قوتابخانەی میلیتۆس یەکەم قوتابخانەی فەلسەفە لە مێژوودا

11:25 - 2022-12-07
کەلتور
543 جار خوێندراوەتەوە

دڵشاد کاوانی

پێشەکی
قوتابخانەی میلیۆتس وەک کۆنترین قوتابخانەی فەلسەفی خۆرئاوایی لە مێژووی فەلسەفەدا ناوی هاتووە، لە ئەنادۆڵ و لە ناو تورکیای ئێستا و لەژێر هەژموونی فەرمانڕەوایەتی یۆنانی کۆندا لەدایک بووە. قوتابخانەی میلیۆتس کە به فەلسەفەی پێش سوقراتی و بە فەلسەفەی یۆنانی کۆن ناسراوە. قوتابخانەکانی سەردەمی سوقرات لە ژێر کاریگەریی میلیۆتس دابوون. لە ئەوروپای کۆندا فەیلەسوفەکانی پێش سوقراتیان بە فەیلەسوفی فیزیکی یان سروشتی ناو دەبرد.
پرس و لێکۆڵینەوەکانیان لەسەر سروشت و کۆمەڵگەو ئەخلاق و ئایینی، دەکرد، هەوڵیان دەدا بنەڕەتی روونکردنەوەکانیان لەسەر پڕەنسیپی سروشتییەوە بێت، نەوەک کردەوەی خوداکان. بۆ ئەوان جیهان کۆسمۆس بوو، واتە شتێکی رێکوپێک کە لە رێگەی لێپرسینەوەی ئەقڵانییەت جیهان شیاوی تێگەیشتنە.
فەلسەفەی میلیتۆس لە سەدەی شەشەمی پێش زایینەوە لەسەر دەستی سێ کەس لە خەڵکی شاری میلیتۆسەوە بونیادنرا: تالیس و ئاناکسیماندرۆس و ئاناکسیمینیس. هەر سێکیان دەیانویست کۆتایی جیهان دەسنیشان بکەن، ئەو ماکە سەرەتاییە دیاری بکەن، کە هەموو شتەکانی تری لێ دروست بووە. پێکهاتەی بوون بە لای تالیسەوە (ئاو ) و بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە ئاپەیرۆن ( هەمیشەیی)، بە لای ئاناکسیمینیسەوە (هەوا) بوو.

تالیس میلیتی یەکەم فەیلەسوفی مێژووی فەلسەفە
تالیس لەدایکبووی ساڵەکانی 624 یان 623 و لە ساڵەکانی 548 یان 454 ی پێش زایین  مردووە. زانای ماتماتیک و ئەستێرەناس و فەیلەسوفێکی پێش سوقراتیی خەڵکی شاری میلیتۆس لە ئاسیای بچووک بوو (کە ئێستا کەوتۆتە ناو تورکیا). تالیس یەکێکە لە حەوت فەیلەسوفانی کلاسیکی یۆنان، زۆرێک لە مێژوونووسان به یەکەم فەیلەسوفی جیهانی مرۆڤایەتی دادەنێن. بەرچاوترینیان ئەرەستۆ، بە یەکەم فەیلەسوفی یۆنانی دەناسێنێت، ئەم گریمانەیە  ئەگەر واش نەبێت، لە باری مێژووییەوە ئەو بە یەکەم کەس دادەنرێت لە کەلتوری خۆرئاواییدا کە پڕژابێتە سەر فەلسەفەی زانستی.
تالیس بەوە ناسراوە کە بەکارھێنانی ئەفسانەکانی بۆ راڤەی جیهان و گەردوون بە لاوەنا، وەک ئەوەی لە زانستی ئەمڕۆدا دەکرێت، دیاردە و شتە سروشتییەکانی بە گریمانە و تیۆریی سروشتخوازانە راڤە کرد. هەموو فەیلەسوفانی پێش سوقرات بۆ روونکردنەوەی سروشت کەوتنە شوێن گریمانەکانی تالیسەوە.  ئەوانیش رێک وەک تالیس لە جیاتیی ئەوە دەستەودامێنی ئەفسانەکان بن، پێیان وابوو کە تاقە جەوهەرێک لە هەموو شتێکدا هەیە و سروشت لەوەوە دێت. ئەرەستۆ دەڵێت: ئەو جەوهەرە بە لای تالیسەوە ئاو بووە.

