ئازادیی رەها دەستە خوشکی سەرکوتکەریی رەهایە

12:32 - 2022-12-13
دووتوێ
360 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵڵا

ئازادیی رەها لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نییە، تا لەو وڵاتانەی کۆمەڵێک زامیان هەیە و لەدوان بێتە دی، ئەوەش کە لای وڵاتانی وەک ئێمە باس دەکرێت، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە زامەکانمان و شێواویی کۆمەڵایەتیمان وا تەشەنەی سەندووە کە خەڵک وا پێشبینییان سەرچیخ بووە کە پێیان وایە ئازادیی رەها هەیە و دەبێت لە وڵاتی ئێمەشدا هەبێت.بەرای من ئازادیی رەها دەستە خوشکی سەرکوتکەریی رەهایە، لینین دەڵێت: بڕۆ بۆ ئەوپەڕی چەپ خۆت لەوپەڕی راستدا دەبینیتەوە و بەپێچەوانەشەوە، ئەمە لەرووی فیزیکی و گۆشەی سەیرکردنیشەوە هەر راستە، لە رووی فەلسەفی و سیاسییشەوە زۆر مانا هەڵدەگرێت.هەموو ئەوانەی خوازیاری ئازادیی رەهان لە ئاستی کۆمەڵایەتی، ئابووری، سیاسیی و هەر ئاستێکیکی دیکەی ژیاندا، دواجار لێی پەشیمان دەبنەوە، هەر وەک ئەوەی لەم پەڕی چەپ چووبن و خۆیان لەو پەڕی راستدا بینیبێتەوە.لە بواری کۆمەڵایەتییدا، ئەگەر کۆمەڵ بێت یان خێزان، ژن یان پیاو، بە گەنجی ئەمە دەخەنەڕوو، بەڵام بە پیری دەبنە لووتکەی کۆنەپەرستیی لە تێڕوانینی کۆمەڵایەتییاندا، چونکە هەست دەکەن هەڵە بوون، هەوڵ دەدەن توندڕەوانە قەرەبووی ئەو قۆناغە بکەنەوە کە تێیدا داوای ئازادیی رەهایان کردووە.

لە ئاستی سیاسییدا
ئەوانەی لەم بوارەدا خوازیاری ئازادیی رەهان، ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت، بەهەمان شێوە بەرەو سەرکوتکردن و ستەمی رەها دەڕۆن، چونکە ئەمانیش هەر دەم لە رەهایی دەکوتن و دەگەنە یەک ئەنجام.
ئەوانەی داوای ئازادیی رەها دەکەن، ئەوانەن کە چەمکی سیاسیی مۆدێرنیان قبووڵ نییە، بۆنموونە دەبێت خواستی ئازادیی لەهەر وڵاتێکدا وەک خواستی رزگاریی و ئازادیی نەتەوەیەک پێکەوە بەدیبێن و یەکەم بە رزگاربوون، ئەوجار بە فەراهەمکردنی ئازادیی و پێکهێنانی حکومەتێکی ئاسایی بۆ خەڵک.
ئازادیی دەبێت سەربکێشێت بۆ دیموکراسی، راستە ئازادیی لەپاڵ ناوی دیموکراسیدا دێت، بەڵام دیموکراسی واتا موئەسەسات، واتا دروستکردنی حکومڕانییەک کە بە هەڵبژاردن بێت و پەرلەمانی تێدا بێت و شارەوانییەکان هەبێت. بۆیە ئەوانەی داوای دیموکراسی دەکەن، دەتوانن رژێمەکەیان بەرەو بوونی ئەم دامەزراوانە بەرن و هاوسەنگیی هەبێت لە حکومڕانیکردنەکەدا.
بەگەشەی دیموکراسییەکە دەتوانن بگەنە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو و مۆدێرن، کە مافی هەموانی تێدا پارێزراو بێت و لێگەڕێت کە مێژوو راستی و دروستی بیروڕاکان و ئاراستە سیاسی و  کۆمەڵایەتییە جیاجیاکان بسەلمێنێت.

ئەوانەی لەئاستی سیاسیدا خوازیاری ئازادیی رەهان، ئەگەر دەسەڵاتیان هەبێت، بەهەمان شێوە بەرەو سەرکوتکردن و ستەمی رەها دەڕۆن

ئەوانەی داوای ئازادیی رەها دەکەن، چونکە هیچ بەرچاو روونییەکیان نییە لەسەر داهاتووی ئەو ئازادییە، چونکە بە رەهایی داوای دەکەن هەر بە رەهایی دەمێننەوە و هیچ کاتیش پێی ناگەن و دواجار بۆیان دەردەکەوێت کە رێگەیەکی دوورودرێژیان گرتۆتەبەر وەک ئەوەی کەسێک بە بیابانێکدا بڕوات بە ئومێدی ئەوەی بگاتە ئاوێک، بۆیە لە نیوەی رێگەدا دادەمێنێت لەوەی درێژەی پێبدات یان بگەڕێتەوە، کاتێکیش هیچ ئەنجامێک بەدەستناهێنێت، بۆیە یان دەبێت لە تینوێتیدا بخنکێت، یان بگەڕیتەوە و شکست بهێنێت، چونکە بە ئومێدی ئاوەکە ئەگەر بڕوات پێی ناگات و ئەو ئاوە پێویستە نییە بۆ ئەو.
ئەوانەی خوازیاری ئازادیی رەهان چ سیاسیی یان کۆمەڵایەتی، هیچکامیان پێی ناگەن و بە پێچەوانەوە تەنها ئاو دەکەنە ئاشی ستەمکارییەوە، ئاشی ئەوانەی کە لەگەڵ ستەمکاری و دیکتاتۆری و داگیرکەرانن، بۆیە کاتێک ئەوانەی داوای ئازادیی رەهای نەتەوەیی دەکەن و هەل و مەرجەکان رەچاو ناکەن، ئەوا بیانوو دەدەنە دەست ئەوان کە لە رووتدا بوەستنەوە و سەکوتت بکەن و بزووتنەوەکە لەناو ببەن.
هەرچی ئەوانەشە کە داوای ئازادیی رەهای کۆمەڵایەتیی دەکەن، ئەوەش دەبێتە بەدەستەوەدانی بیانوو بۆ کۆنەپەرستان کە دەڵێن ئەمانە کۆمەڵگە دەشێوێنن و بەڕەڵاییان دەوێت و حەزیان لە بێسەروبەرییە.
دەرەنجام ئازادیی رەها لە هەموو روویەکەوە خراپە، کەسەکان دەبنە هاوپەیمانی کەسانی وەک خۆیان و دەخزێنە باوەشی دوژمنانی ئازادیی و دیموکراسییەوە.
چارەسەر ئەوەیە کە ئەوانەی باوەڕیان بە ئازادیی راستەقینە هەیە، هەوڵ بدەن کە ئەو ئازادییە سەربکێشێت بۆ ناو دەمودەزگا حکومییەکان و فراوانکردنی دیموکراسی.
خەبات بۆ ئەمە دوو ئاراستەی هەیە، یەکێکیان، ئەو بیروبۆچوونە توندڕەوانە سەرکۆنە بکەن نەک سەرکوتیان بکەن و هەوڵ بدەن بەرەو ئازادیی راستەقینەیان بەرن، دووەمیان خەباتە بۆ بەرەنگاریی ئەو کەسانەی ستەمکار و دیکتاتۆرن.
ئەمەش ئەو بیروباوەڕەی بەسەردا دەچەسپێت کە بزانین دوژمنەکانمان کێن و ناکۆکییە لاوەکی و سەرەکییەکان لەگەڵ کێن و چۆنن.
ناکۆکی سەرەکی لەگەڵ ئەوانەیە کە سەرکوتکەر و داگیرکەر و دیکتاتۆرن، بەڵام ناکۆکی لاوەکی لەگەڵ ئەوانەیە کە داوای ئازادیی رەها دەکەن و هەوڵبدەین بیانخەینە سەر رێگە راستەکەی دیموکراسی و ئازادی بە یاسا رێکخراوی راستەقینە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان