وێنەی مرۆڤی سەردەم لە نمایشی کالیگۆلا بەرهەمی ئۆکرانیادا

10:19 - 2022-12-08
ئەدەب و هونەر
417 جار خوێندراوەتەوە
شانۆگەری کالیگۆلا - ئەلیکسەندەر کۆفشن

پ.ی.د.دڵشاد مستەفا 

2-1

رەنگە بەگۆهێنانی نمایشێک لە نێو فێستڤاڵێکی هونەری نێودەوڵەتیدا وەک کارێکی سانا و راگوزەر بێتە بەرچاو، کەمە روانینێکی سادە لای هەندێک ئەو گرێیانە دەکاتەوە کە لەبەردەم بینەردا هەن و ئەو نهێنیانە ئاشکرا دەکات کە ئەو بە روانینە ساکارەکەی پەییان پێ نابات. لەلای بەشێکی دی بۆتە گێڕانەوەی ئەوەی روویدا بەوردەکاری و سەرنجەوە وەک ئەوەی بینەر خۆی لەوێ نەبووبێت، یان هۆشیارییەکی نائامادەی لەساتی بینینی نمایشدا هەبووبێت و کۆمەکی نەکات بۆ تێگەیشتن، ئیدی کاری رەخنە و هەڵسەنگاندنی نمایش ئەوەیە کە ئەو تێبگەیەنێت و ئەوەی بەبیر بهێنێتەوە کە بینیویەتی بەڵام بەچاوێکی دی.
لەم بابەتەدا هەوڵدەدەم شتێکی تر بخەمە سەر ئەو پانتاییە، شتێک لە دەرەوەی ئەو دوو شێوازە، بەهیوام جێی سەرنج بێت.  لەگەڵ ئەوەی ئەم روانینەش لە سادەیی ناگوزەرێت، بەڵام لانی کەم هەوڵێکی جیاوازترە لەوەی رابورد.


دەستپێک:
گەورە بیرمەندی عەرەب (محمد عابد الجابری) دەڵێت: (جیهانی ئەمڕۆ لە یەک شارستانییەتدا دەژی کە هەموو گەلان لە بنیاتنانیدا بەشداریانکردوە و بەشداریدەکەن، بۆیە شارستانییەکی مرۆییە، بەو واتایەی دەستکردی هەموو مرۆڤایەتییە بەدرێژایی مێژوو)() گەر ئەم گریمانەیە بەهەند وەربگرین و ئەو پێکەوەییە لەسەر بنەمای بنیاتنان بەراست بزانین، ئاخۆ لە پێچەوانەکەیدا بەکوێ دەگەین؟ ئەو هەموو نەهامەتیی و وێرانییەی دنیای ئێستامانی داگیرکردووە و کردوویەتییە بیابانێکی قاقڕ، هەموو مرۆڤایەتی تێیدا بەشدار و بەرپرسیار نییە؟! نەهامەتییەکانی مرۆڤ لەبەرەبەیانی سەرهەڵدانی شارستانییەتەکانەوە تا ئەمڕۆ هەموو گەلان لێی بەرپرسیارنین؟ 
ئەم مرۆڤە سەرشارە لە پرسیار و ئاریشەیە، ئەم بوونەوەرە بەنەفرەتکراوەی فڕێ دراوەتە دەرەوەی فردەوسی یەزدان کێ خۆی دەکات بەخاوەنی؟ ئاخۆ بەتەنها ئاین و دەربازەکانی پەناگەی رۆحی ئەون؟ ئەم بوونەوەرەی لەزەت و خوێن و هێز بەرچاویان گرتووەو لە هەموو سەردەمەکاندا هەردەچێتەوە سەر ئەو کوچکانەی بەجەوهەری ژیانیان دەزانێت. ئەم مرۆڤەی ژیانی تەژییە لە پشێوی و خۆشی ژیانی بەپشێوییەکی وێرانکەرتر قان داوە و دۆخێکی لە بەیەکدا چوون دروستکردووە و ناوی لێ ناوە سیستمی نوێ. ئەو دیاردەیە وەک وێنەی واقیعی نوێی مرۆڤ دەیخاتە بەردەممان و دەبێت قبووڵی بکەین، چونکە ئەڵتەرناتیڤەکانی گەلێک لەو توندتر و بەزەبرترن. 
بمانەوێت یان نا لە دنیایەکدا دەژین وێنەکانی ناڕۆشن و تەڵخن، سیمایەکی جێگیر و دیاری نییە، مامەڵەکردن لەگەڵیدا بەبێ هۆشیارییەکی پتەوی مەبەستگەرا دەمانکاتە دۆنکیشۆتێکی نوێ کە بەشمشێرێکی کولەوە شەڕ لەگەڵ نەبینراوێکی بەهێزدا دەکات. لە نمایشی کالیگۆلادا بەرئەو ئەڵتەرناتیڤە زبرە دەکەوین و بەتەواوی لەوە تێدەگەین ئێمە لەسەردەدمێکدا دەژین، سەردەمێک نزیکترین شوناسی بۆ ئەڵتەرناتیڤەکانی تەسلیم نەبوون بە سیستم (شێتبوون)ە.
لە سەردەمێکداین هۆبز مرۆڤەکانی بەبرا گورگەکان ناودەبات، دۆخێک لە نیگەرانییەکی قورس باڵی بەسەردا کێشاوە و ترس و تۆقاندن و زەبری جەستەیی و دەروونی دیارترین نیشانە و ئاماژەکانین. دنیای ئەمڕۆ گەر لە دیدی جۆن بۆدریاردەوە تەماشای بکەین، دنیایەکە سەرجەم گوتارەکانی ئاماژە بە داڕمانی دەکەن، چونکە خودی خۆی بەهەموو هێز و توانایەوە بەرهەمهێنەری جۆرێکە لە توندوتیژی لە هەناوی کەسەکاندا بەبێ ئەوەی بە تەواوی درک بەو بوونە بکەن. ئەوەی روودەدات هەڵگەڕانەوەی ئەفسوونە بەسەرخودی بەرهەمهێنەرەکەیدا. بۆدریارد وای دەبینێت سەرمایەداری لەو رۆژگارەدا سەرقاڵی وێرانکردنی خۆیەتی چونکە لە هەناوی خۆیدا گوژمەیەک لەڕق و تونوتیژی هەڵگرتووە و لە هەنای کەسەکاندا بەبێ ویستی خۆیان دەیچێنێت.

