا پیره‌مێرده ردێن سپییه‌كه‌م بینی، به‌ڵام له جیاتی باپیرم پیره‌مێردێكی یۆنانی بوو هه‌رچه‌نده به روواڵه‌ت و شێوه هه‌مان شێوه‌ی باپیرم بوو، ئه‌و به هیچ شێوه‌یه‌ك زمانی كوردی نه‌ده‌زانی هیچ كات به‌وشێوه‌یه نه‌مبینیوه، زۆر به‌تووڕه‌یی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵمدا كرد. هه‌وڵمدا له‌گه‌ڵ كۆچه‌ره‌كانی تردا به‌یه‌خته‌كه‌ی بمبات و به‌ده‌ریاكه‌دا به‌ره‌و ئه‌وروپا كۆچ بكه‌م. به‌ڵام له‌ناو هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه‌دا رازی نه‌بوو من له‌گه‌ڵیدا بڕۆم. زۆرم تكا لێ‌كرد به هیچ شێوه‌یه‌ك گوێی لێم نه‌گرت، به روونی وتی تۆ نابێت له‌گه‌ڵ ئه‌م یه‌خته‌دا كۆچ بكه‌یت. منیش زۆر دڵته‌نگ بووم ئه‌وان رۆیشتن بۆ سبه‌ی هه‌واڵی نقومبوونی یه‌خته‌كه‌یانم بیست ئه‌وسا بۆم ده‌ركه‌وت پیره‌مێرده‌كه دوژمنایه‌تی له‌گه‌ڵ نه‌كردووم، به‌ڵكو چاكه‌ی له‌گه‌ڵدا كردووم. پیره‌مێرده فریادڕه‌سه‌كه‌م كه‌سایه‌تی باپیرم پێبه‌خشیوه. له هاوكاری كردنم به‌رده‌وام بوو تاوه‌كو شه‌وێكیان له خه‌ونمدا بینیم تاكێ كڵاشه‌كه‌ی بزر كردووه به‌شوێنیدا ده‌گه‌ڕێت. زۆر گه‌ڕا نه‌یدۆزییه‌وه ئیتر له‌وساوه تا ئێستا باپیرم به دوای كڵاشه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێت و نایدۆزێته‌وه منیش به دوای ئه‌ودا ده‌گه‌ڕێم نایدۆزمه‌وه له هه‌موو شوێنێك بۆی ده‌گه‌ڕێم له خه‌ون بێت یان له كوچه و كۆڵانی شاردا نایدۆزمه‌وه. له‌هه‌ر جێگایه‌ك پیره‌مێردێكم به‌رچاو بكه‌وێت سۆراغی باپیرم یان پیره‌مێرده ردێن سپییه‌كه ده‌كه‌م و نایدۆزمه‌وه.