لە بیرکاریدا، تالیس زانستی ئەندازەی بەکارھێناوە، بۆ پێوانەکردنی بەرزی هەرەمەکانی میسر و دووری کەشتییەکان لە کەناری دەریاوە. هەروەھا بە یەکەم کەس ناسراوە، کە بۆ یەکەمینجار دۆزینەوەیەکی بیرکاری درابێتە پاڵ.
 پێش تالیس ئایۆنیەکان پێیان وابوو، کە هەموو شتێک لەلایەن خوداوەندەکانەوە پلانی بۆ دانراوە و کۆنترۆڵ دەکرێت. تالیس لەبری ئەوەی لە رێگەی خوداوەندەکانەوە لە فۆڕمی مرۆڤدا دیاردە سروشتییەکان روون بکاتەوە، هەوڵیدا لە رێگەی چاودێرییکردنەوە راستییەکان بەدەستبهێنێت. رەنگە هەنگاوی یەکەمی لە پێکهاتنی بیری زانستیدا هەڵگرتبێت.

ئاو سەرچاوەی ژیانە
ئەو حەزی لەوە بوو بزانێت کە مادەی بنەڕەتی و بنەمای هەموو شتێک چییە، ئەو بە روونکردنەوە ئەفسانەییەکان رازی نەبوو. لێکۆڵینەوەی لە کاریگەرییەکانی ئاو لەسەر سروشت کردووە.  لە ئەنجامی تێبینی و لێکدانەوە زیرەکەکاندا، بیرۆکەیەکی سەبارەت بە بیرۆکەی بنەڕەتی هەمووشتێک لە سروشتدا هێنایە ئاراوە. بەو پێیەی تالیس بیروڕاکانی نەنووسیوە، لە رێگەی ئەرستۆوە زانیاریمان لەسەر دەست دەکەوێت کە بە یەکێک لە سەرچاوە جێی متمانەکانی فەلسەفەی کۆن دادەنرێت. لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیەدا، ئەرستۆ رایانگەیاندووە کە لای تالیس میلیتی ئاو جەوهەر»کرۆک» هەموو شتێکە و هەموو شتێک لە ئاوەوە دەست پێدەکات.
 ئەمەش دوای ئەو گەشتە 10 ساڵیەی دێت کە بۆ میسری کۆن کردی، لێکۆڵینەوەی لە هەڵکشان و داکشانی بۆ ئاوی نیل کرد، چەندین جیاوازی سروشتی و زیندەوەری تازەی له نیل دۆزییەوە، کە لە ماوەی رابردووی لە نیل نەبوون، لە نوێوە سەریانهەڵدەدا. رەنگە ئەمڕۆ پێمان وابێت ئەم بیرۆکەیە هەڵەیە، بەڵام ئەو «هەنگاوی یەکەم»ی تالیس، ئەو گەڕانە بە دوای «جەوهەر ، کرۆک»دا، هەم وەک باوکی فەلسەفە گەرەنتی دەکرد و هەم ئەوانەی دوای ئەو هاتبوون زیاتر لێکۆڵینەوەیان لە کێشەکە کرد، هەموو رێگەکەیان بردە خوارەوەی ئەتۆم.

قوتابییەکانی ئەم قوتابخانەیە کێ بوون؟
فەیلەسوفەکانی وەک ئاناکسیماندرۆس و ئاناکسیمێنێس کە دوای تالیس هاتن، هەروەها خەڵکی میلیتۆس بوون. لە راستیدا ئەم بیرمەندانە نوێنەری یەکەمین قوتابخانەی فەلسەفەن لە مێژوودا .
ئەم قوتابخانەیە وەک یەکەم قوتابخانەی فەلسەفە لە مێژوودا لە شاری میلیتۆس لە خۆرئاوای ئەنادۆڵ دامەزرا. بە یەکەم ناوەندی فەلسەفەی یۆنانی کۆن دادەنرێت. تالیس و ئاناکسیماندرۆس و ئاناکسیمێنێس. فەیلەسوفێک بوون، کە نەریتی بیرکردنەوەی قوتابخانەی میلیتۆسیان پێکهێنا کە بە قوتابخانەی ئایۆنیش ناسراوە.
تەنانەت ئەگەر حەزت لە فەلسەفە نەبێت، رەنگە لە رێگەی ئەو تیۆرییە بیرکارییانەی کە ناوی ئەویان لەسەرە، تالیس بناسیت. دوای پشکنینی ئاو، تالیس گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە ئاوەکە نەمردووە، بەڵکو لەبری ئەوە، مادەیەکی ژیانبەخشە کە دەتوانێت هەر فۆرمێک وەربگرێت و بگاتە هەموو شوێنێک. هاوکات لەگەڵ چاودێرییکردنی ئاوەکە، لێکۆڵینەوەی لە کەشوهەوا و ئاسمانیش کردووە، توێژینەوەی لەسەر دۆزینەوەی ئاڕاستە لەلایەن ئەستێرەکان و راکێشانی موگناتیسی و ،،،.هتد.  کردووە و تیۆری بازنە و گۆشەی پەرەپێداوە. تالیسی میلیتۆس جگە لەوەی. فەیلەسوف بووە، بیرکار و فەلەکناس و «یەکەم ئەندازیاری ئاو» بووە.

