ئاریان محه‌مه‌د
كه‌متر له مانگێك سێ یاری ئه‌هلی قه‌ڵه‌م، سێ هه‌ڤاڵ و یاوه‌ری نووسین سێ به‌رهه‌میان خسته‌وه، یه‌كێكیان كوردی و دوانیان به زمانی عه‌ره‌بی، ئینجا یه‌كه‌میان توێژینه‌وه و دووه‌م كۆبه‌ندی وتار و سێهه‌میش چێشتی به‌تام و چێژی مجێوری كوردایه‌تی و جواننووسی كه هه‌موو ژانره‌كانی رۆژنامه‌نووسیی له خۆیدا كۆكردبۆوه. (محه‌مه‌د شێخ عوسمان) چمكێك له قسه و وتار و دیداره‌كانی مام جه‌لال ـ ی له قۆناغه راگوزه‌ره دیموكراسییه‌كه‌ی عیراقدا له‌ژێر ناوی (تأریخ لن یختزل) كۆكرده‌وه و (سۆران عه‌لی) دووربینییه سیاسییه‌كه‌ی ناو وتاره‌كانی خۆی له ماڵپه‌ڕی (الایلاف)ه‌وه خسته ناو كتێبێكی به‌بڕشت و ناوینا (العراق بأعین كوردیه)، به‌خششێكی دیكه‌ش توێژینه‌وه‌كه‌ی (ره‌نگین عه‌بدوڵڵا) بوو، كه (سه‌ددامییه‌كانی میدیا)ی كرده تایتڵێ ئه‌م قۆناغه به‌دفه‌ساڵه‌ی میدیا و سۆشیال میدیا، كه هه‌ر خه‌ریكی زیندووكردنه‌وه‌ی كه‌لتور و فه‌رهه‌نگی سه‌ددامپه‌رستین.
هه‌ر سێكیان پێكه‌وه
ئه‌م ده‌ستپێشخه‌رییه میدیایی و روناكبیرییه، هیمه‌تی خۆڕسكانه‌ی هه‌ر سێ هه‌ڤاڵه‌كه‌م بووه، وه‌لێ له رێككه‌وتنێكی پێشوه‌خته ده‌چێت، له پلانێك ده‌چێت هه‌ر سێكیان پێكه‌وه وێنه و دیمه‌نه‌كانی مێژووی نوێی عیراق له‌رێگه‌ی چه‌پكێک كتێبه‌وه بگێڕنه‌وه، (ره‌نگین عه‌بدوڵڵا) له‌رێگه‌ی وه‌ستان له‌سه‌ر دیارده‌ی سته‌مكاری و سه‌ددامپه‌رستی مێژووی خۆسه‌پێنیی و دیكتاتۆرییه‌ت له عیراقدا ده‌خاته به‌ر نه‌شته‌ری راڤه‌كردنێكی ئه‌قڵانییه‌وه و پێمان ده‌ڵێت بۆ ئه‌وه‌ی دیموكراسییه‌ت مانا وه‌ربگرێت، نیشتمان به حه‌وجێی ئه‌وه‌یه هه‌موو كات ده‌نوكێك له‌سه‌ر عه‌وداڵانی دیكتاتۆرییه‌ت بێ و رێنه‌ده‌ین ئه‌ویندارانی سته‌مكار له‌ناو رای گشتی نما بكه‌ن، كه‌وایه كتێبی (سه‌ددامییه‌كانی میدیا) ته‌نها ره‌هه‌نده دیكتاتۆرییه‌كه‌ی مێژووی نوێی عێراق وه‌رده‌گرێ و ئه‌لف و یای هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌م فه‌رهه‌نگه له قۆناغی پۆست سه‌ددامیشدا شیده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا (محه‌مه‌د شێخ عوسمان) بۆ ئه‌وه‌ی هیمه‌ته میدیاییه‌كه بگاته مه‌قسه‌د له گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و مێژووه، كاره‌كته‌ره پێچه‌وانه‌كه‌ی سه‌ددام ده‌خاته ناو زوومی بایه‌خ و بیره‌وه كه (مام جه‌لال)ی فریادڕه‌س و ئایكۆنه