کالیگۆلای مێژوو کالیگۆلای نمایش 
کالیگۆلای  مێژوو (کایۆس) ی ئیمپراتۆری بەدناوی رۆمانی کە بەخوێنڕێژترین لە مێژووی سەردەمی خۆیدا ناسراوە، دڕندە و سەرشێت و سادی، پەیوەندییەکی خانەوادەیی لەگەڵ ئیمپراتۆری نێودار نیرۆن هەیە کە شاری رۆمای سووتان. لە نێوان ساڵانی 37 تا 41 ی زانینی فەرمانڕەوایی کردووە. ئەم کارەکتەرە  بە تەنها فەرمانڕەوایەکی دڕندە نەبوو، بەڵکو نموونەیەکی دیاری خراپە و شێتی دەسەڵات و زەبرو زەنگ بوو. بەردەوام سەرقاڵی بێزارکردنی گەلانی ژێردەستەی رۆمانییەکان بووە. خۆی لە وێنەی خودایەکدا دەبینی کە دەبێت مەحاڵ لەبەردەمیدا نەمێنێت، مەراق دەیگرت کە نەیدەتوانی وابکات مرۆڤەکان نەمرن، دڵی پڕ دەبوو لە کەسەر کە نەیدەتوانی خۆر لە خۆرهەڵاتەوە ئاوابکات.
هەڵبەتە ئەویش وەک هەموو دیکتاتۆرەکانی نێو مێژوو و ئێستا بێ دەنگی گەل و پێداهەڵدان و ملکەچی دەست و پێوەند و کەسە نزیکەکانی هێندەی تر وێنەکەی لەبەردەم شیرین تر دەکرد و ئیدی سڵی لە هیچ جۆرە رەفتارێک نەدەکردەوە. سێ وتەزای زۆر نێوداریشی هەبوون کە بوونەتە بەشێک لەو مێژووە خوێناوییەی بۆ خۆی دروستکردووە ئەمانەن { ( من راشکاوانە دزی دەکەم ) ( سەیرە گەر کەسێک نەکوژم هەست بەتەنیایی دەکەم ) ( لە نێوان مردواندا نەبێت ئاسوودە نابم)} ئەم وتانە بەئاشکرا دۆخی دەروونی ئەو کارەکتەرەمان پیشاندەدات.
کالیگۆلای نێونمایش، دۆخی سەرکێشییەکانی مرۆڤی مۆدێرنە کە سستم فڕێی دەداتە شوێنێکەوە بەبێ ویستی خۆی. لە نێو نەخۆشخانەیەکی دەروونیدایە سەرقاڵی حکایەتە دێرینەکەی خۆیەتی، حکایەتی چێژێکی ئەزەلی کە لە کۆڵ ئینسان نابێتەوە، چێژی دەسەڵاتی رەها. کالیگۆلا نمایندەی مرۆڤی ئەو سەردەمەیە کە بۆ ئەوەی مانا بە ژیان ببەخشێتەوە لە رێی بەدەستهێنانی مەحاڵێکەوە کە مانگە، دەکەوێتە نێو ماشێنەکەوە و لێرەوە ئەم بوونەوەرە نامورادە، دەبێت لەسەر مۆدێلی باو بژی، مۆدێلێک کە ئاوێتەبوونی کۆمەڵایەتی دەیسەپێنێ، بەڵام بەرگەگرتنی بۆ یاخییەک لەو دیو بڕوا جێگیرەکانی کۆمەڵەوە سەختە. بۆیە ئەو دەمەی تەواو لەوە دڵنیا دەبێت کە ئیدی گەیشتن بەو خواستانە لە دەرەوەی واقیعە دانپیانراوەکەی ژیانە، تووشی نائومێدییەکی قووڵ دەبێت و هەستی قەهرێکی کوشندە دایدەگرێت کە سەردەکێشێت بۆ توندوتیژی. 
ئەمە ئەو دۆخەیە کە هێزێکی تێدا دێتە بوون وێرانکەر، ئەو هێزەی لەڕابردووە و تا ئێستا، لە رۆژانی دێرینی نێو مێژووی مرۆڤایەتییەوە تا هەنووکە دیکتاتۆر و زۆردارەکان لەسەر بنچینەی دۆخی سایکۆلۆجی دروست دەکات. بەوپێیە کالیگۆلا نموونەی مرۆڤی هۆشمەند یان ( هۆمۆساپیانس)ە کە بیرمەندی ئیسرائیلی یۆڤال نوح هەراری بە وێرانکەر ناوی دەبات، ئەو بوونەوەرەی پاکیزەیی سروشتی ژیانی سەرزەمینی لە رۆژگاری بەرلەمێژووەوە لەناو برد.
کالیگۆلای مێژوو و هاوکات کالیگۆلای کامۆ، لە نێو بەدبەختی و نائومێدییەکی نوتەکدا دەژی لە دوای مەرگی دریسیللای خوشک و خۆشەویستی، بۆیە سەرگەرمی بەدەستهێنانی مەحاڵە لە وێنەی مانگدا بۆ دەربازبوون لەو دۆخە دەروونییەی لەناوەوە هەلاهەلای کردووە، گەرچی ناچاری دەستبردن بۆ فەرهەنگی توندوتیژی و رەتاندنیش ببێت. هاوکات کایلگۆلا دۆخی ناجێگیری دەروونی لەلایەک و خواستی سووکایەتیکردن بە سیستمی دیموکراسی پەرلەمانی و تۆخکردنەوەی وێنەی دیکتاتۆرییانەی خۆی، ئەسپەکەی دەکاتە ئەندامی ئەنجومەنی پیران و تا دوا ساتەکانی گەیشتنی رق و تووڕەیی  هیچ کەس ناوێرێت لە دژی ئەو بڕیارە هەڵوێست وەربگرێت. دەرهێنەر بۆ گواستنەوەی ئەم دیاردەیە بۆ ئێستا، لەسەر زاری کارەکتەرێکەوە باس لەوە دەکات کە کالیگۆلا ئەوانی ناچار کردووە بەدەوری پاسکیلەکەیدا بسوڕێنەوە. کردارێک لەلایەک بێهۆدەیی سوڕانەوە لە بازنەیەکدا و لەلایەک وەک جۆرێک سووکایەتی بەو مرۆڤانەی ملکەچی فەرمانەکانی دەسەڵاتدارێکی شێتگیربوون.

بابەتە پەیوەندیدارەکان