ئاناکسیماندرۆس دووەم فەیلەسوفی قوتابخانەی میلیتۆس
دووەم فەیلەسوفی قوتابخانەی میلیتۆس لە دوای تالیس ئاناکسیماندرۆس بوو، کە ئەویش خەڵکی میلیتۆس بوو. هەروەک تالیس، ئەمیش بە دوای دەستنیشانکردنی ئەو تاقانە واقیعە شاراوە و بنەڕەتییەوە بوو کە پێیاندەوت ئارخێ و لایان وا بوو کە هەموو شتەکانی ناو ئەم دنیایەی لێ دروست بووە. هەر ئەوەی کە بە لای تالیسەوە (ئاو) و بە لای ئاناکسیماندرۆسەوە جەوهەرێکی بێسنوور یا (ئاپەیرۆن) بوو. ئەو تیۆریی مامۆستاکانی خۆی دا بە دواوەوە و گوتی هەموو شت لە سروشتدا لە هەوا یا ( هەڵم) دروست بووە.
 ئاگر هەوای ناسکەوبووە، ئاو و خاکیش هەوای خەسەوبوون. هەرچەندە ئێمە زۆر شت لە بارەی ژیانی ئەوەوە نازانین، بەڵام بەرهەمەکانی دەزانین، چونکە ئاناکسیماندرۆس بە پێچەوانەی تالیسەوە، فەیلەسوفێک بوو کە پێشەنگ بوو لە نەریتی نووسینی بیرۆکەکانی. ئاناکسیماندرۆس،فەیلەسوف و سروشتناسێکی سروشتی، لەسەر بنەمای تێبینییەکانی پەرەی بە بۆچوونەکانی خۆی داوە.
 بە واتایەکی تر، ئەو لایەنی بینراوی سروشت لەبری توخمە نەبینراو و خەیاڵییەکان، لایەنگری دەکرد. هەروەها ئەو بیرۆکەیەی قبوڵکرد کە ژیان لە ئاوەوە دەستی پێکردووە، کە لە سەردەمێکدا هەموو شوێنەکان لە ژێر ئاودا بوون و زەوی سەرهەڵدەدات لەگەڵ پاشەکشەی ئاوەکە بە تێپەڕبوونی کات، پێشنیازی کرد کە ژیان کە لە ئاوەوە دەستی پێکردووە لەسەر وشکانی بەردەوام بێت.
ئاناکسیماندرۆس کاتژمێری خۆری داهێنا، لێکۆڵینەوەی لە مانگ و خۆرگیران و هۆکارەکانی بوومەلەرزە کرد. هەروەها ئاناکسیماندرۆس ئەو جیاوازییەی هەبوو کە یەکەم کەس بووە کەهەوڵی نەخشەی جیهانی و مۆدێلی گەردوونی داوە. ئەو پێی وابوو کە دونیا سلندەرێکە لە پانییەکەی گەورەترە، هەروەها ناوەندی گەردوونە.
ئاناکسیماندرۆس لەدایکبووی 610 پێش زایین و لە ساڵی 546 ی پێش زایین مردووە. فەیلەسوفێکی پێش سوقراتی خەڵکی شاری میلیتۆسی ئایۆنیا بوو. ئاناکسیماندرۆس سەر بە قوتابخانەی میلیتۆسی و شاگردی تالیس بوو. دوای تالیس خۆی بوو بە دووەم مامۆستای ئەو قوتابخانەیە و ئاناکسیمینیس و پیتاگۆراس بوون بە شاگردی.زانیاری لە بارەی ژیان و کارەکانییەوە کەمە. وەکو ئەوەی بەڵگە مێژوویییەکان باسی دەکەن، ئەو یەکەم فەیلەسوفە کە لێکۆڵینەوەکانی نووسیوەتەوە، گەرچی تەنیا بەشێک لە بەرهەمەکانی ماونەتەوە. پاش مەرگی، لە بەڵگەکانی مێژوودا چەند شتێک لەبارەیەوە دەدۆزرێتەوە کە تا رادەیەک دیمەنی ئەو پیاوە دەردەخەن.
ئاناکسیماندرۆس بە یەکێک لە لایەنگرە سەرەتاییەکانی زانست دەژمێردرێ و هەوڵی دەدا بە چاولێکردن و روانین گەردوون شرۆڤە بکات. ئەو دەیگوت: هەروەک چۆن یاساکان حاکمن لە کۆمەڵگەدا، لە سروشتیشدا یاساکان زاڵن،  هەر شتێک کە ھاوسەنگیی سروشت بترازێنێت، بڕ ناکات.
وەک زۆرێک لە ھزرڤانانی سەردەمی خۆی، فەلسەفەی ئاناکسیماندرۆس لق وپۆپی زۆرە. لە ئەستێرەناسیدا تێکۆشا، میکانیکی تەنە ئاسمانییەکان لە پێوەند لەگەڵ زەویدا شرۆڤە بکات. لە فیزیکدا، گریمانەکەی کە دەیگوت بێسنوور، یان ئاپەیرۆن، سەرچاوەکەی هەموو شتە، فەلسەفەی یۆنانی بەرەو تەرزێکی نوێ برد لە دەرەنجامی تێگەیشتنەکانەوە. نەخشەی جیهانیشی کێشا کە گەلێک جوگرافیای خستە پێشەوە.

ئاناکسیمێنێس دوا فەیلەسوفی قوتابخانەی میلیتۆس لە ساڵی 586 پ.ز لەدایک بووەو لە ساڵی 526 پ.ز کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسوفێکی یۆنانی کۆن بوو. لە سەردەمی پێش سوقرات، لە نیوەی دووەمی سەدەی شەشەمی پێش زاییندا چالاک بووە. لە کارەکانی هیچ نەماوە، لەبەرئەوە وردەکارییەکان لە بارەی ژیانییەوە ناڕوون و لێڵە. ئەوەی کە ئەمڕۆ لە بارەی ئایدیا و فەلسەفەکەیەوە زانراوە ،بەهۆی تێبینییەکانی ئەرستۆ و نووسەرانی دیکەی مێژووی فەلسەفەی یۆنانەوەیە. ئاناکسیمێنێس زۆرتر بەوە ناسراوە کە دۆستی کەمتەمەن یا قوتابیی ئاناکسیماندرۆس بووە. ئاناکسیماندرۆسیش خۆی قوتابیی تالیس بووە. ئەم سێ کەسە پێکەوە ئەو قوتابخانە فیکرییە پێکدێنن کە بە قوتابخانەی میلیتۆسی ناوی دەرکردووە و وەکو سەرچاوەکەی فەلسەفەی خۆرئاوایی چاوی لێ دەکرێت.
ئاناکسیمێنێس دەیگوت گەردوون لە رێگەی فۆڕمی جیاوازەوە هاتۆتە ئاراوە. یەکەم فەیلەسوف بوو کە سەرنجی خستە سەرچەمکی ماددە. دواتر ئاناکسیمێنێس چوار توخمە بنەڕەتییەکەی قبوڵ کرد، یەکەم کەس بوو کە لێکۆڵینەوەی لە هەوا و ئاو و زەوی و ئاگر کرد.

هێراکلیتۆس و کاریگەری  قوتابخانەی میلیتۆس
هێراکلیتۆس،فەیلەسوفێکی ئەفسیان، ئایۆنییە، لە شارێک کە دوور نییە لە میلیتۆسەوە لەدایک بووە و گەورە بووە. بەهۆی شێوازی نووسینی بێدەنگ و رەخنەگرانە لە سەردەمی کۆن بە «هێراکلیتۆسی تاریک» ناسراوە. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە گەردوون لە دۆخێکی بەردەوامی گۆڕانکاریدایە. هیراکلیتۆس لەژێر کاریگەری قوتابخانەی ملیتۆسەوە سەرچاوەی گرت. 
هێراکلیتوس ساڵی 535 پ.ز لەدایک بووەو ساڵی 475 پ.ز کۆچی دوایی کردووە. فەیلەسوفێکی یۆنانیی خەڵکی شاری ئێفێسوس لە ئایۆنیا بوو، وەکو کاریگەرترین فەیلەسوفی سەردەمی پێش سوقرات ناوی لێ دەندرێت. ئەو شازادەی ئێفێسوس بوو، بەڵام پلەوپایەکەی  جێهێشت بۆ براکەی. رقی لە هاوشارییەکانی بوو و سووکی دەکردن. تەنانەت هۆمیرۆس و فیساگۆرسی لە رەخنە و سووکایەتی بێبەش نەدەکرد . هەر بە هۆی ئەم رق و بێزارییەی لە خەڵک، نیشتمانی  جێهێشبوو و لە دەشت و کێوان دەژیا. لەو ماوەیەشدا گیا کێویلەی کردبوو بە بژێویی  و ئەمەش وای لێکرد تووشی نەخۆشیی زگاوسای (ئیستیسقا) بێت، هەر ئەوەش کوشتی.
هێراکلیتوس راوەستاویی و پێوەجێیی لە جیهاندا رەتدەکردەوە و پێی وا بوو کە هەموو شت رەوان و لە حاڵی گۆڕانە، خاوەنی قسەی (کەس ناتوانێت دووجار پێ بخاتە ناو یەک رووبارەوە) بوو. هێراکلیتوس بڕوای وا بوو گۆڕان لە گشت شتەکاندا هەیە، ئەو لۆگۆسی بە تەنیا شتی نەگۆڕی جیهان دەزانی. لێکۆڵەران پێیان وایە هێراکلیتوس مەبەستی لە لۆگۆس(یاسای زاڵ بەسەر جیهانەوە) یە. یاسایەک کە دژایەتی، بەرچاوترین تایبەتمەندییەتی، شەڕ و ململانێی نێوان دژبەران تاقە راستەقینە و دادپەروەری جیهانییە.

قوتابخانەی میلیتۆس و  حەوت رەگەزەکەی گەردوون
بێگومان فەیلەسوفەکانی میلیتۆس تەنیا لەمانەدا سنووردار نەبوون. هەروەها لە دوای قوتابخانەی ئایۆنی، لوسیپوس و دیمۆکریتۆسی میلیتۆس لە یەکەم توخمدا لێکۆڵینەوەیان لەسەر کرد، کە جەوهەری هەموو شتەکان پێکدەهێنێت و پێشنیاریان کرد کە ئەو چوار توخمەی کە بە بنەڕەتی دادەنرێت (هەوا، ئاو، زەوی و ئاگر) دەتوانرێت دابەش بکرێت بۆ یەکە بچووکەکان. ئەوان ئەو بیرۆکەیەیان پێشنیار کرد کە مادە لە تەنۆلکەی زۆر بچووک و دابەشنەکراو پێکهاتووە و ناوی(ئەتۆم) یان بەم تەنۆلکانە ناوە، کە بە واتای (لەناونەچوو) دێت. بەم شێوەیە لوسیپوس و دیموکریتس بوونە هۆی ئەوەی کە ئێستا بە «ئەتۆمناسەکان» ناسراون. بە بڕوای ئەتۆمناسەکان هەموو شتێک لە گەردووندا لە ئەتۆمی بچووک پێکهاتووە، کە هەستەکان هەستیان پێ ناکەن و ناتوانرێت زیاتر بشکێنرێن. ئەتۆمەکان بێشومار بوون و بە بۆشایی ئاسماندا دەجووڵان. نزیکەی پێش 2500 ساڵ ئەتۆمناسەکان دڵنیابوون لەوەی کە بنەمایەکی نوێ بۆ زانست زیاد دەکرێت کە بناغەی فیزیای ئەمڕۆیە.

قوتابخانەی میلتۆس سەرچاوەی بیرۆکەی زانستی سەرهەڵدانی ئەتۆم
لە کۆتاییەکانی 1800و ناوەڕاستی 1900دا دەرکەوت کە ئەتۆم بچووکترین تەنۆلکە نییە، بەڵکو ئەتۆم لە ئەلکترۆن و پرۆتۆن و نیوترۆن پێکهاتووە، کە پێیا دەوترێت تەنۆلکەی ژێر ئەتۆمی لە مێشکی مرۆڤەکانی جیهانی فیزیادا، «پێم سەیرە ئایا ئەم تەنۆلکە ژێر ئەتۆمیانەش دەتوانرێت دابەش بکرێن؟» پرسیارێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە. فیزیازانەکان بە حەز و وروژاندنێکی زۆرەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد. دوای ماوەیەک تاقیکردنەوەکان سوودیان هەبوو و دەرکەوت تەنانەت بچووکترین پرۆتۆن و نیوترۆنەکانیش لە پێکهاتەی ئەتۆمەکەدا لەناونەچوون. ئەمڕۆ کە باس لە ئەتۆمەکان دەکەین مەبەستمان «کوارک و لێپتۆن»ە، ئێستا پرسیار دەکەین «ئایا کوارک و لێپتۆنەکان خراپ دەبن، یان تەنۆلکەی بچووکتر هەن؟» پرسیارێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە کە زانایانی فیزیا دەورووژێنێت.

قوتابخانەی میلیتۆس و  دۆزینەوەی ماددە
سەرگەرمییە زانستییەکانی مرۆڤ 600 ساڵ پێش زایین لەم خاکانەدا بە ئارەزووی دۆزینەوە و روونکردنەوەی سروشتی ماددە دەستیپێکرد. هەروەها تالیس، یەکەم.فەیلەسوفی کۆن کە لەم خاکانەدا گەورە بووە، دژی ئەفسانە وەستاوە و هەوڵیداوە بە زانستی چاودێرییکردن دیاردە سروشتییەکان روون بکاتەوە. بەم شێوەیە بیرکردنەوە کوالیتییەکی فیکری و زانستی بەدەست دەهێنێت، ئەفسانە وازی لێ هێنراوە. ئەم روانگە نوێیە کە تەواو پێچەوانەی یەکترە، رێگەی بۆ هێنانەکایەی تیۆری نوێ بۆ تێگەیشتنی مرۆڤ لە گەردوون کردەوە.

قوتابخانەی میلیتۆس و کاریگەری لەسەر زانست
فەیلەسوفانی ئەنادۆڵ لە قوتابخانەی میلیتۆس لە خۆرئاوای ئەنادۆڵ هەوڵیان دا بە چاودێرییکردنی سروشت گەردوون روون بکەنەوە. بۆیە میلیتۆس، وەک ئێستا پێی دەوترێت، ناوی ناوەندی زانستی وەرگرتووە. «چی مادە پێکدەهێنێت و ئایا دەتوانرێت مادە دابەش بکرێت بۆ بچووکترین بەشەکانی؟» پرسیارەکە گۆڕا بۆ سەرگەرمی و رێگەی بۆ زانستی چالاک خۆش کرد. فەیلەسوفەکان لەم پڕۆسەیەدا کە لە تالیسەوە دەست پێدەکات و لە رێگەی لوسیپوسەوە بەردەوام دەبێت، لەسەر بنەمای راستییەکان وەک پێشەنگەکانی زانست ناسراون. لێکۆڵینەوە و تیۆرییەکانی گالیلۆ و نیوتن و ئەنیشتاین و زانایانی دیکە ئیلهام و رێنمایی بوون،.فەیلەسوفەکانی ئەنادۆڵ رۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە گۆڕینی چارەنووسی هەموو مرۆڤایەتیدا.

دەرەنجام
له دەرنجامی روانینمان بۆ یەکەم سەرهەڵدانی رامان و قووڵبوونەوە لە چەمکە بوونییەکان بۆچی لە لێوار خاکەکانی دوو کیشوەر و نێوەندی خۆرهەڵات و خۆرئاوا وەک یەکەم قوتابخانەی فەلسەفیی و تێفکرینی بیرۆکەی زانستی و لەسەر ئەم خاکە سەرهەڵدەدات؟ رۆژانێک سەرخاکی یۆنانی بوو، ئێستاش پاڵی داوەتەوە خۆرهەڵات و نێو وڵاتێکی ئاسایی نیوە ئەوروپایە.
 زۆر روونە لەلایەک لە خۆرهەڵات و ئاسیای دوور، ئایینە فەلسەفییەکانی کۆنۆفۆشیۆس و بودایی و لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئاینی میتڕایی و زەردەشتی. لە خۆرئاوا و ناوەندی رۆم و گریک نۆ خواکانی هونەر و ئەفسانەکانی یۆنان. لەولاشەوە شارستانییەت میسری کۆن. پاڵنەری جووڵاندنی بیری مرۆڤایەتی بوون، بەمەش پەڕینەوەی پردی تەراودە و بەیەک گەیشتنی دوو شارستانییەتی خۆرهەڵات و تێکەڵبوونی بە خۆرئاوا، سنووری جیپۆلۆتیکی ناوەڕاستی کردە نێوەندی جووڵانی بیر و هزری مرۆڤایەتی. دەکرێت قوتابخانەی میلیتۆس وەک قوتابخانەیەکی خۆرئاوایی و مووتوربەکراوی خۆرهەڵاتی لە جوگرافیای سەر خاکێکی یەکلایی نەکراوە، لێی بڕوانرێت.

سەرچاوەکان
-
کتاب ارسطو: مابعد الطبیعه متافیزیک 3جلدی. ترجمه: محمدحسن لطفی. ناشر: طرح نو
تاریخ نشر: 29 اردیبهشت 1399.
-کتاب فیزیک و متافیزیک. :محسن فرشاد – نشر: علم. سال 1365

-کتاب تاریخ یونان باستان جلد دو. دکتر. : اردشیر خدادیان. ناشر: سخن. سال نشر. 1397.
-فجر الفلسفة‌ الیونانیة‌ قبل سقراط. احمد فواد الاهواني. لناشر: ‌افاق للنشر والتوزیع. تاریخ النشر2020

-Aristotle‌s Metaphysics, Volume II: A Revised Text with Introduction and Commentary Oxford University Press Reprints distributed by Sa (January 1, 1997) 

بابەتە پەیوەندیدارەکان