لەبارەی قووڵبوونەوە لە «خود»دا

10:01 - 2022-12-14
کەلتور
936 جار خوێندراوەتەوە

باگوان رامانا ماهاریشی

لەفارسییەوە: مەحمود شێرزاد


ئەم دیمانەیە لە دەفتەری بیرەوەرییەکانی یەکێک لە موریدەکانی «رامانا ماهاریشی»دا بە ناوی «شری یالامانچیلی» وەرگیراوە. شری یالامانچیلی لەساڵی 1928دا لەگەڵ رامانا دیداریی کرد و دیمانەیەکی تایبەتی لەبارەی چۆنییەتی ئاشنابوونەوەی لەگەڵ «خود» و «خودناسی»دا لەگەڵ کرد. ئەم دیمانەیە لە ساڵی 1982دا لە «ئورناچالا رامانا»دا چاپ بوو.

*چۆن دەتوانم «خود» بناسم؟
-
«خود»ی کێ؟

+ «خود»ی خۆم!
-
خۆت دەبێ ئەو کارە بکەیت و ئەم پرسیارە دەبێ لە خۆت بکەیت.

+من ناتوانم ئەو کارە بکەم و ناتوانم خۆم بناسم.
-
ئەو کەسە کێیە کە ناتوانێ (خود) بناسێت؟

+ خۆمم کە ناتوانم ئەو بناسم
-
کەواتە هەوڵبدە، هەوڵبدە تا بزانێت «خود» کێیە!

+ بەرێزتان هەمیشە هەر وا دەڵێن.
-
بە پێکەنینەوە دەڵێ پێدەچێت هاتبی تا من تاقی بکەیتەوە. ئایا ئەوە بۆ تۆ هیچ سوودی هەیە من پێت بڵێم تۆ کێیت؟ ئایا بە قسەکەم قەناعەت دێنیت؟ دەبێ خۆت لە خۆت بپرسی تۆ کێیت، ئەوکات بەرە بەرە وەڵامەکە لە ناختەوە هەڵدەقوڵێ و خۆت دەناسیت و لەم حاڵەتەدا بە وەڵامەکە رازی دەبیت و ئۆقرە دەگریت و ئارام دەبیتەوە.

+ من ماوەیەکی زۆر هەوڵمداوە لەخۆمدا رۆبچم و خۆم بناسم، بەڵام بە هیچ نەگەیشتم!
-
دەبێ بۆ «من – نەفس» بگەڕێت، هەرکە دۆزیتەوە نامێنێت و دەسڕێتەوە، ئەو کات خۆت دەناسیت.

+ تکایە ئەم پرۆسەیەم زیاتر بۆ روون بکەوە!
-
لە هەقیقەتدا زەین لە کۆمەڵێک بیرکردنەوە پێکهاتووە و هەر «بیر»ێکیش لە «من»وە سەرچاوە دەگرێت، کەواتە ئەو «من»ە یەکەم بیرە و سەرچاوەی سەرجەم بیر و بیرکردنەوەکانە، لێرەدا ئەو کەسەی دەیەوێ «من» بدۆزێتەوە و بناسێت بە جێگەی خۆسەرقاڵکردن بە بیرەکانەوە دەبێ سەرچاوەی بیر و فکرەکان بدۆزێتەوە و بناسێت، ئەویش «من»ە.

+ جیاوازی نێوان «بیر» و «من» چییە؟
-
فکرەکان سەربەخۆ نین، ئەوان تا ئەو کاتەی لەگەڵ «من» لەپەیوەندیدان و وەسڵن بە «من»ەوە هەن، بەڵام «من» بە بێ «بیر»ەکانیش دەتوانێ هەبێ، لەڕاستیدا «من»یش سەربەخۆ نییە، ئەویش وەسڵە بە «رۆح»ەوە و بە هۆی ئەوەوە هەیە.  ئیگۆ «من» بەردەوام لە «رۆح»ەوە دێت و دەگەڕێتەوە بۆ ناو «رۆح»ەوە، بۆ نموونە لەکاتی خەوی قووڵدا دەچێتەوە بۆ ناو «رۆح» و لەکاتی بەخەبەریدا لە «رۆح» دێتەوە دەرەوە، بەڵام هەر پێی وەسڵە. ئێمە دەبێ بەچاوی دڵمان هەوڵبدەین ئەو کەسە ببینین کە «من» لێیەوە لەدایک دەبێ.

+ من هەر بەم شێوەیە تێڕامانم کردووە، بەڵام بەهیچ بەرەنجامێک نەگەیشتووم!
-
ئەگەر پرسیاریی «من کێم؟» بە حەز و ئارەزوویەکی زۆرەوە لەناختەوە لە خۆتی بکەی، «من»ی ناراستەقینە نامێنێ و «من»ی راستەقینە دەردەکەوێ و دەیناسیت!

+ «من»ی راستەقینە چییە؟
- ئەو هەمان ئەو کەسەیە کە پێی دەڵێن «رۆح» یان «خوا»!

+ کاتێ تێڕادەمێنم بیر و خەیاڵاتی جۆراوجۆری زۆرم بۆ دێ و ناهێڵن تێڕابمێنم، کاتێ یەکێکیان ناهێڵم یەکێکیتر شوێنی ئەو دەگرێتەوە و پێدەچێ بیر و خەیاڵەکان بی کۆتایی بن.
-
ناڵێم لەگەڵ بیر و فکر و خەیاڵەکان شەڕ بکەیت، ئەگەر شەڕیان لەگەڵ بکەیت ئەوان هەرگیز کۆتاییان نایەت، لە بیر و خەیاڵاتەکان گەڕێ، هەوڵبدە ئەو کەسە بدۆزیتەوە کە سەرچاوەی بیرەکانە، بزانێ ئەو «من»ەی سەرچاوەی بیرەکانە لە کوێیەوە دێ. تەنیا پێویستە ئەوە بکەیت. هەر وەک چۆن سەگێک بە بۆنکردن بە شوێن پێی خاوەنەکەیدا دەڕوات و خاوەنەکەی دەدۆزێتەوە، تۆش دەبێ بە شوێن پێی بیرەکاندا بڕۆیت تا بە سەرچاوەکەیان دەگەیتەوە، ئەو کات خۆت دەناسیت و من و بیرەکان کۆتاییان پێدێت.

+ لە وەڵامەکانت وا تێگەیشتم مرۆڤ تەنیا بە هەوڵدانی ناخەکیی خۆی دەتوانێ بگاتەوە بەسەرچاوە و خۆی بناسێت!
-
هەر ئەوەی دەتەوێ خۆت بناسیت و خۆناسیت بۆ گرنگە، ئاماژەیە بەوەی ئاگایی و خێر و بەرەکەتی گەردوونیی رووی تێکردوویت، حەزی «خۆناسی» خۆی هێمایەکی روونی گەشەکردوویی و خۆناسییە، کەواتە نها ئاگایی گەردوونی لە تۆدا لەکاردایە و ئەوەش لە رۆحتەوە سەرچاوە دەگرێت و لە دڵتدا جێگیر بووە. بەرە بەرە ئاگایی تۆ دەکێشێتەوە بۆ ناوەوە، لێرەوە تەنیا شتێک تۆ دەبێ بیکەی ئەوەیە ئاگاییت زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ناوەوە و هەوڵبدە سەرچاوەی «من – نەفس» بناسیت، تا بزانیت بیرەکان لە «من»وە سەرچاوە دەگرن. ئەوە تەنیا هەوڵی دروستە دەتوانی لەم بوارەدا بیدەیت. کەواتە تۆ هەرئەوەی کە دەتەوێ خۆت بناسیت ئاگایی و وزە و خێروبەرەکەتی گەردوونی لە تۆدا لەکاردایە، لەبەرئەوەیە دەڵێن ئەگەر لە شوێنێک ئاگایی گەردوونی نەبێ هیچ حەزێکیش بۆ خۆناسیی نییە، یانی ئاگایی گەشە کردوو حەز دەکا خۆی بناسێت.

+ ئایا لەم بوارەدا پێویستمان بە مامۆستا دەبێت؟
-
کاتێ پێویستت بە مامۆستا بێت «رۆح»ت لەشکڵی مامۆستای دەرەکییدا یارمەرتیت دەدا و دەتخاتە ناو پرۆسەکەوە. (واتە ئەو مامۆستایەی دێتە رێت یان دەچیتە لای لەراستیدا رۆحی خۆتە لەشکڵی ئەودا دەرکەوتووە تا یارمەتیت بدا). ئەو تۆ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەوەت و دەتدا بە مامۆستای ناخت کە هەمیشە لەوێ بووە و لەدڵتدایە، هەر کات بگەڕێتەوە بە باوەشی ئاوەڵاوە پێشوازیت لێدەکا.
 
+دەکرێ زیاتر بۆم روون بکەیتەوە؟
-
سەیرکە هەستی «من» هەمیشە لە ئێمەدا هەیە. کەواتە دۆزینەوەی «رۆح» لە رێگەی «من»وە کە دەرکەوتەی «رۆح»ە زۆر ئاسانە، ئینجا پێش ئەوەی «من - ئیگۆ» بەسەر کۆمەڵێک شێوەی تردا دابەش بێ، ئێمە دەتوانین لە رێگەی ئەم شێوازەوە هۆشی خۆمان لەسەر شێوەی سەرەکی «من» رابگرین، لێرەوە راستەوخۆ «من» لە سەرچاوەکەیدا دەتوێتەوە و نامێنێت. ئەگەر ئەو کارە نەکەین «من» لەرێگەی ئەو گشتە شکڵ و شێوەیەی کە لە رێگەیانەوە دەردەکەوێ ئێمە تووشی خەیاڵات دەکا و بەلارێماندا دەبات و لە خۆمان زیاتر دوورمان دەخاتەوە.

+ رۆح بێ ناو و بێ شکڵە، چۆن دەکرێ لە رێگەی «من»وە کە شکڵ و شێوەی هەیە بیدۆزمەوە؟
-
سەیرکە «من – ئیگۆ» لە نێوان رۆح و جەستەدا هەڵکەوتووە و ئەوان پێک وەسڵ دەکا، رۆح بەئاگایە، بەڵام جەستە بێ ئاگایە. هەروەها گرێی نێوان جەستە و رۆحیشی پێدەڵێن. هەوڵبدە سەرچاوەی بیرەکان و بیرکردنەوەکان بناسیت تا بیرکردنەوەکان نەمێنن، دوای ئەوە هەوڵبدە سەرچاوەی «من» بناسیت تا «من» نەمێنێت، دوای ئەوە ئەوەی دەمێنێتەوە «خود»ی راستەقینەتە. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان