پەیكەرە زەبەلاحەكانی نانا

10:46 - 2022-12-11
دووتوێ
424 جار خوێندراوەتەوە
#یەکێک لە پەیکەرەکانی نانا

ئا: ئاكار نەجم

زۆرجار ئەو ئازارە دەروونییانەی ناخی مرۆڤ دەكێڵێ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو مرۆڤە ببێتە داهێنەر، بەشی زۆری ئەوانەی لە بوارە جیاوازەكاندا داهێنانیان كردووە كەسانی تێكشكاو یان ئەوان بوون ژیانیان بەسەختی گوزەراندووە و لە قووڵایی شكستەوە داهێنەرانە بەرەو لووتكەی سەركەوتن هەنگاویان ناوە، نیكی یەكێكە لەو هونەرمەندانەی گرێیەكی دەروونی و ئازارێك وای لێكردووە لە بن دەستی پزیشكەكان هەڵبێ و لە رێگەی هونەرەوە چارەسەری دەروونی خۆی بكات و ستایلێكی تایبەت بەخۆی بدۆزێتەوە، كە هونەری «نانا» یە، ئەم ستایلەی نیكی بە جیهانی ناساند و گەیاندییە ئاستێكی وەها كە پەیكەرە زەبەلاحەكانی هێشتا بە بەرچاوی خەڵكەوەن.
نیکی دی سانت فال
نیكی دی سانت فال، لە ساڵی 1930 لە شاری نیویلی سور سێنی فەرەنسا لە دایكبووە و لە نیویۆرك گەورەبووە، ئەم خانمە هونەرمەندە ژیانی لە نێوان فەرەنسا و سویسرا و ئەمریكادا بەسەربردووە، لەم وڵاتانەدا كاری كردووە و بەردەوام بووە لە داهێنانی هونەری، بەرهەمەكانی لەسەر شەقامەكانی چەند وڵاتێكی ئەوروپیدا دەبینرێن، كە بە پەیكەری رەنگاوڕەنگی زەبەلاح ناسراون. كارە هونەرییەكانی ئەم خانمە كاردانەوەی ژیانی سەختی مێیینەیی خۆی تێدا بەرجەستە كردووە، دوای تەمەنێك   لەتەك پەیكەرە زەبەلاحەكان، لە ساڵی 2002 لە شاری لاجۆلا، لە ویلایەتی كالیفۆرنیا کۆچی دوایی کردووە. 
نیكی یەكێك بووە لەئەندامانی گروپی نۆڤۆ ریالیستەكان، كە لە ساڵی 1964 لە رێگەی هاوسەرەكەیەوە هونەرمەند «جان تینگولی» پەیوەندی پێوەكردوون، نیكی ئەگەرچی لە پاریس لەدایكبووە، بەڵام یەكەم قۆناغی ژیان لە ئەمریكا  دەست پێكردووە، كاتێك لە ساڵی 1971 شوو بە هونەرمەند تینگولی دەكات، رەگەزنامەی سویسری وەردەگرێت، ئەم ژیانەی كە لە چەند وڵاتێكدا بەسەری بردووە ئەزموونی هونەری  دەوڵەمەند كردووە و زیاتریش ناساندوویەتی. 
گرێی دەروونی و هونەری نانا
لە ساڵی 1936 تا 1945 نیكی سەردانی قوتابخانەی خوشكانی ساكرێ كۆر دەكات لە نیویۆرك، بەهۆی ئەوەی كاتێك تەمەنی یازدە ساڵ بووە، باوكی دەستدرێژی سێكسی كردۆتەسەری، ئەم رووداوە كاردانەوەی خراپی لەسەر دروست دەكات، بە جۆرێك بۆ چارەسەری دەروونی شێواوی پەنا بۆ تەزووی كارەبا براوە، ئەمما هەموو ئەوشتانە بێ سوودبوون، تەنها هونەر توانی ئەم ژنە لەو دەروونە شێواو و هیلاكە رزگار بكات، لە رێگەی هونەری وێنەكێشانەوە چارەسەری دەروونی خۆی كرد و هێوربووەوە، وەك خۆی دەڵێت: لە تەمەنی گەنجیدا كەسێكی تووڕەبووم، بووم بە هونەرمەند، چونكە جگە لەم رێگەیە، هیچ رێگەیەكم دیکەم نەبوو.
ئەم هونەرمەندە كۆمەڵێك بەرهەمی هونەری پێشكەشكردووە، لەوانە كارە مۆنۆمێنتالەكانی، لە نافورەی ستراڤینسكی، لە تەنیشت پۆمپیدۆ لە پاریس، باخچەی تارۆ لە گاراڤیچیۆ، باشووری توسكانی، گرۆتۆ لە باخچەی شاهانەی هێرێنهاوس لە هانۆڤەر و شاژن كالیفیا، بازنەی سیحراوی لە كالیفۆرنیا، هەروەها كارەكانی لە كۆمەڵەكانی پەیمانگای هونەری كۆرتۆڵد لە لەندەن، مۆزەخانەی هونەری مۆدێرن لە نیویۆرك، سەنتەری هونەری واكەر لە مینیاپۆلیس و مۆزەخانەی هونەری هاوچەرخی هونەری مۆدێرن لە نیس و لە چەندین شوێنی گشتی و مۆزەخانەی تردا هەڵگیراون.
کارە هونەرییەکانی
نیكی بە مادەی پلاستیكی كاری كردووە و لە هونەری وێنەكێشان و كاری پلاستیكدا سەركەوتووبووە، لە ئەڵمانیا بەهۆی پەیكەرەكانی «نانا»ەوە ناوبانگی دەركردووە و شەقامێكی گەورەی شاری هانۆڤەر لە ساڵی 1974ەوە بە پەیكەرەكانی رازاوەتەوە، شەقامی لایبنیز ئۆڤەر ستریتە كە دەچێتە زانكۆی هانۆڤەر و باخچەی پادشاكانی هانۆڤەر.
ستایلی هونەری نیكی ئاراستەی هونەری پۆپی وەرگرتووە و بە پەیكەرە زەبەلاح و رەنگاوڕەنگەكانی نانا ناسراوە، دەربڕینی «نانا» لە زمانی فەرەنسیدا هاتووە بۆ دەربڕینی جەستەیەكی مێینەی مۆدێرن، متمانە بەخۆبوون. گوزارشت لە شانازیكردن بە كەسایەتی خۆیەوە دەكات، لە سەرووی هەمووشیانەوە سەرنجڕاكێشە بۆ پیاوان، یەكەم پەیكەری مێینەی مۆنۆمێنتالی خۆی لە ساڵی 1965 بەرهەمهێنا و لە پاریس نمایشی كرد و بەردەوام بووە لە نوێنەرایەتی كردنی ئەو پەیكەرە زەبەلاحانەی مێینەیی ستەمكار و دڵخۆشكەر، سەما بە رەنگی گەشاوە بە قەبارەی سەروو سروشتی و چەندین پێكهاتەی لەو جۆرە، هەروەها لە ستۆكهۆڵم و پاریس و سویسرا و ئەڵمانیا كاری هونەری گەورەی كردووە، هونەرمەند نیكی لە شەستەكانی سەدەی رابردوودا لە سەردەمی بزووتنەوەی ژنان بۆ رزگاری ژنان و كراوەیی لە پەیوەندییەكاندا بەبێ سنوورداركردن دەستی بە كارەكانی كردووە.



#کەشتیی نـــوح

بابەتە پەیوەندیدارەکان