دیموكراسییه‌كه‌یه، له‌رێگه‌ی سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه و پۆڵێنكردنه‌وه‌ی وتار و دیداره‌كانی سه‌رۆك تاڵه‌بانییه‌وه مێژووی پاش ده‌سه‌ڵاتی به‌عس و قۆناغه دیموكراسییه نۆبه‌ره‌كه‌ی عیراق باسده‌كات، كه چۆن رابه‌رێكی نیشتمانیی كوردی و عیراقی جیاواز له فه‌رهه‌نگی خۆسه‌پێنیی ده‌سه‌ڵاتداره‌كانی پێشتر تیۆریزه‌ی دیموكراسیی و ماف و ئازادییه‌كان ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی دیمه‌نه‌كه‌ش به ته‌واوی بگات (سۆران عه‌لی) له‌رێگه‌ی كۆمه‌ڵێك وتاره‌وه مێژووی عیراق به چاوێكی كوردییه‌وه شه‌نوكه‌و ده‌كات و جیاوازییه‌كانی نێوان عیراقێك به فۆڕمه سه‌ددامییه‌كه و یه‌كێكی دیكه به مۆدێله دیموكراسییه‌كه‌ی مام جه‌لال به‌راورد ده‌كات، به‌و مانایه‌ی هه‌ر سێ هه‌ڤاڵه‌كه بیانه‌وێت یان نا، یه‌كێكیان فۆكه‌سی خستۆته سه‌ر دیكتاتۆرییه‌ت و یه‌كێكیش زوومی له‌سه‌ر دیموكراسییه‌ته و ئه‌وه‌ی سێهه‌میش شوێنه‌واره‌كانی برینی دیكتاتۆر و ئاسۆی ئومێده‌كانی دیموكراسییه‌ت پێكه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، ده‌ی كه‌وایه فه‌زیڵه‌ی ئه‌سڵ و فه‌سڵی یه‌ك گووتاریی یه‌كێتیانه و كوردانه ئه‌م سێ به‌رهه‌مه ده‌كاته سێ هه‌ڤاڵی ساحێب فه‌زڵ له گێڕانه‌وه‌ی مێژووی نوێی عیراق بێ ئه‌وه‌ی پێشوه‌خته له‌سه‌ری رێككه‌وتبن.
ئه‌م فۆڕمه قووڵه له نووسین
چاكنووسیی و جواننووسی بۆ میدیاكار و كادری سیاسیی گرنگه، به‌تایبه‌ت نووسین له‌بواری شرۆڤه‌ی سیاسی‌دا، جا له منداڵدانی هه‌ر ژانرێكه‌وه بێته‌ده‌ر، وتار بێت یا راپۆرتی بنكۆڵكاری، توێژینه‌وه بێ یا به‌دواداچوون، سه‌لیقه‌ی كۆكردنه‌وه و پۆڵێنبه‌ندیش، هه‌ر كامێكیان بێت بوارێكه رۆژنامه‌نووسیی كوردیی پێویستی زۆری پێی هه‌یه، به‌تایبه‌ت كه له‌سایه‌ی گه‌شه‌ی زۆری سۆشیال میدیا و ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن میدیای خه‌ڵك، ئه‌م فۆڕمه قوڵه له نووسین خه‌ریكه سه‌رچاوه‌كه‌ی كوێر ده‌بێته‌وه، جا چ جای كتێب كه به‌ناوی كۆتایی زه‌مه‌نی كاغه‌زه‌وه مورید و شوێنكه‌وته‌ی هه‌ر نه‌مێنێ، كه‌وابێت هیمه‌تی ئه‌و سێ هه‌ڤاڵه ئه‌گه‌ر به‌سه‌رێكدا ده‌ستكه‌وتێكی كه‌سی بێت و وه‌ك رۆژنامه‌نووسی به توانا شانازییه‌كه به خۆیان ببڕێت، ئه‌وه بۆ ئێمه‌ش عه‌وداڵانی شرۆڤه و شیكاری سیاسیی ده‌بێته شانازی و به قه‌ڵه‌م و به‌رهه‌مه‌كانیان بست به بست هه‌ڵده‌كشێین.