خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەكەمی عیراق، دوێنێ لەمیانی پێشوازیكردنی لە وەفدێكی پلاتفۆرمی یەكێتیی ژنانی كورد لە باكووری كوردستان بە سەرۆكایەتیی خاتوو نوران ئیمیر، رایگەیاند: پێویستە ژنان بە هێزی زیاتر و ئیرادەی بەهێزترەوە تێبكۆشن.
لە دیدارێكدا، جەخت لە گرنگیی كاری پێكەوەیی و تێكۆشانی هاوبەشی ژنان كرایەوە لەسەر پرس و كەیسە جیاجیاكانی ژنان و كۆمەڵگە، لەپێناوی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی ژنان لەسەر ئاستی كوردستان. لەوبارەیەوە خاتوو شاناز، گوێی لە بیرۆكە و پلانی وەفدەكە گرت بۆ پێكهێنانی چەتر و پلاتفۆڕمێكی گشتیی ژنان لەسەر ئاستی كوردستان، لەگەڵ دەربڕینی پشتیوانی خۆی، چەندین پێشنیاز و بیرۆكەی بۆ سەرخستنی كارەكانیان پێشكەشكردن و دووپاتیكردەوە كە پێویستە وەك ژنانی كورد یەكدەنگ بن. ئاماژەشی بەو هەنگاو و هەوڵانەدا كە بەردەوام كاری لەسەر كردووە لەپێناوی بەهێزتربوونی پێگە و رۆڵ و یەكگرتوویی ژنان.
وەفدی میوانیش، كە پێكهاتبوون لە چالاكوانان، ئەكادیمیست و پەرلەمانتارانی ژنی باكووری كوردستان، باسیان لەوەكرد كە پێویستە ژنان لە ناوچە جیاجیاكاندا ئاگاداری سیاسەت و تێكۆشانی یەكتری بن و چالاكییەكانیان هاوبەشی پێبكەن، لەپێناوی یەكگرتن و وەستانەوە بە رووی ئاڵنگارییەكاندا.
دواتر، لەگەڵ خستنەڕووی ئامانج و بەرنامەكانیان، بەدەمەوەچوون و پاڵپشتییەكانی خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەدیان بە گرنگ ناوبرد وەك ژنە سەركردەیەكی دیاری كورد و خانمێكی كاریگەر و لێهاتوو لە كۆمەڵگەی كوردیدا كە شوێنپەنجەی لە پرسە جیاجیاكانی خزمەتی بەرژەوەندیی ژنان و نەتەوەكەیدا دیارە.