سەرۆکی سوریا کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی تورکیادا رەتدەکاتەوە

03:31 - 2022-12-07
جیهان
417 جار خوێندراوەتەوە

بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رەتدەکاتەوە و دەیەوێت ئەو کۆبوونەوەیە دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا بکرێت.
ئۆرھان میری ئۆغڵو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی داد و گەشەپێدان - ئاکەپە رایگەیاند، سوریا داوایەکی تورکیای بۆ رێکخستنی دیدار لەنێوان بەشار ئەسەد سەرۆکی ئەو وڵاتە و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رەتکردووەتەوە.
وتیشی، وادیارە دیمەشق نایەوێت ئەو کۆبوونەوەیە ئێستا بکرێت، دەیەوێت بۆ دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا دوابخرێت، کە بڕیار وایە ناوەڕاستی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت، بەڵام رەوشەکە ھەستیارە و رەنگە کاریگەریی لەسەر ھەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆکایەتی تورکیا ھەبێت.
پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، دوای ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی و پەرلەمانیی لە تورکیا، کە بڕیاروایە حوزەیرانی ساڵی داھاتوو بەڕێوەبچێت، رەنگە چاو بەپەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سوریا بخشێننەوە و لەگەڵ بەشار ئەسەد دا کۆببێتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان