كافیەی دێلێژە

ژیانێكی پڕ هەوراز و نشێو

09:59 - 2022-12-08
کەلتور
526 جار خوێندراوەتەوە
شێخ حسێن لەگەڵ (کافیەی دێلێژە)ی هاوسەری

نەسرین کوردە

خاتوو كافیە ئەمین محەمەد ناسراو بە  كافیەی دێلێژە، لە ساڵی 1956 و لە خێزانێكی نیشتمانپەروەر لەدایكبووە،  ساڵی 1980 پەیوەندی كردووە بە رێكخستنەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە.
جگە لەوەی خۆی لە خانەوادەیەكی شۆڕشگێڕ و نیشتمانپەروەردا پەروەردە بووە، لەساڵی 1979شدا شووی كردووە بە لیوا شێخ حسێن، كە ئەوكات پێشمەرگە بووە و پێكەوە روویانكردۆتە گوندی تیماری سنووری قەرەداغ و تا ساڵی 1987 لەوێ جێگیربوون، ئەوە سەرەڕای ئەوەی هەر لەو گوندە سێ جار ماڵەكەشەیان سووتێنراوە و بۆخۆشی لە ژێر كاریگەریی بۆمبارانی فڕۆكە و تۆپبارانی رژێمی بەعسدا هەستی بیستنی لە دەستداوە.

گواستنەوەی هەوار بەرەو مریەم بەگ
خاتوو كافیە دەگێڕێتەوە بەهۆی دۆخی گوندی تیمار ‌و  نەخۆشی و نەهامەتییەوە هەمان ساڵ واتە 1987 بە خێزانی چوونەتە گوندی مریەم بەگی سەر بە قەرەداغ.
هەروەها دەڵێت: (مانگی7 ی 1987 منداڵەكانمان زۆر حاڵیان خراپبوو، ژیانمان بە كولەمەرگی دەبردە سەر و بەو هاوكاریی و دەستگیرۆییە دەژیاین كە خزمەكانمان لە سلێمانیەوە بۆیان دەناردین وەك كەلوپەل و پێداویستیی رۆژانە و جلوبەرگ و خواردن).
دەشڵێت: (ماوەیەك لە مریەم بەگ ماینەوە و لەوێش نەهامەتییەكی زۆر و هیلاكییەكی زۆرمان چەشت و رۆژ بە رۆژ ژیانمان سەختتر دەبوو، بۆیە جوابم بۆ باوكم نارد و هات بە شوێنماندا و بە تراكتۆر گەڕاینەوە بۆ ناوشار. پاشان دەگێڕێتەوە دوای گەڕانەوەی خۆی و منداڵەكانی، «شێخ حسێن»ی هاوسەریشی بە نهێنی گەڕاوەتەوە ماڵەوە بۆ سەردانیان. 

هاوسەرەكەم ئاڵتونەكانمی فرۆشت 
وەك خۆی دەگێڕێتەوە دوای دڵنیابوون لە تەندروستی ‌و بارودۆخیان، «شێخ حسێن»ی هاوسەری داوای لێكردووە ئاڵتونەكانی بداتێ تا بیفرۆشێت و پارەكەی ببات بۆ دەرەوە بۆ هاوكاریی پێشمەرگە و دەڵێت: (منیش زۆر بەخۆشییەوە ئاڵتونەكانم دایە دەستی و بردی فرۆشتی بە سێ هەزار دینار و هەموو پارەكەی برد، چونكە وەك خۆی دەیوت زۆریان پێویست بەو پارەیە هەبووە بۆ چالاكی لەو كاتەدا، ئەوەش بە ئاگاداریی شەهید حەمەڕەش و كاك ئاواتی شێخ جەناب و مامۆستا جەلالی برای شەهید حەمەڕەش، چونكە حاڵی پێشمەرگە زۆر خراپ بوو، هیچ پارەیان نەبووە تا كار و چالاكییەكانیانی پێ‌  جێبەجێ بكەن.
خاتوو كافیە ئاماژەی بەوەش كرد دوای باشبوونەوەی دۆخی تەندروستیی منداڵەكان، چووینەوە بۆ گوندی دێلێژە و لەوێ جێگیربووین تا كارەساتی ئەنفال لە سەرەتای ساڵی 1988، پاشان ماڵەكەمان بەجێهێشت و رۆشتین. 

 لە ئەنفالەوە بۆ راپەڕین 
دووبارە لەگەڵ منداڵەكانیدا  گەڕاوەتەوە بۆ ناو شاری سلێمانی و هەر هەفتەیە و لە ماڵی یەكێك لە خوشك و برا و خاڵ و ماڵی كەسوكاری خۆی و هاوسەرەكەی و ماڵی باوكی لە بەكرەجۆ ماونەتەوە و بەو جۆرە بەردەوام بوون تا ماوەی زیاتر لە دوو ساڵ، تا لە ساڵی 1991 لە راپەڕینەكەدا «شێخ حسێن»ی هاوسەرەكەم گەڕایەوە سلێمانی و سەرلەنوێ ماڵمان بنیاتنایەوە. 
پاشان دەڵێت: جارێكی تر لە 31 ی ئابی 1996 بە فەرمانی هەڤاڵ مام جەلال هاوسەرەكەم گەڕایەوە قەرەداغ بە ئاگاداریی كاك عومەری سەید عەلی و كاك عیماد ئەحمەد و منیش هاوشانی هاوسەرەكەم و هاوڕێ و دڵسۆزانی رێی خەباتی كوردایەتی بەردەوام بووین.
خاتوو كافیە ئاماژەش بەوە دەدات هاوسەرەكەی چەندین جار ئیخباری كراوە و فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە. 

ژیانێك لێوانلێو لە مەترسی و شانازی
هەروەها دەڵێت: ژیانی ئێمەش وەكو هەموو هاوڕێیانی تری هاوخەباتمان لێوان لێو بووە لە دەربەدەری و ماڵوێرانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، بەڵام هەرچۆنێك بێت شانازی بە خەباتی رابردوو و ئێستاشمانەوە دەكەین لە نێو ریزەكانی «ی.ن.ك»دا.
لەبەشێكی دیكەی گێڕانەوەكانیدا دەڵێت لەناو شاریشدا هەم خۆم درێژەم بە كار و خەباتی سیاسی داوە لە رێكخستنەكانی یەكێتیدا و هەروەها منداڵەكانیشمان بەهەمان شێوە لەسەر رێبازی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان بەردەوامن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان