ره‌نگین عه‌بدوڵڵا
ئه‌وەی ئاشنای فیكر و فه‌لسه‌فه بێت له مێژووى به‌رگریی مرۆڤ، له چەمكی ئازادی تێده‌گات، هه‌میشه ئازادی وه‌ك كۆنسێپتێكى باڵا له مەجلیسی فه‌یلەسوفاندا ئاماده‌بووە و له واقیعیشدا پاسیڤ و نائامادە، ئه‌مه بۆته ئاسته‌نگێكى ئه‌بستمۆلۆژى گه‌وره و فه‌یله‌سوفی فه‌ره‌نسی (ئه‌ندریێ لالاند) به سه‌رچاوه‌ى شه‌كه‌تبوون ناوی ده‌بات، شه‌كه‌تیی له پرسیاری زۆر و چییه‌تى ئازادیی و چۆنێتى ره‌نگدانه‌وه و به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌م ئازادییه له واقیعدا، ئیدى ئه‌گه‌ر ئازادی له واتا میسالیەكەیدا ئەوەندە سه‌رچاوه‌ى مشتومڕی ناو فه‌لسه‌فه و سیاسەت و میدیا و ... هتد بێت، ده‌بێت له مانا رووتەكەی یاخود به فۆڕمه ره‌هاییه‌كه‌ى چه‌ند ئاڵنگاریی گه‌وره‌ى رووبه‌ڕوو ببێته‌وه.
فه‌لسه‌فه و ئازادی
ئازادی، به‌واتا هه‌ره ساكار و باوه‌كه‌ى لە رووی فەلسەفییەوە بریتییه له‌وه‌ى مرۆڤ هه‌ر مه‌یلێكى هه‌یه به‌دی بێ و هه‌ر شتێكى ویست بیکات، بۆ هه‌ر شتێك له هه‌وڵدابوو پێی بگات و به‌ربه‌ستى یاسا و نه‌ریت و شته‌كانى دیكه رێگه‌ى پێنه‌گرن، یان بریتییه له سه‌ندنه‌وه‌ى ده‌ربه‌ستى هه‌موو بوونێك له پابه‌ندیى به شتی دیكه و به‌هره‌داربوون له سه‌ربه‌ستى گوفتار و ره‌فتار، ئه‌مه دۆخێكه هیچ شتێك نه‌توانێ رێگربێت له‌به‌رده‌م ئیراده‌ى تاك بۆ گه‌یشتن به ویست و ئامانجه‌كانى و مرۆڤ مافی هه‌بێت بێ ره‌چاوكردنى هیچ سنوورێك چی ده‌وێت پێی بگات، به‌ڵام ئه‌م پێناسه سادانه له دیاریكردنى ئیراده‌ى مرۆیی كورت دێنێن، لەبەرئەوەی خودى ساغكردنه‌وه‌ى وه‌ڵام له‌باره‌ى ئازادییه‌وه ده‌مانخاته به‌رده‌م مشتومڕی دیكه‌وه، بەبڕوای (لالاند) له‌بنه‌ڕه‌تدا ئیراده‌ى مرۆڤه‌كان خۆى زه‌وتكراوه و ئازادیی بژارده و بڕیاره‌كان له هه‌ندێك مرۆڤ سه‌ندراوه‌ته‌وه و گه‌ڕانى مرۆڤ به شوێن ئازادی‌دا ململانێیەكی ئه‌به‌دییه له‌نێوان ئاوه‌ز و ئیراده و ئارەزووی مرۆڤدا، كه‌واتە خودى ململانێی نێوان دوالیزمى (ئه‌قڵ و ئیراده) ئازادیی ره‌ها رێگه پێنادات، لەهەمانكاتیشدا ئازادییه سنوورداره‌كه‌ش به فۆڕمه رێژه‌ییه‌كه به جۆرێك له میتافیزیك ده‌هێڵێته‌وه، دروستیش هه‌ر ئه‌مه‌یه، چونكه ده‌مێكه فه‌لسه‌فه وتوێتى: «له‌و شوێنه‌ى ئازادیی تۆ به خاڵى كۆتا ده‌گات، ئازادی خه‌ڵكى تر ده‌ست پێده‌كات».
بۆچوونی مەدرەسە فه‌لسه‌فییه‌كان له‌باره‌ى چەمكی ئازادییه‌وه جیاوازه، راسته هه‌ندێك ئاراسته‌ى فه‌لسه‌فی به‌رگریكردن له ئازادیی ده‌به‌ستنه‌وه به ماف و كردویانه بە سه‌رچاوه‌ى پرسیاره هه‌میشه‌ییه‌كان، به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌كى واقیعی شرۆڤه‌ى كۆت و به‌نده‌كانى سه‌ر ئازادیی مرۆڤه‌كان ده‌كه‌ن و له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌گه‌رچی مرۆڤ ئازادیش بێت، هێشتا له زۆر پرسدا سه‌ربه‌ست نییه، چونكه پڕۆسەی له‌دایكبوون خودی خۆى دۆخێكى گرێدراوه به كۆمه‌ڵێك فاكتی دیكه‌وه، له نموونه‌ى كۆت و به‌ندی یاسا، داب و نەریت و رێسا كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، زیندانى زمان و دابڕینى له‌وه‌ى له جیهانه‌كه‌ى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌و چی رووده‌دات، مانایه‌ك بۆ ئازادییه‌كه‌ى ناهێڵێته‌وه، ئه‌مه‌ش سه‌رچاوه‌ى سه‌رهه‌ڵدانى فه‌لسه‌فه‌ى یاسایه، كه مێژوو و تیۆره‌كانى گەشەكردنی بیرۆكه‌ى یاسا ئه‌مه پشتڕاستدەكەنەوە «مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ى له ئاشووب و به‌ریه‌ككه‌وتن، له جه‌نگ و ململانێ و كۆمه‌ڵكوژى ده‌ربازی بێت، له شێوه‌ى په‌یمانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى ده‌ستى له به‌شێك له ئازادییه‌كانى خۆى به‌رداو به یاسا و ره‌قیبێك رازیبوو له‌پێناوی رێكخستنى ژیان»، كه‌وابێت ئه‌وه مرۆڤه بۆ سوككردنی ئه‌و كۆت و به‌ندانه‌ی سه‌ر خۆى، قایل بووە بە ده‌ستبه‌ردانبوون له به‌شێك له ئازادییه‌كانى خۆى و رەزامەند بووە یاسا و رێساكان سنوور بۆ ئازادییه‌كه‌ى دابنێن، ئیدى كه سنووریش هه‌بوو ماناى ئه‌وه‌یه ئازادیی له مانا ره‌هاییه‌كه‌ى داماڵڕاوه.
مێژووى ئاوێته‌بوونى ئازادی به فه‌لسه‌فه
تایبەت به مێژووى سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م چه‌مكه و لكاندنی به فه‌لسه‌فه‌وه، تێڕوانینی جیاواز هه‌یه، بەڵام فه‌یله‌سوفی ئه‌ڵمانى (پیته‌ر سلۆته‌ردایك) له یه‌كێك له كتێبه‌كانیدا سه‌باره‌ت به ئازادیی، مێژووى فۆڕمه جیاوازه‌كانی چه‌مكی ئازادیی وا پێناسە دەكات ته‌نها هه‌ڵگری یه‌ك مانا و شێوه نین، به‌ڵكو لە هەر قۆناغێكدا و لە هەر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك تێگه‌یشتن بۆ ئازادی هه‌ڵگری مانای جیاوازه، نموونه‌ش به‌وه دێنێته‌وه كه یه‌كه‌مین ده‌ركه‌وتنى تێگه‌یشتن له ئازادی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌مى ئیمپراتۆریای رۆما، كاتێك به‌ر له 2500 ساڵ پێش ئێستا له رۆما خێزان و كۆمه‌ڵگه له‌پێناوی پاراستنى شكۆى هاووڵاتییه‌كانى یاخیی ده‌بن، ئه‌م جۆره یاخیبوونه له‌پاى شكاندنى شكۆ وا لێكده‌داته‌وه كه سه‌ره‌تاى سه‌رهه‌ڵدان و پابه‌ندبوونى مرۆڤه به ئازادییه‌كانى خۆیه‌وه، بایه‌خی ئه‌م قۆناغه له دیدى سلۆته‌ردایك گرێدانەوەی ئازادییه به شكۆوه، چونكه پێشمه‌رجى ئازادبوونى مرۆڤ له‌وه‌دا كورتده‌كاته‌وه كه ده‌بێت «مرۆڤ شكۆى پارێزراو بێت».
هه‌رچی فۆڕمى دووه‌می ئازادییه ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ تێزه فه‌لسه‌فییه‌كانى (ژان ژاك رۆسۆ) و كتێبه گرنگه‌كه‌ى (په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تى)، كاتێك ده‌نووسێت: «مرۆڤ به ئازادی له‌دایك ده‌بێت، كه‌چی له هه‌موو لایه‌كه‌وه به‌ندی زنجیره‌كانه»، ئه‌م زنجیرانه له روانگه‌ى ئه‌م فه‌یله‌سوفه‌وه خۆى له رێسا‌و نه‌ریت و چاودێریی ده‌سه‌ڵات و رێكاره‌كانى تردا ده‌بینێته‌وه. کەواتە یاساکان ئه‌گه‌رچی ره‌زامه‌ندیی مرۆڤ خۆی له‌سه‌ره، به‌ڵام بۆ ئەوە داڕێژراون سنوور و رادەی ئازادیی مرۆڤ کەمبکەنەوە و زیاتر بیخەنە ژێر چاودێریی و کۆنترۆڵی خۆیان، لێرەدا مەبەست لە یاسا سەرجەم ئەو کۆت و پێوەندانەیە کە لەلایەن کۆمەڵگە یان دەسەڵاتەوە بەسەر تاکە کەسدا دەسەپێندرێت، دروستیش له قۆناغێكى مێژوویی‌دا ئازادی بریتی بوو لە پاراستنی کۆمەڵگە لەدەست دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا، لەبەرئەوەی مێژوو فێری ئەوەمان دەکات کە دەسەڵات گەورەترین و سەختترین دوژمنی ئازادییە.
ئازادی ره‌ها و مشت‌ومڕ له‌سه‌ر چه‌مكه‌كه
وه‌ك چۆن ئازادی به مانا ئایدیاڵیه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ واقیعى به‌رجه‌سته‌كراوى ئازادیی مرۆڤ جیاوازه، به‌م پێوەرەش هه‌ر خودى ئازادی له رووى واتا و فۆڕمه‌وه له ئازادیی ره‌ها جیاده‌بێته‌وه، لە هەر جوگرافیایەكدا ئەگەر سیستم، و فیكر و فه‌لسه‌فه‌ش هاوتەریب لەگەڵیدا چه‌ندیش بانگه‌شه بۆ ره‌هایی ئازادی بكەن، ناتوانن دابینی بكەن، بۆیه ئازادی هه‌ر به شكڵه رێژه‌ییه‌كه‌ى خۆى ده‌مێنێته‌وه و لە نێو هەندێك کۆمەڵگەدا بەرزە و لە نێو هەندێکیشیاندا نزمە، له‌وه‌ش زیاتر له‌ناو خودی یه‌ك کۆمەڵگەدا رێژه‌ى ئازادییه‌كان له كه‌سێكه‌وه بۆ كه‌سێكى تر جیاوازه. ئه‌وەی سه‌رچاوه‌ى مشتومڕی فه‌یله‌سوفەكانە له‌ناو ئه‌م سیستمانه‌دا، هه‌وڵه‌كانى تاكه بۆ به‌ده‌ستهێنانى ئازادییه‌كه‌ى خۆى، لێره‌دا «جیابوونەوە لەبەرامبەر خاڵی بنچینەیی بەدەستهێنانی ئازادییە لەبەرئەوەی (من) لەسایەی بوونی ئەوانیترەوە ئازاد نابم، بەڵکو زیاتر پەیوەستی ئەوان و کۆمەڵگە دەبم، بەڵام کاتێك (من) ئەوان رەتدەکاتەوە ئەوە هەوڵی دامەزراندنی خود دەدات»، ئه‌مه‌ش له‌یه‌ك كاتدا ناعه‌قڵانى و نا ئاكاریشه، ناكرێت (من) بۆ ئازادیی ئەوانی تر بەلاوە بنێت، چونکە هەموو شتێکی نێو کۆمەڵگە (من) لەگەڵ ئەوانیتردا بەیەکەوە دەبەستێتەوە و رەهابوون ئەوکاتە دەبێت کە هەموو شتێکت پەیوەست بێت بەخودی خۆت و کارت بەکەسی ترەوە نەبێت.
ئازادیی ره‌ها و په‌یوه‌ندیی به پۆپۆلیزمه‌وه
پۆپۆلیزم چه‌مكێكی تازەیە لەناو سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تى و ناوخۆییه‌كاندا، چه‌ند ساڵێكه وه‌ك سوژه‌یه‌كى باو بۆ شوناسی گروپگه‌لی جۆراوجۆر به‌كاردێت، له‌باره‌ى ئه‌م كۆنسێپته‌وه (یان میوله‌ر) له‌كتێبێكدا (لۆژیكى پۆپۆلیزم) به جۆره تێگه‌یشتنێك ناوی ده‌بات كه كۆمەڵگە دابه‌شی سه‌ر دوو گروپ ده‌كات، به‌شێكیان له‌رووى ئاكارییه‌وه به‌ته‌واوى پاك و بێخه‌وشن و به‌وپێیه‌ى خه‌مێكى هاوبه‌شیان هه‌یه یه‌كگرتوون، له‌به‌رامبه‌ردا به‌شه‌كه‌ى تری کۆمەڵگە ئه‌و دەستەبژێرە سیاسیی و ئابوورییه‌ن كه به ته‌واوى گه‌نده‌ڵن و ره‌فتاره‌كانیان دژى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى به‌شه پاكه‌كه‌ى کۆمەڵگەیه. نه‌ریتی پۆپۆلیسته‌كان له‌روانگه‌ى میوله‌ر-ه‌وه ته‌نها ره‌خنه‌گرتنه له ده‌سه‌ڵات و نوخبه‌ى سیاسی و ئابووری و له‌و باوه‌ڕه‌دان ئه‌م جۆره ره‌فتاركردنه په‌رێزى خۆیان پاكده‌كاته‌وه، له‌كاتێكدا ده‌شێت ئه‌ندامانى ناو گروپه‌كه خۆیان له‌رووى گه‌نده‌ڵییه‌وه له ده‌سته‌بژێره سیاسییه‌كه‌ى وڵات جیانه‌كرێنه‌وه. ئاڵۆزیی ئەم دیارده‌یە گه‌یشتۆته شوێنێك كه تێگه‌یشتن له پۆپۆلیزم ئه‌سته‌م بێت، (سێر ئەشعیا بەرلین) فه‌یله‌سوفی به‌ناوبانگ له پێناسه‌كردنى ئه‌م چەمكەدا دەڵێت «پۆپۆلیزم سیمایەكی شێوە پێڵاوى هەیە. بەڵام بۆ هیچ پێیەك بە تەواوەتی نابێت»، راستیش بۆ هیچ سیستمێك ناشێت، چونكه پۆپۆلییستەكان ئارامیی و سه‌قامگیریی و ئازادیش ده‌خه‌نه ژێر هه‌ڕه‌شه‌وه.
چه‌ند ساڵی رابردوو (كارلۆس دی لاتۆر) سۆسیۆلۆژی ناسراو له كتێبێكدا له‌باره‌ى فیتنه‌ى پۆپۆلیزمه‌وه مەترسیی سەرهەڵدانی پۆپۆلیزمی وەك فیتنە و ئاژاوە روونكردەوە، هه‌ڕه‌شه‌ى ئه‌م ئاراسته سیاسییه به‌ته‌نها له‌ناو سیستمه راگوزه‌ره دیموكراسییه‌كان نابێتە هه‌ڕه‌شه، به‌ڵكو هیچ دیموكراسییەكی خۆرئاوا لەبەردەم دیاردەی پۆپۆلیستیدا پارێزراو نییە و پۆپۆلیزم بە تەواوەتی تێكەڵی سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی خۆرئاواش بووە و توانیویانە سەركەوتنی زۆر گەورە و بەرچاویش بەدەست بهێنن.
گرفتى دیلاتۆر له‌گه‌ڵ پۆپۆلیزم له‌وه‌دا خۆى به‌رجه‌سته ده‌كات، كه پێیانوایه ئازادیی ره‌ها له‌به‌رده‌میاندا واڵایه بۆ وتنى هه‌موو شتێك، ئه‌م دۆزینه‌وه‌ى شه‌رعییه‌ته و پاساوه لاساره‌ى پۆپۆلیسته‌كان له‌ژێر ناوى ئازادیی ره‌هاى ره‌خنه‌گرتن و ره‌فتاركردن و خۆپیشاندان و جنێودان و تۆمه‌ت به‌خشینه‌وه، کۆمەڵگە به ئاقاری به‌ریه‌ككه‌وتن و ناسه‌قامگیریدا ده‌بات، لەگەڵیشیدا مه‌ترسیی له‌سه‌ر ئازادییه‌كانیش دروست ده‌كات، ئه‌مه‌ش دواجار ئه‌و خاڵەیە كه ده‌سه‌ڵات به پاساوى رێگریكردن له پۆپۆلیزم ده‌ست بۆ ئازادییه‌كانیش ده‌بات.
ئه‌مڕۆ له هه‌موو كاتێكى تر زیاتر، ئازادی بۆتە سه‌رچاوه‌ى مشتومڕێكى زۆر، كۆششی فه‌لسه‌فه، بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، ریفۆڕمخواز و یاساییه‌كان به‌رده‌وام له‌پێناوی پارێزگاریكردن بووه له ئازادیی مرۆڤ، به‌ڵام خۆسه‌پێنیی ده‌سه‌ڵات و ئه‌جێنداى هه‌واڵگریی و رادیكالیزمى ئایینى و گه‌شه‌ى سۆشیال میدیا و پلاتفۆڕمه‌كانى میدیاى نوێ به‌پێچه‌وانه‌ى كۆششه‌كانه‌وه، چوارچێوه‌یه‌كى دیكه‌یان له‌به‌رده‌م ئازادی مرۆڤه‌كان داناوه و چه‌مكه‌كه‌یان به ئایدیاڵیی هێشتۆته‌وه.