بازاڕی دراوە گریمانەییەکان بەرەو کوێ؟

09:37 - 2022-12-12
ئابووری
515 جار خوێندراوەتەوە
دراوە گریمانەییەکان هیچ بنەمایەکی یاساییان نییە

فەیسەڵ عەلی


لەم ساڵانەی دواییدا، دراوە گریمانەییەکان و ئەو بەرهەمانەی پێیانەوە پەیوەستن، گەشەیەکی خێرایان بەخۆیانەوە بینیوە. پەیوەندیی لەگەڵ سیستمی دارایی کە بەپێی یاسا رێکخراون و کاردەکەن، رووی لە گەشە کرد. دروستکەرانی سیاسەتەکان بەردەوام چاودێریی ئەو مەترسییانە دەکەن کە مامەڵەکردن بەو دراوانە دەیخولقێنێت. لەم ماوەیەی دواییدا، لەسەر ئاستی جیهان زۆر لە ئابووریناسان داوایان کرد و هاوکاتیش هۆشداریی زۆریان سەبارەت بە داڕمانی بێ پێشینەی وەبەرهێنان لە دراوە گریمانییەکان دا.
بە دیارکەوتنی ئەو مەترسییانە، بۆ؟ لەبەرئەوەی ئێستا جیهان پێویستی بە پێوەرێکی گشتگیری نێودەوڵەتی هەیە، تا بەشێوەیەکی دروست چارەسەری ئەو مەترسییانە بکات کە سیستمی نێودەوڵەتیی دارایی بەهۆی ئەو دراوە گریمانەییانە و مامەڵەکانی پەیوەست بەوان، دووچاری بووە. 
لەسەر ئاستی جیهان دەخوازرێت چوارچێوەیەک بۆ رێکخستنی بنەچەی دراوە گریمانەییەکان دابنرێت، بە ئامانجی داڕشتنی میتۆدێکی گشتگیر و هەماهەنگ بۆ ئەوەی بتوانرێ لێوەی ئیدارەی ئەو مەترسییانە بکرێت کە دووچاری جێگیریی دارایی و بازاڕ دەبێتەوە. 

جیهان پێویستی بە دراوی دیجیتاڵییە، بەڵام بەو مەرجەی راستەوخۆ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەرچوێندرابێت

تەمەنی 15 ساڵە
لێرەدا رەوشی دراوە گریمانییەکان هەر لە ساتی خستنەبازاڕیانەوە، بەر لە نزیکەی 15 ساڵ، گومان و دڵەڕاوکێی دروست کردووە، ناجێگریی و شێواویی سیمای سەرەکیی بزاوتی ئەو دراوانە بووە، کاتێک لە بازاڕی دارایی مامەڵەیان پێوە کراوە، یان باسیان لێ کراوە، بە ئێستاشەوە رێکخستنێکی باش و دروستی نییە، تەنانەت لەلایەن ناوەندە یاساییە داراییەکانیشەوە بە کەم تەماشاکراوە، بۆ نموونە، کریستین لاگاردی سەرۆکی بانکی ئەوروپا، بە روونی گوتی: بە گشتی دراوە گریمانەییەکان هیچ شتێک ناکەن. 
سەرۆکی بانکە ناوەندییەکانی ئەوروپاش بۆچوونێکی هاوشێوەیان هەیەو لەو بارەیەوە دەڵێن: جیهان پێویستی بە دراوی دیجیتاڵییە، بەڵام بەو مەرجەی راستەوخۆ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە دەرچوێندرابێت.

 دەبنە هۆکاری کەوتنەوەی قەیران
ئەوەی تێبینی دەکرا، لایەنە دارایی و یاساییەکان ئەم دراوانەیان بە تەواوی خستە دەرەوەی سیستمی چاودێریی توندی خۆیانەوە، وێڕای ئەوەی چەندین جار هۆشداری ئەوەشیان داوە، کە دەبنە هۆکاری کەوتنەوەی قەیرانێکی دارایی جیهانی، بەتایبەتیش کە بەهای ئەم دراوانە بۆ سەدان ملیار دۆلار بەرز بووەوە، هەروەها رێژەیەک لە وەبەرهێنەرانیش بۆ قەرزکردن و وەبەرهێنان تێیدا پەنایان بۆ برد و بەکاریان هێنا.
داڕمانی بۆرسەی دراوە گریمانییەکان (ئێف تی ئێکس)، دەچێتە چوارچێوەی ئەو پشێویەی لەمەڕ ئەم دراوانە هەیە و ناویانەتەوە، کە قازانج و زیانەکانی گەیشتە 100 %، واتە هیچ شێوازێکی سروشتی لە بازاڕی ئەم دراوانە نییە و ناشبێت، ئەگەر هەر بەم جۆرەی ئێستا بمێنێتەوە و ئیدارە بدرێت. ئەم بۆرسەیە، کە پێگەی پێشەنگیی ئابووریی بەکۆدکراوی گرت و دواتر لەناکاو مایەپووچ بوو، هەندێک لە چاودێران دەڵێن: ئەوە مایەپووچبوونێکی زۆر ئابڕووبەرانەیە. 

بەکاربەران زیانێکی زۆریان لێکەوت
جێی ئاماژە پێکردنە، کە (ئێف تی ئێکس) لەلایەن کەسایەتییە بەناوبانگ و وەبەرهێنەرە گەورەکانەوە، وێڕای ژمارەیەک لە سیاسییەکانی جیهان بەتایبەتی ئەوانەی خۆرئاوا، پشتیوانییەکی زۆری لێکرا. ئەمەش جگە لە روویەکی لەرزۆکی بازاڕێکی ناڕوون کە لێڵییەکی زۆری پێوە دیار بوو، هیچیتر نەبوو. زیانی بەکاربەرانی ئەم بۆرسەیە گەیشتە زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار، لەکاتێکدا زۆر قورسە بتوانرێ بە تەواوی بەهاکەی دیاری بکرێت، چونکە راستەوخۆ لە ژێر کۆنتڕۆڵی هیچ دەزگایەکی یاساییدا نەبووە.
ئەم خاڵەی دوایی، بۆچی زۆر گرنگە؟ چونکە نەبوونی یاسا و چوارچێوەی یاسایی، پانتایی پرۆسەکانی فێڵکردن و گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارەی لەڕێی سەکۆکانی ئەم دراوانەوە فراوانتر کرد، بەو دراوانەشەوە کە تا رادەیەک قورساییان پەیدا کردبوو.
بودجەی گشتیی بۆرسەی دراوە گریمانەییەکان هەر بەدەست کەلێنێکەوە ناناڵێنێت، بەڵکو بەشێکی زۆری پرۆسەکانی ئەو دراوانە دوور لە چاوی وەبەرهێنەران و یاسادانەرەکانەوە ئەنجام دەدرێن. لەبەرئەوە سروشتی بوو، ئەم بۆرسانە ببنە پەناگەی ئارامی دوور لە چاوی یاسا، بەتایبەتیش ئەگەر بزانین کە لە هەموو ناوچەکانی جیهان نزیکەی 80 ناوچەی ئۆفشۆر هەیە، کە بە پەناگەی ئارامی خۆشاردنەوە لە باج دادەنرێن، مەیدانێکی نایاسایی دارایین بۆ سپیکردنەوەی پارە و شاردنەوەیشی. واتە مەیدانێکی ئامادەیە بۆ ئەو بزاوتە گوماناوییەی دارایی. 

بۆچی دراوە دیجیتاڵییەکانی خۆیان دەرنەچواند؟
بەشێوەیەکی گشتی پرسیاری زۆر لەمەڕ بازاڕی دراوە گریمانەییەکان هەیە و دەکرێن، لەسەرووی هەموویانە، بۆچی بانکە ناوەندییە سەرەکییەکانی جیهان لە بڕیاردان لە چارەنوسی ئەم دراوانە دواکەوتن، یان بۆچی دراوە دیجیتاڵییەکانی خۆیان دەرنەچواند، تا ئەو بازاڕە نایاساییانەیان پێ لەکار بخستایە؟
بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دراوە گریمانەییەکان، روون دەبێتەوە کە پڕە لە ناجێگیریی و شێواویی،  هەندێک جار یاسادانەران هان دەدرێن بۆ ئەوەی چەند هەنگاوێک بە ئاراستەیان بنێن، بەڵام کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوە، لایەنە یاساییەکان بە کەم لەم دراوانە و سەکۆکانی بۆرسەکەی دەڕوانن، تا ئێستاش لەسەر ئەم هەڵوێستە بەردەوامن، تەنانەت کاتێكیش کە هۆشداری لە کەوتنەوەی قەیرانێکی دارایی جیهانی دەدرا، بەتایبەتیش لە رووی پێدانی قەرزی ئاسانەوە بۆ وەبەرهێنان، هەمان هەڵوێستیان هەبوو. 

مایەپووچبوونی سەکۆی تریشی بەدوادا دێت
وێڕای سروشتی بزاوتی ناڕێکی ئەم دراوانە. بێگومان مایەپووچبوونی گرنگترین بۆرسەی دراوە گریمانەییەکان (ئێف تی ئێکس) لە ئایندەی نزیکدا سەکۆی تریشی بەدوادا دێت، بەتایبەتی لە سایەی پاشەکشێی بێپێشینەی بەهای هەموو دراوە گریمانییەکان. ئەمەش شکستی مەیدانێکی نوێیە کە لە چاودێری بە دوورە، ئەمە هەر لێرەدا ناوەستێت، بەڵکو مەیدانەکانی تریش دەگرێتەوە، لەکاتێکدا ئابووریی جیهان رووبەڕووی زنجیرەیەک قەیران بۆتەوە، کە ئەستەمە تا کۆتایی ئەم دەیەی تێیداین بە ئاسانی تێپەڕێندرێن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان