سەرۆك كۆمار: پەرەپێدانی زیاتر بە بەسرە و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی

09:07 - 2022-12-08
عیراق
511 جار خوێندراوەتەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار، بەمەبەستی لەنزیكەوە ئاگاداربوون لە دۆخ و پێداویستیی شارەكە، دوێنێ سەردانی بەسرەی كرد.
لەمیانی بەسەركردنەوەکەدا، بە سەرۆكایەتیی وەفدێكی باڵای وەزاریی، سەرۆك كۆمار، تەئكیدیكردەوە كە پارێزگای بەسرە و دانیشتوانەكەی، پێگەیەكی گرنگیان هەیە، جەختیشیكردەوە لەسەر «پێویستیی جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان».
لە كۆبوونەوەیەكدا لە بینای پارێزگا لەگەڵ ئەسعەد عیدانی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجومەنی خۆجێیی، سەرۆك كۆمار، گوێبیستی پارێزگار بوو سەبارەت بە دۆخی گشتیی پارێزگاكە و ئەو ئاستەنگانەی كە پێشكەوتن و دۆخی ئاستی خزمەتگوزارییەکان دوادەخەن.
هەروەها، سەرۆك كۆمار، لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتیی دیاری عەشایەری پارێزگاكە و بەڕێوەبەرانی ناحیە و بەشە خزمەتگوزارییەكان، كۆبۆوە و ئاگاداركرایەوە لەو پرسانەی پەیوەستن بە خزمەتگوزاری و گوزەران و بارودۆخی ئەمنیی پارێزگا و دانیشتوانەكەیەوە. لە وتەیەكیشدا رایگەیاند: بەسرە پێگەیەكی بەنرخی لە دڵی عیراقییەكاندا هەیە، پێویستە دەزگا و دامەزراوەكانی دەوڵەت كار بۆ پێشخستنی بەسرە و باشتركردنی دۆخی ژینگەیی بكەن و بارودۆخی ئابووری و خزمەتگوزاری و پەروەردەیی باشتربكەن و قەرەبووی ئەو شارەكە بكەنەوە، كە لەڕابردوودا پشتگوێخراوە، ئەوەش بە هاندانی جووڵەی وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت دەبێت. داواشیكرد هەموان بە پەرۆش و دڵسۆزانە كاربكەن بۆ پێشكەوتنی عیراق لەرێگەی بوژاندنەوەی بواری كشتوكاڵ و چارەسەركردنی كێشەی بەفیڕۆدانی ئاو و راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر رووبارەكان و پاككردنەوە و پاراستنی ئاودێریی كەناڵەكان.

# سەرۆك كۆماری عیراق

بابەتە پەیوەندیدارەکان